حەمە سەعید حەسەن لە فەیس بووك ڕوونکردنەوەیەک ىلاو دەکاتەوە.
نوچە.نێت:هەولێر
دوای ئەوەی حەمەسەعید حەسەن پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووك بلاو کردەوە،کە بووە هۆی نیگەرانی زۆرێك لە کوردانی فەیس بووک و هەروەها بووە هۆی ئەوەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان داوایەکی یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار بکات،ئەمڕۆ حەمە سەعید حەسەن لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیس بووك ڕوونکردنەوەیەکی بلاو کردەوە کە تێیدا هاتووە”بە قەولی ئێوە، من لە پۆستێکمدا سووکایەتیم بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، بەڵام راستییەکەی ئەوه تۆمەتێکی بێ بنەمایە وەپاڵتان داوم”
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
بۆ یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
سڵاو
بە قەولی ئێوە، من لە پۆستێکمدا سووکایەتیم بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، بەڵام راستییەکەی ئەوه تۆمەتێکی بێ بنەمایە وەپاڵتان داوم، ئاخر من تەنیا وەک مافێکی رەوای خۆم داوام کردووە، ئەوهی حەزی لێیە ریَکلام بۆ ئایینێک یان حیزبێک بکات، با لای خۆیەوە بیکات، نەک لای منەوە.
من نە نیازی ئەوەم هەبووە، هەستی خەڵک بریندار بکەم، نە سووکایەتیشم بە پیرۆزییەکانی خەڵک کردووە، بەڵام ناوبەناو قسەم لەسەر ئیسلامی سیاسی و جەهلی بە پیرۆزکراو کردووە. هیچ کێشەیەکیشم لەگەڵ سرووت و بۆنە و جەژنە ئایینییەکاندا نییە کەلە مێژە وەک بەشێک لە کلتووریان لێ هاتووە، بەڵام جێی داخە، ئیسلامیی سیاسی هەوڵ دەدات، بەد سوودیان لێ وەربگرێت.
ئەگەر هەر بڕیارە داوا تۆمار بکەن، تکایە ئەو کارە لەگەڵ کەسێکدا بکەن، سوودی لێ ببینێت، ئاخر من نە نووسەرێکی گومناویم، تا پێی ناسراو ببم، نە پێویستیشم بەوەیە وەک پەنابەر لە وەڵاتێکی ئەورووپایی وەربگیرێم.
لەگەڵ رێزمدا
حەمەسەعید حەسەن
ستۆکهۆڵم
٢٠١٥/١/٤