تەواوی بینای هۆتێل قەسر کەرکوک کۆنتڕۆڵ کرا
نوچەنێت.سبەی:
هێزە ئەمنییەکان بینای هۆتێل قەسر کەرکوکیان کۆنتڕۆڵ کردەوەو چوارەم تیرۆرستیش خۆی تەقاندەوە.
دوای چەند سەعاتێک لەگەمارۆدانی، هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک توانیان تەواوی بینای هۆتێل قەسر کەرکوک لەشارەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوەو سەرجەم چەکدارەکانیش کە لەناوهۆتێلەکەدا بون کوژران.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار چەکداری تیرۆرست هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلەو سەرەتاش، چەکدارێکیان بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لەبەردەم بیناکەدا خۆی تەقاندەوە، دواتر هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی بیناکەیان داو توانیان دو تیرۆرست بکوژن.
چەکداری چوارەمیش پاش بریندارکردنی و بەهۆی ئەوەی رێگای دەرچونی نەما خۆی تەقاندەوە، لەئێستاشدا تەواوی بیناکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوەو باری ئەمنی شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.