پارتی بۆ دەمیرتاش و جەمیل بایك: بەلێدوانەكانتان تەنها دوژمنانی کورد دڵخۆش دەكەن
نوچەنێت.ههولێر:
فراكسیۆنی پارتی لە بەیاننامەیەك دا،وەڵامی لێدوانەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و جەمیل بایك دەداتەوە و دەڵێت، بەو جۆرە لێداوانانەتان تەنهاو تەنها دوژمنانی دۆزی کوردستان دڵخۆش دەكەن
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان،لە بەیاننامەكەدا وەڵامی لێدوانەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)و جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەداتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات”لێرەو لەوێش هێندی لێدوان کە نەلە سوودی دۆزی کوردستان نە لە قازانجی یەکێتی ریزەکانی هێزە سیاسییەکانە دەدرێن و تەنهاو تەنها دوژمنانی دۆزی کوردستان بەو جۆرە لێداوانانە دڵخۆش دەبن
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لەبری پیرۆزبایکردن لە پێشمەرگەو شەڕڤانان هەر لە کۆبانێ تاشنگال وجەلەولا بۆ ئەو تۆمارە سەروەریانەی کە بەخوێنی ئاڵیان تۆماریان کردوە، بەڕێز سەلاح الدین دەمرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) داوادەکات شنگال ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو خەڵکی کوردستان لە دیرۆکی خۆیدا بەبەردەوامی بەرانبەر بە پارچەپارچەبوونی خاکی وەستاوەتەوە“.
فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێت”جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)لەدژی دابەش بونی عێراق دەوەستێ و دەڵێ دەبێت عێراق بەیەکگرتووی بمێنێتەوە،وێڕای دژ وەستانەوەی ئەو لێداوانەی بەڕێز بایک، حەقی خۆمانە لە بەڕێزبایک و رایگشتی بپرسین بۆ هێندە پەرۆشی یەکێتی خاکی عێراقی و ئەو بۆچوونەت خزمەت بە کوێ وکێ دەکات؟“.
ئەمەی خوارەوەش دەقی بەیاننامەكەیە:
خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان
لە کاتێکدا خەڵکی ئازادیخوازودژە تیرۆری جیهان و تێکڕای جەماوەری کوردستان لە گشت بەشەکانیەوە، بەپەرۆشەوە لە هەنگاوەکانی پێشمەرگە دەڕوانن و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بوونەتە هیواوموژدەبەخش بۆ لەگۆڕنانی خەونی تاریکپەرستان وتوڕهەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش بۆ نێو زبڵدانی مێژوو.
بەڵام بەداخەوە هاوشان لەگەڵ ئەو تێڕوانینە میللیەی هێزە کوردستانییەکان و خەڵکی هەرچوار بەشی کوردستان، لێرەو لەوێش هێندی لێدوان کە نەلە سوودی دۆزی کوردستان نە لە قازانجی یەکێتی ریزەکانی هێزە سیاسییەکانە دەدرێن و تەنهاو تەنها دوژمنانی دۆزی کوردستان بەو جۆرە لێداوانانە دڵخۆش دەبن.
لەبری پیرۆزبایکردن لە پێشمەرگەو شەڕڤانان هەر لە کۆبانێ تاشنگال وجەلەولا بۆ ئەو تۆمارە سەروەریانەی کە بەخوێنی ئاڵیان تۆماریان کردوە، بەڕێز سەلاح الدین دەمرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) داوادەکات شنگال ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو خەڵکی کوردستان لە دیرۆکی خۆیدا بەبەردەوامی بەرانبەر بە پارچەپارچەبوونی خاکی وەستاوەتەوە، شنگالیش بەشێکی گرنگی قوربانیدانی ئەو سیاسەتەیە کە دوژمنان لە ڕابردووداویانە، ئەمڕۆش کە شنگال خوێنی لێدەچۆڕێ وسەرکەوتنی لەڕێگایە. جگە لە خەڵکی ئازارکێشی شنگال و دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان و ئەو هێزەی خوێنی لەپێناوئازادی شنگال ڕژاوە، کەسیتر بۆی نیە قسە لەسەر شنگال بەتایبەت دابڕانی ئەو بەشە ئازیزەی وڵات لە خاکی نیشتیمان بکات.
لە لایەکیتروە بەڕێز جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)لەدژی دابەش بونی عێراق دەوەستێ ودەڵێ دەبێت عێراق بەیەکگرتووی بمێنێتەوە،وێڕای دژ وەستانەوەی ئەو لێداوانەی بەڕێز بایک، حەقی خۆمانە لە بەڕێزبایک و رایگشتی بپرسین بۆ هێندە پەرۆشی یەکێتی خاکی عێراقی و ئەو بۆچوونەت خزمەت بە کوێ وکێ دەکات؟
هەر سەرکەوتووبێت پێشمەرگەی ئاڵاپارێزوخاک پارێزی کوردستان
بژی کورد .. بژی کوردستان .. پتەو بێت یەکێتی ڕیزەکانی گەل
فراکسیۆنی(پ،د،ک)لەپەرلەمانی کوردستان
٢٥/١٢/٢٠١٤