یەكگرتوو: بارزانی لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جددییە،بەڵام پێویستە پارتی و یەكێتی هاوكاری بن
نوچەنێت.ههولێر:
یاریدەدەری ئەمیدنداری یەكگرتووی ئیسلامیی رایگەیاند،سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جددییە،بەڵام پێویستە لایەنەكان لەگەڵی هاوكار بن بە تایبەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
سەمیر سەلیم،یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان،بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند”دەمێكە ئێمە داوای یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و بەنیشتیمانیكردنی دەزگا ئەمنییەكانمان كردووە و پێمان وایە ئەمە یەكێكە لە هەنگاوەكانی چاكسازی و پێویستە بكرێت“.
سەمیر سەلیم وتیشی”هەر هەنگاوێك بەرەو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بێت،ئەرێنییە و ئێمە پشتگیریی لێ دەكەین“.
یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتوو روونیشی كردەوە” بڕوا ناكەم هیچ لایەنێك لە هەرێمی كوردستان دژی ئەو پرۆسەیە بێت، رەنگە جیاوازی لە شێوازی یەكخستنەكە هەبێت، بۆیە پێویستە چ حكوومەت یاخود پەرلەمان ئەو رێگریانە لە بەردەم ئەو رێكخستنە هەڵبگرن“.
زیاتر وتی”لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت و زەمینەسازییش هەیە ئەگەر ئیرادە هەبێت لەلایەن لایەنەكانەوە دەتواندرێت لەم كابینەیەدا هێزی پێشمەگە یەك بخرێت، بە تایبەت ئەوانەی هێزیان هەیە“.
سەلیم جەختی لەوەشكردەوە”سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جیددییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵی بەشدار بن بە تایبەت پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە هێزیان هەیە، ئاسانكار و رێكخۆشكەر بن بۆ ئەو پرۆسەیە“.