ئیبراهیم مه‌لازاده: هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ریفۆرمی ئاینی له‌ناو ئیسلامدا شكستی هێناوه
سروشتی ئیسلام جیاوازه له سروشتی دینه‌كانی دی، ته‌نانه‌ت خواپه‌رستی و ئه‌ركه‌كانی به زمانی دایك ڕێیان پێ نه‌دراوه
ئیسلام له فۆرمه گشتییه‌كه‌یدا خۆ گونجاندن قبوڵ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ بگونجێنرێت.
له‌م ته‌وه‌ره‌دا ئێمه به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین، كه ده‌رباره‌ی ئاین و ناسیۆنالیزم و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیانن، تا له‌و رێیه‌وه پرسی درووستكردنی شێوازێكی كوردیانه‌ی دینداری، بۆ دینی ئیسلام بخه‌ینه به‌ر باس، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین، وروژاندنی ئه‌م پرسه، له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی هه‌یه و ده‌توانێت له زۆر رووه‌وه كۆمه‌كی كورد بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، وه‌ك پارێزگاری كردن له شوناسی كوردی و ره‌تكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له رێی ئاینه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان و تواندنه‌وه‌ی به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كانیان داوه، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌ستگرتن به به‌ها و تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد و درووستكردنی شێوازێك بۆ دینداری، كه له هه‌ناوی كورده‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه‌یش له رابردوودا نموونه‌ی هه‌بووه.
ئیبراهیم مه‌لازاده شاره‌زا له هزری ئیسلامی، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ر ده‌داته‌وه، ده‌ڵێت “هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ریفۆرمی ئاینی له‌ناو ئیسلامدا شكستی هێناوه”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “سروشتی ئیسلام جیاوازه له سروشتی دینه‌كانی دی، ته‌نانه‌ت خواپه‌رستی و ئه‌ركه‌كانی به زمانی دایك ڕێیان پێ نه‌دراوه”.
سازدانی: رزگار ره‌زا چوچانی
به‌شی یه‌كه‌م
رزگار ره‌زا چوچانی: ئێستا باس كردن له دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه لای كورده‌كان هه‌نگاوی زۆری بڕیوه، به‌ڵام به‌ڕای ئێوه دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و زیندوكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ناسیۆنالیزم، به‌بێ هه‌نگاونان بۆ ئه‌نجامدانی ریفۆرم له هه‌ندێك بواری گرنگی وه‌ك ئاین و سیاسه‌ت و بواری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
ئیبراهیم مه‌لا زاده: ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه بۆ كورد، به‌قه‌د گرنگیه‌كه‌ی، ئاڵۆزه. ده‌بێ بزانین مه‌به‌ست له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه چیه؟
ئایا ده‌بێ ته‌نها پڕۆژه‌یه‌كی ناسیۆنالیزمی له پشته‌وه بێت؟ مه‌به‌ستت له ڕیفۆرم و له‌و بوارانه‌ی كه ناوت هێناون، چیه؟
تۆ پێت وایه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه لای كورد هه‌نگاوی زۆری بڕیون، به‌ڵام من ئه‌و هه‌نگاوانه نابینم بێجگه له هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه، كه ئه‌مه‌یان ته‌نها میكانیزمێكه. ئینجا پێشخستنی بواری نه‌وت و هێنانی ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌دوای هاتنی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) بۆ ناوچه‌كه پێویستی به داڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تێكی تازه هه‌یه. ئه‌م فاكته‌ره ئابوورییه له‌خودی خۆیدا گرنگه، به‌ڵام یه‌كێك له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی به‌ر له‌و فاكته‌ره، فۆرمی نه‌ته‌وه‌یی بوونه، كه خۆی له ئینتیما و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی لایه‌نه سیاسیه‌كانه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه به‌داخه‌وه، تا ئێستا ئینتیمای خێڵ و حیزب له‌پێش ئیتیمای نه‌ته‌وه‌یه و ناجۆریه‌كی زۆر له یه‌كڕیزی سیاسی به‌رچاو ده‌كه‌وێت و دۆست و ناحه‌ز به ئاشكرا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن، كه ده‌كرێت ئه‌و ناسیۆنالیزمه ناوی بنرێت ناسیۆنالیزمی خێڵه‌كی بێگومان له تێروانینی ئێرنست گیلنه‌ر. بۆیه به‌جێهێشتنی ئه‌و فۆرمه چاره‌نوسسازه بۆ گه‌لی كورد.
ئینجا كۆمه‌ڵێك پرسی گه‌وره له‌پێش ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، ده‌بێ پێش هه‌ر شتێك یه‌كلایان بكاته‌وه، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه كوردوستانییه دابڕێنراوه‌كان، ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌نجامدانی ڕاپرسی، تۆكمه‌كردن و به‌هێزكردنی لایه‌نی ئابووری و ستراتیژیه‌تێكی ڕۆشن له‌و ڕووه‌وه، به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان و ژێرخانی ئابووری، ئینجا ده‌سنیشانكردنی فۆرمی قانونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور و ئه‌نجامدانی ڕاپرسی، له‌سه‌ر وه‌ها پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دوایی توشی ئیشكالیه‌تی جۆری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته نه‌بن، كه له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت مه‌به‌ستی جه‌نابتان، به‌شێكیش له‌وه، پێگه‌ی ئاینه له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، داخۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته سه‌كولار ده‌بێت یا له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینی ده‌بێت. هه‌ردوو ئه‌و بواره‌ش گرنگن و ده‌بێ هێزه سیاسیه‌كان زۆر به په‌رۆشه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، به له‌به‌رچاو گرتنی هاوكێشه هه‌رێمیه‌كان وتێڕوانینی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و جۆره پرسانه.
ئینجا مه‌به‌ست له پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزم چیه؟ به‌داخه‌وه تا هه‌نوكه‌ش هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌قڵانی نوسراوی تۆكمه‌ی ناسیۆنالیزم وه‌كو پێویست نابینم. تا ئێستا پرسی ناسیۆنالیزم، كه له تێڕوانینی ئه‌نتۆنی سمیپ سێ ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ن، ئه‌وانه‌ش “ئۆتۆنۆمی نه‌ته‌وه‌یی یا نیشتمانی، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یین”، لای تاكی كورد، حه‌زێك هه‌یه بۆ ئۆتۆنۆمی، به‌ڵام هێشتا نه‌چۆته قاڵبی ئیراده و سووربوون، هێشتا هه‌ر خه‌ونه. یه‌كێتی و ناسنامه‌ش، له‌به‌رچاوی هه‌مووان دیاره كه چه‌ند شلۆق و شه‌پڕێوه و له‌گه‌ڵ هه‌ر پشه‌بایه‌ك به ئاڕاسه‌یه‌كدا ده‌كه‌وێت. بۆیه من نابینم ناسیۆنالیزمی كوردی له‌چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی زانستییه‌وه تیۆریزه كرابێت، بێجگه له كۆمه‌ڵێك دروشم و نوسینی لێره و له‌وێ. تا هه‌نوكه‌ش له‌ڕووی ئه‌كادیمیه‌وه هیچ نوسراوێكی گرنگ یا دۆكومێنتێك به‌ناوی پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی نیه، یا هه‌ر هیچ نه‌بێت من نه‌مبینیوه. جگه له‌وه‌ش پرۆسه‌ی بیناكردنی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه مه‌رجه پڕۆژه‌یه‌كی قانونی له پشته‌وه بێت و له‌سه‌ر هه‌موو ورده‌كاریه‌ك هاوده‌نگی له‌نێوان هێزه سیاسیه‌كاندا هه‌بێت، لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه ناسیۆنالیزم چه‌مكێكی ئاڵۆزی ناڕۆشنی زیاتر ئایدیۆلۆژیه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌مكی هاوڵاتی بوون. به‌مانای ده‌وڵه‌تێك بۆ هه‌مووان له‌سه‌ر بنه‌مای دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كان.
له‌هه‌مان كاتدا ده‌كرێت هێزێكی فشاری مه‌ده‌نی نیشتمانی دروست ببێت، كۆمه‌ڵێك ئامانجی ستراتیژی نیشتمانی له‌خۆ بگرێت، له‌وانه‌ش پاراستنی زمانی كوردی و به‌ره‌و پێش بردنی، به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه ده‌كرێت جۆرێك له كۆك بوون دروست بكه‌ن بۆ كردنی یه‌كێك له زاراوه‌كان به زمانی ستاندارد. به‌رگری له هه‌موو ئه‌و كاراكته‌ره نیشتمانییانه بكات، كه ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌ك، به‌ڵام بێگومان له‌چوارچیوه‌ی قانوندا. بۆیه‌ش ده‌ڵێم نیشتمانی، له‌لایه‌ك نیشتمان هی هه‌مووانه، چه‌مكێكه ڕۆشن تر و ڕه‌وان تره له چه‌مكی ناسیۆنالیزم. وه‌كو چه‌مكی ناسیۆنالیزم ناشیرین نیه، كه به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی ده‌یان سه‌دان تاوانی ئه‌نجام داون، هه‌ر له شۆفینیزم، راسیزم و تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و ڕاگواستن و له‌قاڵب دانی نه‌ته‌وه‌كانی دی. له‌م قۆناغه‌ی مێژووی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاكاندا چه‌مكی نیشتمانی بۆ كورد بێ سه‌رئێشه تر و كۆكه‌ره‌وه تره، له چه‌مكی ناسیۆنالیزم كه له هه‌ندێك ناوچه‌دا بووه به مۆته‌كه و پرۆسه‌ی تاواندنه‌وه و لێدانی ئه‌وانی دی. بۆیه خۆزگه پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی یا كوردستانی هه‌بێت بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی گه‌لی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و قانونی.
رزگار ره‌زا چوچانی: پرسی ناسیۆنالیزم و نیشتیمانی با هه‌ڵبگرین بۆ باسێكی ترمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ریفۆرمی ئاینی به نمونه وه‌ربگرین، پێویسته ئه‌و ریفۆرمه له كوێوه ده‌ست پێ بكرێت و چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمی دینداری به شێوه‌یه‌ك رێكبخرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ پرۆژه ناسیۆنالیزمیه‌كه‌یدا یه‌كبخرێته‌وه و پاڵپشت بێت بۆ زیاتر گه‌شه‌سه‌ندنی؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: سه‌ره‌تا، ده‌بێ ئه‌وه بزانین داخۆ مه‌به‌ستت له ڕیفۆرمی ئاینی چیه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت په‌یوه‌ندی ئاین بێت به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا بێگومان ده‌بێت له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوردا ئه‌م پرسه یه‌ك لایی بكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت فۆرمی دینداری خه‌ڵكه و له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمدا یه‌ك بخرێته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌تا دوو چه‌مكی زۆر ئاڵۆز و لاستیكین. پرسی فۆرمی ئاینی په‌یوه‌ندی به پڕۆسه‌ی گۆڕانه‌وه هه‌یه له كۆمه‌ڵگادا. پڕۆسه‌ی گۆڕانیش په‌یوه‌ندی به به‌هێزكردنی بواری ئابووری و زیادبوونی دابه‌ش كردنی كار و وه‌زیفه‌كانه. چه‌ند ئه‌و بواره به‌هێز بێت، جۆری په‌یوه‌ندیه‌كانیش ده‌گۆڕێت، به‌تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن، واته له ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا ته‌واوی ڕه‌فتار و ئاكاری خه‌ڵك گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت. هه‌موو ئه‌مه‌ش ده‌بێت له چوارچیوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا بێت كه له‌سه‌ر چه‌ندین بنه‌مای دروست دامه‌زرا بن، وه‌كو سه‌ربه‌خۆیی و جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ ده‌سته‌لاته‌كان، به‌مۆدێرن كردنی حیزبه سیاسییه‌كان و دوورخستنه‌وه‌یان له ده‌ستێوه‌ردان له پانتاییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت، به‌هێزكردن و ڕیفۆرمی بواری په‌وره‌رده و خوێندنی ئه‌كادیمی، بنبركردنی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی ده‌زگا قانونییه‌كان. باشكردن و به‌هێزكردنی بواری كشتوكاڵ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوند و لادێكان له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدێرن به چاكردنی ڕێگاوبان و به‌ستنه‌وه‌ی وڵات به‌یه‌كدی له‌ڕێگای هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه. هه‌موو ئه‌مانه و چه‌ندین فاكته‌ری دی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاری خه‌ڵك هه‌یه. به‌و مانایه‌ی پڕۆسه‌ی به شارستانی كردن له تێروانینی نۆربێرت ئه‌لیاسدا بریتیه له “گۆڕان له ڕه‌فتار و سۆز و هه‌سته‌كانی خه‌ڵك به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراو”. دروستبوونی وه‌ها گۆڕانێك له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه باسمان كردن پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و سه‌كولاریزه‌كردن ده‌بات. ئه‌وسا كه بووینه خاوه‌نی كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌كولار، به‌و مانایه‌ی ئه‌و وشیارییه په‌یدا ببێت كه دین و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به‌یه‌كدی نه‌كرێن. خه‌ڵك ئازاد بێت له‌وه‌ی چ جۆره دیندارییه‌ك ده‌كات، ده‌چێته مزگه‌وت یا كڵێسا یا ئاته‌شگا یا هیچیان. ئازادیه‌كان به قانون پارێزراو بن. ئه‌وسا ده‌زگا دینیه‌كان بۆخۆیان ناچار به ڕیفۆرم ده‌بن. ئه‌وسا خۆیان له فۆرمی تازه‌دا نوێ ده‌كه‌نه‌وه یا هه‌ر وه‌ها ده‌مێننه‌وه. ئه‌مه كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت نیه، به‌ڵكو كێشه‌ی خۆیانه، چیدی پرسێك نابێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ئازادییه‌كان و ستراكتۆری دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت دروست بكات. له وه‌ها سیستمێك‌دا، كۆمه‌ڵێك بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیمان ده‌بن. چ له‌بواری ناسیۆنالیزم، چ له بواره دینیه‌كان، چ له‌بواره مه‌ده‌نییه‌كان، ته‌واوی ئه‌و پرسانه له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی ئه‌و بزووتنه‌وانه یا له‌سه‌ر ئاسته ئه‌كادیمیه‌كان ده‌بنه ڕۆژه‌ڤی لێكۆڵینه‌وه و نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاری له ستراكتۆری ئه‌و بزووتنه‌وانه‌دا. ئینجا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌شت پێ بڵێم كه تا ئێستا هه‌موو هه‌وڵێك له ریفۆرمی ئاینی له‌ناو ئیسلامدا شكستی هێناوه، چونكه سروشتی ئیسلام جیاوازه له سروشتی دینه‌كانی دی. تۆ ته‌نها ته‌ماشای ئه‌وه بكه كه ته‌نانه‌ت خواپه‌رستی و ئه‌ركه‌كانی به زمانی دایك ڕێیان پێ نه‌دراوه، یا كاریان بۆ نه‌كراوه. ئه‌مه پرسێكه تا هه‌نوكه هیچ زانایه‌ك نه‌یویستووه یا نه‌یوێراوه له‌سه‌ری بوه‌ستێت و قسه‌ی لێ بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌و سروتانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به قورئانه‌وه نییه و ته‌نها دوعا و پاڕانه‌وه‌ی ئاسایین له نوێژكردن و وتار خوێندن و حه‌ج و تادوایی. بۆیه ئیسلام له فۆرمه گشتییه‌كه‌یدا خۆ گونجاندن قبوڵ ناكات به‌ڵكو ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ بگونجێنرێت. به‌ڵام له كۆتاییدا نه‌ته‌وه‌كان توانیویانه فۆرمێكی بچوك به ئینگلیزی پێی ده‌گوترێت (subform)، بۆخۆیان دروست بكه‌ن و جیاوازه له فۆرمی ئه‌وانی دی، ئه‌مه‌ش به هه‌وڵ كۆششی زانایانی ئه‌و نه‌ته‌وانه ده‌كرێت و له‌چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا ڕوو ده‌دات. له‌ناو كورددا ئه‌م هه‌وڵانه هه‌بوون، به‌ڵام چونكه گه‌لی كورد سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌نی خۆی نه‌بووه، سه‌ری نه‌گرتووه و هه‌ر زوو له‌ژێر هه‌ژموونی گه‌لی سه‌رده‌ستدا كۆتایی پێ هاتووه.
رزگار ره‌زا چوچانی: به‌ڵام وێڕای ئه‌م داخراوییه‌ی ئیسلام، دینداری تورك وه‌ك عه‌ره‌ب نییه، هی فارس له‌هه‌ردووكیان جیاوازه‌و عه‌ره‌بیش له‌وانی تر، ناكرێ بڵێین ئاخر ئه‌وه‌یه ئه‌وان میلله‌تی سه‌ربه‌خۆ بوین، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێین سودیان له‌دین بینیوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا دره‌نگه كورد هه‌مان ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی ئه‌وان دووباره بكاته‌وه بۆ دروستكردنی فۆرمی دینی خۆی، یان ناكرێ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌می كار بۆ ئه‌و پرسه بكات و خاڵی كۆتا بۆ درێژبونه‌وه‌ی مۆدیلی ئه‌وان له‌كوردستان دابنێت؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: به‌داخه‌وه من هیچ تروسكاییه‌ك به‌و ئاراسته‌یه‌وه نابینم. له‌لایه‌ك ئه‌م گه‌لانه‌ی تورك و فارس و عه‌ره‌ب له وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی ساز دا، واقیعه‌كه‌یان قۆستۆته‌وه و دوایی له ئه‌نجامی فه‌رمانڕه‌واییاندا ئه‌و قالبه دیندارییه‌ی كه پێڕه‌ویان لێكردووه ده‌قی گرتووه و ڕێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتوون. سه‌فه‌ویه‌كان كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییه، هه‌ڵگر و ڕێبه‌ری ڕێبازێكی سۆفی بوون و به مه‌زهه‌ب شافیعی بوون، پاشان ڕێبازه‌كه‌یان په‌ره‌پێدا و له‌پڕێك خۆیان وه‌كو شیعه‌ی دوازده ئیمامی ڕاگه‌یاند. له ده‌رفه‌تێك یا چركه‌ساتێكی مێژوویی‌دا له ساڵی ١٥٠١ی زایینی‌دا، توانیان ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن و مه‌زهه‌بی تازه‌ی خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه فارسییه‌كاندا بسه‌پێنن. چیرۆكی عوسمانییه‌كانیش زۆر شاردراوه نیه و خێڵی عوسمان ئه‌رته‌غرڵ توانی له‌ژێر عه‌بای دیندا له ئه‌نادۆڵ قه‌واره‌یه‌ك دابمه‌زرێنن و ورده ورده په‌ل بهاوێن به‌ره‌و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆیان به‌سه‌ر هه‌موواندا بسه‌پێنن.
ئه‌و ساتانه‌ی كه تورك و فارس ئه‌و هه‌نگاوه‌یان ناوه، مێژوو بۆ وه‌ها خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ك له‌بار بووه. تا ئه‌وساته‌ش سیستمی ده‌سته‌ڵات سوڵتانی و به كاراكته‌ری فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕه‌ها توانیویانه ناوچه‌كانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. له‌و پێناوه‌شدا ئه‌و سوڵتانانه هه‌ر چ كاراكته‌رێكی دینییان هه‌ڵگرتبێت، به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌شیاندا سه‌پاندووه، كه ئامانجی یه‌كه‌م له‌و كاراكته‌ره دینییانه شه‌رعیه‌ت دان بووه به ده‌سته‌ڵات و درێژكردنی ته‌مه‌نی سوڵتان. ئه‌مڕۆ، هه‌ڵومه‌رجه‌كان، شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حوكم، وشیاری خه‌ڵك و سیستمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گۆڕاون. ئینجا خودی دینیش ڕه‌هه‌ندی تایبه‌تی وه‌رگرتوون تا پڕژانه سه‌ر هه‌موو پانتاییه‌كان. دوای شۆرشی ڕۆشنگه‌ری پێگه‌ی دینیش زیاتر ڕه‌هه‌ندی ڕۆحی و خواپه‌رستی وه‌رگرت تا دابه‌زینه ناو هه‌موو كێڵگه‌كان و خۆ له هه‌موو شتێك هه‌ڵقورتاندن. كێشه‌ی ئه‌مڕۆی كورد فره‌لایه‌نه‌یه، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ش زیاتر قورساییان له دیوی ناوه‌وه‌ی كورد خۆی دایه نه‌ك ده‌ره‌كی. له‌سه‌ر ئاستی دینی، یه‌كێك له مه‌زهه‌به هه‌ره وشك و داخراو و تونده‌كانی هه‌ڵگرتووه كه مه‌زهه‌بی شافیعییه. مه‌زهه‌بێك كه له خواپه‌رستی، له ڕه‌فتاری مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدی و په‌یوه‌ندییه‌كانیان، له‌گه‌ڵ خۆراك، له ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كان و ژینگه و تاد.. به وشكی لێكدانه‌وه‌یان بۆ كراوه. ئه‌وه چش له‌وه‌ی كه ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ی ته‌واوی مه‌زهه‌به‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌دان ساڵ به‌ر له‌و سه‌رده‌مه. له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش، كورد له‌ناوخۆی ناكۆك و ناته‌بایه و نه‌یتوانیوه مه‌رجه‌عیه‌تێكی سیاسی بۆخۆی دروست بكات و هه‌موویان پێیه‌وه پابه‌ند بن. له‌و باره‌یه‌شه‌وه ده‌كرا په‌رله‌مان ببێت به‌و مه‌رجه‌عیه‌ته به‌ڵام هه‌ناسه‌كانی حیزب هێنده تیایدا به‌هێزن، حیزبه‌كان خۆیان بوونه‌ته‌وه به مه‌رجه‌ع بۆ په‌رله‌مانیش. له‌سه‌ر ئاستی سایكۆلۆژیش، كاریگه‌ری گه‌لی سه‌رده‌ستییان به ته‌واوه‌تی پێوه دیاره و تا ئێستاش ده‌سته‌ڵاتی كوردی نه‌یتوانیوه ستراتیژیه‌تێك دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگا گونجاوه‌كان به‌تایبه‌تیش په‌روه‌رده، سایكۆلۆژیای كورد به‌ره‌و ئاقارێكی دامه‌زراو، باوه‌ڕ به‌خۆبوون، به‌هێزكردنی چه‌مكه‌كانی نیشتمان، زمانی دایك، ڕێزگرتن له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌هێزكردنی گیانی هاوكاری و ته‌بایی و یه‌كڕیزی ناوخۆیی و تاد ببات. ئه‌وه چش له‌و خۆده‌وله‌مه‌ند كردنه‌ی ده‌سته‌ڵاتداران و دروستبوونی بێ متمانه‌ییه‌كی جه‌رگبڕ له‌نێوان سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ر. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا هه‌موو چه‌مك و پرسه‌كان له ناوه‌رۆكه‌كانیان به‌تاڵ ده‌بنه‌وه. ڕواله‌ت (مه‌زهه‌ر) له‌سه‌ر حیسابی ناوه‌رۆك (جه‌وهه‌ر) توانی خۆی به‌هێز بكات و سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه ده‌یانبینین. ڕێژه‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ئێمه ته‌مبه‌ڵ له كاركردن، له خوێندنه‌وه، له پاكوخاوێنی، كزبوونی گیانی هاوكاری، خۆشه‌ویستی نیشتمان و ڕۆشتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نج به‌ره‌و توندڕه‌وی و ڕێزپه‌ڕی.
رزگار ره‌زا چوچانی: وتت له‌ناو كورددا هه‌وڵی ئه‌وه هه‌بووه فۆرمێك بۆخۆیان له‌دینداری دروست بكه‌ن، به‌ڵام مادام سه‌ربه‌خۆ نه‌بووین، سه‌ری نه‌گرتووه، ئه‌و هه‌واڵانه كامانه‌بوون له‌مێژووی ئێمه‌دا، به‌چیدا بزانین هه‌وڵی دروستكردنی فۆرمێكی جیاواز بووه، سیما جیاوازه‌كانی ئه‌گه‌ر بچوكیش بوو بێ چۆن بوون ؟
ئیبراهیم مه‌لازاده: هه‌ڵبه‌ت بۆ گه‌یشتن به وه‌ها وه‌ڵامێك پیویستمان به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌زموونانه هه‌یه، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دی من لێره‌دا باس له باشی و خراپی ئه‌و ئه‌زموونانه ناكه‌م، به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر سیفاته جیاكه‌ره‌وه‌كانه له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ. من دوو ئه‌زموون ده‌بینم كه له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستدا هه‌وڵی له‌و جۆره هه‌بوون. یه‌كه‌میان به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه و ئاماژه، سۆفیگه‌ریه‌كه‌ی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی بووه، كه هه‌وڵی داوه له‌ڕێی سۆفیگه‌رییه‌وه جۆرێك له مه‌رجه‌عیه‌ت بۆ كورد دروست بكات و بیكات به پۆشاكی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌ستی پێ ڕاگه‌یشتووه. من له‌و باره‌یه‌وه زۆر به‌وردی نه‌چوومه‌ته ناو ڕووداوه‌كان و سه‌رچاوه‌كانیش، به‌ڵام له ئاینده‌دا ده‌كرێت زیاتری له‌سه‌ر بگوترێت. ئه‌زموونی دووه‌میش شێخ سه‌عیدی كوردی بووه، كه دواتر به‌فشاری سیاسی بووه به سه‌عیدی نه‌وره‌سی. قوتابخانه‌ی سه‌عیدی نه‌وره‌سی ده‌كرا ببێته سیمایه‌كی قوڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكی كورد، به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، كه ده‌رفه‌ت به ته‌واوه‌تی گونجاو بووه بۆ ئه‌وه‌ی كورد ببێته فه‌رمانڕه‌وای نیشتمانی خۆی. به‌ڵام ئه‌وه ڕووی نه‌داوه، دواییش به‌هۆی زیادبوونی فشاری سه‌ر گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی له باكوور، ئه‌و قوتابخانه‌ی نه‌وره‌سیش ڕفێندراوه و كاریگه‌ری به شێوه‌یه‌كی زۆر سنووردار له‌ناو كورددا ماوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌و دوو فۆرمه‌ش ورد بینه‌وه ده‌بینین هه‌ردوویان سروشتی سۆفیگه‌ریان به‌سه‌ردا زاڵه، ئه‌م سروشته‌ش تا ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر تاكی كورددا زاڵه، به‌تایبه‌تیش ته‌واوی ئه‌و كوردانه‌ی كه سوننی مه‌زهه‌بن سه‌ر به مه‌زهه‌بی شافیعین، له هه‌ر چوار پارچه‌كانی كوردستان. ئه‌مه له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌كی سه‌یره داخۆ بۆچی كورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌كان شافیعی مه‌زهه‌بن، له‌كاتێكدا گه‌لانی سه‌ر ده‌ست له‌و ولاتانه سه‌ر به مه‌زهه‌بی دیكه‌ن. جگه له‌وه‌ش سروشتی مه‌زهه‌بی شافیعیش له بیروباوه‌ڕ (عه‌قیده)دا مه‌زهه‌بی ئه‌شعه‌رییه، كه سروشتێكی ته‌ئویل ئامێز و باتینی ئاڕاسته‌ی هه‌یه. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بێت كه هه‌وڵه چاكسازییه‌كان زیاتر سۆفیگه‌رانه بوون تا شتێكی دی.