ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ناو پارتی به‌ره‌و زه‌قبوونه‌وه ده‌چێت
ئه‌ندامێكی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی: پێش كۆنگره‌ش ده‌نگی ناڕه‌زایی هه‌ر هه‌بوو
راپۆرت: رێبوار ره‌زا چوچانی
Facebook: rebwar raza chuchani
له‌دوای كۆنگره‌ی (13)ه‌وه، له‌ناو ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌نگی ناڕه‌زایی ده‌بیسترێت، له‌ئێستاشدا ئه‌و ده‌نگانه زیاتر ده‌بن و به‌ره‌و زه‌قبوونه‌وه ده‌چن، ئه‌ندامێكی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ش رایگه‌یاند، پێش كۆنگره‌ش ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ناو پارتیدا هه‌بووه.
ناڕه‌زایه‌تی و جیاوازییه‌كانی ناو پارتی ره‌گێكی مێژوویی هه‌یه و دیارترین جیاوازییه‌كانی ئه‌و حیزبه كه له‌مێژوودا روویدا بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی (1964) و (1966) كه ئه‌و جیاوازییانه ده‌گاته بنبه‌ست و لێكترازانی باڵی مه‌كته‌ب سیاسی كه ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن لێكه‌وته‌وه، له‌دوای ساڵی (2003)یش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق سالم له‌پۆستی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و وازهێنان له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، به خاڵێكی به‌هێزی هه‌بوونی جیاوازی و ده‌نگی ناڕه‌زایی داده‌نرێت، له‌ناو ریزه‌كانی پارتیدا، له‌دوای كۆنگره‌ی (13)ه‌ش، ده‌نگی جیاوازی و ناڕه‌زایی له‌ناو ئه‌و حیزبه‌دا ده‌بیسترێت، چونكه ئه‌و كۆنگره‌یه له‌كاتێكدا به‌سترا، ماوه‌ی (11) ساڵ به‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌ی پێشوودا تێپه‌ڕ ببوو، بۆیه چاودێران ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌یان له‌و كۆنگره‌یه به دوور نه‌ده‌زانی، به‌ڵام له پاش كۆنگره گرفته‌كان به دیار كه‌وتن.
له‌ده‌نگێكی تۆماركراودا، كه له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، نادر هه‌ورامی كه پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین و یه‌كێكه له به‌رپرسه دیاره‌كانی ساڵانی هه‌شتای پارتی، له‌ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ورامان، ره‌خنه له‌كۆنگره‌ی (13)ی پارتی ده‌گرێت، له‌و ده‌نگه تۆماركراوه‌دا، هه‌ورامی، ئێستای حیزبه‌كه‌ی به “شۆڕشی فه‌وزا” و به‌شێك له‌ئه‌ندامه‌كانی به “تابووری پێنجه‌م” وه‌سف ده‌كات، ئه‌و ره‌خنانه‌ی به‌رپرسه دێرینه‌كه‌ی پارتی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رێگرییه‌كانی ئه‌و حیزبه، له‌خۆ كاندید كردنه‌وه‌ی سه‌ربازی كوڕی، بۆ ئه‌ندامێتی سه‌ركردایه‌تی، هه‌ر له‌و ده‌نگه تۆماركراوه‌دا، هه‌ورامی هێرش ده‌كاته سه‌ر جه‌مال مۆرتكه و ره‌خنه له‌وه ده‌گرێت، كه مه‌دالیای بارزانی پێدراوه، له ده‌نگه تۆماركراوه‌كه‌دا، راشیده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك و جیابوونه‌وه‌یه‌ك له‌پارتی، موچه (2) هه‌زار دۆلارییه‌كه‌ی وه‌رناگرێت و داده‌نیشێت، به‌و دانیشتنه‌شی وه‌ك خۆی وتوویه‌تی “پارتی ریسوا ده‌كه‌م”.
له‌لێدوانێكدا نادر هه‌ورامی ره‌تی نه‌كرده‌وه كه ئه‌و ده‌نگه تۆمار كراوه هی ئه‌و بێت، به‌ڵام هۆكاری ئه‌و وتانه‌ی گه‌ڕانده‌وه، بۆ بێتاقه‌تی ئه‌وكاتی خۆی له‌بارودۆخه‌كه، چونكه وه‌ك ئه‌و گوتی “له‌كۆنگره‌دا هه‌ندێك شتی نایاساییم بینیووه”، هه‌ورامی ره‌تیشی كرده‌وه كه ده‌سبه‌رداری پارتی بووبێت، گوتی “من له‌پارتی عاجز نیم، من خۆم یه‌كێكم له‌دامه‌زرێنه‌رانی پارتی و له‌پێناو پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مر، په‌نجا ساڵه خه‌بات ده‌كه‌م، به‌ڵام له به‌عزێك شت‌دا كه له‌و كۆنگره‌یه‌دا بینیم، كه هه‌ندێك مه‌شاكیل دروست بوو و له‌و كاته‌شدا هه‌ندێك ته‌ندرووستیم ته‌واو نه‌بوو و نه‌خۆش بووم، هه‌ندێك قسه‌م كردووه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه نمه‌ك حه‌رامن و كێشه دروست ده‌كه‌ن، بۆ كورد و بۆ شه‌خسی وه‌ك ئێمه‌ش، كه خاوه‌نی خه‌باتێكی دوور و درێژین، بڵاویان كردۆته‌وه، ئه‌گینا ئێمه هه‌موو ژیانمان له‌سه‌ر پارتی داناوه، ئێمه سه‌روه‌ت و سامان و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و شه‌ق هه‌ڵدان له به‌رد و كوشتن و بڕینمان هه‌مووی بۆ پارتی بووه”، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، زیاتر له‌پێنج جار بریندار بووه بۆ ئه‌و حیزبه، ده‌بێت ئه‌وه‌شی لێ قبوڵ بكات كه هه‌ندێك جار به نازه‌وه قسه ده‌كات، “به‌ڵام خه‌ڵكێكی ناحه‌ز و نمه‌ك حه‌رام هه‌یه، به شكڵێكی تر بارودۆخه‌كه‌مان لێده‌گۆڕێت، من تا مردنیش ئه‌و رێبازه و خه‌تی مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر سه‌رمانه، چونكه ئێمه تازه مردووین و ژیانمان دوایی پێهاتووه له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه و له‌و رێگه‌دا، ئیتر ئێمه چۆن ناڕازین”.
له‌كوردستان بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگی تۆماركراو و وێنه ڤیدیۆییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هه‌ستی پێده‌كرێت، كه زۆر جار ئه‌و جۆره بڵاوكردنه‌وانه، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی لێده‌كه‌وێته‌وه، چاودێرێكی سیاسی كه پێیباش نه‌بوو ناوی بهێنرێت، پێیوایه ئه‌و جۆره كارانه، به‌شێكه له‌سیفاتی ده‌زگا سیخوڕییه‌كان، گوتی “هه‌ندێكجار ئه‌و جۆره كارانه ده‌بێته به‌شێك له‌پیشه‌ی خه‌ڵكانی ئاسایی، كه ئه‌مه‌ش زیاتر ئیلهام له‌كاری ده‌زگا سیخوڕییه‌كان وه‌رده‌گرێت، چونكه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه ده‌زگای سیخوری به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، هه‌ندێك دیارده‌ی نامۆ به ئاسانی و به ناڕاسته‌وخۆ ده‌بێته به‌شێك له‌شعوری تاكه‌كان، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و جۆره كارانه به‌شێكه له‌كاری ده‌زگا سیخووڕییه‌كان و له‌پێناو له‌كه‌داركردنی كه‌سانێك ئه‌و كارانه به‌شێوه‌یه‌كی مونه‌زه‌م ئه‌نجام ده‌ده‌ن”.
به‌ڵام نادر هه‌ورامی، پێیوایه ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و كاره هه‌ستاون “كه‌سانی نمه‌ك حه‌رام و حه‌سوودن”، هه‌ورامی وتی “ئامانج له بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و وتانه‌ی من، كه له‌حاڵه‌تی بێتاقه‌تی و نه‌خۆشیدا كردوومه، تێكدان و حه‌سوودییه، چونكه كه‌سانێك حه‌ساسییه‌تێكیان هه‌یه به‌رانبه‌ر به‌و خه‌باته‌ی ئێمه، ئه‌وانه ناحه‌ز و حه‌سودن، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و قسانه‌ی منیان بڵاو كردۆته‌وه جێگه‌ی باوه‌ڕی من بوون، من دڵسافم به‌رانبه‌ر به هه‌موو كه‌س، چونكه من كوردم و كوردایه‌تیم كردووه، هه‌تا به دوژمنه‌كانیشم نییه‌تم خراپ نیه، به‌ڵام من نازانم دڵی ئه‌وانه چی تێدایه و مه‌به‌ستییان چیه له‌به‌رانبه‌ر بارودۆخی من”، هه‌رچه‌نده هه‌وارمی ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه ده‌زانێت بڵاوكه‌ره‌وه‌ی وته‌كانی ئه‌و كێن، به‌ڵام وتیشی “من شكات له‌و كه‌سانه ناكه‌م”.
له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ناو پارتی، ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی سه‌ر به‌و حیزبه‌ش ده‌گرێته‌وه، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا هه‌ر یه‌كه له شادمان ده‌رگه‌ڵه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری نوسین و به‌كر ئه‌حمه‌د سكرتێری نوسینی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، كه سه‌ر به مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پارتییه و جه‌واد قادر برای سه‌رۆ قادری به‌رپرسی ئه‌و مه‌كته‌به سه‌رنووسه‌رییه‌تی، ده‌ستیان له كاره‌كانیان كێشایه‌وه، له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیشدا، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، باسی نه‌بوونی شه‌فافییه‌تی دارایی و رۆڵی سلبی رۆژنامه‌كه‌یان كردووه، له‌كێشه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌شیان كردۆته پاساو، بۆ ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌یان.
ده‌نگی ناڕازییه‌كانی ناو پارتی سنووری لقی (16)ش ده‌گرێته‌وه، له رۆژی (2/4/2011) له‌كاتێكدا كه ده‌ور و ته‌سلیمی گۆڕینی به‌رپرسی ئه‌و لقه كراوه، كارگێڕ لقێك به ناوی تالیب سادق، له وته‌یه‌كدا ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی خۆی ئاشكرا كرد، به‌پێی زانیارییه‌كان، هۆكاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و كارگێڕ لقه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه له كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی (13)دا بڵاو كرانه‌وه و بڕیار بووه بكرێته به‌رپرسی ئه‌و لقه، به‌ڵام له‌ئێستادا ئاراس حه‌سۆ میرخان كراوه‌ته به‌رپرسی لق، هه‌رچه‌نده تالیب ره‌تی ده‌كاته‌وه كه ده‌ستی له كاركێشابێته‌وه، به‌ڵام له لێدوانێكدا، كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، وتی “ئه‌و ده‌ستی له‌حزب نه‌كێشاوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌مێژه داوای پۆستێكی باڵاتر ده‌كات، ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێ ده‌كرێت”.
به‌پێی زانیارییه‌كان، هه‌ر له‌سنووری ئه‌و لقه‌دا، چه‌ند به‌رپرسێكی تری پارتی، ناڕازین و وه‌ك پێویست ده‌وامی خۆیان ناكه‌ن، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه “خۆیان به مه‌غدوور ده‌زانن”، هه‌روه‌ها به‌شێك له ناڕازێتییه‌كه‌شیان وه‌ك باس ده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دانانی به‌رپرسی لق به‌بێ وه‌رگرتنی رای ئه‌وان دانراوه.
به‌ر له به‌ستنی كۆنگره، باس له‌وه ده‌كرا، كه ئه‌و كۆنگره ده‌بێته خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌مێژووی پارتیدا، كه گۆڕانكاری به‌سه‌ر خۆیدا دێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا رووی داوه، بێئومێدی خه‌ڵكانی له گۆڕانی پارتی زیاتر كرد، گرنگترین ئۆرگانی حیزب، مه‌كته‌بی سیاسییه، ئه‌و مه‌كته‌به داڕێژه‌ری سیاسه‌تی حیزبه و ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و مه‌كته‌ب سیاسییه، جگه له چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت، ئه‌وانی دیكه هیچیان له‌ئاستی سیاسیاندا به عه‌قلی سیاسیی دانانرێن، دانانی 15 ئه‌ندام مه‌كته‌بی سیاسیی بۆ به‌ڕێكردنی كێشه‌كان بوو كه رووی له پارتی كردبوو، به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ی دوایی دێن، پێناچێت به‌و مه‌كته‌ب سیاسییه ئیداره بدرێت، پێشناچێت كاره‌كته‌ره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی توانای خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌می هه‌بێت. بۆیه وه‌ك شێخ ئه‌دهه‌م بارزانی به ئاشكرا دانی به‌وه‌دانا كه ناڕه‌زاییه‌ك هه‌یه له دانانه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كۆن. هه‌روه‌ها پارتی له ئاستی گۆڕانی به‌رپرسی لقه‌كانیش مه‌وفه‌ق نه‌بووه، چونكه ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی له‌و گۆڕانكارییانه‌دا جێده‌گرن، زۆربه‌یان هه‌مان ئه‌و كادیرانه‌ن، كه پیش‌تر رۆڵیان هه‌بووه و ناڕه‌زایش زۆربووه، بۆنموونه عه‌بدولخالق باپیری له لقی زاخۆ بردراوه‌ته لقی یه‌ك، هه‌ڵۆی ئه‌حمه‌د كورده له لقی 11 بردراوه‌ته لقی چوار. به‌ڵام له ئاسته‌كانی دیكه‌دا پارتی وه‌ك پێش كۆنگره‌ی 13یه، ته‌نانه‌ت له‌رووی راگه‌یاندنیشه‌وه هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه، له‌كاتێكدا خه‌ڵك ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌و حیزبه‌دا ببینن، له راگه‌یاندنه‌كه‌یدا ده‌یبینن.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌گه‌رچی وه‌ك حیزبێكی تۆكمه و یه‌ك ره‌نگ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام كه ده‌چیته ناو ورده‌كاری كاری حیزبایه‌تییانه‌وه، هه‌ست به‌بوونی ده‌نگی جیاواز ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له لێدوانی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كه ساڵانێك له‌ناو ئه‌و حیزبه‌دا كاریان كردووه و ئێستاش له پله و پۆسته‌كانیاندا نه‌ماون، محه‌مه‌دی مه‌لا قادر ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت “له‌م بارودۆخه‌دا به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵك ناڕازییه، چونكه ده‌بینی له‌به‌رده‌ركی سه‌را و شوێنی تر ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندان هه‌یه، خه‌ڵك كوژراوه، پۆلیس و منداڵی بێ گوناه كوژراوه، من پێموایه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی سه‌رتاسه‌ری له‌كوردستان هه‌یه، هه‌رچه‌نده زۆر به‌هێزیش نیه، به‌ڵام هه‌یه”، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ش ده‌به‌ستێته‌وه به‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی كه له‌ناو پارتیشدا هه‌یه، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌م خه‌ڵكه‌ی پارتیش هه‌موو خزم و كه‌س و براده‌ر و هه‌ڤاڵیان هه‌یه، مه‌شاكیل دروست ده‌بێت، پێشتریش كه من ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بووم، ده‌چووم بۆ ته‌فتیش له‌شوێنه‌كان، خه‌ڵك هه‌بوو ناڕازی بوو، ئه‌وه نییه بڵێیت كه‌س ناڕازی نییه، چونكه هه‌موو كه‌س له‌خواش رازی نییه، له‌پێغه‌مبه‌ره‌كانیش رازی نین، بۆیه ده‌بینیت ئیمانیان نییه”، گوتیشی “هه‌موو كاتێك ره‌خنه هه‌بوو و ئێستاش به دڵنیاییه‌وه ره‌خنه هه‌ر هه‌یه و خه‌ڵك زۆر ره‌خنه‌ی هه‌یه، نه‌ك هه‌ر ته‌نها هه‌ر له‌پارتی، به‌ڵكو ره‌خنه‌یان له‌حكومه‌ت و حیزبه‌كانی تریش هه‌یه و له‌وه‌زعه‌كه‌ش هه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم شتی باشی كردووه”.
محه‌مه‌دی مه‌لا قادر هۆشداری ئه‌وه‌شیدا به لایه‌نه‌كان، كه ئه‌و ره‌خنانه به هه‌ند وه‌رگرن، گوتی “ئه‌گه‌ر ره‌خنه و ناڕه‌زایی زۆر بوو، ئه‌گه‌ر له‌حكومه‌ت بێت یان له‌حیزب بێت یان له‌ده‌وڵه‌ت بێت، بارودۆخی باش نابێت و ته‌شه‌نه ده‌كات، ده‌بێت ئه‌و حیزب و سه‌ركردایه‌تییه، كه حیزبی بێت یان حكومه‌ت، ده‌بێت به‌دواییدا بگه‌ڕێن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن و به كه‌می نه‌زانن”.
له گۆڤاری سڤیله‌وه