سوید و فینلەندا سەرباز دەنێرنە كوردستاننوچە.نیت.ووشە
وەزیری دەرەوەی سوید ئاشكرای كرد كە حكومەتی وڵاتەكەی بڕیاری ناردنی یەكەیەكی سەربازی بچووكی داوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مەشقكردن بەهێزەكانی پێشمەرگە و فینلەنداش لەداهاتوویەكی نزیك تیمێكی شارەزای سەربازی بۆ مەشقكردن بە پێشمەرگە دەنێرێتە هەولێر.
مارگۆت سترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لەمیانەی كۆنگرەی ئەمنی سالین ئاشكرای كرد، حكومەتی سوید بەمزووانە دەست بە جوڵە دەكات لە پەرلەمان بۆ رەزامەندیدانی پەرلەمانی وڵاتەكەی لەناردنی هێزێكی سەربازی بۆ عێراق.
هەروەها گوتی، ئەو هێزە بەشداری شەڕی راستەوخۆ ناكەن، بەڵكو پشتیوانی و شارەزایی و مەشق پێشەكەشی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، كە رووبەرووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە.
ئاماژەی دا، ناردنی ئەو یەكە سەربازییە لەسەر داوای عێراق بووە، بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە.
هاوكات ئەم وەزیری حكومەتی سوید بەشداری وڵاتی فینلەنداشی بە تیمیكی راهێنەران بۆ مەشق كردن بە پێشمەرگە راگەیاند، كە تیمی سوید و فینلەندا بۆماوەی ساڵێك راهێنان بەو هێزانە دەكەن كە رووبەڕووی داعش دەبنەوە.
پێشتر كارل هاگلۆند وەزیری بەرگری فینلەندا ئاشكرای كرد، كە وڵاتەكەی تاوتوێی ناردنی هێز بۆ عێراق دەكات، تا لە بواری مەشقكردن هاوكاری هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە تیرۆریستان بكەن.