سى ئاى ئەى نهێنیى دەفرە فڕیوەکانى ئاشکرا کرد
نوچەنێت- روسیا تودەى
ئاژانسى هەواڵگرى ناوەندى ئەمریکا سى ئاى ئەى نهێنى تەنە ئاسمانیەکانى ئاشکرا کرد کە لە پەنجا و شەستەکانى سەدەى رابردوودا لە ئاسمانى ئەوروپادا دەرکەوتن، ئەم بابەتە هەر بەنهێنى مایەوە تا سى ئاى ئەى راستییەکەى ئاشکرا کرد.
لە پەنجا و شەستەکانى سەدەى رابردوودا لە ئەورووپا چەندین تەنى فڕیو لە بەرزایی زۆرەوە کە نزیکەى 60 هەزار پێ دەبوو ، بینران.واى لە زۆرینەى چاودێران کرد کە پێیان وابێت ئەمانە تەنى گەردوونین و لە ئەستێرەى ترەوە هاتوون و بوونەوەرى ئاسمانى سەرپەرشتیان دەکەن، لە روانگەى ئەوەوە کە مرۆڤ نەگەیشتبوە ئەوەى فڕۆکەیەک دروست بکات بەو ئاستە بەرز ببێتەوە، ئەمەش لەو سەردەمەدا هەڵایەکى گەورەى نایەوە.
ئەمرۆ سى ئاى ئەى ئەو نهێنیە شى دەکاتەوە لە رێگەى لاپەڕەى فەرمى خۆیەوە لە تویتەر، کە دووپاتى کردۆتەوە ئەو تەنە بریسکاوانەى لە 60 ساڵ لەمەوبەر لە ئاسمانى ئەورپادا دەرکەوتن هیچ نەبوون جگە لە فرۆکەى سیخوڕى ئەمریکا لە جۆرى U2 کە لەو کاتەدا تاقیدەکرانەوە.
ئەم جۆرە فڕۆکانە لەو سەردەمەدا شۆڕشێکى گەورەى تەکنەلۆجى بوو بەهۆى ئەوەى تواناى فڕینیان بۆ بەرزایی 60 هەزار پێ هەبوو کە لەو کاتەدا فڕۆکەکانى تر تەنها تواناى فڕینیان بۆ بەرزایی 10 تا 20 هەزار پێ هەبوو، کە ئەمەش واى لە چاودێران کرد کە بڕوا بکەن ئەمانەدەفرى فڕیون و لە شوێنێکى دوورى بۆشایی ئاسمانەوە هاتوون کە ئەو کاتە بە “تەنى ئاگرین ” ناودەبران بەهۆى زۆر بریسکانەوەیان.
سى ئاى ئەى ئەم بابەتەى بۆ ماوەیەکى دورو درێژ بە نهێنى هێشتەوە ، بە بیانووى ئەوەى دەیانەوێت پارێزگارى لە تاقیکردنەوەکانیان بکەن و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا لە تویتێکدا لەسەر تویتەر، ئەکانتێکى سەر بە سى ئاى ئەى وتى:” ئایا چالاکیە فڕۆکەوانیە نامۆکەى پەنجاکانى سەدەى رابردووتان بیردێتەوە؟ ئەوە ئێمە بووین”