بارزانی به‌بۆنه‌ی ئازادكردنی كۆبانێ له‌ده‌ستی داعشه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

0

بارزانی به‌بۆنه‌ی ئازادكردنی كۆبانێ له‌ده‌ستی داعشه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌barzany
نوچەنێت.هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی ئازادكردنی كۆبانێ له‌ده‌ستی داعشه‌وه،سەرۆكی هەرێمی كوردستان په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت،بە بۆنەی ئەم سەركەوتنە مەزنە پیرۆزبایی لە تێكڕای گەلی كوردستان دەكەم. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە، سەركەوتنی مرۆڤایەتییە بەسەر وەحشیگەریی تیرۆریستان.‌

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ هەواڵی ڕزگاركردنی كۆبانێی خۆڕاگرمان پێگەییشت. ئەم هەواڵە دڵی هەموو كوردستانی و ئازادیخوازێك شاد دەكات. بە بۆنەی ئەم سەركەوتنە مەزنە پیرۆزبایی لە تێكڕای گەلی كوردستان دەكەم. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە، سەركەوتنی مرۆڤایەتییە بەسەر وەحشیگەریی تیرۆریستان.

شانازییە بۆ گەلی كوردستان بە درێژایی 1500 كیلۆمەتر لەبەرانبەر دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی وەستا و تووشی شكستی كرد. خۆڕاگریی و ڕۆڵی قارەمانانەی شەڕڤانان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی قارەمان بۆ خوشك و برایانیان لە كۆبانێ زۆر بەرز دەنرخێنم و دەست و چاویان ماچ دەكەم.

بەپێویستیشی دەزانم بە ناوی خۆم و گەلی كوردستان سوپاسی هاوپەیمانان بكەم كە بە پشتیوانیی بەردەوامی هێزی ئاسمانیی خۆیان، ڕۆڵیان لە خۆڕاگریی شەڕڤانان و ئەو دەستكەوتە پیرۆزە بۆ خەڵكی كوردستان هەبوو. هەروەها سوپاسی وڵاتی توركیایش دەكەم كە ڕێگەیدا هێزی پشتیوانیی پێشمەرگە بگاتە كۆبانێ بۆ ئەوەی یارمەتیی شەڕڤانان بدات.

لەدەستدانی چەند گوند و شار و گەڕەكێك نابێتە شكست، شكست ئەو كاتەیە كە ئیرادەی مانەوە و خۆڕاگری بشكێت. كۆبانێی قارەمان بۆیە نەكەوت چونكە ئیرادەی نەشكا و خۆڕاگر بوو. من لەوە دڵنیا بووم كە بوونی پاڵپشتیی گەلی كوردستان و یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستان و خۆڕاگریی كۆبانێ وا دەكات ئیرادەی گەلی كوردستان لەبەرانبەر دڕندەیی تیرۆریستان نەشكێت و كۆبانێیش نەكەوێت و بە سەربەرزی بمێنێتەوە.

قوربانیدان لەپێناو خاك و نیشتیمان شەرەفێكی مەزنە و ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بە قوربانیدانی خۆیان قارەمانێتیی بێ وێنەیان نواند. شەهیدبوونی (زێرەڤان)ـی خەڵكی باشوور و پێشمەرگەی هێزی پشتیوانیی لە كۆبانێ و شەهیدبوونی (نێچیرڤان)ـی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە شەڕی ئازادكردنی دەڤەری ئەسكی موسڵ ئەویش لە یەك ڕۆژدا، هێمای برایەتی و یەكێتی و یەكدەنگیی گەلی كوردستان بوو و نیشانیدا كە تێكڕای گەلی كوردستان خاوەنی یەك دۆزی هاوبەشن.

سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
26ـی 1ـی 2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com