كۆمەڵ: بەهیچ شێوەیەك پەكەكە بۆی نییە لە هەرێمی كوردستان كانتۆن رابگەیەنێت
نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ دەڵێت،بە توندی سەركۆنەی راگەیاندنی كانتۆنی شنگال دەكەین و دژی ئەو كانتۆنەین،بە هیچ شێوەیەكیش پەكەكە بۆی نییە لە هەرێمی كوردستان كانتۆن رابگەیەنێت،پەكەكە لە جیاتی ئەوەی كانتۆن رابگەیەنێت،با كێشەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی توركیا چارە بكات.
مەڕوان گەڵاڵی،ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان،بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە”ئێمە وەك فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی زۆر بە توندی ڕاگەیاندنی ئەو كانتۆنەی شنگال ڕەت دەكەینەوە،راگەیاندنی ئەو كانتۆنە دەستوەردانە لە كاروباری هەرێمی كوردستان و عێراق،بە تایبەتی شنگال كە لە ژێر سنووری هەرێمی كوردستاندایە،ئەو شوێنانە كە كێشەیان لەسەرە،هەرێمی كوردستان بە خاكی خۆیان دەزانێت و زۆربەی زۆری هاوڵاتیانی ئەو شارەش كوردن و خۆیان بە كورد دەزانن“.
ناوبراو وتیشی”دەبێت پەكەكە ڕێز لە سەروەریی خاكی كوردستان و عێراق بگرێت،سوپاسی هەرێمی كوردستان بكەن كە لەو هاوكاریانەی پێشكەش بە ئەوانیان كردووە و بواریان پێ دراوە لەو خاكە بمێنەوە و هاتوچۆ بكەن،سەرەڕای ئەوەی لەو شارە و هەر شوێنێكی دیكە هەنگاو بنرێت،دەبێت لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمەوە بێت،بۆیە پەكەكە بۆیان نیە هیچ هەنگاوێك بنێن“.
مەڕوان گەڵاڵی ئاماژەی بەوەشدا”بە توندی سەركۆنەی كانتۆنی شنگال دەكەین و دژی ئەو راگەیاندنەین،بە هیچ شێوەیەكیش پەكەكە حەق و مافی ئەوەی نییە كانتۆن لە هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت“.
سەرۆكی لیستی كۆمەڵ وتیشی”دەبووایە پەكەكە لە جیاتی ئەوەی كانتۆن رابگەینێت،كێشەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی توركیا چارە بكات،ئێمە لە كوردستان هیچ كێشەیەكمان نییە و هەرێمیش پێویستی بە كانتۆن نییە