ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: ئه‌وه‌ی ئیسلامی كوردی پێشكه‌شی ده‌كات، بریتییه له ئاشناكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له‌گه‌ڵ رۆحی خۆیدا
توركه‌كان و فارسه‌كان و عه‌ره‌به‌كان، جۆرێك له دینداری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه
لێره‌وه پرنسیپه كلتورییه‌كانی ئیسلامی كوردی، جیاوازه له پرنسیپه كلتوریه‌كانی ئیسلامی فارسی و توركی و عه‌ره‌بی
له‌م ته‌وه‌ره‌دا ئێمه به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین، كه ده‌رباره‌ی ئاین و ناسیۆنالیزم و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیانن، تا له‌و رێیه‌وه پرسی درووستكردنی شێوازێكی كوردیانه‌ی دینداری، بۆ دینی ئیسلام بخه‌ینه به‌ر باس، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین، وروژاندنی ئه‌م پرسه، له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی هه‌یه و ده‌توانێت له زۆر رووه‌وه كۆمه‌كی كورد بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، وه‌ك پارێزگاری كردن له شوناسی كوردی و ره‌تكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له رێی ئاینه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان و تواندنه‌وه‌ی به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كانیان داوه، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌ستگرتن به به‌ها و تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد و درووستكردنی شێوازێك بۆ دینداری، كه له هه‌ناوی كورده‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه‌یش له رابردوودا نموونه‌ی هه‌بووه.
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب كه هه‌ڵگری دوو بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له یاسادا، به دوو به‌ش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ر ده‌داته‌وه، ده‌ڵێت “به بۆچونی من خه‌تاو خه‌وشی بڕێك له‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌واز بۆ دیینی ئیسلام ده‌كه‌ن له‌و نوكته‌دایه، ئه‌وان وا ده‌بینن به هێنانی ئه‌زموونی عه‌ره‌بستانی سعودی بۆ كوردستان واده‌كه‌ن جارێكی دیكه دیینی ئیسلام بره‌و په‌یدا بكاته‌وه‌و تازه ببێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن له‌ناو كوردیشدا جۆرێك له ئه‌زموونی تایبه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ دیینی ئیسلامدا، به‌مه نامۆیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌بێت”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “كاتێك سه‌یری ئیسلامی كوردی ده‌كه‌ین، پڕه له بابه‌ته عیرفانی و رۆحییه‌كان، كه جیاوازه له‌و ئیسلامه فیقهیه‌ی بۆ نموونه له وڵاتێكی وه‌كو سعودیه بوونی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئیسلامه عیرفانیه‌ی له‌ناو كوردا هه‌یه، جیاوازه له‌و ئیسلامه عیرفانیه‌ی له ناو توركیا بوونی هه‌یه و ئه‌وه‌ی لای كورد هه‌یه جیاوازه له‌وه‌ی لای فارس هه‌یه”.
سازدانی ته‌وه‌ر: رێبۆ ره‌زا
به‌شی دووه‌م
رێبۆ: كه‌واته ئه‌م ئیسلامه كوردییه چۆن كه‌شف ده‌كرێت و رێیه‌كانی ئه‌و كه‌شفكردنه چین؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به‌وه‌ی كلتوری ئایینی كورد بناسین و رۆحی كورد بناسین و پرنسیپه‌كانی نه‌ته‌وه بوونی كورد بناسین، هه‌روه‌ها پرنسپه ئه‌خلاقی و عه‌قڵانی و رۆحییه‌كانی كورد بناسین، زۆر تر ئه‌م ئیسلامه بۆ كه‌شف ده‌بێت، بۆ نموونه له بواری سیاسی‌دا، ده‌بینین ئه‌زموونی سیاسی فارسه‌كان كه دواجار له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بی خۆیاندا یه‌كده‌گرێته‌وه، بۆ نموونه له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان، واته سیاسه‌ت و مه‌زهه‌ب ده‌بنه‌وه به‌یه‌ك، ئیسلامێكی سه‌ڵته‌نه‌تییه، واته سوڵتانێك له‌سه‌ره‌وه به‌سه‌ر ره‌عیه‌ته‌كه‌ی خۆیدا زاڵ ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری عه‌ره‌به‌كانیش بكه‌ی، ئه‌و ئه‌زموونه سیاسییه‌ی ئه‌وان هه‌یانه و دواجار له‌گه‌ڵ ئایینیشدا ده‌بێته‌وه به‌یه‌ك، ئه‌زموونی خه‌لافه‌ته، ئه‌زموونی خه‌لافه‌تیش واته ئه‌وه‌ی خێڵه‌كانی عه‌ره‌ب ئه‌نجومه‌نێكیان هه‌یه، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێكهاتوون له سه‌ركرده‌ی خێڵه‌كان كه پێیان ده‌وترێت ئه‌هلی (حل و عقد)، سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین یاخود به‌هێزترین خێڵیان پێیانوتووه خه‌لیفه، ئه‌مه ئه‌زموونێكی سیاسیان بۆ دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ بابه‌ته ئایینیه‌كان یه‌ك ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو كورددا ده‌بینین مامه‌ڵه‌ی سیاسی كورد له مێژووی خۆیدا، نه ئه‌زمونێكی سوڵتانیه (سڵته‌نه‌ته) نه ئه‌زمونێكی (خه‌لافه‌ت)یشه، به‌ڵكو ئه‌زمونێكه تێیدا سیاسه‌ت سه‌نته‌ر نیه، به‌جۆرێك له جۆره‌كان سیاسیه‌كان رۆڵێكی ناسه‌نته‌ریان هه‌یه، له‌گه‌ڵ زاناكان و پیاوانی ئایینی به‌یه‌كه‌وه ئه‌زموونی سیاسی دروست ده‌كه‌ن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی دوور و نزیكی كوردی بكه‌ین، ده‌بینین شێخه‌كانی ته‌ریقه‌ت، بۆ نموونه (مه‌ولانه خالیدی نه‌خشبه‌ندی) كاتێك له سلێمانی ده‌بێت، پاشاكانی بابان ناچاربوون مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، هه‌تا ئه‌گه‌ر كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت، له‌به‌رده‌م ئه‌ودا ته‌ڵاق ده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی ئه‌و داوایان لێ ده‌كات جێبه‌جێی بكه‌ن، واته بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆیان بن سوێند ده‌خۆن، سوێنده‌كه‌شیان بریتیه له ته‌ڵاق خواردن، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌زموونی پیاوانی دینی و شێخانی ته‌ریقه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی سیاسیه‌كاندا، وه‌كو یه‌ك جێكه‌وتیان هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگه، ئه‌مه به جۆرێك له جۆره‌كان تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه، كه له ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌دا بوونی نیه، لای عوسمانیه‌كان و سه‌فه‌ویه‌كان و عه‌ره‌به‌كان به‌وشێوه‌یه بوونی نیه، لای كورد تایبه‌تمه‌ندیییه‌ك دروست ده‌كات، كه له ئه‌زموونه روحی و دیینیه‌كه‌یه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، لێره‌وه ده‌بینی ئه‌زموونی عیرفانی كوردی، له‌كاتێكدا عیرفان له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بۆ نموونه لای فارسه‌كان ده‌گاته خوارترین پێگه‌ی خۆی، كه له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌كاندایه، هه‌روه‌ها لای عه‌ره‌ب بوونی نیه، لای كورد ئه‌زموونی روحی عیرفانی له‌و كاتدا سه‌رده‌كه‌وێت، به جۆرێك ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا رووده‌دات، كه له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا بوونی نیه، لێره‌وه‌یه كورد ئه‌زمونێكی دینداری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، كه له كایه‌ی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌نگی داوه‌ته‌وه له‌و قۆناغه‌نه‌دا، وه ئێستاش ده‌بێت به‌هه‌مان شێوه بێت.
بۆیه بۆ كه‌شفكردنیی ئه‌م ئیسلامه كوردییه‌ش، ده‌بێت ته‌نها مامه‌ڵه‌ی خۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ك مامه‌ڵه‌ی غه‌ریب، نابێت شتێك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بسه‌پێنیت، كه به‌بۆچونی من هه‌ڵه‌ی رابردوو ئه‌وه بووه، چی چه‌په‌كان و عه‌لمانییه‌كان ئه‌وه‌یان كردووه، به‌وه‌ی هاتوون تیۆره‌ی ئاماده‌ی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیان هێناوه و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا چه‌سپاندویانه، هه‌روه‌ها ئه‌زموونه دیینیه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه بووه، ئه‌وانیش هاتوون ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی كوردی‌یان هێناوه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا چه‌سپاندویانه، ئیدی له هه‌ردوو لایه‌نه‌وه نامۆییه‌ك دروست بووه، كه له‌ناو روحی كورده‌وه نه‌هاتۆته ده‌رێ، واته ئه‌و مامه‌ڵه‌یه مامه‌ڵه‌یه‌كی مه‌حره‌م نه‌بووه له‌گه‌ڵ رازه‌كانی كورددا، مه‌حره‌مێكی زاتی نه‌بووه، به‌ڵكو مه‌حره‌مێكی غه‌ریبه و نامۆكان بووه.
بۆئه‌وه‌ی بتوانیت له‌گه‌ڵ كورددا مامه‌ڵه بكه‌یت، ده‌بێت به‌جۆرێك مامه‌ڵه بكه‌ی كه له‌گه‌ڵ رۆحی كورددا بێته‌وه، له ده‌ره‌وه نه‌یهێنیت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بیچه‌سپێنی، به‌ڵكو له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بێته ده‌ره‌وه.
هه‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك تۆ حه‌ز له شتێك ده‌كه‌ی، ماندوو نابی و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵ ده‌كه‌ی، كاتێك كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه حه‌زی لێ ده‌كه‌ی، شه‌و ناخه‌وی شه‌ونخونی به‌دیاره‌وه ده‌كه‌ی، به‌ڵام كاتێك تاقیكردنه‌وه‌ت هه‌یه له‌و كتێبه‌دا، ئه‌و كات خه‌وت لێ ئه‌كه‌وێت، چونكه شتێكه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆته‌وه به‌سه‌ردا دراوه، خۆ هه‌ر هه‌مان كتێبه!
ئیسلامیش هه‌ر هه‌مان ئیسلامه، كاتێك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه دێته ده‌ره‌وه، كورده‌كان حه‌زی لێ ده‌كه‌ن، بۆیه ئێستا ده‌بینین جۆرێك ئیسلامی میللی له‌ناو كوردا ده‌بینین، جیایه له‌وانه‌ی له لایه‌ن ئیسلام ویسته‌كان (ئه‌حزابی ئیسلامی) ره‌نگ ده‌داته‌وه، كه هه‌تا ئێستاش به‌داخه‌وه نه‌یانتوانیوه یه‌كانگیریه‌ك دروست بكه‌ن، له نێوان ئه‌وه‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ناو رۆحی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بوونی هه‌یه.
ئیسلامێك هه‌یه له‌ناو رۆحی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا دێته ده‌رێ، ئیسلامێكش له ده‌ره‌وه، ئینجا چ ئیسلامی نه‌ته‌وه‌كانی تر بێت، بۆ نموونه عه‌ره‌به‌كان یان فه‌رسه‌كان یان توركه‌كان ده‌هێنرێت به‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ده‌چه‌سپێنرێت.
رێبۆ: كۆسپه‌كانی به‌رده‌م كه‌شف كردنی ئه‌م جۆره ئیسلامه كوردییه چین؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م ئیسلامه چه‌ندین ره‌هه‌ندی هه‌یه، ره‌هه‌ندێكی فیكری و مه‌عریفی هه‌یه، ئه‌ویش نه‌ناسینی ئه‌م ئیسلامه كوردییه‌یه، چ لای دیینیه‌كان چ له‌لای نادیینیه‌كان ئیسلامی كوردی‌یان نه‌ناسیوه.
ته‌نانه‌ت دیینیه‌كان، ئیسلام به‌وه ده‌ناسن، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌هێنرێت و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌یچه‌سپێنن، له لای نادیینیه‌كانیش ئیسلام ته‌نها به‌و بابه‌ته مێژووییه كۆنانه ده‌بینین، كه جێكه‌وتی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه و بۆته به‌شێك له مێژووی ئێمه و ده‌بێت وازی لێبهێنین، له‌كاتێكدا ئیسلام له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، گه‌وره‌ترین به‌شی كلتووری كوردییه، به‌ڵكو دڵی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه، ناكرێت كه‌سێك بیه‌وێت له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا گۆڕانكاری بكات، ئه‌م ئیسلامه ره‌چاو نه‌كات، هه‌روه‌ها زیندوێتی ئه‌م ئیسلامه نه‌بینێت كه چۆته ناو رۆحی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ ریفۆرمێك، هیچ گۆرانكاریه‌ك، له هیچكام له كایه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا به‌بێ حساب كردن بۆ ئه‌م ئیسلامه گونجاو نیه.
(ئیقبال لاهوری) ده‌ڵێت: “ریفۆرمی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ده‌بێت له ریفۆرمی ئایینی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات”، ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئایینی گونجاو، له‌گه‌ڵ كلتوری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا بكرێت، سه‌باره‌ت به ئایینی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌یش، بریتییه له ئیسلام، بۆیه ناكرێت پرۆژه‌ی رۆشنبیری كوردی بێ ئاگا بێت له‌و ئیسلامه‌ی روحی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی پێكهێناوه، كه‌واته كۆسپێكیان بریتیه له كۆسپی مه‌عریفی و نه‌زانین و نه‌ناسینی ئه‌م ئیسلامه، كۆسپێكی تریشان بریتییه له كۆسپی نه‌بوونی ئه‌زموونی روحی، ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵده‌ستن به ئیسلاح و گۆڕانكاری له ئه‌زموونی روحی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، تێناگه‌ن چونكه خۆیان خاوه‌نی ئه‌و ئه‌زموونانه نین، ئه‌وان ته‌ماشاچی ئه‌و ئه‌زموونه‌ن، بۆ نموونه كاتێك (ماندێلا) له ئه‌فریقا شۆڕش ده‌كات، وه (گاندی) له هندستان شۆڕش ده‌كات، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌زموونی روحی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان هه‌یه، ته‌نها مه‌عریفه و زانیاری وشكیان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان نیه، به‌ڵكو ئه‌زموونه‌كانیان تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی خۆیان، غاندی له‌هه‌مان كاتدا كه شۆڕشگێڕێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه بووه، رۆحانیه‌تێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ش بووه، بۆیه هه‌میشه گۆڕانكاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، بچووك بۆته‌وه له گۆڕانكاری سیاسی روكه‌شگه‌رایی، ئه‌گه‌ر ته‌عبیره قورئانیه‌كه به‌كاربێنین، وه‌ك ئه‌و دره‌خته‌ی ریشه‌ی نیه و به ره‌شه‌بایه‌ك ده‌كه‌وێت، ئێمه چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان وتووه ته‌نها ئه‌و شۆڕشانه توانیویانه مانه‌وه به خۆیانه‌وه ببینن، كه له رووی فیكری و مه‌عریفیه‌وه گۆڕانكاریان كردووه، بۆ نموونه ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی مه‌ولانا خایدی نه‌قشبه‌ندی و هه‌روه‌ها شۆڕشه‌كانی شێخه‌كانی ته‌ریقه‌ت، له شێخ عبدالله‌ی نه‌هریه‌وه تا ده‌گاته شۆڕشی شێخ محمودی نه‌مر، خۆشیان ئه‌زموونی روحییان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یاندا هه‌بووه، ئیتر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ویستویانه گۆڕانكاری بكه‌ن له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه، چونكه ویستویانه به بابه‌تێك گۆڕانكاری بكه‌ن، كه نامۆ بووه به رووحی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه و ئه‌زموونی روحی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه.
رێبۆ: گریمان ئه‌م ئیسلامه كوردییه كه‌شف كرا، ئایا چی پێشكه‌ش به كورد ده‌كات و له چی ده‌یپارێزێت؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: ئه‌م ئیسلامه كوردییه دوو شت پێشكه‌ش ده‌كات به كورد، هه‌روه‌ها له چه‌ند شتێكیش ده‌پیارێزت، ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، بریتییه له ئاشناكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له‌گه‌ڵ رۆحی خۆیدا و ده‌بێته روحی بزوێنه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه!
نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت ئایین خۆی بۆخۆی جێكه‌وتێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له گۆڕانكاریدا. كاتێك(ماكس فیبه‌ر) ده‌ڵێت: ته‌نها ده‌وڵه‌ته پرۆستانته‌كان توانیان ببنه ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار، چونكه ئه‌خلاقیاتی پرۆستانی ئه‌وه‌ی ده‌خواست.
به بۆچونی من به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلامی كوردی، جۆرێك له كرده‌یی بوون، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته مرۆڤی كورد جارێكی تر، عاشقانه ده‌بزوێت و كردار ده‌كات، شارستانیه‌تی خۆی دروست ده‌كات، دوای وێرانكردنێكی دوور و درێژ له‌لایه‌ن دوژمنانی ئێستا و كۆن، ده‌توانێت خۆی دروست بكاته‌وه، به كورتی ئیسلامی كوردی ئیسلامی كرده‌یی (عملی) دروست ده‌كات، ئه‌مه وا ده‌كات كورد زیاتر له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانی سه‌رده‌می نوێ خۆی بگونجێنێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر ئێمه نین واده‌كه‌ین، بۆ نموونه یابانیه‌كانیش هه‌روایان كردوه.
ده‌وترێت گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌م باوه‌ڕی به فیكری شیوعی و ئیشتراكی مابێت له دنیادا، هه‌روه‌ها ئه‌خلاقیاتی خۆیشی ره‌چاو بكات و ده‌وڵه‌تێكی پێشكه‌وتوش بێت، ئه‌وه یابانه، واته یابان هاتووه دیوه دیینیه‌كه‌ی ته‌وزیف كردۆته‌وه له‌و بواره‌دا و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵیدا په‌یدا كردووه، ئێمه‌یش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئیسلامی كوردیدا ئه‌وه بكه‌ین، واته جۆرێك له ئیسلامی كرده‌ییمان بۆ دروست ده‌بێت، هه‌م نامۆییبوونمان له‌كۆڵ ده‌بێته‌وه و گه‌نجه‌كان به رۆحی خۆیان ئاشنا ده‌بن و مانا به ژیانیان دروست ده‌بێت و ده‌زانن بۆچی ده‌ژین و بۆچی كار ده‌كه‌ن و بۆچی خزمه‌تی نیشتمان ده‌كه‌ن، هه‌میش له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌توانن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌دا بێنه‌وه و نامۆ نابن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان و ده‌توانن ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بخه‌نه ناو كۆمه‌ڵگه‌كانی سه‌رده‌می نوێوه، چونكه كاتێك مرۆڤ له‌خۆی نامۆ بوو و خۆی نه‌ناسی، ئیدی ناتوانێت كۆمه‌ڵگه‌كانی تر و نه‌ته‌وه‌كانی تر و مرۆڤه‌كانی تریش بناسێت.
ئیسلامی كوردی كورد بوونی ئیسلام ده‌پارێزێت، ئه‌مه‌ش سه‌ربه‌خۆییه‌ك ده‌دات به كورد، كه جیای بكاته‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ر، كه هه‌ركامێكیان به به‌شێك له خۆیانیان زانیوین له مێژوودا، واته سه‌ربه‌خۆبوونی ئێمه ده‌پارێزێت.
ئێمه ئێستا ده‌وڵه‌تیشمان نییه، ده‌وڵه‌تیش بێگومان ده‌سه‌ڵاته وه‌كو (فۆكۆ) ده‌ڵێت: هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیش مه‌عریفه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌خولقێنێت.
به‌بۆچوونی من ئه‌م تیوریایه‌ی (فۆكۆ) كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك فیكری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵاتی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌خولقێنێت، تیورییه‌كی ناكامڵه!
به‌ڵكو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك دینداری تایبه‌ت به‌خۆشی ده‌خولقێنێت، واته له‌گه‌ڵ جۆرێك له دینداری یه‌ك ده‌گرێته‌وه و گونجاوییه‌ك له نێوانیاندا دروست ده‌بێت، لێره‌وه كاتێك ئێمه بمانه‌وێت ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان ببێت، ده‌وڵه‌تیش شوناسێكی مۆدێرنه‌یه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌بێت له‌ناو مۆدێرنه‌دا ناژیت و له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژووی مۆدێرنه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه ده‌ڵێن كورد له ده‌ره‌وه‌ی مێژووه (واته له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی مۆدێرنه‌ی نوێیه) لێره‌وه كاتێك ئێمه ئیسلامی كوردی كه‌شف ده‌كه‌ین، به‌جۆرێك له جۆره‌كان یه‌كانگیریه‌ك له نێوان دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی و جۆری دینداری ئێمه دروست ده‌بێت، وه‌كو چۆن ئێستا ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا به‌ناوبانگه، كڵێسای به‌ریتانیایه، كه جیاوازه له كڵێسای نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری و سه‌ربه‌خۆیه‌كی هه‌یه، ئێمه‌ش جۆرێك له دینداری تایبه‌ت به‌خۆمان بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌م دیینداریه‌ش ده‌بێته ئامرازی ئێمه له پاڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، واته ئه‌و هه‌مه جۆریه‌ی ئه‌و كاته له‌ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، به قازانجی ئێمه‌ی كورد ده‌بێت، ئێمه‌یش به‌شداریمان ده‌بێت، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، دین بابه‌تێكی سه‌نته‌ریه و رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌م سه‌رده‌مه‌دا و پێشبینی ده‌كرێت، له داهاتوودا رۆڵی زیاتری هه‌بێت.
كاتێك توركه‌كان و فارسه‌كان و عه‌ره‌به‌كان، جۆرێك له دینداری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، كاتێكیش ئێمه كه‌شفی دینداری تایبه‌ت به خۆمان ده‌كه‌ین، خزمه‌ت به‌و هه‌مه جۆرییه ده‌كه‌ین له‌ناوچه‌كه‌دا كه ده‌بێته مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه.
مادام ئێمه وه‌كو حه‌قیقه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیسلامه ده‌كه‌ین، نه‌ك وه‌كو شوناسێك و به‌رگریكارێكی كوێرانه و ره‌گه‌زپه‌رستانه نه‌بین بۆ ئه‌و دینداریه‌ی خۆمان، ئیدی ده‌بێته ئامرازی گفتوگۆ، له‌گه‌ڵ جۆره ئه‌زموونه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه سود له یه‌كتری ده‌بینین، وه‌كو ئه‌وه‌ی له مێژوودا له قۆناغه‌كانی له‌مه‌وپێش نه‌ته‌وه‌كان پێكه‌وه ژیان و سود له‌و ئه‌زمونانه بینراوه، واته ئه‌و ئیزافه رۆحانیه‌ته‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی كردویه‌تی، بۆ فقهی رۆژئاوایی ئیسلامی، ئاخر ئه‌گه‌ر به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی بریتی بێت له كورد هه‌تا هیندستان و به‌شی رۆژئاوای بریتی بێت له عه‌ره‌به‌كان هه‌تا ئه‌نده‌لۆس، ئه‌وه‌ی له به‌شی رۆژئاوا سه‌نته‌ره فیقهه و ئه‌و به‌شه‌ش له رۆژهه‌ڵات سه‌نته‌ره، بریتیه له بابه‌ته رۆحییه‌كان.
ئه‌م ئیزافه‌یه‌ی به‌شی رۆژهه‌ڵات كردوویه‌تی، به قازانجی ئیسلام بووه، چونكه ته‌نها فیقهێكی وشك ده‌رنه‌چووه، دیوی روحیشی تیابووه و ئه‌و زیاده هونه‌رییه‌ی له هیندستان كراوه بۆ ئیسلام، به قازانجی ئیسلام بووه، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی له ئێران ئیزافه كراوه بۆ ئیسلام به قازانجی ئیسلام بووه، ئه‌و فیقه‌ی له ئه‌نده‌لوس ئیزافه كراوه، به قازانجی ئیسلام بووه، ئه‌و ئه‌زموونه كوردیه‌ش به قازانجی ئیسلام ده‌بێت.
ئه‌مه ده‌بێته هۆی زیاتر ناساندنی كورد و شوناسی تایبه‌تی كوردیش و ئه‌م شوناسه‌ش ئامرازی گه‌یاندنی ئێمه‌یه به‌وانی دیكه و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیان، به‌مه‌ش ئێمه له توانه‌وه ده‌پارێزرێین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به ناسینی ئه‌مه ده‌توانین گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان بكه‌ین، چونكه وه‌كو وتم دین بابه‌تێكی سه‌نته‌رییه له ریفۆرمدا، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه ماركس وتویه‌تی: گۆڕاكاری له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌بێ گۆڕانكاری له ئاییندا ناكرێت و فه‌یله‌سوفێكیتریش ده‌ڵێت: قورسترین گۆڕانكاری ئه‌م گۆڕانكاریه‌یه، تۆ تاكو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و دینی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌گه‌یه نه‌ناسی، چۆن گۆڕانكاری تێدا ده‌كه‌ی!
كاتێك ئێمه ده‌ڵێین كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوین و نه‌مان توانیووه بچینه ریزی كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانه‌وه، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه پێویستمان به‌ناسینی خۆمان هه‌یه، پێویستان به ناسینی ئیسلامی كوردی هه‌یه، هه‌تا بتوانین له رێی وه‌رگێڕانی كلتوورییه‌وه خۆمان بگه‌یه‌نینه ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی ئێستا له دنیادا رۆڵیان هه‌یه و خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن و ببینه به‌شێك له‌وانه، ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌ش له‌ناو ئێمه و له‌ناو دیینداری ئێمه‌دا بوونی هه‌یه.
رێبۆ: به‌ڵام ئایا له‌م دۆخه‌ی ئێستای كورددا، ئه‌و توانایه ده‌بینیت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات، كه ئه‌و پرۆژه‌یه له واقیعدا بچه‌سپێنریێت؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به دڵنیایه‌وه به‌ڵێ، چونكه ئه‌مه پێویستی به هێنانی ته‌كنه‌لۆجیای ده‌ره‌وه نیه، رۆحی خۆی كه‌شف ده‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌یه، مادام ئیراده‌ی هه‌بێت و بیه‌وێت به‌خۆیدا بچێته‌وه و ده‌سته‌بژێر و نوخبه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه به‌خۆیاندا بچنه‌وه و راستگۆبن له‌گه‌ڵ خۆیاندا و ئه‌خلاقیانه و عه‌قڵانیانه و رۆحیانه و ستاتیكانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆیاندا بكه‌ن، به‌ڵێ ده‌توانن ئه‌وه بكه‌ن، به‌بۆچوونی من باشترین رێگه‌یشه بۆئه‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ واقعی نوێ‌دا یه‌ك بگرێته‌وه، به‌بێ ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین گۆڕانكاری له‌ناو خۆماندا بكه‌ین.
رێبۆ: به‌ڵام بۆچونێك هه‌یه پێیوایه، مادام كورد سه‌ركردایه‌تیه‌كی به‌هێزی نیه، توانای ئه‌وه‌شی نیه بیر له پڕۆژه‌یه‌كی وا بكاته‌وه یان بڕیار له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی وا بدات، تۆ له‌م باره‌یه‌وه چ بۆچوونێكت هه‌یه؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به‌بۆچوونی من كێشه نه‌بوونی سه‌ركرده و سه‌ركردایه‌تی به‌هێز و ئه‌و بابه‌تانه نیه، به‌ڵكو خۆی بۆ خۆی ژیان له‌ناو ئیسلامی كوردیدا و ژیانێكی ئه‌خلاقیانه و رۆحانیانه و عه‌قڵانیانه و ستاتیكیانه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌تانه سه‌ركرده‌ی به‌هێز ده‌خولقێنێت!
واته بابه‌ته‌كه ئه‌وه نیه كه سه‌ركرده‌ی به‌هێزمان نیه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێر و نوخبه‌ی ئێمه به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه ناكات، ئیتر سه‌ركرده‌ی به‌هێزی تێدا دروست نابێت، واته نه‌بوونی سه‌ركرده ده‌رئه‌نجامی نه‌بوونی ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه‌یه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌مان نیه ئیدی ئه‌م ئه‌زموونه دروست نابێت.
رێبۆ: لێره‌دا پرسیارێك درووست ده‌بێت، ئایا رۆڵی ئیسلامی سیاسی چی ده‌بێت، چونكه بۆچوونێك هه‌یه پێوایه ئیسلامی سیاسی، رێگره له هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه ده‌رگیر بێت، له‌گه‌ڵ ره‌هه‌نده رۆحییه‌كانی ئاین، پێتوایه ئه‌وان رێ له‌م پرۆژه‌یه بگرێت؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به بۆچونی من، وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته زۆربه‌ی جاره‌كان وروژاندنێكی سیاسییه، نه‌ك وروژاندنێكی فیكری و روحی، هێزه دیینیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه (ئه‌وانه‌ی دژه‌كانیان ناویان ده‌نێن ئیسلامی سیاسی)، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی دیینه‌وه سیاسه‌ت بكه‌ن و پێیانوایه له‌ناو دییندا سیاسه‌ت بوونی هه‌یه و پێیان وایه به دروستكردنی سیاسه‌تێكی ئه‌خلاقی، ده‌توانن گۆڕانكاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دروست بكه‌ن، ئه‌مانیش به‌شێكن له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه و ده‌توانن مامه‌ڵه‌ی روحی له‌گه‌ڵ ئیسلامی كوردیدا بكه‌ن و به‌ڵكو ئه‌وان به بوونی ئه‌ده‌بیاتی دینیان ئاسانتر ئاشنا ده‌بن به‌م بابه‌ته ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه هه‌تا ئێستاش جۆری مامه‌ڵه‌یان مامه‌ڵه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ ئیسلامی كوردیدا نایه‌ته‌وه، واته ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یان هێناوه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه به بۆچوونی ئه‌وان، ئه‌و ئه‌زموونانه مادام له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی تردا سه‌ركه‌وتوو بووه، ئیتر واده‌زانن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، بۆ نموونه هێنانی هزری گروپه‌كانی وه‌كو (اخوان مسلیمین) و كۆمه‌ڵه‌ی (نور) له توركیا و هه‌روه‌ها له‌ناو به‌شه شیعه‌كه‌ی كوردی به‌هێنانی (تشیع) له هه‌ندێ ناوچه‌دا، واده‌زانن ده‌توانن گۆرانكاری بكه‌ن، دیاره ئه‌م كاره‌شیان به‌و ویسته نیه كه بیانه‌وێت خراپه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ن، نه‌خێر واده‌زانن مادام ئه‌و ئه‌زمونه لای نه‌ته‌وه‌كانیتر سه‌ركه‌وتوو بووه، لێره‌ش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، لای ئه‌وان تێكه‌ڵیه‌ك له نێوان خودی دیین و ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا دروست بووه، بۆ نموونه واده‌زانن ئه‌و ئه‌زموونه دینیه‌ی له‌ناو عه‌ره‌به‌كان دروستبووه خودی ئیسلامه، ئیدی چ ئیخوانه‌كان چ سه‌له‌فیه‌كان چ ئه‌و گروپانه‌ی دیكه كه ئه‌زموونی عه‌ره‌بی ده‌گوازنه‌وه، واته گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كه به خودی ئیسلام ده‌بینن، وه‌كو چۆن عه‌ره‌به‌كان وا سه‌یری ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه ئه‌زموونه توركییه‌كه یان فارسییه‌كه یان شیعه‌كه ده‌گوازنه‌وه به‌هه‌مان شێوه.
به‌ڵام ئه‌م گروپانه، به بۆچوونی من نزیكترین كه‌سن، ئاسانتر ده‌توانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیسلامه كوردیه‌دا بكه‌ن، به حوكمی مژۆڵ بوونیان به ئه‌ده‌بیاتی دیینی، ئاسانتر ده‌كرێت به زمانی كوردی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، وه‌كو پێشتر وتم واته ئه‌مانه رێگرنین له رێی كه‌شفكردنی ئه‌م جۆره ئیسلامه، ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی نه‌بێت كه له‌ڕووی مه‌عریفیه‌وه ئه‌وه‌یان كردووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی وستبێتیان خراپه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان بكه‌ن، دیاره ئه‌وانیش یه‌ك گروپ و یه‌ك تاقم نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌یری ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ئیسلامی سیاسی منیش پێی ده‌ڵێم گروپ و حیزبه دیینییه ئیسلامییه‌كان، ئه‌وان هیچ خراپه‌یه‌كی گه‌وره‌یان دره‌حه‌ق به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌كردووه له‌و بوارده‌دا.
له پرسیاره‌كه‌دا وتوته هێزه ئیسلامییه‌كان رێگرن له‌م پڕۆژه‌یه؟
به بۆچوونی من نه‌خێر هێزه ئیسلامیه‌كان رێگرنین له‌م پڕۆژه‌یه، هێنده‌ی خه‌ڵكی دیكه رێگرن، وه‌كو چۆن مومكینه عه‌لمانیه‌كان رێگربن، له‌به‌رده‌م خودی پڕۆژه‌ی دینیدا ئه‌مان نزیكترن، چونكه دیینیان قبوڵه، به‌ڵام جۆری مامه‌ڵه‌ی ئه‌مان له‌گه‌ڵ ئیسلامی كوردیدا، ئاشنایه‌تی و گفتوگۆ كردنی له‌گه‌ڵدا پێویسته، هه‌روه‌ها عه‌لمه‌نیه‌كانیش پێویسته به‌م به‌شه گه‌وره‌ی كلتوری كوردی شاره‌زابن.
پێوسته هه‌ردوولا چ ئیسلامیه‌كان و چ سیكۆلاریسته‌كان، له‌وه تێبگه‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م ئیسلامه كوردییه و به‌بێ دروستكردنی ریفۆرمی ئایینی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ناتوانین كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان پارێزگاری لێ بكه‌ین و گۆڕانكاری تێدا بكه‌ین و بره و گه‌شه‌ی پێ بده‌ین.
كه‌واته له‌ناو هه‌موو گروپه‌كاندا (دیینیه‌كان و غیر دیینیه‌كان)، رێگر هه‌یه له‌رێی ئه‌وه‌ی ئه‌م ئیسلامه كوردیه باس بكرێت، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كاتێك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان خسته‌ڕوو، زۆر ئازاریان داین و زۆر شتمان به‌رامبه‌ر دروستكرا، به‌ڵام دواجار ئه‌وانیش كه‌مینه‌یه‌كن، ئه‌وانیش له رێگه‌ی نه‌زانین و نه‌بوونی مه‌عریفییه‌وه ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گینا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌م ئیسلامیه‌كان هه‌م هێزه عه‌لمانییه تێگه‌یشتووه‌كان، ده‌توانن له‌م بابه‌ته تێبگه‌ن و مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی كه‌مینیه‌ك له دیینیه‌كان و سیكۆلاریسته‌كان، دژایه‌تی ئه‌م پڕۆژه‌یه بكه‌ن یاخود دژایه‌تی خودی ئایین بكه‌ن، به‌ڵام ده‌كرێت ئیسلامییه‌كان ئه‌و مرۆڤه ره‌سه‌نانه بن، كه بتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیسلامه كوردییه‌دا بكه‌ن و زوو به‌م بابه‌ته ئاشنابن، وه مێژووی كوردیش شایه‌تی ئه‌مه‌یه، بۆ نموونه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی (مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی) چ گۆڕانكارییه‌كی شارستانی و روحی و ئابوری و سیاسی له وڵاتی كورده‌واریدا دروست ده‌بێت، كه بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له پێش ئه‌وه گۆڕانكاری كه‌م روویداوه، كه‌واته له رێگه‌ی دیینیه‌كانه‌وه ئاسانتر ده‌توانرێت، ئه‌وان نه‌ك رێگرنین به‌ڵكو یارمه‌تی ده‌رن و باشتر ده‌توانن، خزمه‌تی ئیسلامی كوردی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر تێبگه‌ن ئیسلامی كوردی چییه.