یەكگرتوو : زۆرێك لە رۆژنامەنووسان بەدوای نان و پارەو بەرژەوەندی تاكەكەسی كەوتوون
نوچەنێت – هەولیر:
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتوو،رایگەیاند،زۆرێك لە رۆژنامەنووسان بەدوای نان و پارەو بەرژەوەندی كەسین،دەشڵێت،زۆر پێویستە ئەو جۆرە كەسانەی كەناوی پیرۆزی رۆژنامەنووسی و كاری راگەیاندكاری ناشیرین دەكەن، ئەندامێتیان لێ وەربگیرێتەوە.
سەبارەت بە رەوشی راگەیاندن و كاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان و ئاخۆ دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان تا چەند پابەندن بە رێساو بنەماكان و ئیتیكی رۆژنامەوانی،رێبوار سەید گوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكیدا بە سایتی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاندوە”دەبێ سەندیكای رۆژنامەنووسان ئەو كەسانە دیاری بكات كە خۆیان هەڵواسیوە بەناوی رۆژنامەنوس و رۆشنبیرو سوود وەرگرتن لەو ئازادیەی ئەمرۆ لە هەرێمدا هەیە بۆ بەرژەوەندی كەسی یان بۆ خزمەتی حزبێك یا بۆ هەر بابەتێكی نەشیاوی تر،بەداخەوە زۆرێك لە رۆژنامەنووسان بە دوای نان و پارەو بەرژەوەندی تاكەكەسی كەوتوون، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن نووسین و ووتن و ئاخاوتن ئەمانە هەمووی بەرپرسیارەتیەو پرسیاری لێ دەكرێتەوە“.
سەید گوڵ،راشیگەیاند”لەبەرئەوەی ئێمەی كورد تووشی جەنگێكی نارەوا بوینەتەوەو هەوڵ دەدرێت ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان پێی گەیشتوە لەباری ببەن بۆیە دەبێ ووریای هەندێ هەواڵ بین كە دوژمنەكانمان بە سەلبی سودی لێ دەبینن“.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتوو دەشڵێت”زۆر پێویستە ئەو جۆرە كەسانەی كەناوی پیرۆزی رۆژنامەنووسی و كاری راگەیاندكاری ناشیرین دەكەن،ئەندامێتیان لێ وەربگیرێتەوەو وەزارەتی رۆشنبیری بەكاری خۆی هەڵسێت و ئیدانەو مەحكوم بكرێن بە پێی یاسای ووڵات و لەهیچ رۆژنامەو كەناڵێكی راگەیاندن كاریان بڵاونەكرێتەوە“.
سەید گوڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە”دابەزاندنی هەواڵ و ڕووداوەكان لە دەزگاكانی راگەیاندنی یەكگرتوو جوان لە پرەنسیپەكانی خۆمانی دەدەین پاشان بڵاوی دەكەینەوە بۆیە ئێمە چاو لە خەڵكی ناكەین و چاوەرێی كەسیش ناكەین بە قەد ئەوەی كە بۆ بەرژەوەندی كورد گرنگە ئەوە بڵاوبێتەوە،بەرژەوەندی كوردستان و پرسە نیشتیمانیەكان هێڵی سورن لای ئێمە بۆیە ئێمە وەك مەكتەبی راگەیاندن و راگەیاندكارانمان لە بینراو و بیستراو و خوێندراو پابەندین بەو دوو ئامانجە كە لە هێڵە ستراتیژیەكانی كۆنگرەی شەشەمی یەكگرتووە“.