هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێنجەم دایە وەك گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان 
گەندەڵی لە کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە
نوچەنێت.رووداو:
“گەندەڵی لە باشووری كوردستان خەریكە لە هێڵی مەترسیدار نزیكدەبێتەوە” ئەمە قسەی رێكخراوی سكاڵاو چاودێرییە، كە لە توێژینەوەیەكیدا باس لەوە دەكات 128 دۆسیەی گەندەڵییان لەلایەن خەڵكەوە بەدەست گەیشتووە. هەر ئەو رێكخراوە 68 جۆر گەندەڵییان لە باشووری كوردستاندا دەستنیشانكردووە.
شڤان زەنگەنە، بەرپرسی رێكخراوی سكاڵاو چاودێریی بە رووداوی گوت: “دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی مەترسیداردایەو دەبێت بەرنامەی تۆكمەی بۆ دابنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوی، بەڵام تائێستا هیچ بەرنامەو پرۆژەیەك نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی”.
گەورەترین گەندەڵی كە لە ساڵی 2014 دا دەستنیشانكرا، خانەنشینی كەسانی حیزبی بوون لە پلە تایبەتەكاندا، جگە لەمەش 600 دۆسیەی دیكە لە فەرمانگەی داواكاری گشتی لەسەر گەڕاندنەوەی موڵكی گشتی تۆماركراوە، داواكاریی گشتیش دەڵێ “ئەوانەی گەندەڵیی گەورە دەكەن كەسانی پلەداری حیزبن”.
فەرهاد حاتم بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی لە سلێمانی بۆ هەمان سایت گوتی: “بوونی ئیرادەی حەقیقی لەوەدا دەبینین كە هەمیشە دەستێك هەیە بۆ پەنادانی ئەو كەسانەی گەندەڵی دەكەن، لەم شارەدا سەدان دۆسیەمان جووڵاندووە، بەڵام ئەگەر لێم بپرسی چەندیان جێبەجێكراون، دەڵێم هیچیان ، چونكە ئەوانە نایەنە بەردەم دادگا”.
بەپێی داتایەكی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەساڵی 2014 دا لە كۆی 170 وڵاتی جیهان، عێراق بە باشووری كوردستانیشەوە لە ریزبەندی پێنجەم دانراوە وەك گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان.