قەشەیەك تەشهیر بە زانایانی ئایینی كوردستان دەكات
نوچهنێت – ههولێر:
دوای ئهوهی کۆمەڵێك لە مامۆستایانی ئایینی سلێمانی کۆبونەوەیەکی هاوسۆزی و پشتگیریان بۆ کۆبانێ ئەنجام داوە و کۆمەڵێك دروشمی پشتگیریان بەرزکردۆتەوە،کەچی قەشەیەك هەڵستاوە دەستکاری وێنەکانیانی کردون و سوكایەتی بەومامۆستایانە كردوە،یەكێتی زانایانیش رایدەگەێنێت،ئەم كارە هیچی كەمتر نییه لە كاری گروپە تیرۆریستیەكان و پێویستە داواكاری گشتی رۆڵی مەیدانی خۆی ببینێت.
ماڵپەڕی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بڵاوی کردەوە”لە ناخۆشترین ساتەکانی هەڵمەتی درندانە بۆ سەر کۆبانێ، کۆمەڵێك لە مامۆستایانی شاری سلێمانی، کە بەرپرس و ئەندامانی لقی سلێمانی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانن، کۆبونەوەیەکی هاوسۆزی و پشتگیریان بۆ کۆبانێ ئەنجام داوە، لەوێدا مامۆستایەکان کۆمەڵێك دروشمی پشتگیریان بەرزکردۆتەوەو گوزارشت لە پشتگیریان دەکات،دوو لەو مامۆستا بەرێزانە یەکەو کاغەزێکیان بەرزکردۆتەوە کە لێیان نووسراوە:(ئێمە هەموومان کۆبانێین)، (کۆبانی لەگەڵتاین). کەچی قەشەیەك بەناوی (ئازاد بەرواری) هەڵستاوە دەستکاری وێنەکانی کردووەو لەسەری نووسیون: (هەموومان داعشین)،(داعش بە تەنها نیت).بەم کارەی دەیەوێت وای پیشان بدات کە ئەو مامۆستا بەرێزانە پشتیوانی داعشن“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بەڵام هەر بۆ ریسوایی و شەرمەزاربوونی ئەو کەسە،لە بیری چووە لافیتەی سێیەم دەستکاری بکات.بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان،بەتایبەتی داواكاری گشتی رۆڵی مەیدانی خۆی ببینێت، چونكە ئەمە وێڕای شێواندنی كارێكی باشە بۆ خراپ، لە هەمان كاتدا هەوڵێكی دیكەیە بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئایینی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەم كارە هیچی كەمتر نییه لە كاری گروپە تیرۆریستیەكان“.
لەلایەكی تریشەوە مامۆستا جەعفەر گوانی،بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەكێتی زانایان، لەبابەتێكدا بەناونیشانی(ئەم کۆلکە قەشە فیتنەچییە چی لەم مامۆستایانە دەوێت؟)نوسیویەتی”بەو قەشە بوختانچییە دەڵێین:(تۆ کە تەواوی ماڵت شوشەیە بەرد لە ماڵی خەڵك مەگرە،چونکە ئەوە ئایینی ئێمە نەبوو ململانێی لە نێوان زانست و ئایین بەرپا کرد،لە وڵاتانی ئێمە دادگاکانی تەفتیش دانەمەزران بۆ کوشتن و سوتاندنی زانایان و چۆک پێداهێنانیان،ئەوە موسلمانان نەبوون بریاریان دابێت تەنها لەسەر دۆزینەوەی زانستی لاشەی زانایانیان بە بزمار پارچە پارچە کردبێت و دوای مردن لاشە بێ گیانەکانیان دادگایی کردبێت.ئەوە کارەکانی کلێسا بوون، خۆ ئەگەر لە بن دەستی هەڵنەهاتبایە ئێستاش رۆژئاوا لەم تاریکستانە دەژیا،ئەوەی ئەو موسلمانە سەرلێشێواوانە ئەنجامی دەدەن بەشێکی زۆر زۆر کەمە لە ئاست کارە پیرۆزەکانی کلێساکەی ئێوە،جیاوازی ئەوەیە موسڵمانان دژی ئەم کارانەن، بەڵام ئێوە بە پیرۆزتان دەزانی)“.
گوانی لەبەشێكی تری نوسینەكەی دەڵێت”بەو قەشە بوختانچییە دەلێین:(ئەو مامۆستا ئایینیانە سووتاوی کوردستانن،وەستاون تا دنیا بۆ کۆبانێ بێننە دەنگ،کەچی تۆ بوختانیان پێ دەکەیت،لەو کاتەی هەموومان خەریکین ناو ماڵی کوردستان تووندتر دەکەین و گیانی برایەتی و پێکەوەژیان قووڵتر دەکەینەوە،تۆ بە چ ئەقڵ و ویژدانێك ئەم کارە دەکەیت،پێم ناڵێی جیاوازی تۆ لەگەڵ ئەو موسڵمانە سەرلێشیواوانە چییە کە دینی رەحمەت دژی مرۆڤایەتی بەکار دەهێنن،بۆیە بە دڵنیاییەوە: تۆ تیرۆریستی خەوتووی، هیچت کەمتر نییە لەم تیرۆریستانەو دەتەوێت لەم کاتە هەستیارە پەرە بە فکرە تیرۆریستییەکەت بدەیت. بەڵام خەیاڵت خاوە: ئەم لانکەی پێکەوەژیانە بهەژێنیت“.