لە ناو موسڵ پێشمەرگە گورزی جەرگ بڕ لە داعش دەدات
نوچە.نێت:هەولێر
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای شاری موسڵ ڕاگەیەندراوێكی بڵاو کردەوە و تێیدا سەرکەوتنەکانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ڕاگەیاند،ئەو سەرچاوەیە دەڵێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناو شاری موسڵ زەرەر و زیانێکی زۆری بە داعش گەیاندووە”.
ئەو سەرچاوەیە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە گەشتنی گڕی تۆپی تۆپخانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە ناو شاری موسڵ دووپات کردەوە دەڵێت دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی بەرچاوی لە میحوەری دیجلە و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای موسڵ بەدەست هێنا ئەمڕۆ تۆپخانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانییان ڕووی تۆپەکانییان بەرەو شاری موسڵ بگوازنەوە و زەرەرو زیانێکی زۆر بە داعش لەو شارە کەوتوە لە میانەی تۆپباران کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە :
راگەیێندراوی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
(ئاگری پێشمەرگە گەییشتە مۆڵگەكانی داعش لەناو شاری موسڵ)
دوای ئەو سەركەوتنە مەزنانەی لە دوو رۆژی رابردوودا بە دەست و بازووی پێشمەرگەی كوردستان لە نزیك بەنداوی مووسڵ تۆمار كرا، ئەمڕۆ هەینی 23ـی 1ـی 2015 ئاگری بۆردومانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەییشتە بنكەكانی داعش لەناو شاری موسڵ و تۆپخانە و هێزی مووشەكیی پێشمەرگە بە چڕی مۆڵگە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان لەناو شاری موسڵ كە ناوەند و بارەگای سەرەكیی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشە بۆردومان كرد و زیانێكی گەورەیان بە تیرۆریستانی داعش گەیاند.
سەركەوتنی پێشمەرگە و ئاگربارانی ئەمڕۆی تۆپخانە و مووشەكی هێزەكانی پێشمەرگە ترسێكی گەورەی خستۆتە ناو دڵی تیرۆریستان و ورەیان زۆر بە توندی دابەزیوە.
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە لەهەر شوێنێك داعشی لێ بێت و هەر مۆڵگە و بنكە و بارەگایەكیان كە لە هەر كوێ بێت لە ئاگری پێشمەرگە پارێزراو نابێت و دەستی پۆڵایینی پێشمەرگە تێكوپێكیان دەشكێنێت.
هەر لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووی هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ 23ـی 1ـی 2015 پێشمەرگە قارەمانەكان توانیان گوندەكانی شندۆخا و قادسیەیش لە تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكەن و زیانێكی گەورە بە تیرۆریستانی داعش بگەیێنن.
سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستان.
شكست و سەرشۆڕی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی كوردستان.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە
23-1-2015