هیومان رایتس ۆچ چی لەبارەی شیعەكانەوە دەڵێت؟
رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە یو ئێن دەڵێت حكومەتەكان زۆر هەڵەن ئەگەر لەڕێگای پێشگیری لە گرفتە ئەمنییەكاندا، مافەكانی مرۆڤ پێشێل بكەن.
كینیس روس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ لە پێشەكی نوێترین بەیاننامەی رێكخراوەكەدا كە 29ی كانوونی دووەمی 2015 بڵاوبۆتەوە دەڵێت “پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ رۆڵی گەورەیان هەبووە لە درووستكردن و گەورەكردنی زۆرێك لە قەیرانەكانی ئەمڕۆ”.
رێكخراوەكە دەڵێت سەرهەڵدانی داعش یەكێك لە لەمپەرەكانی بەردەم مافەكانی مرۆڤە، چونكە بەهۆی مەترسییەكانی ئەو رێكخراوەوە پرسی چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ وەلانراون. رێكخراوەكە دەڵێت بەڵام داعشیش لەخۆڕا درووست نەبووە، بەڵكوو جگە لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچەكەدا هەیە، سیاسەتە تائیفی و خراپەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و سووریا و گوێپێنەدانیان لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، هەموو هۆكاربوون بۆ بەخێوكردنی بیری داعشی.
سەبارەت بە حكومەتەكەی عەبادیش، بەیاننامەكە دەڵێت: هەرچەندە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی بەڵێنیداوە فەرمانڕەواییەكی كەمتر جیاكار پێكبهێنێت، لەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتەكەی بە پلەی یەكەم پشت بە میلیشیا شیعەكان دەبەستێت. ئەو میلیشیا شیعانەش هەڵدەستن بە كوشتوبڕی خەڵكانی سزیلی سوننی و كەسیش نییە سزایان بدات. هێزە حكومییەكانیش دیسان دەستدرێژی دەكەنە سەر مەدەنییەكان و شوینی نیشتەجێبوونی خەڵكی.
رێكخراوەكە دەڵێت چاكسازی لە سیستمی دادوەریی عێراقدا و نەهێشتنی حكومەتی تایفەگەرایی بەجۆرێك وا لە سوننە بكات هەست بكەن لە عێراقی نوێدا جێگەی خۆیان هەیە، كاریگەرییەكەیان لە كاریگەری پرۆسە سەربازییەكان كەمتر نییە بۆ راگرتنی وەحشیگەرییەكانی داعش، بەڵام حەیدەر عەبادی تا ئێستا شكستی هێناوە لە جێبەجێكردنی چاكسازییە بنەڕەتییەكاندا.
