گۆڤاری بەناوبانگی تایم راپۆرتێكی لە هەولێرەوە بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بە مەترسی مەلا توندڕەوەكان و قوتابخانە دینییەكانی كوردستان لەسەر پرۆژەی نەتەوەیی كوردی.
ئەمە دەقی راپۆرتەكەیە:
كوردانی ریزەكانی داعش، هەڕەشەن بۆسەر شوناس و ئاساییشی دەوڵەتی كوردی
هەندێك لە كوردە سوننییەكان رادیكالیزمی ئایینی داعشیان لا پەەسندترە لە ناسیۆنالیزمی كوردی
نوچەنێت-تایم
كاتێك لە مانگی 11ی رابردوو مەلا شوان دیارنەما، دانیشتوانی دارەتووی هەولێر بەلایانەوە سەیر بوو. ئەو هەینی پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتی جەعفەر ئەنجامدابوو، بەڵام رۆژی دواتر خۆی و هاوسەر و دوو كچەكەی و دوو گەنجی گەڕەكەكە دیار نەمابوون. سێ رۆژ دوای ئەوە، دەزگای ئاساییشی كوردی جەختی كردەوە كە مەلا و ئەوانەی دیار نەماوون پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە. ئێستا مەلا شوان لە موسڵە، كە گەورەترین شاری ژێر دەسەڵاتی داعشە.
مەلا شوان لەنێوان ئەو سەدان گەنجە كوردەدایە كە پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە. كورد چەندین لاوی خۆی لەدەستداوە و بوونەتە داعش، لە هەولێر چیرۆكی چەندین باوك و كوڕ دەبیستی كە لە بەرەی بەرامبەر شەڕی كورد دەكەن. كوردیش وەك داعش مسوڵمانی سوننەن، بەڵام بۆ چەندین ساڵ دەچێت لەناو كورددا هەستی نەتەوەایەتی بەسەر شوناسی ئایینیدا زاڵ بووە. خەڵكی دارەتوو ئارەزووی باسكردنی بابەتی رۆیشتنی خەڵكی ئەوێ بۆ ناو داعش ناكەن، بەڵام كە زۆر لەگەڵیان دەڵێیت، دانی پێدا دەنێن كە مەلا شوان لایەنگری داعشی دەكرد لە وتارەكانیدا.
محەممەد جەمیلی تەمەن 54 ساڵان كە لەدوای مەلا شوانەوە نوێژی كردووە دەڵێت “هەمیشە لەبارەی ئەوەوە قسەی دەكرد، كە دەبێت ئێمەش رێك بەو جۆرە هەڵسوكەوت بكەین كە لەسەردەمی محەممەد پێغەمبەردا كراوە”.
مەلا شوان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەی ێدەدرا. بەرپرسانی هەرێمەكە نیگەرانن لەوەی ئەو مزگەوت و خوێندنگا ئایینییانەی حكومەتەكەیان پارەیان پێدەدات، دەبنە هۆی توندڕەوبوونی گەنجەكانیان.
سەلام سیدان، راوێژكار لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەڵێت “یەكێك لە فەرمانبەرەكانم، كوڕەكەی پەیوەندی بە داعشەوە كردووە. ئەو كوڕە لە یەكێك لە خوێندنگاكانی ئێمەدا دەیخوێند”. ساڵی رابردوو وەزارەتەكەی سیدان 80 مامۆستای ئایینیی لەكار دورخستەوە چونكە گوتاریان مەدەنی نەبووە. سیدان دەڵێت “هەندێك لە مەلا و پێشنوێژەكان وتاریان دەدا و دەیانگوت ئەوەی مسوڵمان نەبێت كافرە” سیدان دەشڵێت “ئاساییە لە شوێنێك 5-6 ملیۆن كەسی تێدا بێت، خەڵكانێك هەبن بەوانی دی بڵێن كافر”.
سیدا دەڵێت وەزارەتەكەی سووربووە لەسەر ئەوەی ئەوانەی تازە دادەمەزرێن، دەبێت لەگەڵ نەریتی یەكترقبوڵكردن و لێبوردەیی كورددا یەكبگرنەوە. وەزارەتی ئەوقاف ئامارێكی وردی لانییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو كوردانەی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە. بەڵام بە بە خەمڵاندنی سیدان دەوروبەری هەزار كەس دەبن. زۆربەی ئەوانەی دەچنە ریزەكانی داعش، دەنگیان نامێنێ و دواتر خێزان و خەڵكی گەڕەك گومان دەكەن بۆ نێو داعش رۆیشتبن. هەندێك لەوانە ئیدی دەرناكەونەوە و وندەبن، لەكاتێكدا هەندێكی دیكەیان لەسەر ئینتەرنێت بەدەردەكەونەوە. “بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ناتوانرێت هیچ شتێك بشاردرێتەوە” ئەمە وتەی سیدانە “ئەوان بە شانازییەوە لەسەر فەیسبووك پۆستی دەكەن كە چوونەتە ریزەكانی داعش”.
هەندێك لەوانە لەسەر تۆڕە میدیاییەكانەوە دەردەكەوون و داوا لە خەڵكی دەكەن بچنە ریزەكانی داعش و هەڕەشەش لە پێشمەرگە دەكەن. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەناونیشانی “پەیامێك بۆ پێشمەرگە” كەسێك كە وا خۆی دەناسێنێت كە یەكێكە لە چەكدارانی ریزەكانی داعش و بەڵێنی هێرشكردنە سەر گەلەكەی خۆی دەدات. لە گرتەكەدا گەنجەكە دەڵێت “بە شمشێر سەرتان دەپەڕێنین و بە قورئان شەریعەتی خوا دەچەسپێنین”. لە ڤیدیۆكەدا گەنجەكە لەگەڵ كۆمەڵێك چەكداری دیكەی داعشدا راوەستاوە و لە گۆشەیەكی شاشەكەوە ئاڵای رەشی داعش دەشەكێتەوە. لە قسەكانیدا هۆشداری دەداتە كورد كە واز لە پشتیوانی “هاوپەیمانێتی خاچپەرستەكان” بهێنن.
چەكدارە وردەكانی داعش هەڕەشەیەكی جددین بۆسەر ئاساییشی حكومەتی هەرێمی كوردستان. چونكە ئەوانەی بە كوردی دەدوێن بە ئاسانی بازگەكان دەبڕن و پرسیار و پشكنینی كەمیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت. لە مانگی 11ی رابردوو ئوتومبیلێك لەبەردەم باڵەخانەیەكی حكومی تەقێنرایەوە. دواتر ماڵپەڕێكی سەر بە داعش وتی كە ئەو تەقینەوەی لەلایەن چەكدارێكی كوردی داعش بەناوی عەبدولڕەحان كوردی و دوانی دیكەوە ئەنجامدراوە. لە راگەیەنراوی داعشدا هاتبوو “ئەوان توانیبووین هەموو بازگەكان ببڕن و لە دڵی هەولێر بدەن. تكا لە خودا دەكەین بە شەهید قبوڵیان بكات”.
بەڵام بەگشتی داعش لەناو كورددا قبوڵ ناكرێت. زۆربەی خانەوادەكان شەرمدەكەن لەوەی كوڕەكانیان چوونە ناو داعش و لوولەی تفەنگەكانیان ئاراستەی برا كوردەكانیان كردووە. دەزگا ئەمنیی كوردییەكانیش دەڵێن ئەوانەی لە ریزەكانی داعش دەكوژرێن، رێگە نادرێت لەسەر خاكی كورد پرسەیان بۆ دابنرێت.
