ئیبراهیم مه‌لازاده: تا رۆحی كورد ئازاد نه‌بێت، ناتوانێت ببێته ببێته خاوه‌نی ئيسلامێكی تایبه‌ت به‌خۆی
ده‌بێ ڕێگری له دامه‌زراندنی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای دینی بكرێت
له‌م ته‌وه‌ره‌دا ئێمه به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین، كه ده‌رباره‌ی ئاین و ناسیۆنالیزم و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیانن، تا له‌و رێیه‌وه پرسی درووستكردنی شێوازێكی كوردیانه‌ی دینداری، بۆ دینی ئیسلام بخه‌ینه به‌ر باس، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین، وروژاندنی ئه‌م پرسه، له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی هه‌یه و ده‌توانێت له زۆر رووه‌وه كۆمه‌كی كورد بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، وه‌ك پارێزگاری كردن له شوناسی كوردی و ره‌تكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له رێی ئاینه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان و تواندنه‌وه‌ی به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كانیان داوه، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌ستگرتن به به‌ها و تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد و درووستكردنی شێوازێك بۆ دینداری، كه له هه‌ناوی كورده‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه‌یش له رابردوودا نموونه‌ی هه‌بووه.
ئیبراهیم مه‌لازاده شاره‌زا له هزری ئیسلامی، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ر ده‌داته‌وه، ده‌ڵێت “تا رۆحی كورد ئازاد نه‌بێت، ناتوانێت ببێته خاوه‌ن كه‌سایه‌تی خۆی، چ جای ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی ئیسلامێكی تایبه‌ت به‌خۆی”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر دین له بواری سیاسه‌ت جیا بكرێته‌وه بازرگانه‌كانی دین زۆر كه‌م ده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر دین نانی پێوه نه‌یه‌ت كه‌س نامێنێت بیه‌وێت ئاڵای دینی به‌و جۆره له‌سه‌ر دامه‌زراوه گشتییه‌كاندا به‌رز بكاته‌وه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئێستا دین بووه به بازرگانی و نانی پێوه دێت بۆیه كڕیاریشی زۆرن. ئه‌مه‌ش مانای وایه بیڵێن یان نا، پێیان خۆش بێت یان نا، خودا و باوه‌ڕ له‌و پانتاییانه‌دا نه‌ماون كه پاره‌ی پێوه دێت و پۆستی سیاسی له‌سه‌ر بینا ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئیسلامیی بوون نانی پێوه نه‌یه‌ت له‌وانه‌یه زۆرێك له‌وانه سه‌ردانی مزگه‌وتیش نه‌كه‌ن. هه‌ر به‌رێ خۆ بده‌یێ، ئه‌گه‌ر موچه و فه‌رمانبه‌ری پێشنوێژی یا وتارخوێنی، یا مجێوری نه‌بێت، چه‌ند له‌وانه سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌كه‌ن و خزمه‌تی ده‌كه‌ن. حیزبایه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای دین هه‌ر وایه. بۆیه قه‌ده‌غه‌كردنی دامه‌زراندنی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای دینی پێویستییه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی”.
سازدانی: رزگار ره‌زا چوچانی
به‌شی دووه‌م
رزگار ره‌زا چوچانی: كه‌وایه مادام گه‌نده‌ڵی هه‌یه، مادام ده‌زگا قانونییه‌كان به‌هێز نین، مادام بواری كشتوكاڵ و ئاوه‌دانكردنه‌وه مۆدرێن نین و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌رمان نییه، چاوپۆشی بكه‌ین له‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانمان به ته‌سمیمی عه‌ره‌بی و توركی دروستبكرێت، عه‌ره‌ب و تورك و فارس هه‌ڵبژارده‌ی دیزاینی ئه‌و جلوبه‌رگه‌ش بكه‌ن كه ژنان بۆ داپۆشینی خۆیان به‌كاری ده‌هێنین و بیر له‌هیچ شێوازێكی كوردیانه له‌و بوارانه نه‌كه‌ینه‌وه، ئاخر خۆ هیچی تێناچێ، ئیستا له‌دروستكردنی مزگه‌وته‌كاندا بیر له‌دیزانێك بكه‌ینه‌وه، كه شێوه‌ی توركی و عه‌ره‌بی نه‌بێ، له‌جلوبه‌رگی ژناندا هه‌روا، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ناچێته خانه‌ی ئاینده سازییه‌وه كه له‌ئێستاوه له‌م سه‌ره‌تای خۆی دروستكردنه‌دا وه‌ك كورد كاریان له‌سه‌ر بكرێت ؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: زۆر باشه، ئه‌م شتانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌ی هیچیان تێناچێت.
كێشه‌كه زۆر له‌وه ئاڵۆزتره كه ئاوا با ئاسانی بتوانین چاره‌سه‌ریان بۆ دابنێین. له‌لایه‌ك ته‌واوی ناوچه‌كه به گۆڕانكاری گه‌وردا تێپه‌ڕ ده‌بن، گۆڕانكاریش پڕۆسه‌یه، زۆرێك له‌و شتانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌ی په‌یوه‌ندیان به هه‌ڵومه‌رجه‌كانه‌وه هه‌یه. به‌ڵام با تۆزێك بگه‌ڕێمه‌وه دواوه. ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین كه هه‌ردوو حیزبی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر ده‌سته‌ڵات و دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاك و خێزانی كورد، ڕۆڵێكی زۆر نێگه‌تیڤیان له ڕاهێنانی خه‌ڵكی كورد گێڕاوه.
یه‌كه‌م: كه هاتنه‌وه هیچ پلانێكی ڕۆشنیان بۆ ئاینده‌ی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی هه‌رێم و ته‌واوی باشووری كوردستان نه‌بوو. له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵبژاردنیان ڕێك خست، به‌ڵام هه‌ر زوو هه‌وڵه‌كان وه‌كو شێره به‌فرینه هه‌ڕه‌سیان هێنا و بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ خه‌ڵكی كوردستانیان خسته‌وه ناو توندوتیژیه‌كی بێ داد و هاوار به هه‌زاران گه‌نجی كوردیان به كوشت دا. ده‌یان ناوچه‌ی كوردستانیان كرده به‌ره‌ی جه‌نگ. ماكینه‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌روو لا كه‌وتنه یه‌كتر ناشیرین كردن و هه‌ڵبه‌ستی قێزه‌ون ترین تۆمه‌ت بۆ یه‌كدی. سه‌پاندنی ئه‌قڵیه‌تی توندوتیژی عه‌سكه‌رتاری و چاوله‌یه‌ك سووركردنه‌وه. به‌و هۆیانه‌شه‌وه ئاواره‌بوونی هه‌زاران خێزان له هه‌ردوو لا. نقومكردنی ژیانی خه‌ڵكی كورد له برسیه‌تی و نه‌داری و چاوچنۆكی.
دووه‌م: له‌به‌ر هۆی یه‌كه‌م و چه‌ند هۆیه‌كی دیكه‌وه، له‌زۆربه‌ی بواره‌كان نه‌یانتوانی ستراتیژیه‌تێكی نیشتمانی تۆكمه دابمه‌زرێنن. به‌تایبه‌تیش له بواری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵاوه. چاره‌سه‌ر نه‌كردنی زمانی ره‌سمی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت زمانی په‌روه‌رده‌ش.
سێیه‌م: ئه‌و جه‌نگی ناوخۆ و حیزبایه‌تی خێڵه‌كی بوونه بنه‌مایه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵیه‌كی ڕیشه‌دار، دامه‌زراندنی خه‌ڵك له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێی حیزبی و خزمایه‌تی و ڕه‌چاونه‌كردنی كه‌مترین مه‌رجی شاره‌زایی و لێهاتووی له‌و كارانه‌دا.
چواره‌م: به‌هێزكردنی هێزی چه‌كداری حیزبی له‌سه‌ر مۆدێلی میلیشیایی، له‌جیاتی به‌هێزكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و كردنی ئه‌و ده‌زگایه به نموونه‌یه‌كی نیشتمانی به‌هێز و پێشكه‌وتوو، كه تا هه‌نوكه‌ش له‌ده‌ست ده‌رهاوێشته حیزبییه‌كه‌ی ده‌ناڵێنن.
پێنجه‌م: شان به شانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ش، دامه‌زراوه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش به‌شی خۆی له‌و گه‌نده‌ڵییه به‌ر كه‌وت، به دامه‌زراندنی هه‌زاران كه‌س له‌و وه‌زاره‌ته و مزگه‌وته‌كانی، كه سه‌دا یه‌كیشی بڕوانامه‌یه‌كی باڵایان نییه. زۆربه‌یان ده‌رچووی كۆلێژه‌كانی شه‌ریعه‌ی زه‌مه‌نی به‌عسن و كاریگه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش وای كرد له‌لایه‌ك ئه‌و بواره بدرێته ده‌ست قه‌ده‌ر و ڕێژه‌یه‌ی زۆری ته‌ندڕه‌و له‌سه‌ر بنه‌ما فیكرییه‌كانی ده‌ره‌كی شاره‌زاییه‌كی توێكڵدار له دین په‌یدا بكه‌ن و زۆریان به‌ره‌و هه‌ڵدێر بڕۆن. سوپایه‌ك له وتارخوێن و موئه‌ززین و مجیور و تاد، كه ئه‌مانه هه‌موو هێزی به‌كاربه‌رن. هیچ داهاتێك پێشكه‌ش به خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و خه‌ڵك ناكه‌ن. ئه‌م قسه‌یه بۆ زۆرێك له وه‌زاره‌ته‌كان ڕاسته به‌تایبه‌تیش دامه‌زراندنی سوپایه‌ك له خه‌ڵكی بندیوار.
ئه‌م خاڵانه و زۆری دیكه‌ش، هه‌موویان ڕێگر بوون له‌به‌رده‌م ئاوڕدانه‌وه‌ی حیزبه‌كان و دامه‌زراوه‌كان له‌و پرسانه‌ی كه جه‌نابت وروژاندوتن. پێم بڵێ كێ ئه‌و شتانه بكات، مردووه‌كان یان هێزێكی ده‌ره‌كی بێت بیكات؟ لێره‌وه بزانه كه كێشه‌ی ئێمه‌ی كورد هێنده‌ی له‌ناو خۆمانه نیو هێنده‌ش ده‌ره‌كی نییه. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش نابێ فاكته‌ری ده‌ره‌كی له‌به‌رچاو نه‌گرین كه هه‌میشه فشارێكی زۆریان له‌سه‌ر ناوخۆ هه‌یه و خه‌ڵكێكی نه‌فس نزم و لاوازیش هه‌ر ده‌بن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ژه‌ندای ده‌ره‌كی و خۆشكردنی ئاگری ناته‌بایی ڕیزه‌كانی ناوخۆ.
رزگار ره‌زا چوچانی: له‌دیمانه‌ی پێشووت له‌گه‌ڵ سڤیل ده‌ڵێیت”هه‌ژموونی یه‌ك جۆر ئیسلام تا هه‌تایه پێچراوه‌ته‌وه. ئێستا هه‌ر له ئه‌ندۆنیزیاوه بگره تا ده‌گاته شانشینی مه‌غریب، قسه له ئیسلامی ئه‌ندۆنیزی و مالیزی و ئێرانی و توركی و عه‌ره‌بی ده‌كرێت. هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه ئه‌زموونێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، بێجگه له كورد”. ئایه كورد وه‌ك ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی باستكرد ده‌توانێت شێوازێكی تری دینداری دروست بكات، كه جیاواز بێت له‌و شێوازانه‌ی كه تا ئێستا پێره‌و كراون و مۆركێكی عه‌ره‌بی و توركی و فارسیان پێوه دیاره؟
وتت مادام سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌نی خۆی نه‌بووه، پێشتر نه‌یتوانیوه، خۆ ئێستا نیمچه خاوه‌نی خۆبون و سه‌ربه‌خۆییه‌كمان هه‌یه؟
ئیبراهیم مه‌لا زاده: قه‌ناعه‌تی من ئاوایه؛ كه كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو ده‌توانێت لێكدانه‌وه‌ی پێشكه‌وتووانه و سه‌رده‌میانه بۆ پرسه دینیه‌كان و ته‌واوی پرسه‌كانی ژیان بكات. ئه‌و كۆمه‌ڵگایه چه‌ند له دواوه بێت دینداریشی هێنده دواكه‌وتوانه و دیماگۆجیانه ده‌بێت. كورد نه‌ك ئیسلامی تایبه‌ت به‌خۆی نیه، به‌ڵكو كه‌سایه‌تی تایبه‌ت به‌خۆشی نیه و تا ئێستا له‌ژێر هه‌ژموونی كو‌لتور و بیركردنه‌وه‌ی گه‌لانی سه‌رده‌ستی ناوچه‌كه دایه. ڕۆحی كورد هه‌ر ئاماده‌یه به‌ڵام لاواز و له‌په‌لوپۆ كه‌وتووه به‌هۆی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی گه‌لانی سه‌رده‌ست. بۆیه تا له‌ژێر ئه‌و هه‌ژموونه‌دا بناڵێنێت ئه‌و ڕۆحه‌ش هه‌ر په‌ككه‌وتوو ده‌مێنێته‌وه و ناتوانێت كاریگه‌ری دابنێته سه‌ر هیچ بوارێكی ڕۆحی و مه‌ده‌نی خۆی. ئیدی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه ناوت هێنان، هه‌یانه، كورد ناتوانێت به‌و ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕ ببێت تا نه‌بێته خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆی، له‌به‌ر هۆیه‌كی ساده، ئه‌ویش شكست هێنانی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه بووه له مێژووی خۆیدا كه داویه‌تی بۆ ئه‌و فۆرمه تایبه‌ته و خۆجیاكردنه‌وه. بۆیه ئه‌م سه‌روه‌ریه به ده‌رچوونیانه له‌و هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌یه‌ی بێگانه.
ئینجا فۆرمی ئه‌و ده‌رچوونه به ده‌وڵه‌ت ده‌بێت یا به‌هه‌ر فۆرمێكی دی دیموكراسی ده‌بێت، كێشه نیه. گرنگ ئه‌وه‌یه ڕۆحی كورد ئازاد بێت، تا ئازاد نه‌بێت و سارێژی برینه‌كانی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌كاته‌وه ناتوانێت داهێنان له‌هیچ بوارێكی ڕۆحی خۆیدا بكات، ناتوانێت ببێته‌وه خاوه‌نی كه‌سایه‌تی خۆی، چ جای ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی ئیسلامێكی تایبه‌ت به‌خۆی. ئه‌گه‌ر بهاتبا و دابه‌ش نه‌كرابوایه، نه‌كه‌وتبایه‌ته ژێر هه‌ژموونی گه‌لانی ناوچه‌كه، له‌و باوه‌ڕه دام ئێستا كورد خاوه‌نی زۆر شت ده‌بوو، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیانه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و ڕێزلێگیراو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وله‌تی. هه‌ر بۆ نموونه؛ ئێمه وا ده‌زانین كوردی باكوور ته‌نها له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان له‌ڕووی مه‌زهه‌بیشه‌وه زۆر به خراپی چه‌وسێندراونه‌ته‌وه. سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمار، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه ئه‌تاتۆرك له زانایانی ئاینی دروستی كرد و ڕاسته‌وخۆ گرێ‌دراو بوو به سه‌رۆكایه‌تی، كه وا تێبگه‌م تا ئێستاش ماوه، یه‌ك زانای مه‌زهه‌بی شافیعی یا عه‌له‌وی تێدا نه‌بووه و نییه. ئه‌وه‌چش له‌وه‌ی كه ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی كه له باكووری كوردستاندا ده‌ژین، وێڕای زۆرینه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی باكوور و له‌ناوچه توركییه‌كاندا ده‌ژین، زۆر به چڕی كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ژموونی زمان و كولتوری توركی و مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی. ئه‌وانه هه‌ر به‌ناو شافیعی مه‌زهه‌بن و ڕێژه‌ی هه‌ره زۆریشیان ته‌نها له باوك و دایكیانه‌وه گوێیان لێ بووه كه كوردن و خه‌ڵكی فڵانه شار و لادێی كورده‌وارین.
رزگار ره‌زا چوچانی: هه‌موو بواره‌كان ده‌به‌ستیته‌وه به رزگاری نیشتیمانییه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه ئاین وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك به‌كار هاتووه، بۆ قبوڵكردنی ژیرده‌ستی كورد، ئێستاش ده‌بینی، له‌چوارچێوه‌یه‌كین كه ده‌وره‌دراوه، به حكومه‌تی دینی، وه‌ك جمهوری ئیسلامی ئێران، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق و شام، ده‌وڵه‌تی عێراقی درێژكراوه‌ی جمهوری ئیسلامی، كۆماری توركیای ئه‌مرۆی هه‌ڵگری بڕوای عوسمانی ، دینداری،.. پێت وانییه دیسان دین وه‌كو چه‌كه مه‌ترسییداره‌كه ئاسان به‌كار ده‌برێته‌وه بۆ ژێر ده‌سته‌كردنی كورد، ئه‌گه‌ر كورد هۆشیارانه به‌به‌رنامه‌رێژی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دین نه‌كات؟
یانی پێت وایه نابێ ده‌ست ببه‌ین بۆ رێگری له‌دروستبوونی مۆدیلی ئیسلامی توركی له‌كوردستان، مۆدیلی ئیسلامی ئێرانی له‌كوردستان كه ئێستا رۆژانه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌ربه‌خۆ نین؟
چۆن ده‌ست بۆ ئه‌و مۆدیله نوێیانه ببه‌ین كه‌رویان كردۆته كوردستان؟
چۆن كۆمه‌ڵگه بپارێزین، ئاخر ناكرێ باسی ئازادی بكه‌ین و كۆت و به‌ندو رێگری ئازادی دینی دابنرێ، به‌ڵام ده‌كرێ به‌رنامه‌رێژی خۆمان هه‌بێ، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رنامه‌ڕێژییه چۆن ده‌كرێت و چی بكرێت؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: ئه‌و قسانه‌ت سه‌باره‌ت به وه‌ها گه‌مارۆیه‌ك به‌داخه‌وه ڕاستن. به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دا نیه كه ئه‌وان دیندارن، یا حیزبی ئیسلامی ده‌یان به‌ن به‌ڕێوه. كێشه‌كه له‌وه‌دا نیه. به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه بژارده یا (ئێلیته)ی كوردی له‌وه تێناگات كه یه‌ك شت، ته‌نها و ته‌نها یه‌ك شت ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌رده‌ست ده‌جوڵێنێت، ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندی. ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ش هه‌مه لایه‌نه‌یه، له‌لایه‌ك ئه‌وان ده‌زانن پارچه كوردستانه‌كانی لكێندراو به‌و ولاتانه هه‌موویان پڕن له كانی ژێر زه‌وی و له‌ڕووی جوگرافییه‌وه ستراتیژ و له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ده‌وله‌مه‌ند و له‌ڕووی مرۆییه‌وه به‌پیت و له‌ڕووی سیاسییه‌وه هه‌ستیارن. ئینجا له‌و بیست ساڵه‌ی دواییدا ئه‌و هه‌ردوو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی باشوور ده‌یان توانی نموونه‌یه‌كی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌كولاری سه‌ركه‌وتوو له هه‌رێم به‌ڕێوه به‌رن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مۆدێلانه ره‌واج په‌یدا نه‌كه‌ن.
ئینجا وه‌كو خۆشت ئاماژه‌ت به سه‌ربه‌خۆیی كردووه، به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و كاریگه‌رییه ده‌ره‌كییه هێنده قوڵه، به ڕێژه‌ی سه‌دا نه‌وه‌دیشی به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه ئێمه سه‌ربه‌خۆ نین. تۆ هه‌ر ته‌ماشای كاریگه‌ری ئێران له توركیا بكه داخۆ چه‌نده، یا هی توركیا له ئێران. ئه‌وانه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كاریگه‌ریش دابنێن، ده‌بێ به‌هه‌زار حیله وحه‌واڵه ئه‌و كاره بكه‌ن، چونكه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆن و ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری یه‌كدیدا ده‌رهاوێشته‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌وانه‌یه بڵێی ئه‌وه نیه عیراق و سوریا سه‌ربه‌خۆشن و له‌و دۆخه نائارام و ئاژاوه‌یه‌ش دان. ئه‌وه‌ش ڕاسته، به‌ڵام هه‌ڵومه‌رجی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته، باكگراوندی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌قڵیه‌تی سیاسی عه‌ره‌بی له ناوچه‌كه و ئه‌و سیستمه تۆتالیتێره ئایدیۆلۆژی ئامێزه یه‌ك ئاڕاسته‌ییه، وای كردووه شیرازه‌ی ئه‌و وڵاتانه تێك بچن. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌كۆڵ سه‌دان كێشه‌ی زۆری دی ده‌كاته‌وه. ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی هاوڵاتیان به ڕێژه‌یه‌كی زۆر جیاواز به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات. بۆ دواجاریش هاوڵاتیانی كوردستان، ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری باشی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌بن، له قالبێكی نیشتمانی شایسته‌دا ده‌توانن خۆیان ڕێك بخه‌ن و ببنه نموونه‌یه‌كی جوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئینجا من پێم وایه، ده‌بێ ڕێگری له دامه‌زراندنی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای دینی بكرێت. به‌ڵام ئه‌م ڕێگرییه له‌چوارچیوه‌ی سێ ده‌سته‌ڵاتی به‌هێزی حكومه‌تدا ده‌كرێت، له پانتاییه‌كی ده‌ستپاك و دامێنپاكانه‌ی سیاسیه‌كان، له بوونی هێزێكی سه‌ربازی به‌هێز. تاكه چاره‌سه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دونیای وڵاته موسوڵمانه‌كان بۆ ده‌رچوون له‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی فه‌توای دینی و حزیبایه‌تی دینی، قه‌ده‌غه‌كردنی دامه‌زراندنی حیزبه له‌سه‌ر بنه‌مای دین. به‌مانای ئه‌وه‌ی ده‌بێ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بێ لایه‌ن بن، بۆ هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكانی ناو وڵات وه‌كو یه‌ك بن. كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ ئۆتۆمبێلێكی حكومه‌تیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئایدیۆلۆژیا و خۆیان به‌كاری بێنن. جگه له‌وه‌ش، پرسی ئازادی و به‌رنامه ڕێژی دینی و تاد، هه‌موو ئه‌مانه وێڕای ئه‌وه‌ی پرسی جیاوازن به‌ڵام به‌یه‌كیشه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. ئازادی له‌هه‌موو هه‌ڵومه‌رجێكدا بۆ مرۆڤ گرنگه. ڕاسته خۆراك گرنگ تره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێربوون و دابینكردنی خۆراك یه‌كه‌م شتێك كه مرۆڤ بیری لێ ده‌كاته‌وه ئازادی خۆیه‌تی. ئازادی بیركردنه‌وه و ڕا ده‌ربڕین، ئازادی كاركردن و ته‌واوی ئازادییه‌كانی دی. ئینجا به‌رنامه‌ڕیژی له بوونی ده‌زگای حكومیدا ده‌كرێت. هه‌ر دامه‌زراوه و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆی ده‌توانێت ستراتیژیه‌تێك بۆ هاوڵاتییان له بواری تایبه‌تمه‌ندی خۆیدا دیاری بكات. بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت. ئه‌مه كاری ڕۆژێك و دوان نیه، ئه‌مه به‌شێكه له پرۆسه‌یه‌كی درێژ خایه‌ن، پڕۆسه‌یه‌ك كه هه‌موو دامه‌زراوه‌كان شان به شانی یه‌ك، به پشتبه‌ستن به‌یه‌ك و یه‌كدی ته‌واو كردن، به یه‌ك ئاڕاسته و ڕه‌هه‌ندی ته‌ریب و له‌یه‌كدی نزیكه‌وه ده‌توانرێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیانه دابنرێت.
رزگار ره‌زا چوچانی: به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد بیر له دروستكردنی ئه‌و شێوازه كوردیه بۆ دینداری بكاته‌وه، ده‌بێت چۆن دروست بكرێت، پێویسته چی بكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و ده‌بێت له كام رێگاوه كاری بۆ بكرێ؟
ئیبراهیم مه‌لا زاده: هه‌ر شێوازێكی دینداری یا فۆرمی كولتوری نه‌ته‌وه‌كان، قاڵبی ئاماده‌كراویان نیه، بچن له بازاڕ بیكرن و دایبنێن. ئه‌مه په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك فاكته‌ره‌وه، له پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیان ئازادی ئابووری و سیاسی و قانونی. به‌و مانایه‌ی نابێت هیچ جۆره هه‌ژموونێكی سیاسی و ئابووری گه‌لانی دیكه‌ی له‌سه‌ر بێت. ئه‌وسا وه‌ها فۆرمێكی ئاینی تایبه‌ت ده‌چێته ژێر هه‌ژموونی ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و قانونیه‌كان. ئابووری ڕۆڵێكی باڵا له‌و ڕووه‌وه ده‌بینێت. وێڕای ئه‌و لێكدانه‌وه و شڕۆڤه‌كردنانه‌ی كه زانایه‌كانی كورد، به ئه‌قڵی كوردی و به جلی كوردییه‌وه، به جورئه‌تێكی كوردانه‌ی زۆره‌وه، بتوانن قسه له پرس و پێویستییه‌كانی كورد بكه‌ن و دایه‌لۆگێكی گه‌رموگوڕ له سه‌كۆ نیشتمانییه‌كاندا دروست ببێت، به ئاڕاسته‌ی ئه‌وه‌ئه‌و فۆرمه‌ی كه مه‌به‌سته و پێویستییه‌تی. ئه‌مه‌ش له سه‌و و ڕۆژێكدا نابێت و له چوارچێوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی درێژخایه‌ندا دروست ده‌بێت.
هه‌موو ئه‌مه‌ش له حزوری چه‌ند مه‌رجێكدا ده‌كرێت ببێته جێگای ئومێدی نه‌ته‌وه و نیشتمان. ئه‌و مه‌رجانه‌ش خۆیان ده‌بیننه‌وه له؛ مه‌رجی بێ لایه‌نی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له هه‌موو دین و جۆره ئایدیۆلۆژیایه‌ك. قه‌ده‌غه‌كردنی دامه‌زراندنی هه‌ر حیزبێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای دینی ڕووت. به‌هێزكردنی دامه‌زراوه قانونیه‌كان و چه‌مكی هاوڵاتی بوون. ئابووریه‌كی گه‌شاوه و سه‌قامگیر. به‌هێزبوونی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پاراستنی ئازادیه‌كان له هه‌موو بواره‌كانه‌وه له چوارچێوه‌ی قانوندا. ئه‌وسا چ ئاین، یا هه‌ر پرسێكی كولتوری له چوارچیوه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا فۆرمی خۆیان وه‌رده‌گرن. ئه‌وسا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له وه‌ها ده‌وڵه‌تێكدا ده‌ژین ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه و پێشكه‌وتووانه فیكر دروست بكه‌ن، لێكدانه‌وه بۆ ده‌قه‌كان بكه‌ن.
رزگار ره‌زا چوچانی: مه‌به‌ستت له‌وه چییه كه ده‌ڵێن ، زانایه‌كی كورد به جورئه‌ت و عه‌قڵ و جلی كوردییه‌وه، قسه‌له‌سه‌ر پێویستییه‌كانی كورد بكات، ئه‌وه چ رۆڵێك ده‌بینێت؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: مه‌به‌ست لێره‌دا هێنده‌ی ناوه‌ڕۆكه هێنده ڕواڵه‌ت نیه. دین واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و خۆلێدزینه‌وه‌ی وه‌كو وه‌هم وایه. بۆیه به‌ئه‌قڵانی كردنی ئه‌و بواره پیویستییه‌كی گه‌وره‌یه. به‌مانای ئه‌وه‌ی دروستبوونی زانای گه‌وره‌ی كورد له‌ناو قوتابخانه كوردییه‌كان و به فیكری ئه‌و ڕۆژه‌ی كه واقیعی تازه‌ی كورد پیویستی پێیه‌تی، به‌مانای ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی پێویستییه‌كانی كورد له‌ڕوی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه‌وه. دوورگرتنی دین له هه‌موو جۆره فشار و كاریگه‌ریه‌كی ئایدیۆلۆژی و تێكه‌ڵكردنی پرسی دینداری به پرسی ده‌سه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر دین له بواری سیاسه‌ت جیا بكرێته‌وه بازرگانه‌كانی دین زۆر كه‌م ده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر دین نانی پێوه نه‌یه‌ت كه‌س نامێنێت بیه‌وێت ئاڵای دینی به‌و جۆره له‌سه‌ر دامه‌زراوه گشتییه‌كاندا به‌رز بكاته‌وه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئێستا دین بووه به بازرگانی و نانی پێوه دێت بۆیه كڕیاریشی زۆرن. ئه‌مه‌ش مانای وایه بیڵێن یان نا، پێیان خۆش بێت یان نا، خودا و باوه‌ڕ له‌و پانتاییانه‌دا نه‌ماون كه پاره‌ی پێوه دێت و پۆستی سیاسی له‌سه‌ر بینا ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئیسلامیی بوون نانی پێوه نه‌یه‌ت له‌وانه‌یه زۆرێك له‌وانه سه‌ردانی مزگه‌وتیش نه‌كه‌ن. هه‌ر به‌رێ خۆ بده‌یێ، ئه‌گه‌ر موچه و فه‌رمانبه‌ری پێشنوێژی یا وتارخوێنی، یا مجێوری نه‌بێت، چه‌ند له‌وانه سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌كه‌ن و خزمه‌تی ده‌كه‌ن. حیزبایه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای دین هه‌ر وایه. بۆیه قه‌ده‌غه‌كردنی دامه‌زراندنی حیزب له‌سه‌ر بنه‌مای دینی پێویستییه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی.
ئه‌مه هه‌رگیز مانای وانییه كه ئازادی دینداری پێشێل بكرێت، یا دینداره‌كان له سیاسه‌ت كردن قه‌ده‌غه بكرێن. ئه‌مه دووره له لۆژیكه‌وه. با سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، یا هه‌ر پێگه‌یه‌كی حكومه‌ت دیندارێك ڕۆڵه‌كه‌ی ببینێت. یا سه‌رۆكی هه‌ر حیزبێك و ئه‌ندامه‌كانی هه‌موو دیندار بن، كێشه له‌وه‌دا نیه، به‌ڵكو له دامه‌زراندنی حیزب دایه له‌سه‌ر بنه‌مای دین. لێره‌دا تێكه‌لكردنێك یا به‌د حاڵیبوونێك هه‌یه. كۆمه‌ڵگا زۆرینه‌ی موسوڵمانه، مانای چیه كۆمه‌ڵێك كه‌س خۆیان له‌و زۆرینه‌یه جیا بكه‌نه‌وه و بانوی دین دروشم بڵێنه‌وه، پاشناوی ئیسلامی وه‌خۆ هه‌ڵبگرن، ئه‌ی خه‌ڵك. بۆیه ڕێگرتن له به‌كارهێنانی دین، نه‌ك له دینداری، كه جیاوازییان زۆره، ئه‌ركێكی مرۆیی، هه‌نوكه‌یی و شارستانییه.
ئا لێره‌وه‌یه، ئه‌وسا خه‌ڵكێك له‌وانه‌یه مامۆستای زانكۆ بن، یا مه‌لایه‌كی كوردی په‌ناگه‌یه‌كی دووری یه‌كێك له لادێ كوردیه‌كان بێت، له‌پڕ ده‌ركه‌وێت و له چوارچێوه‌یه‌كی تۆكمه ته‌فسیری ده‌قه‌كان بكاته‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حه‌زه‌كانی باوه‌ڕ، به‌پێی هه‌ڵومه‌رجه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و پێویستییه فیقهییه‌كان له سه‌رده‌مێك كه هه‌زاران جار جیاوازه له ڕۆژانی دروستبوونی ئه‌و ده‌قانه. ئه‌وسا وه‌ها كه‌سێك له‌وه تێبگات كه ئه‌و ده‌قانه كرده‌ی مێژوویین و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات. ئینجا هه‌ر به ئاراسته‌ی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی دین به خه‌ڵك، ئه‌وسا كه لایه‌نیك نه‌ما ویسایه‌تی خۆی له‌سه‌ر دین و دینداری بكات و قازانج له‌به‌ره‌و پێشچوونی بكات، هه‌م ڕێز و هه‌یبه‌ت بۆ مامۆستا موعته‌به‌ره‌كان ده‌گڕێته‌وه، هه‌م ده‌كرێت قوتابخانه‌ی تازه‌ی ئیجتیهاد و لێكدانه‌وه‌ی زانستی دینی و ته‌نانه‌ت فه‌تواش پێگه‌ی شایسته‌ی خۆیان له كۆمه‌ڵگادا وه‌ربگرن. ئه‌وسا ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌كتیڤ ده‌بن و ئه‌ركی بانگخوازانه‌ی خۆیان ڕاده‌په‌ڕێنن به‌بێ هیچ فشارێك.
رزگار ره‌زا چوچانی: جگه له‌وه‌ی باسكرا، چ كۆسپێكی تر ده‌بینی، له‌به‌رده‌م دروستكردنی ئه‌و شێوازه و چۆن ده‌توانرێت به سه‌ریدا زاڵ ببن؟
ئیبراهیم مه‌لا زاده: كۆسپه‌كان زۆرن، ئه‌و مۆدێله حیزبایه‌تییه‌ی كه ئێستا له كوردستان هه‌یه، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موو كۆسپه‌كانه. كولتوری خێڵ هێشتا زۆر به‌هێزه‌وه له‌ناو حیزب و پێكهاته سیاسیه‌كاندا ئاماده‌یه. چونكه كۆمه‌ڵگای كوردی هێشتا دووره ببێت به كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی دابمه‌زرێت، كه ئه‌نجامێكی سروشتی مۆدێرنه‌یه، به ته‌واوی دامه‌زراوه ئابووری و سیاسی و قانونیه‌كانیه‌وه، به‌تایبه‌تیش دابه‌شبوونی ئه‌ركه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای زۆر به‌هێز. تا ئه‌وه نه‌بێت پێكهاته ته‌قلیدیه‌كانی كۆمه‌ڵگاش گۆڕانیان به‌سه‌ردا نایه‌ت. دروستبوونی حیزبیش له‌سه‌ر بنه‌مای دینی به‌شێكه له‌و جۆره پێكهاته ته‌قلیدیه. یا هه‌ر به‌شێكه له سروشتی كۆمه‌ڵگای ساده یا پریمیتیڤ. ئه‌م گۆڕانه‌ش له گوزه‌رێكی درێژخایه‌ندا دروست ده‌بێت. ئه‌م گوزه‌ره‌ش دروست نابێت تا ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، به‌و فۆرمانه‌ی كه له پێشه‌وه باسم كردن، دروست نه‌بێت.
رزگار ره‌زا چوچانی: باشه دروستكردنی شێوازێكی كوردییانه بۆ دینداری ده‌توانێت چی به كورد ببه‌خشێت و تا چه‌ند ئاین له دۆخێكی وه‌هادا ده‌توانێت پاڵپشتی پرۆژه ناسیۆنالیزمیه‌كه‌ی بێت؟
ئیبراهیم مه‌لا زاده: دیسان ئه‌وه دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه كورد هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ناسیۆنالیزمی نیه. ده‌كرێت تا ئاستێك قسه له فیكری ئۆجه‌لان له‌و ڕووه‌وه بكرێت، به‌ڵام له‌وه به‌ده‌ر من پڕۆژه‌یه‌ك نابینم بێجگه له ئه‌زموونێكی پراكتیكی شۆرشه‌كانی كورد كه هه‌ندێك سیمای تایبه‌ت به‌خۆی وه‌رگرتوون، به‌ڵام ئه‌و سیما و كاراكته‌رانه زۆر ساده و سه‌ره‌تایین. له‌وه به‌ده‌ر هه‌ندێك دروشم و سۆزێكی هه‌ڵچووی زۆرجار دژ به‌یه‌ك له‌ناو هه‌ناوه‌كانی خۆیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. بۆ به‌رچاو ڕوونیش مه‌رج نیه ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه یا باشتر بڵێم ده‌وڵه‌ت ـ نیشتمان، پڕۆژه‌یه‌كی ناسیۆنالیزمی له پشت بێت، به‌ڵام مه‌رجه بتوانێت پڕۆژه‌یه‌كی قانونی تۆكمه‌ی له‌پشت بێت. ئینجا له ئاكامدا دینداری یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك. به‌هێزكردنی لایه‌نی ڕۆحی كه‌سه‌كان. دینداریه‌كی ئاشتی ئامێز، خاوه‌نی وتارێكی سه‌رده‌میانه و گونجاو له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ، ده‌كرێت فاكته‌رێكی به‌هێز بێت بۆ سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی.
وتاری ئاینی ئه‌مڕۆ، دونیایه‌ك ئیشكلایه‌ت وه‌خۆ هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌م وتاره پێویستی به گۆڕانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. ئه‌م وتاره بارگاویه‌ی ئێستا به‌ته‌واوی مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. ئه‌م هه‌موو ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ش كه خۆیان له‌ناو ڕیزه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وله‌تی ئیسلامی (داعش)دا ڕێكخراو كردووه، به‌شێكی له به‌رپرسیارێتی ئه‌و وتاره دینیه سه‌قه‌ته دایه.
ئینجا ئازادی ئابووری، سیاسی و قانونی، ده‌كرێت ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌ر جۆره سه‌روه‌ریه‌ك، به‌ڵكو تاكه مه‌رجی ئه‌و سه‌روره‌ییه‌یه، له‌وێشه‌وه پرسی ئاین و كو‌لتور له چوارچێوه‌ی هه‌ڵومه‌رجه‌كانی خۆیاندا، ده‌كرێت گۆڕانێكی ڕیشه‌ییان به‌سه‌ردا بێت. تا ئه‌و ئازادیه دروست نه‌بێت، قسه‌كردن له‌هه‌موو ئه‌و پرسانه بێجگه له‌كات كوشتن شتێكی دی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. بۆیه‌شه زۆر گرنگه پرسه‌كانی ئه‌و ئازادیه ببنه بابه‌تی گفتوگۆ له‌هه‌موو بواره ئه‌كادیمی و میدیایی و جه‌ماوه‌ریه‌كاندا، له‌پێناو گه‌یشتن به كۆمه‌ڵێك میكانیزمی كاریگه‌ر. دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، تا سه‌رچاوه‌ی هه‌ژموونی گه‌لانی سه‌رده‌ست به‌سه‌ر كورده‌وه كۆتایی پێ نه‌هێنین، كه‌سایه‌تی كورد نه‌ك هه‌ر له ڕووی ڕۆحییه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕووی فیزیكیشه‌وه، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌بێت. مۆته‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر ئه‌تنۆساید، به‌ڵكو جینۆسایدیش سه‌ر سینه‌ی پێكهاته‌كانی به‌رنادا و هه‌میشه وه‌كو كابووسێك ده‌مێنێته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر لاوانی كورد بیانه‌وێت ئاینده‌یه‌كی گه‌شیان هه‌بێت له‌ڕووی ڕۆحی و كولتوری و ته‌نانه‌ت ئابووری و سیاسیش، ده‌بێ بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕۆژانه فشار له‌سه‌ر داگیركه‌ر و له‌سه‌ر سیاسییه‌كانی كورد دروست بكه‌ن له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی.
رزگار ره‌زا چوچانی: وتاری ئاینی ئه‌مرۆ دونیایه‌ك ئیشكال له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌م وتاره پیویستی به‌گۆڕانكارییه، به‌ڵام كه‌وایه به‌كام ئاراسته بیگۆڕینه ئاراسته‌ی مۆدیلی ئێرانی ؟ یان توركی ؟ یان داعشی، یان عه‌ره‌بی؟ به‌كام ئاراسته‌دا گۆڕانكاری تێدا بكه‌ین، له‌ئه‌مڕۆدا چونكه به‌ڕێزت ده‌ڵێی با هه‌ر باسی وتاری ئاینی كوردیی نه‌كه‌ین، چونكه سه‌ربه‌خۆ نین؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: وتاری ئاینی، وتارێكی نامۆ به پێویستییه مرۆییه‌كان. وتارێكی ون و وێڵ له كۆڵانه ته‌نگه‌كانی مێژوو و تۆنێڵه‌كانی ناو هه‌موو ئه‌و لاپه‌ره شاردراوانه‌ی كه تا ئه‌مڕۆ كه‌س نه‌یتوانیوه هه‌ڵیان بداته‌وه. وتارێك ئه‌گه‌ر رۆحیشی هه‌بێت، رۆحێكی شه‌رانگێزی، رۆحێكی خۆپه‌رستانه و خۆ به‌باڵا زان و ئه‌وانی دی به كورته‌باڵا و جروجامشت هه‌ژمار كردن. وتارێكی نه‌خوێنده‌واری و په‌ككه‌وته‌ی جه‌سته‌یی و ناحه‌ز. وتارێك كه نه شارستانییه‌ت دروست ده‌كات و نه مێژوو به‌یه‌كه‌وه ده‌نێت. به‌ڵكو هه‌ر له‌و كۆڵانانه‌ی مێژوو كه ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ر ده‌وێشدا قنیاتی لێ ده‌بڕێت و ده‌مرێت. ئه‌وانه‌ش كه ده‌كه‌ونه ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه له تۆنێڵه‌كانیدا سه‌ریان لێ ده‌شێوێت و كۆتایی به جوانیه‌كانیان، به مێرخاسییه‌كانیان و مرۆڤبوونیان دێت.
ئه‌م وتاره بێگومان له‌ژێر كارایی وتاره ئه‌عجه‌مییه‌كانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس دایه، به‌و مانایه‌ی وتارخوێنه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری وتاره‌كانی ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام به سه‌قه‌تی و له‌شێوه‌ی ده‌رمانێك كه ڕاسته ئه‌و ده‌رمانه بۆ نموونه بۆ سه‌ر ئێشه یا سك ئێشه باشه به‌ڵام بۆ گه‌ده یا بۆ ڕیخه‌ڵۆكه‌كان ژه‌هراوییه.
كێشه‌ی وتاری ئیسلامیش هه‌مان كێشه‌ی فه‌توایه. چۆن فه‌توا له قه‌یران دایه، وتاریش به‌هه‌مان شێوه و به‌ڵكو زیاتریش، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا نه فه‌توا و نه وتار مه‌رجه‌عیه‌تی نیه. جۆرێك له فه‌وزای دینی سیاسی هه‌یه و هه‌م ئه‌قڵ و هه‌میش خه‌ڵكیان سه‌رگه‌ردان كردووه. ئه‌مه‌ش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دین ده‌بێت بۆ خه‌ڵك، به داماڵینی پێكهاته‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای دین ده‌بێت، له ده‌سكه‌وتی ماددی یا سیاسی ده‌بێت.
كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌وه دایه كه دینداری تاڵه موێكی باریك و هه‌ستیاره. هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ئه‌و تاڵه مووه له‌یه‌كدی بكێشێته‌وه ده‌پسێت، یا شتێكی زیاتر له‌خۆی قورس‌تر پێ به‌رز بكاته‌وه ده‌پسێت. ئه‌مه‌ش مانای وایه دین نابێت له غه‌یری شوێن و پێگه‌ی خۆی به‌كار بهێندرێت. چونكه دین هی هه‌موو خه‌ڵكه، خودا هی هه‌موو خه‌ڵكه، موڵكی گشتیش نابێت پاوان بكرێت و هه‌ندێك بۆخۆیان بچن په‌رژینی بكه‌ن و ده‌سكه‌وتی ماددی یا سیاسی پێوه به‌ده‌ست بێنن. ئه‌گه‌ر وای لێهات ئه‌م وتاره ده‌كه‌وێته ده‌ست كه‌سانێكی خۆپه‌رست، له‌پێناو پێگه و شۆره‌ت و سیاسه‌ت و مادده. یا وتارێك ده‌بێت خورافی و دوور له واقیع. ئه‌وسا خودا له جه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌دا دێته قسه، به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ دابه‌ش ده‌كات. باشی و خراپییه‌كان دابه‌ش ده‌كات. له بنه‌ڕه‌تیشدا خودا هی هه‌مووانه، ده‌بێ هه‌مووان نه‌هێڵن خودا به‌سه‌ر كه‌سدا تاپۆ بكرێت. ده‌بێ ئه‌وانه نه‌هێڵن خودایان لێ بسه‌نرێته‌وه. ده‌بێ نه‌هێڵن له‌جیاتی ئه‌وان به‌ناوی خودای خۆیان قسه بكرێت، چونكه ئه‌وه‌ی قسه ده‌كات خودای ئه‌وان نییه، به‌ڵكو خودایه‌كی دیكه‌یه، خودایه‌كه له‌جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌دا له‌پێناو ده‌سكه‌وتی دونیادا هاتۆته قسه، یا باشتر بڵێین، ئه‌وانه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه پێغه‌مبه‌ری دینه گه‌وره‌كان پێیان ده‌ڵێن؛ پێغه‌مبه‌ره درۆزنه‌كان، یا ده‌جاله‌كان”.
ئێمه ڕۆژنانه ده‌بینین به‌تایبه‌تیش تایبه‌ت به پرسه چاره‌نوسسازه‌كان، چ جۆره گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ك له‌سه‌ر مینبه‌ره‌كان و له مینبه‌ره حیزبیه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت. هه‌ندێك جار هه‌موو ئاراسته‌ی خه‌ڵك به‌لای كێشه‌یه‌كی نیشتمانییه‌وه‌یه، له‌ناكاو یه‌كێك له‌سه‌ر یه‌كێك له مینبه‌ره‌كان شتێكی ئه‌ه‌نده لاوه‌كی ده‌وروژێنێت، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر وتاری نیشتمانی ده‌بێت. تۆ ته‌ماشاكه، سه‌باره‌ت به كۆبانی چ وتارخوێنه‌كان و چ بژارده‌ی ئیسلامییه‌كان له چ ناهاوسه‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی و خۆمۆنكردنه‌وه‌دا ده‌یانناڵاند. تا هه‌نوكه‌ش ئه‌و قه‌یرانه‌یان هه‌ر به‌رده‌وامه. بۆیه ئه‌وانیش له‌ژێر كاریگه‌ری مه‌نهه‌جێكی فیكری هه‌له، ده‌رهاوێشته‌ی هه‌ڵه‌یان، هه‌ندێك جار هه‌ڵه‌ی بكوژیان زۆر به ڕونی به‌سه‌ره‌وه دیاره.