هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئیسلامی سیاسی هه‌میشه ویستوویه‌تی پرسیاره رۆحییه‌كان له بیر خۆی به‌رێته‌وه
دین سرووشتێكی جیوه‌یی هه‌یه، كاتێك كه ده‌جوڵێیت، له‌گه‌ڵت ته‌ماهی ده‌كات، له شوێنی خۆت بووه‌ستییت داگیرت ده‌كات
له‌م ته‌وه‌ره‌دا ئێمه به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین، كه ده‌رباره‌ی ئاین و ناسیۆنالیزم و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیانن، تا له‌و رێیه‌وه پرسی درووستكردنی شێوازێكی كوردیانه‌ی دینداری، بۆ دینی ئیسلام بخه‌ینه به‌ر باس، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین، وروژاندنی ئه‌م پرسه، له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی هه‌یه و ده‌توانێت له زۆر رووه‌وه كۆمه‌كی كورد بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، وه‌ك پارێزگاری كردن له شوناسی كوردی و ره‌تكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له رێی ئاینه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان و تواندنه‌وه‌ی به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كانیان داوه، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌ستگرتن به به‌ها و تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد و درووستكردنی شێوازێك بۆ دینداری، كه له هه‌ناوی كورده‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه‌یش له رابردوودا نموونه‌ی هه‌بووه.
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین، یه‌كێكه له رۆشنبیره جددییه‌كان و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا، به دوو به‌ش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ر ده‌داته‌وه، هاوژین ده‌ڵێت “ئه‌و رۆژه هاتووه ئێمه ئه‌م قسه راسته‌قینه له‌گه‌ڵ خۆماندا بكه‌ین، كه هه‌موو ئه‌و شكست و سه‌رشۆڕیی و ده‌سته‌وسانیانه‌ی به‌سه‌رمان دێن، تاوانباره گه‌وره‌كه خۆمانین، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه و راستگۆیانه روو بكه‌ینه خۆمان و بپرسین، ده‌مانه‌وێت چی بكه‌ین و چی بین و بۆ كوێ بچین، كێ دۆستی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه و كێ دوژمنی راسته‌قینه‌مانه، كه به ته‌سه‌وری من، دواجار ره‌نگه وه‌ڵامه قورسه‌كه ئه‌وه بێت، كه دوژمنی راسته‌قینه‌ی ئێمه، خودی خۆمانین، خودی ئه‌و پوچه‌ڵییه گه‌وره‌یه‌یه كه پێیده‌وترێت، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد”.
سازدانی ته‌وه‌ر: رێبۆ ره‌زا
به‌شی دووه‌م و كۆتایی
رێبۆ: ده‌مه‌وێت بۆچوونێكی خۆمت پێ‌بڵێم و بۆچوونه‌كه‌یش بكه‌مه كرۆكی پرسیارێك، بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر مه‌سه‌له رۆحییه‌كانی ئێمه، به بۆچوونی من هه‌تا ئایین له ده‌ستی خوداناسه گه‌وره‌كان و ته‌كییه و ته‌ریقه‌ته‌كاندا بوو، شتێكی تر بوو، به‌های رۆحی هه‌بوو، په‌یوه‌ندی مرۆڤ و خودای به شێوه‌یه‌كی رۆحی داڕشتبوو، دوور بوو له هه‌ر توندوتیژییه‌ك، به‌ڵام كاتێك ئایین كه‌وته ده‌ست ئیسلامی سیاسی، ئیتر هه‌رچی به‌های رۆحی هه‌یه له ده‌ستی دا و بوو به پرۆژه‌یه‌كی تۆتالیتاری، كه خه‌ونه‌كانی مرۆڤ ده‌كوژێت و هه‌نگاوه‌كانی مرۆڤ ده‌به‌ستێت و ناهێڵێت ئه‌سڵه‌ن بیر بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر له رووی تیورییه‌وه سه‌یری ئه‌م دوو دونیایه بكه‌ین كه ئایین له هه‌ر كامێكیاندا به‌شێوه‌یه‌ك خۆی ده‌رده‌خات، جیاوازییه‌كانیان چین؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: منیش له رێی نموونه‌یه‌كه‌وه وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، ده‌ستێك هه‌یه به‌رهه‌مهێنی هه‌قیقه‌ته‌كانه، له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌ته‌كاندا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كات و دواجار به‌رهه‌مهێنی راسته‌قینه‌ی مانای ئایینییه له ژیانی ئینسانه‌كاندا، له به‌رانبه‌ردا ده‌ستێكیش هه‌یه له‌و ورده بارزگانه فرۆشیارانه ده‌چێت، كه ئه‌وه‌ی ده‌ستی تر به‌رهه‌می هێناوه، ئه‌وان له بازاڕه‌كاندا پاره‌ی پێ په‌یدا ده‌كه‌ن و له دووكانه بچووكه‌كانی خۆیاندا ده‌یفرۆشنه‌وه، جیاوازیی نێوان ئه‌و دوو دونیایه به قه‌ده‌ر جیاوازیی نێوان ئه‌م دوو ده‌سته‌یه كه له‌م نموونه‌دا باسم كردن.
به شێوه‌یه‌كی تر ده‌توانم بڵێم جیاوازیی نێوان كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر كاڵایه‌ك و ئه‌و ورده بارزگانانه‌ی كه له دووكانه بچووكه‌كانی خۆیان، له بازاڕه‌كاندا سه‌رقاڵی فرۆشتنی ئه‌و كاڵایانه‌ن چه‌نده و چییه، جیاوازییه‌كی ئاوایش هه‌یه له نێوان ئه‌و هێزه‌ی كه پێیده‌وترێت ئیسلامی سیاسیی، له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆحانی و سۆفییه گه‌ورانه‌ی له نموونه‌ی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی و تێكڕای سۆفیزم به هه‌موو مانا مێژوویی و مانا ئینسانییه قووڵه‌كه‌ی، چونكه فه‌رق ده‌كات كاتێك كه ئینسانێك له‌گه‌ڵ راسته‌قینه له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تێكی زیندووی رۆحیی قوڵ ده‌رگیره و خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی هه‌قیقه‌ته، رێك و راست له‌و جیاوازییه ده‌چێت، كه شاعیرێكی گه‌وره هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ بێژه‌ری رادیۆیه‌ك یان ته‌له‌فزیۆنێك، كه شیعری ئه‌و شاعیره ده‌خوێنێته‌وه، واته به‌رهه‌مهێنان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مانا قوڵانه، له‌گه‌ڵ ته‌وزیفكردنه‌وه‌یان بۆ كایه‌ی سیاسیی یان فرۆشتنیان به خه‌ڵك و مامه‌ڵه پێوه‌كردنیان، دواجار ئیستیغلال كردنیان بۆ به ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی، زۆر جیاوازه، ئه‌و مرۆڤانه “سۆفی و عارفه‌كان” هه‌ڵگری كێشه‌و پرسیاری رۆحیی قوڵن، مه‌سه‌له رۆحییه‌كان بۆیان پرسیاری راسته‌قینه‌یه، نه‌ك فرۆشتن و به‌كارهێنانی رۆژانه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌تانه.
ئیسلامی سیاسی به درێژایی مێژووی خۆی، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیاره رۆحییانه‌دا ده‌گیر نه‌بووه، هه‌میشه ویستوویه‌تی له بیری خۆییان به‌رێته‌وه و لێیان دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌سڵه‌ن ویستوویه‌تی ئه‌و نیگه‌رانییه قوڵانه‌ی كه له بواری رۆحیی و ئایینی‌دا هه‌ن، له ناو كۆمه‌ڵگه‌كاندا سه‌ركووتیان بكات و پرسیاره ئاینییه‌كانی ئێمه بكوژێت.
رێبۆ: له هه‌ردوو دونیاكه واته دونیای سۆفیزم كه ئینسان ده‌رگیر ده‌كات به پرسیاره رۆحییه‌كانه‌وه و به جۆرێك له جۆره‌كانیش ده‌یخاته سه‌ر رێیه‌ك بۆ گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت، له‌گه‌ڵ دونیای ئیسلامی سیاسی كه شه‌ریعه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌و رێیه‌وه ویسته تۆتالیتارییه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌چه‌سپێنێت و خۆی وه‌ك هه‌قیقه‌تێك نمایش ده‌كات و رێ له پرسیار‌و بیركردنه‌وه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێت، هه‌ر یه‌كه له‌م دوو دونیایه خاوه‌ن رێبازی تایبه‌تی ئیمانداریی خۆیانن، به خوێندنه‌وه‌ی ئێوه كام رێبازییان له‌گه‌ڵ رۆحی كوردیی نزیكه، تا بتوانرێت سودی لێوه‌ر بگیرێت بۆ درووستكردنی پرۆژه‌یه‌كی ریفۆرمی ئایینی، بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی نوێی شێوازێكی كوردییانه بۆ دینداریی؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: به بڕوای من ئه‌مه پرسیارێك نیه كه تایبه‌ت بكرێت به رۆحی كوردیی، یان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، له ناو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كاتێك هێزی راسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مهێنی ئابووریی راسته‌قینه هه‌یه و خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگه ده‌كات، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و هێزه، به‌ها رۆحییه‌كانیش خزمه‌ت به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كات، كێشه گه‌وره‌كه بریتییه له‌وه‌ی كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئینسانێكی مشه‌خۆر و به‌رخۆر و له‌گه‌ڵ ئینسانێكی به‌رهه‌مهێن كێشه‌مان هه‌یه، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك چه‌نده پێویستیی به‌وه هه‌یه، كه كۆمه‌ڵێك ده‌ستی راسته‌قینه‌ی كار و به‌رهه‌مهێنی تێدا بێت، كه كاڵای بۆ به‌رهه‌مبهێنن، یان بیركردنه‌وه‌ی بۆ به‌رهه‌مبهێنن، كه شیعری بۆ به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌وه‌نده‌یش پێویستی به‌وه هه‌یه، كه كۆمه‌ڵێك ئینسانی تێدا بێت، كه رۆحانییه‌تی بۆ به‌رهه‌مبهێنن، مانای رۆحیی بۆ به‌رهه‌م بهێنن، عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌ی بۆ به‌رهه‌مبهێنن، كاتێك كه ئه‌م ئینسانانه نامێنن، چۆن له بواری ئابوورییدا له جیاتی به‌رهه‌مهێنان خه‌ریكی به‌رخۆریین، به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر ئاستی فیكریی و رۆحیی و دینداری و كه‌لتوور و عه‌قڵیش ئه‌م نمایشه خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.
مه‌سه‌له‌كه ته‌نها ئه‌وه‌نده نیه كه ئه‌و هێزه رۆحییه راسته‌قینانه چ مانایه‌ك به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌ڵكو‌وه‌ك هه‌موو ده‌ستێكی به‌رهه‌مهێنی تر له ناو واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌مانه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كت هه‌یه كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كت هه‌یه كه ده‌ستی راسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مهێنی تێدایه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كت هه‌یه، كه ده‌ستی به‌رهه‌مهێنانی مانا‌و به‌رهه‌مهێنانی رۆحانییه‌تی هه‌یه، قودره‌تی ده‌رگیربوونی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئاسمان، ئه‌مه باس له به‌هێزیی ئینسان و كۆمه‌ڵگه ده‌كات، باس له‌وه ده‌كات كاتێك كه تۆ ئینسانی وه‌هات هه‌بوو له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌توانی خه‌ون به داهاتووی سیاسیی گه‌شه‌وه ببینیت، ده‌توانیت خه‌ون به سه‌نگینییه‌وه ببنیت، ده‌توانی خه‌ون به ماناوه ببینیت.
ئه‌گه‌ر ئێمه راستگۆ بین له‌گه‌ڵ خۆمان، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه له دوای راپه‌ڕینه‌وه باس له‌وه ده‌كات، ئێمه قودره‌تی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بیشمان نه‌ماوه، قودره‌تی به‌رهه‌مهێنانی شیعرمان نه‌ماوه، قودره‌تی به‌رهه‌مهێنانی رۆمانمان نه‌ماوه، چۆن له كایه‌ی ئابووریدا بووین به به‌رخۆری عه‌جیب و غه‌ریب، بووین به كۆمه‌ڵێك كه‌سی ده‌ستوپێ سپی، كه وه‌ك كۆمه‌ڵێك زه‌رنه‌قووته چاوه‌ڕوانین له‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ره‌وه كه‌سێك بێت و شتێك بكات به قوڕگماندا، ئاوایش له‌سه‌ر ئاستی به‌رهه‌مهێنانی مانا و كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب و شیعر و گۆرانی و مۆسیقایش هه‌مان شت خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.
رێبۆ: كه‌واته جیاوازیی چییه له نێوان ئه‌و هێزه ناوخۆییه‌ی كار له‌سه‌ر كوشتنی مانا ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و فشارانه‌ی ده‌وروبه‌ر كه ده‌یانه‌وێت هه‌ر خودی خۆیشمان له ناو به‌رن یان له ناو خۆیاندا بمانتوێننه‌وه، ئایا به بڕوای تۆ زیانی هه‌ردووكیان ته‌ریب و یه‌كسان نین به یه‌ك؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئێمه ئێستا باسی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه خوداناسی گه‌وره و رۆحانیی گه‌وره و موفه‌كیری گه‌وره‌ی دینمان نین، باسمان له‌وه ده‌كرد كه به راستیی ئینسانمان نیه كه له‌گه‌ڵ ئاسمان ده‌رگیر بێت، به‌ڵام كێشه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێمه ته‌نانه‌ت ئینسانێكیشمان نیه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌رگیر ببێت، بۆیه كاتێك كه خه‌ونه‌كان به‌مشێوه‌یه داده‌ڕمێن، ئه‌ستمه بتوانین بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه رۆحانیی گه‌وره‌مان هه‌بێت، چونكه هه‌موو خه‌ونبینێك پێویستی به هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی راسته‌قینه هه‌یه، كه بتوانێت ململانێی راسته‌قینه و به‌ركه‌وتنی راسته‌قینه درووست بكات، پێویستت به ئینسانێكه كه دانه‌بڕابێت له زه‌وییه‌كه‌ی خۆی، پێویستت به ئینسانێكه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تێیدا ده‌ژیی و ئه‌و سرووشته‌ی تێیدا ده‌ژی، ده‌رگیربوونی راسته‌قینه‌ی هه‌بێت.
كاتێك كه هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان و هۆكاره ناوخۆییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕۆن، كه تۆ هه‌ڵكه‌نن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی تێیدا ده‌ژیت و دوورت بخه‌نه‌وه له‌به‌ركه‌وتنی راسته‌قینه به ژیان، ئیتر نا‌توانیت خه‌ون به به‌رهه‌مهێنانه‌وه ببینیت، لێره‌دا مه‌به‌ستم به‌رهه‌مهێنانه به مانا فراوانه‌كه‌ی، وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی كه‌لتوور و ئه‌خلاق و سیاسه‌ت و ئابووری و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مهێنانی خودیش، دواجار به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بۆ خۆی، كه دۆخێكی پڕ ده‌سته‌وسانیی ئاوا درووست بوو كه تۆ نه‌تووانی باس له‌م چه‌مكانه و له‌م به‌ها‌و مانایانه بكه‌یت و ده‌رگیر بیت له‌گه‌ڵ واقیعیێكی وه‌هادا، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ست گه‌یشتن به ئاسمان، قسه كردن له‌سه‌ر ته‌فسیر كردنه‌وه‌ی ئایین جارێكی تر، یاخود ئایین دابڕێژیته‌وه جارێكی تر، واته جاری وا هه‌یه ئێمه به ده‌ست كێشه‌ی زۆر رۆژانه‌ییه‌وه گیر ده‌خۆین، جاری وا هه‌یه به ده‌ست پرسیاری سیاسیی زۆر بێ‌مانا و سه‌خیفه‌وه گیر ده‌خۆین، به ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه و گیروگرفته‌وه گیرمان خواردووه، كه ته‌نها بریتییه له‌وه‌ی كه ئێمه چه‌نده بوونه‌وه‌رێكی ده‌سته‌وسانین و چه‌ند بوونه‌وه‌رێكین كه ئیراده‌مان له خودی خۆماندا نیه، چاوه‌ڕێین له شوێنێكه‌وه مه‌سیجێكمان بۆ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه پێمانبڵێت چی بكه‌ن و چی نه‌كه‌ن.
رێبۆ: سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو بێئومێدییه له‌م واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه زه‌بوونه‌ی كه تێیكه‌وتووین، چی بكه‌ین كه بێئومێدییه‌كان دووباره وه‌ك ئومێدێك دابڕیژیینه‌وه، به جۆرێك له به‌رژه‌وه‌ندی داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا هه‌ڵیانسوڕێنین؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ره‌نگه ئه‌م ره‌شبینی و نائومێدییه بۆ خۆی به‌شێك له مانا بێت، سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه به راستیی ئێمه بزانین له چ بارودۆخێكدا ده‌ژیین، بزانین چیمان به‌سه‌ر هاتووه، به راستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ئێستا له دۆخێك‌دا ده‌ژیی كه باس له ئه‌وپه‌ڕی ده‌سته‌وسانیی ده‌كات، كه ده‌رگیربوونی راسته‌قینه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌وسانی و له په‌لوپۆ كه‌وتنه‌ی خۆی، ره‌نگه تاكه ئومێدێك بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێی ده‌رباز ببێت، ئێمه ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین كه قودره‌تی ژیانمان نیه و ناتوانین به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بین، یان ئه‌وه‌یه كه بڕیاری له ناوچوونی خۆمان ده‌ده‌ین و بڕیاری كۆتاییهێنان به خه‌ون بینین ده‌ده‌ین، یانیش ئه‌وه‌یه كه بڕیار ده‌ده‌ین كۆتایی به چاوه‌ڕوانیی هاتنی گۆدۆ و ئه‌مریكا و ده‌وروبه‌ر و چی و چی ده‌هێنین و تێده‌گه‌ین كه ئیتر ئه‌و گۆدۆیه نایه‌ت و ده‌بێت له‌سه‌ر پێی خۆمان بووه‌ستین، تێده‌گه‌ین تازه ئه‌و كه‌سه نایه‌ته‌وه كه داره داره‌ی پێده‌كردین و رۆیشت، چونكه ئه‌مه ئه‌و كه‌سه نیه، كه هه‌تا له ژێر ده‌ستی ئه‌ودا بین، فێری پێ‌گرتن ببین.
دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه ده‌بێت له‌سه‌ر پێی خۆمان راوه‌ستین، ئه‌و كه‌سه مه‌به‌ستم كه‌سێكی دیاری كرا‌و نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌و ئیراده غه‌ریب و عه‌جایب و غه‌یبانیه‌یه كه هه‌میشه له فۆرمی جیاجیادا بۆمان به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه، وه‌ك بت ده‌یپه‌رستین و چاوه‌ڕوانین گرێكوێره‌ی كێشه‌كانمان بۆ بكاته‌وه.
ئێمه پێمانوابوو كه هاتنی داعش زۆر گرێكوێره‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ ده‌كاته‌وه، كه‌چی وا ده‌رنه‌چوو، ئێمه وه‌ك كه‌سانێكمان لێهاتووه كه له زه‌ریایه‌كدا نوقمبووین و ده‌ست بۆ هه‌موو پووشكه‌یه‌ك ده‌به‌ین، وامان لێهاتووه كه شه‌یتانیش ده‌بینین، وا ده‌زانین خواوه‌نده، بۆیه ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م نائومێدییه‌ی خۆماندا راستگۆ بین، ئیتر ده‌بێت تێبگه‌ین كه چاوه‌ڕوانیی به‌سه، ئه‌و چاوه‌ڕوانییه چاوه‌ڕوانیی خودا بێت یان چاوه‌ڕوانیی ده‌ستی ده‌ره‌كیی یان چاوه‌ڕوانیی بێگانه فه‌رقێكی نیه، (إنّ الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بأنفسهم)، ئه‌مه كێشه‌یه‌كه كه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییش هه‌مانه، له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌ییش هه‌مانه و له‌سه‌ر ئاستی تاكه كه‌سییش، هه‌موومان چاوه‌ڕوانین شتێك درووست ببێت، كه‌سێك په‌یدا بێت و شته‌كان بگۆڕێت، به‌ڵام خۆمان ده‌بێت ئه‌م دۆخه كۆتایی پێبهێنین، ده‌بێت بگه‌ینه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی كه چاوه‌ڕوانیی مانایه‌كی نیه و به هیچ شوێنێكمان ناگه‌یه‌نێت، ته‌نها له شوێنی خۆماندا ده‌مانهێڵێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش مانای داڕزان و به‌دگومانییه له هه‌موو مانایه‌ك، ئه‌و كه‌سه‌ی كه له چاوه‌ڕوانیی كه‌سێك یان شتێك‌دا ده‌مێنێته‌وه، جیاوازه له‌و كه‌سه‌ی كه نائومێدیی وایلێده‌كات، ملی رێگه بگرێت، ره‌نگه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ملی رێ ده‌گرێت به رێیه‌كی هه‌ڵه‌دا بڕوات، به‌ڵام دیكارت گوته‌نی لانی كه‌م دواجار ره‌نگه له‌و سه‌رگه‌ردانییه رزگاری بكات، ره‌نگه نزیكی بكاته‌وه له یه‌كێك له سنووره‌كان، بۆیه ده‌بێت راستگۆ بین له‌گه‌ڵ ئه‌و بێماناییه راسته‌قینه‌یه‌ی كه ئێستا تێیدا ده‌ژین، كه به ته‌سه‌وری من، ره‌نگه ئه‌وه تاكه ئومێد بێت.
رێبۆ: وه‌ك گریمانه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر ئێستا گه‌یشتن بێت به دوا ساتی چاوه‌ڕوانییه‌كان، بۆ درووستكردنی ئه‌و فۆڕم‌و شێوازه كوردییه بۆ دینداریی، ده‌بێت له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئه‌گه‌ر ئێمه كۆتاییمان به‌و چاوه‌ڕوانییه هێنا، ئه‌وكاته شته‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ جموجوڵی ئێمه‌دا ته‌بایی ده‌كه‌ن، جارێكی تر مانا به خۆیان ده‌به‌خشنه‌وه، ئه‌مه هه‌قیقه‌تێكی گه‌وره‌یه كه ته‌سه‌وف فێرمان ده‌كات، دین هیچ مانایه‌كی نیه تا ئه‌و كاته‌ی كه تۆ به راستیی له‌گه‌ڵی ده‌رگیر ده‌بیت، ئاسمان هیچ مانایه‌كی نیه تا ئه‌وكاته‌ی كه تۆ كڕنوشێكی بۆ ده‌به‌یت، ئه‌وكاته‌ی كه ئێمه له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌كه‌وینه جموجوڵ و ده‌كه‌وینه‌ڕێ، هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كانی تر له‌گه‌ڵمان ته‌ماهیی ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته ئێمه ته‌فسیرێك بۆ دین به‌رهه‌م ده‌هێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی دانیشتبین و كتێبخانه‌كان گه‌ڕابین و كتێبه پیرۆزه‌كان گه‌ڕابین و ته‌فسیره دورودرێژه‌كانمان هێنابێت و وه‌ك توێژه‌رێك بمانه‌وێت دینێك بتاشین بۆ خۆمان، یان ته‌فسیرێك له دین بتاشین بۆ خۆمان، ئه‌و ته‌فسیره له دین خۆی به‌رهه‌م دێت، چونكه ئه‌گه‌ر تۆ بوونه‌وه‌رێكی جوڵاو و چالاك و به‌هێز بیت، هه‌قیقه‌ت ناچاره له‌گه‌ڵت ته‌ماهی بكات و به‌رگی تۆ بپۆشێت و ره‌نگی تۆ له‌به‌ر بكات.
ئێمه بۆ ئه‌م ده‌رسه گه‌وره‌یه له داعش فێر نه‌بین، داعش خه‌ریكی ته‌فسیركردنی دینه له رێگه‌ی ئه‌كتیڤیتی خۆیه‌وه، ئه‌و خه‌ریكه جارێكی تر ئایین حونجه ده‌كاته‌وه بۆ هه‌موو ئیسلامه‌كانی سه‌ر رووی زه‌ویی، له رێگه‌ی موجه‌له‌داتی كتێبه‌وه نا كه بڵاویان بكاته‌وه، له رێگه‌ی ئامۆژگارییه‌كانی نا كه بڵاوی ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو له رێگه‌ی ئینسانه‌كانه‌وه كه سه‌ریان ده‌بڕێت.
دین ئه‌م سرووشته جیوه‌ییه‌ی هه‌یه، كاتێك كه تۆ ده‌جوڵێیت، ئه‌و له‌گه‌ڵت ته‌ماهی ده‌كات، به‌ڵام تا تۆ له شوێنی خۆت بووه‌ستییت ئه‌و داگیرت ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌سته‌وسانت ده‌كات، ئێمه ئه‌وه‌نده ره‌وایه‌تیمان هه‌یه له ناو ناخی خۆماندا كه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاون پرسێك، به ئاسانیی قودره‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بێت ته‌فسیرێك له دین بپۆشین، یان له قه‌واغێك له قه‌واغه‌كانی رۆحانییه‌تدا جێ‌مان ببێته‌وه.
رێبۆ: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌ی كه كردمان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو پرسیاره‌كانی من و وه‌ڵامه‌كانی تۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره بكه‌مه كۆتایی گفتوگۆكه‌مان، چیتر ماوه پێویست بێت بیڵێین و نه‌مانگوتووه؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئه‌وه‌ی كه پێویسته بگوترێت، بریتییه له‌وه‌ی ئێمه زۆر پێویستمان به‌وه هه‌یه كه له خۆمان ورد بینه‌وه، رێك و راست و راستگۆیانه له خۆمان بپرسین، خه‌ریكی چین و له كوێدا ده‌ژین و به‌ره‌و كوێ ده‌چین، هه‌موو ئه‌و جه‌نجاڵییانه‌ی كه ده‌وره‌یان داوین و هه‌موو ئه‌و ده‌سته ناپاكانه‌ی كه ده‌وره‌یان داوین و ئه‌و ده‌سته له‌رزۆكانه‌یش كه له ناو خۆماندا هه‌ن، چی‌یان لێبه‌رهه‌م دێت و ئێمه به‌ره و كوێ ده‌به‌ن، به راستیی ئێمه پێویستیمان به‌وه هه‌یه، كه ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان وه‌كو پاڕانه‌وه قسه‌مان كردووه و ده‌یكه‌ین، ئێستا له‌گه‌ڵ خۆمان به زمانێكی زۆر توند و ره‌خنه‌یی بدوێین، چونكه ئیتر ئێمه نابێت به‌زه‌ییمان به خۆماندا بێته‌وه، نابێت به زمانی قوربانیی له‌گه‌ڵ خۆماندا قسه بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوربانیی نین، له راستیدا ئێمه تاوانباره گه‌وره‌كه‌ین، ده‌بێت ئه‌و هه‌قیقه‌ته بزانین ئێمه یان له‌عنه‌تێكی ئیلاهی و ته‌ئریخی به دوامانه‌وه‌یه، یان ئه‌وه‌تا ئه‌م هه‌موو هه‌ڵدێر و نشێو و شكست و ئاشبه‌تاڵانه‌ی كه له ناو رۆحماندا روو ده‌ده‌ن ده‌ستكردی خۆمانه، مانای تێدا نیه كه ئێمه هه‌موو هاتوهاوارێكمان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بووه، كه‌م بژین و كه‌ڵ بژین، به‌ڵام ئێستا ده‌مانه‌وێت زۆر بژین و ده‌ڵ بژیین.
بۆیه به بڕوای من، ئه‌و رۆژه هاتووه ئێمه ئه‌م قسه راسته‌قینه له‌گه‌ڵ خۆماندا بكه‌ین، كه هه‌موو ئه‌و شكست و سه‌رشۆڕیی و ده‌سته‌وسانیانه‌ی به‌سه‌رمان دێن، تاوانباره گه‌وره‌كه خۆمانین، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه و راستگۆیانه روو بكه‌ینه خۆمان و بپرسین، ده‌مانه‌وێت چی بكه‌ین و چی بین و بۆ كوێ بچین، كێ دۆستی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه و كێ دوژمنی راسته‌قینه‌مانه، كه به ته‌سه‌وری من، دواجار ره‌نگه وه‌ڵامه قورسه‌كه ئه‌وه بێت، كه دوژمنی راسته‌قینه‌ی ئێمه، خودی خۆمانین، خودی ئه‌و پوچه‌ڵییه گه‌وره‌یه‌یه كه پێیده‌وترێت، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد.
