پارتی: به‌شدارییه‌كی ڕواڵه‌تی له حكومه‌تى خۆجێی سلێمانی ناكه‌ین
نوچەنێت.هه‌ولێر:
به‌رپرسی لقی چواری پارتی له سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رۆشییه‌ك هه‌یه بۆ به‌شداریكردنی پارتی له حكوومه‌تى خۆجێیی پارێزگای سلێمانیدا، ده‌شڵێت: “پارتی نایه‌وێت به‌شدارییه‌كی ڕواڵه‌تیی هه‌بێت، ده‌یه‌وێت كارا بێت له حكوومه‌تە خۆجێییەکەی سلێمانیدا”.
سه‌عید سه‌لیم پشده‌ری، به‌رپرسی لقی 4ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی، له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی پارێزگای سلێمانی و، به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كان، له لێدوانێكدا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی راگه‌یاندوه”له كۆبوونه‌وه‌کەی نێوان ئێمه و یه‌كێتیی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، پێمان وا بوو پێویسته دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی بكرێته پێوه‌ر لە دانیشتنه‌كاندا، یه‌كێكیان بنه‌مای یاساییه كه په‌یوه‌ندیی به ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه، ئه‌و هەقەیش ئه‌وه‌یه كه ئێمه له %10ـی پۆسته‌كانمان هێناوه؛ ده‌بێت به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه پۆستمان پێ بدرێت، ئینجا ده‌مێنێته‌وه سه‌ر جۆری پۆسته‌كان.”
پشده‌ری وتیشی”خاڵی دووه‌م پره‌نسیبی سیاسییه، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه جیا له مافی ده‌نگدان، بابه‌تی مێژووی پارته‌كانیش له به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وه‌ش بوو به سه‌ره‌تایه‌ك له گفتوگۆكان و، پێشتر یه‌كێتی خۆی پێشنیاری كردووه؛ بۆیه ده‌بێت ئه‌و پره‌نسیبه كاری له‌سه‌ر بكرێت، چونكه پارتی خاوه‌نی مێژوو و پێگه‌ی خۆیه‌تی، له عێراق هێزی دووه‌مه و له كوردستانیش هێزی یه‌كه‌مه؛ ئێمه ئه‌م دوو بنه‌مایه‌مان به گۆڕان و یه‌كێتی ڕاگه‌یاند”.
سه‌عید سه‌لیم دەربارەی پێشنیار و گه‌شبینیی لایه‌نه‌كان گوتی: “پێشنیاره‌كان به گه‌شبینیه‌وه باس كراون و، بڕیاره لەو یه‌ك دوو ڕۆژەدا، پێشنیاره‌كانی خۆیشمان بخه‌ینه به‌رده‌میان، ئه‌وانیش وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه”.
له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانه‌وه، (پشده‌ری) ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: “هێشتا گفتوگۆ به‌رده‌وامه؛ پێشنیار هه‌یه له‌سه‌ر پۆسته‌كان، بۆیه ئه‌و بابه‌تانه‌مان هه‌ڵگرتووه بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی دادێ، به‌ڵام پێمان وایه وه‌ك بنه‌ما له یه‌كەوە نزیكین و، ده‌گه‌ینه ئه‌نجام”.
به‌رپرسی لقی 4ـی پارتی له به‌ركه‌وته‌ی پۆسته‌كانی حكوومه‌تە خۆجێییەکەی سلێمانی، ئه‌وه‌شی خسته ڕوو کە نیازی پارتی ئەوەیە كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنێین.
(سه‌عید پشده‌ری)، باسى له‌وه‌ش كرد: “پارتیی دیموكراتی كوردستان به‌شدارییەکی جه‌وهه‌ری ده‌كات، نه‌ك ڕواڵه‌تی؛ خۆ ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه بێت دەبینە ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام دیارە به شێوه‌یه‌كی ئیجابی كاری خۆیان ده‌كه‌ن و، په‌رۆشییه‌ك هه‌یه بۆ دامەزراندنی حكوومه‌تێکی بنكه‌فراوانی خۆجێیی له سلێمانیدا.”