ئهوهی كوردستان له رووی دیبلۆماسیهوه پهیڕهوی دهكات دیفاكتۆیه نهوهك دهستووری
دڵشادهەرتەلی- نوچەنێت:
دكتۆر ئەمین فەرەج،مامۆستای زانستە سیاسییەکان لەزانكۆی سەڵاحەدین،لە دیمانەیەكی تایبەت بە(نوچەنێت) تیشكدەخاتە سەر گرنگی و بەیاسای و بەدامەزراوەكردنی دیبلۆماسیەتی كوردی و ئەوەدەخاتە روو پەیوەندی دەرەوەی هەرێم بەدەر نییە لەو پەیوەندییانەی كە حیزبە سیاسییەكان و ئەو كەسانەی ناو حیزبەكان هەیانە بۆیە كەمترین شەفافیەت هەیە لە بواری پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە،دەشڵێت،هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی فێدڕاڵی بەپێ دەستوری هەمیشەیی عێراق لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتی دەرەوە دەسەڵاتەكانی سنوردارە بەپێ یاسا.
نوچەنێت: ئایا ئەو جوڵە دیبلوماسیەی دروست بووە ئێیستا لە كوردستان لەكاتی ئەزمەی عێراق و داعشدا سروشتی دیبلوماسیەتی كاتی تەنگەژە چونە؟رەهەندەكانی چین؟
د.ئەمین فەرەج: سەرەتا دەبێت باسی ئەوە بكەین هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە و هەرێمێكی فیدڕاڵی سەربەدەوڵەتە،ئایا جائیزەو دەكرێت هەرێمی كوردستان دیبلۆماسیەتێكی تایبەت بەخۆی هەبێت؟یاخود دیبلۆماسیەتەكەی پەیوەستە بەحكومەتی ئیتیحادیەوە،ئەوەش بۆخۆی پرسیارێكی ترە،چەنكە دیبلۆماسیەت بۆ خۆی بەتایبەتی سیاسەتی دەرەوە بەپێ دەستوری ئێستای عێراق 2005 سیاسەتی دەرەوە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بەحكومەتی ئیتیحادی و لەدەسەڵاتەوكانی ئەوە،بەڵام ئەوەی كە هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات زیاتر وەكو دیفاكتۆیە،وەكو ئەمری واقیع مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانە دەكات مەرج نییە لە چوارچێوەی ئەوەبێت كە رێگەی پێدراوە لەدەستوری عێراق ئەمەلەلایەك،ئینجا باسی ئەوە دەكەین كە وەكو دیفاكتۆ پەیڕەوی دەكات لەكاتی ئاسایی جۆرێكە و لەكاتی قەیران و كێشەو گرفتەكان جۆرێكی ترە.
هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی فێدڕاڵی بەپێ دەستوری هەمیشەیی عێراق لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتی دەرەوە دەسەڵاتەكانی سنوردارە بەپێ یاسا،بەڵام ئەوەی كە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پەیڕەوی دەكات وەكو دیفاكتۆ و ئەمری واقیع پەیڕەوی دەكات لە چیوارچێوەی ئەو بارودۆخە سیاسیەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی و مامەڵەی نێودەوڵەتی لەگەڵیەتی،سەبارەت بەوەی لە كاتی ئاسایی و قەیراندا دبلۆماسیەت چۆنە،بەدڵنیایەوە بارودۆخی قەیران جیاوازە لە بارودۆخی ئاسایی بۆ سیاسەت كردن لەنێوانیشاندا مەسەلەی دیبلۆماسی و سیاسەتی پەیڕەوكردنی بەشێوازێك بێت كە لەسیاسەت دا شتێك هەیە پێدەوترێت بەڕێوەبردنی قەیران،پێویستە مامەڵەیەكی زانستیانەی لەگەڵ ئەو قەیرانە بكرێت و بەشێوەیەك ئیدارە بكرێت كە شیاو گونجاوە بۆ قەیرانەكە بەتایبەتیش لەكاتی ئەو تەنگژانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە بەهۆی هێرش و شەرەكانی داعشەوە،جگە لەوەی ئەو قەیرانە ئابوریەی كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان بوەتەوە بۆیە مامەڵەكردنەكەشی دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ئەزمەیەبێت كە رووبەرووی بوەتەوە.
نوچەنێت:ئایا لایەنی سلبی و ئیجابی ئەو جوڵە دیبلوماسیە چییە؟
د.ئەمین فەرەج: لەرووی ئیجابیەوە ئەوەیە كە مامەڵە كردنێكی تایبەتە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبواری نێودەوڵەتی وەكو باسم كرد بەپێ دەستوەر وەكو هەرێمێكی فیدڕاڵی لەبواری پەیوەندی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە دەسەڵاتەكانی سنوردارترە وەك لەوەی وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەیەتی،هەرێمی كوردستانیش بەپێ ئەو واقیعەی كه هەیەتی مامەڵەیەكی جیاوازتری لەگەڵ كراوە وەكو لەوەی لەدەستوری عێراقی بۆی دیاری كراوە،بۆیە دەبینین هەم پێشوازی كردنی وڵاتان لەبەرپرسانی هەرێمی كردستان،وەهەم سەردانی بەرپرسانی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باڵایە كەئەمە بۆخۆی لایەنە ئیجابییەكەی ئەوەیە كە پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان دەردەخات لەناوچەكە و بەتایبەتی لە عێراق دا،لەمەسەلەی رووبەرووبونەوەی داعشیش ئێمە بەروونی هەستمان بەو حاڵەتەكرد كاتێك كەمەترسی كەوتە سەر هەولێر راستەوخۆ وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەستێوەردانی كرد بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان،هەرچەند ئەمە وەكو لایەنی ئیجابی لێك دەدرێتەوە بەڵام لەهەمان كاتدا دەتوانین بڵێن لایەنی سلبیش لەم نێوەندەدا بەدەر دەكەوێت،گرنگترین كێشە كە هەیە لەم حاڵەتە ئەوەیە كە ئەم بابەتە تەنها وەكو دیفاكتۆێكە بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی كە لاوازێك لە پێگەی حكومەتی عێراقی لە مەسەلەی سیاسەتی دەرەوەی هەیە و هەرێمی كوردستان توانیویەتی پڕی بكاتەوە،بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوریەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی بەتایبەتی مەسەلەی نەوت بەرژەوەندی وڵاتان وای كردوە كە مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، مەبەستم ئەوەیە كە ئەوان وەكو ئەمری واقیع مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن،بەڵام نەبوەتە ئەوەی كە مامەڵەكە بەشێوەیەكی یاسایی هەمیشەیی بێت چونكە ئەگەر بێت و بارودۆخ ئەو گۆڕانەی كەوای كردوە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت ئەگەر گۆڕانكاری تێبكەوێت لەوانەیە مەرج نەبێت لەبەرژەوەندی ئێمە بكەوێت،بۆ نموونە ئەگەر حكومەتی عێراقی بەهێزبێت یاخود بەرژەوەندییەكانی هاوتابێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی كە ئێستا جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن ئەوكاتە هەرێمی كوردستان دەكەنە قوربانی وەكو لە رابردوودا ئیمە زۆر جار بینومانە بۆ نموونە توركیا و ئێران و وڵاتانی تریش زۆرجار كورد و كێشەی كوردیان بەكارهێناوە بۆ گوشارخستنە سەر حكومەتی عێراق، بەڵام هەركاتێك ئەو وڵاتانە رێكەوتون بەرژەوەندییەكانیان نزیك بوەتەوە ئەوكاتە كیشەی كورد بوەتە قوربانی لەو نێوەندیا تەنها ئێمە وەكو كارتێكی فشار بەكارهێنراوین لەناوچەكە،زۆجار بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نەیان توانیوە خوێندنەوەیەكی باش بۆ واقیعەكە بكەن بەجۆرێك كە لەهاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان بەبراوەیی و سەركەوتوانە لێدەرچن ئەمەش دیسانەوە مەترسی دروست دەكات بۆ نموونە ئێستا نزیك بونەوەیەكی باش بەدی دەكرێت لە نێوان توركیا و عێراق كە سەردانی بەرپرسانی عێراق بۆ توركیاو سەردانی بەرپرسانی توركیا بۆ عێراق مەرج نییە لەم نێوەندەیە هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوەی جاران بتوانێت مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ توركیا بكرێت ئەگەر بێت و دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق بێت،دڵنیاشین كە نێوانی ئیران لەگەڵ عێراق ئەوەندە بەهێزە لە دوای 2003 كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەنییە بەرژەوەندییەكانی خۆی لەپێناوی ههرێمی كوردستان بكاته قوربانی،بۆیە دەبێت وریایانە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بكەن بەتایبەتی وڵاتە هەرێمایەتیەكان.
نوچەنێت:سەركردەكانی كورد چەند توانای دیبلوماسیان هەیە؟
د.ئەمین فەرەج: وەكو وتم دیبلۆماسیەت پەیوەستە بەیەكەی نێودەوڵەتی و پەیوەست نییە بەكەسەكانەوە راستەوخۆ،كەسەكان تەنها ئامرازێكن لە چوارچێوەی ئەو دام و دەزگایانەی كە كاری سیاسەتی دەرەوەی پێ سپێراوە،بۆیە دەبێت قسە لەسەر دام و دەزگاكان بكەین ئەوەی لەهەرێمی كوردستان هەیە تەنها دیبلۆماسیەتێكی ئەمری واقیعە كە پەیوەستە بەدامەزراوە،راستە ئێمە سەرۆكی هەرێمان هەیە وەكو دامەزراوە بەشێك لەكارەكانی پەیوەندی هەیە بە پەیوەندی كردن بە دەوڵەت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە،پەرلەمانمان هەیە كە بەشێك لە چالاكییەكانی لەدەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستانە و فەرمانگەێكیشمان هەیە بەناوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و جگە لەوەش سەرۆك وەزیران هەندێك ئەركی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستانی هەیە،بەڵام هەم دامەزراوەكانمان دامەزراوەیەكی لاوازن لەرووی ناوەرۆك و بنەماكانی دامەزراوەیی بوونەوە كەوەكو هەموو بوارەكانی تر دامەزراوەكانمان پەیوەستە بە كەسەكانەوە،كەسەكانیش پەیوەستن بە حیزبە سیاسیەكانەوە چونكە پەیوەندی دەرەوەش بەدەر نییە لەو پەیوەندییانەی كە حیزبە سیاسیەكان و ئەو كەسانەی ناو حیزبە سیاسییەكان هەیانە بۆیە كەمترین شەفافیەت لە بواری پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەرەوەی خۆی هەیە،بۆیە جاری واهەیە هەمان نوێنەر كە نوێنەری حیزبی سیاسیە نوێنەری حكومەتیشە لەهەمان كاتدا،یان هەندێك شوێن هەیە بۆ نموونە توركیا تائێستا نوێنەرایەتێك نیە بەناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو لەرێگەی حیزبە سیاسیەكانەوە ئەو نوێنەراتیە دەكرێت بۆیە كاتێكیش توركیا كەمترین مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات وەكو هەرێمێكی فیدڕاڵی تەنانەت مامەڵەكەی لەرێگەی حیزبە سیاسییەكان و كهسایهتی حیزبه سیاسیهكانهوهیه،بۆیە لەو چوارچێوەیە ئەوەی پێدەوترێت دبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر لەروی یاسایشەوە گونجاوبێت بڵێن دبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان،زۆرجار دبلۆماسێكە لەسەر ئاستی نوخبەێكی دەسەڵاتدار ئەو نوخبەیەش گرێدراوە بەحیزبی سیاسیەوە،زۆرجار رەنگە پەیوەندییەكان پەیوەندی موخابەراتیان پێوە دیار بێت جگە لەوەی كە رائەگەێنرێت و شەفافیش نیە،زۆرجار وەفدێك دەچێتە دەرەوە ئیفادەیەكی دبلۆماسیان نییە ئەو كەسانە،بەڵكو لەوانەیە لەدەزگایەكی ئەمنی كاربكەن و تەمسیلی حكومەتی هەرێم دەكەن،یاخود وەفدێك دێت بۆ كوردستان كۆتا وەفدی توركیا كەهاتە هەرێمی كوردستان كە سەرۆك وەزیرانی ئەوڵاتەبوو بەرپرسی رێكخراوی میتی توركی لەگەڵدا بوو كە ئەمەش لایەنە موخابەراتیەكەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەدیار دەخات.
نوچەنێت:چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەو جوڵە دیبلوماسیە ئیستغلال بكرێت بۆ بابەتی تری نەتەوەیی.
د.ئەمین فەرەج: 1.گرنگترین شت ئەوەییە كە هەوڵ بدرێت پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دونیای دهرهوه بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتی و دام و دەزگاكانی تر بخرێتە چوارچێوەیەكی یاسایەوە واتە بەسایی بكرێت و لەگەڵ دەستوری ئیستای عێراق بگونجێ یاخود لەگەڵ ئەو دەستورەی كە بڕیار وایە هەرێمی كوردستان پەسندی بكات،واتە بۆ ئەوەی لە ئەمرێكی واقیعی دیفاكتۆوە بگۆڕێت بۆ ئەمرێكی قانونی كە بەردەوامی هەیە و زەمانەتی زیاتریشە بۆ مانەوە.2.پێویستە پەیوەندییەكان و ئەو بوارە گرنگە بەدامەزراوەی بكرێت لە چوارچێوەی دامەزراوە رسمیەكانی هەریمی كوردستان و دوربخرێنەوە لە بەحیزبی كردن و نارونیەت لە پەیوەندییەكان بەجۆرێك كە لەچوارچێوەی ئەو دامەزراوە شەرعیانە بێت كە هەرێمی كوردستان هەیەتی.3.پێویستە پلانی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە یاخود دیبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان بەپلانێكی ستراتیجی بێت،كەسانی پسپۆڕو شارەزا بیبەن بەڕێوە بەجۆرێك كە خوێندنەوەیەكی ورد و قوڵ بكرێت بۆ بەرژەوەندی هەریەكەیەكی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خاڵە ناكۆك و خاڵە هاوبەشەكان دیاری بكرێن،بۆ ئەوەی بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێنێتە دی،ئەمەش پێویستی هەم بەكاتێكی باش هەیە و هەمیش لێبڕان و كاركردنێكی باش هەیە بەتایبەتی لەكاتی قەیرانەكان هەڵەی ستراتیجی ئەنجام نەدرێت و چارەنوسی هەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسیەوە.
