هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: شوناسی كوردیی به سروشتی خۆی، له‌گه‌ڵ پرۆژه‌یه‌كی تۆتالیتێری ئایینی‌دا ناگونجێت
ئێمه ناتوانین كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنین له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕێكی ئایینی دیاریكراو، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان قه‌تڵوعام بكه‌ین
به‌بێ ئه‌وه‌ی ئایین بچێته‌وه سنووره تایبه‌تییه‌كانی خۆی و واز له ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی گشتیی بهێنێت، ناتوانین له‌گه‌ڵ ئاییندا هه‌ڵ بكه‌ین
له‌م ته‌وه‌ره‌دا ئێمه به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین، كه ده‌رباره‌ی ئاین و ناسیۆنالیزم و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیانن، تا له‌و رێیه‌وه پرسی درووستكردنی شێوازێكی كوردیانه‌ی دینداری، بۆ دینی ئیسلام بخه‌ینه به‌ر باس، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین، وروژاندنی ئه‌م پرسه، له‌م كاته‌دا گرنگی خۆی هه‌یه و ده‌توانێت له زۆر رووه‌وه كۆمه‌كی كورد بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، وه‌ك پارێزگاری كردن له شوناسی كوردی و ره‌تكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه، كه له رێی ئاینه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان و تواندنه‌وه‌ی به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌كانیان داوه، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌ستگرتن به به‌ها و تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد و درووستكردنی شێوازێك بۆ دینداری، كه له هه‌ناوی كورده‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه، كه ئه‌مه‌یش له رابردوودا نموونه‌ی هه‌بووه.
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین، یه‌كێكه له رۆشنبیره جددییه‌كان و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا، به دوو به‌ش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ر ده‌داته‌وه، هاوژین ده‌ڵێت “ئێمه ناتوانین كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنین له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕێكی ئایینی دیاریكراو، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان قه‌تڵوعام بكه‌ین”، هه‌روه‌ها زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت “به‌بێ ئه‌وه‌ی ئایین بچێته‌وه سنووره تایبه‌تییه‌كانی خۆی و واز له ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی گشتیی بهێنێت، ناتوانین له‌گه‌ڵ ئاییندا هه‌ڵ بكه‌ین”.
سازدانی ته‌وه‌ر: رێبۆ ره‌زا
بەشی یەکەم
رێبۆ: ئه‌گه‌ر سه‌یری ئایین بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئایین هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان له ناو خۆیدا بتوێنێته‌وه‌و یه‌ك ره‌نگ‌و یه‌ك ده‌نگیان بكات، ئه‌م هه‌وڵه تاچه‌ند زیان به ناسیونالیزمه جیاوازه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، كورد چی بكات بۆ درووست كردنی فۆڕمێكی كوردییانه‌ی دینداریی، كه نه‌بێته هۆی فه‌وتاندنی پرۆژه ناسیۆنالیزمییه‌كه‌ی؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئێمه ده‌بێت جیاوازی له نێوان ناسیۆنالیزمێك بۆ ناسیونالیزمێكی تر بكه‌ین، چونكه ناسیۆنالیزم هه‌یه به تایبه‌ت له فۆرمه رۆژهه‌ڵڵاتییه‌كانیدا، شوناسی ئایینیان هه‌یه، واته هه‌ناوی ناسیۆنالیزمه‌كه خۆی، هه‌ڵگری مانایه‌كی ئایینییه، ناسیۆنالیزمیشیمان هه‌یه به پێچه‌وانه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه له‌به‌رچاو بگرین كه به درێژایی مێژوو كوردی پێدا تێپه‌ڕیوه، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا كه كوردی تێدا ده‌ژیی، ده‌رده‌كه‌وێت، كه شوناسی كوردیی به سروشتی خۆی، له‌گه‌ڵ پرۆژه‌یه‌كی تۆتالیتێری ئایینی‌دا ناگونجێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه نایه‌ته‌وه كه ئایینێك بیه‌وێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه هه‌یه‌تی، له ناوخۆیدا بیتوێنێته‌وه، ئه‌شێت عه‌ره‌به‌كان، یان فارسه‌كان توانیبێتیان شوناسێكی وه‌ها بۆخۆیان دروست بكه‌ن، یان توركه‌كان توانیبێتیان، به‌ڵام له راستیدا كورد به سرووشتی خۆی، به‌و قۆناغ و ره‌وته مێژوویانه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوه و ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا تێیدا ده‌ژی و ئه‌و فره‌یی و جیاوازییانه‌ی كه له نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه، به بڕوای من رێگه به‌وه نادات ئێمه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه هاوشوناسییه‌ك له نێوان ناسیونالیزمی كوردی و هیچ ئایینێكدا درووست بكه‌ین، ره‌نگه ئه‌مه قه‌ده‌ری كورد خۆی بێت، كه شوناسی خۆی له هه‌ر شوناسێكی ئایینی جودا بكاته‌وه، كورد كه زۆرینه‌ی مسوڵمانه و له هه‌موو فۆرمه جوداكانی دینداریش به‌شداره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كوردی ئێزدیمان هه‌یه، كوردی كاكه‌ییمان هه‌یه، كوردی مه‌سیحی و جوله‌كه‌شمان هه‌یه، كوردی خاون بیروباوه‌ڕی جودامان هه‌یه، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناشێت ئێمه شوناسی كولتوری و شوناسی تایبه‌تی و جیاوازیی ئه‌وان بسڕینه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی كه بمانه‌وێت شوناسێكی گشتگیر درووست بكه‌ین.
رێبۆ: وه‌ك تۆ وتت زۆرینه‌ی كورد مسوڵمانن، به‌ڵام چی بكرێت بۆ درووستكردنی فۆرمێك یان ستایلێكی كوردییانه بۆ دین، تا ئه‌م كورده مسوڵمانه رزگار بكرێت له‌و تێگه‌یشتنانه‌ی كه میلله‌ته سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه بۆ دین هه‌یانه و له‌و رێیه‌وه هه‌وڵی باڵاكردنی ناسیۆنالیزمی خۆیان ده‌ده‌ن و ناسیۆنالیزمه‌كانی تریش ده‌توێننه‌وه، هه‌روه‌ها له‌و رێیه‌وه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان ده‌ده‌ن؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: به بڕوای من ئه‌مه شتێكی زۆر ئه‌سته‌مه، چونكه ئێمه له پرۆژه‌ی بونیاتنانی شوناسێكدا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئایینی، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و جموجوڵ و رابوونه ئایینیانه‌ی كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵگری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ن، راسته میلله‌تی ئێمه میلله‌تێكی مسوڵمانه، به‌ڵام ئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و به ئیسلامی كردنه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه، ناكرێت جیا بكرێته‌وه له‌و پرۆژه ئیسلامیانه‌ی كه له مێژوو، ئێستای كورددا هه‌ن، كه ئه‌م پرۆژانه پرۆژه‌ی ئیسلامی سیاسین و پرۆژه‌یه‌كن به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خۆیان به‌ستۆته‌وه به ته‌عریفێكه‌وه، كه قودره‌تی قبوڵكردنی ئه‌وی تریان نیه، قودره‌تی ئه‌وه‌یان نیه كه‌واز له هه‌ندێك جه‌غت و پێداگیری تایبه‌تی خۆیان بهێنن و رێگه بده‌ن به‌وه‌ی كه هه‌موو پێكهاته جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك به یه‌كسانیی و هاوسه‌نگی بتوانن تێیدا بژین، بۆیه درووستكردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر شوناسێكی ئایینی، ئه‌مه پرۆژه‌یه‌كه هوشیاریی ئایینی هێناویه‌ته ئاراوه و ناكرێت له پرۆژه‌كانی ئیسلامی سیاسی جودا بكرێته‌وه، له كاتێكدا ئێمه كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرۆژه‌كانی ئیسلامی سیاسی به درێژایی مێژوو، پرۆژه‌یه‌كی تۆتالیتاره و پرۆژه‌یه‌كه، پرسیار‌و گیروگرفته‌كانی دیموكراسی، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه له ناویدا جێی خۆی بكاته‌وه و ره‌نگ بداته‌وه، بۆیه به بۆچوونی من ئه‌و دوو پرۆسه‌یه ناتوانرێت لێك جودا بكرێنه‌وه، قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زۆرینه موسڵمانه دابمه‌زرێنین، ئێمه‌ی مسوڵمان هه‌ست به پێویستیی ئه‌م پرۆژه‌یه ناكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و میللی خۆمان له‌سه‌ر ئایینێكی دیاری كرا‌و دابمه‌زرێنین، ئه‌وه‌ی كه ئه‌م سوسه و خواسته‌ی بۆ ئێمه درووست كردووه، پرۆژه‌كانی ئیسلامی سیاسین، ئه‌م پرۆژانه‌ش بۆ خۆیان نیگه‌رانن به‌رانبه‌ر كه‌مینه‌كان، پرۆژه‌یه‌كن كه له ریشه‌وه بۆ ئه‌وه هاتوون جۆرێك له سڕینه‌وه و كردنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانی تر له به‌شداریی سیاسی جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆیه ئه‌و پرۆژانه له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراون، كردنی هه‌ندێ له هاونیشتمانیان به هاوڵاتیی پله دوو و ئه‌هلی زیممه.
رێبۆ: من دواتر دێمه‌وه سه‌ر باسی ئیسلامی سیاسی، به‌ڵام با جارێ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین و جه‌وهه‌ری گفتوگۆكه‌ت بۆ روون بكه‌مه‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌م گفتوگۆیه ئه‌وه نیه كه شوناسی خۆمان له‌سه‌ر شوناسێكی ئایینی درووست بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه ده‌ست بۆ ریفۆرمێكی ئایینی به‌رین و ئه‌م ئایینه كه ئایینی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، به شێوه‌یك رێكیبخه‌ینه‌وه و فۆرمێك و شێوازێكی‌وه‌های بۆ درووست بكه‌ین، كه له‌گه‌ڵ شوناسی ئێمه‌ی كورد و قبوڵكردنی جیاوازیی پێكهاته جیاوازه‌كانمان یه‌كبگرێته‌وه، له هیچ كاتێكدا نه‌بێته هۆی تێكدانی ئه‌و شوناسه‌ی كه جییاوازییه‌كان قبوڵ ده‌كات، كه‌واته ئێمه چی بكه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و كاره بكه‌ین، سه‌ره‌تا پێویستمان به پرۆژه‌یه‌كی ریفۆرمی گه‌وره‌یه، پێویستمان به پرۆژه‌یه‌كه كه هه‌موو ناته‌باییه‌كانی نێوان مسوڵمانبوون و سیاسی‌بوون و ناسیۆنالیستبوون و تانه‌ت له‌گه‌ڵ تاكگه‌رایی و خۆویستی و هه‌موو ئه‌و جیاوازی‌و ناكۆكیانه‌ی كه هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئایینی هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ به ته‌نگه‌وه بوونی ژیان، له‌گه‌ڵ به‌ته‌نگه‌وه بوونی خود، له‌گه‌ڵ به ته‌نگه‌وه بوونی سیاسه‌ت و بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌نوكه‌یی كه ئینسان تێیدا ده‌ژی، هه‌موویان بسڕێته‌وه، پێویستمان به پرۆژه‌یه‌كی ریفۆرمی گه‌وره هه‌یه كه تێیدا ئیسلام بتوانێت یان هه‌موو ئایینه‌كان به هه‌موو هۆ و شێوه و ره‌نگ و جیاوازییه‌كانییانه‌وه، ببرێنه‌وه ئه‌و قاوغه سرووشتیه‌ی خۆیان كه باس له په‌یوه‌ندیی ئینسان و خواوه‌ند و ئینسان و ئینسان ده‌كه‌ن وه‌ك برا، برایه‌تییه‌كی گرێ‌دراو به خوداوه‌نده‌وه، نه‌ك به برایه‌تیی ئایینی و پرۆژه سیاسیی و ئاینیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاكانمانه‌وه، ئێمه ناتوانین كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنین له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕێكی ئایینی دیاریكراو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراویش، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان قه‌تڵوعام بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان بێده‌نگ بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له جیاوازیی ناو‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیی بسڕینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئێمه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه بتوانین له‌گه‌ڵ ئیسلامدا هه‌ڵبكه‌ین، بێگومان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه رێگاكان جیاوازن، رێگای توندوتیژمان هه‌یه، رێگای نه‌رمونیان و درێژخایه‌نمان هه‌یه، هه‌روه‌ها رێگه‌ی وشیاركردنه‌وه‌ی مه‌ودا دوریشمان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌یشدا دواجار ئێمه له هه‌قیقه‌تێكدا یه‌ك ده‌گرینه‌وه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئایین بچێته‌وه سنووره تایبه‌تییه‌كانی خۆی، ئایین واز له ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی گشتیی بهێنێت، ئایین ریفۆرمێك بكرێت به‌و جۆره‌ی كه هه‌موومان ئاشناین پێی، كه تا رادده‌یه‌ك ئه‌زموونی هاوشێوه‌مان له دونیادا زۆره، به‌بێ ئه‌مه ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ ئاییندا هه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌و زۆرینه موسڵمانه‌ش خۆی ناتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا هه‌ڵ بكات، به بڕوای ئێمه ئه‌و پرۆژه‌یه خۆی له گه‌ڵ سروشتی ئایینیی ئایین ناكۆكه.
هه‌موو ئه‌و كێشه و گیروفتانه‌ی كه له ده‌وروبه‌رماندا ده‌گوزه‌رێن، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆماندا پێوه‌ی گیرۆده‌ین، به بڕوای من به دیوێك له دیوه‌كاندا باس له‌وه ده‌كات، كه ئێمه ئه‌م ئه‌ركه قورسه‌ی سه‌رشانی خۆمانمان جێبه‌جێ نه‌كردووه، نه ده‌سه‌ڵاتێكمان هه‌یه كه بیه‌وێت یاسا‌و عه‌لمانیه‌ت و دیموكراسیه‌ت و ئازادی تاك و دونیاگه‌رایی بكات به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه، كه له سه‌ره‌وه خه‌ریكی ئه‌م پرۆژه‌یه بێت، نه پرۆژه‌یه‌كی فیكری و رۆشنبیری و ریفۆرمێكی گه‌وره‌یشمان ده‌ست داوه‌تێ له‌سه‌ر ئاستی كه‌لتوریی، كه ئێمه بتوانین له ئایینده‌دا خه‌ون به دونیایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌وه ببینین.
رێبۆ: به‌ڵام ده‌بێت سه‌ره‌تای ئه‌و پرۆژه ریفۆرمه گه‌وره‌یه له كوێوه ده‌ست پێبكرێت؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: راسته ئیراده‌گه‌ریی و وشیاریی رۆڵی گه‌وره ده‌بینێت، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئێمه له دۆخێكی پڕ له لاوازی‌دا ده‌ژین، له دۆخێك‌دا ده‌ژین كه باس له حاڵه‌تێكی ده‌ستاوسانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، باس له‌وه ده‌كات كه ئینسان به حوكمی ده‌ستكێشانه‌وه و بێ ئیراده‌كردنی له كایه جیاوازه‌كانی تری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، دۆخێكی رۆحیی بۆ درووستبووه كه ناتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته رۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی سیاسی‌دا ململانێ بكات، ناتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته رۆژانه‌ییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ململانێ بكات، چ جای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته غه‌یبانییه گه‌وره‌یه‌دا ده‌رگیر ببێت، كه هه‌ژموونێكی راسته‌قینه‌ی هه‌یه به‌سه‌ر كۆی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحی ئێمه‌دا، ئینسانی ئێمه له دۆخێكی راسته‌قینه و زۆر قوڵی بێده‌سه‌ڵاتیدا ده‌ژی و پرۆژه‌یه‌كیش هه‌یه بۆ لاوازكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی ئینسان له ناو واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا، ئه‌م ئینسانه لاوازه ناتوانێت هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌ك بێت كه باس له سنوردار كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دین، یان به مانایه‌ك له ماناكان باس له سنورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سروشت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خواوه‌ند بكات، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه پێش ئه‌وه پێویستمان به‌وه هه‌یه كه ئینسانێكمان هه‌بێت بتوانێت خه‌ون به‌وه‌وه ببینێت، كه ده‌سه‌ڵاته لۆكاڵییه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی، ئۆتۆره‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ده‌سه‌ڵاتی دابونه‌ریت و ته‌قالید، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و یه‌كه بچوكه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی له ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌ن، بتوانێت له‌گه‌ڵیان ململانێ بكات.
رێبۆ: ره‌گی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه بۆ بێده‌سه‌ڵاتكردنی ئینسانی ئێمه دانراوه، له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: بابه‌تێك هه‌یه زۆر له‌م دۆخه هه‌نوكه‌ییه قوڵتره، كه ئێستا من و تۆ له باره‌یه‌وه ده‌دوێین، ئه‌مه چاره‌نووسی ئینسانی كورد‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه به ته‌نها، به‌ڵكو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆرهه‌ڵات و جیهانی سێهه‌م هه‌موویان له دۆخێكی راسته‌قینه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیدا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێویستیی زۆری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه هه‌یه، به هێزی ده‌ره‌كی‌و ئابووری بێگانه، به تایبه‌ت له دوای كۆلۆنیالیزمه‌وه پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر پاشكۆخستن و بێده‌سه‌ڵاتكردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌كتیڤیتی ئێمه له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كار ده‌كات و به‌رده‌وام رێگریی له‌وه ده‌كرێت كه ئێمه راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی كێشه‌كان ببینه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهانی سێهه‌م و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌ت، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌چن كه جۆرێك له كه‌مئه‌ندامییان تووش بووه، جۆرێك له سه‌رپه‌رشتی بێگانه كه رێگه نادات به‌وه‌ی پێبگرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌كیانه دڵسۆزانه‌ن یان دوژمنكارانه‌ن یاخود سه‌رچاوه‌كانیان چین و چی نین، به‌ڵام دواجار ئێمه ئه‌و هه‌قیقه‌ته ده‌بینین كه له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهانی سێهه‌م و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بریتییه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كه‌ین، كه تێیدا رێگه نادرێت ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن، شه‌ڕه راسته‌قینه‌كانی خۆیان بكه‌ن.
به‌رده‌وام ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كیی هه‌یه، رێگه له‌وه ده‌گرێت پرۆسه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مانادار به‌ڕێوه بچن، رێگه له‌وه ده‌گرێت كه ئینسانه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگانه بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن و شه‌ڕه‌كانی خۆیان بكه‌ن و له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بڕیار بده‌ن، ئه‌مانه ده‌كرێت وه‌ك هۆكاری ده‌ره‌كی سه‌یریان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له ره‌هه‌نده مێژووییه‌كه‌وه لێیبڕوانین، به‌ڵام كاتێك ئێمه سه‌یری ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین، ناتوانین ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ركییانه، ئه‌و ده‌ستگیرۆییه ده‌ره‌كیانه، ئه‌و نه‌خشه بۆ كێشان و پلان بۆ دانان و ئامۆژگاری كردنه به نه‌زه‌ری ئیعتیبار وه‌رنه‌گرین، ئێمه له‌واقیعی خۆماندا له‌گه‌ڵ دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تییدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كه‌ین، كه ده‌ست و پێمان به‌ستراوه‌ته‌وه و هێزێكی ده‌ره‌كیی له ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه، كه هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته غه‌یبانییه‌ی لێهاتووه، بڕیار له چاره‌نووسمان ده‌دات، ئینسانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه و كۆمه‌ڵگه‌كانیشمان به گشتیی، وه‌ك منداڵێكی تازه خۆگرتووی لێهاتووه، كه ناهێڵن له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره مێژوویی و ریشه‌ییه‌كان، چونكه كۆمه‌ڵێك شه‌ڕی گه‌وره هه‌یه ده‌بێت ئێمه خۆمان بیكه‌ین، كۆمه‌ڵێك بڕیاری قورس هه‌ن له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی خۆماندا، ده‌بێت ئێمه خۆمان بیانده‌ین، ئه‌و وابه‌سته‌یی و گرێبه‌سته سیاسی و ئابووری و فره جه‌مسه‌رییه‌ی كه له نێوان نوێنه‌رایه‌تی كردنی سیاسیی ئه‌م كۆمه‌ڵگانه و ئه‌و هێزه ده‌ره‌كییانه‌دا هه‌ن، تا راده‌یه‌كی زۆر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاراسه‌ته‌یه كار ده‌كه‌ن، كه ئینسانی ئه‌م گۆمه‌ڵگانه بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن.
رێبۆ: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌سته گه‌ورانه‌ی به‌رده‌م ئینسانی ئێمه‌وه و سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و پرۆژه گه‌وره‌یه بۆ بێده‌سه‌ڵاتكردنی ئینسانی ئێمه و نه‌هێشتنی خه‌ونه‌كانی، پێویسته چی بكرێت بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌ك كه ئینسانی ئێمه دووباره قودره‌تی خه‌وبینینی بۆ بگه‌ڕێته‌وه، یان به شێوه‌یه‌كی تر چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌م ریفۆرمه ئایینییه دابڕێژرێت، كه مه‌به‌ستمانه له باره‌یه‌وه بدوێین؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: به بڕوای من گه‌وره‌ترین كێشه له‌به‌رده‌م ئینسانی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، بریتییه له‌و هێزه سیاسی و ئه‌و عه‌قڵه سیاسییه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، ئه‌و عه‌قڵه سیاسییه توانای ئه‌وه‌ی نیه، هیچ پرۆژه‌یه‌كی بۆ ناوخۆی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه هه‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وابه‌سته سیاسییانه‌ی كه هه‌یه‌تی به ده‌وروبه‌ری خۆی و هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه، قودره‌تی ئه‌وه‌ی نیه كه هییچ بڕیارێك بدات، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌وه‌یه، كه‌وه‌ك پرسێك به ده‌ست كۆمه‌ڵێك بوونه‌وه‌ره‌وه‌ن، كه بوونه‌وه‌ری نه‌خۆشن، كۆمه‌ڵێك بوونه‌وه‌رن كه قودره‌تی بڕیاردانیان نیه، ئه‌و ئیراده و عه‌قڵه سیاسییه‌ی كه ئێستا رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات، ئیراده و عه‌قڵێكی سیاسییه كه هیچ پرۆژه‌یه‌كی بۆ كۆمه‌ڵگه پێ نیه، له هه‌مانكاتدا خۆیان پرۆژه‌ی گوێ قوڵاغ كردنن بۆ ده‌ره‌وه، تا بزانن دونیای ده‌ره‌وه و ئیراده و ویستی ده‌ره‌كی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت هه‌ر هێزێك له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیانه‌وه، چی مه‌سیجێكیان پێیه، تا له‌به‌ری رابووه‌ستن و رێزی لێ‌بگرن و به نه‌زه‌ری ئیعتیبار‌وه‌ری بگرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاوڕێك له ناوخۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بده‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاوڕێك له خودی خۆشیان بده‌نه‌وه، وه‌ك هێزێكی ئه‌كتیڤی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له خۆیان بڕوانن، پرۆژه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد له هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت، پرۆژه‌ی پاشكۆیه‌تییه، پاشكۆیه‌تیی و گوێ قوڵاغییه‌ك كه توانای بیستنی مه‌سیجه ئیجابییه‌كانی دونیای ده‌ره‌وه‌شی نییه، توانای بیستنی هیچ مه‌سیجێكی نییه كه بیخاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت.
رێبۆ: لێره‌دا پرسیارێك درووست ده‌بێت، ئایا به‌ده‌ر له درووستكردنی به‌دیل بۆ ئه‌م هێزه سیاسی و عه‌قڵه سیاسییانه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی و رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ده‌كه‌ن، كورد توانای ئه‌وه‌ی نیه كه ده‌ستكاری ئه‌و فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییانه بكات، كه ئێستا جۆرێك له جۆره‌كان كۆمه‌ڵگه‌یان به‌ره‌و چه‌قبه‌ستوویی و وابه‌سته‌یی به هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه بردووه ؟
هاوژینی مه‌لا ئه‌مین: ئه‌مه دیوێكی بابه‌ته‌كه‌یه، بێگومان تا راده‌یه‌كی زۆر، ئه‌و هه‌نگاوه ریشه‌ییه‌ی كه باسی ده‌كه‌ین، راسته‌وخۆ وابه‌سته‌یه به ده‌ستكاریكردنی ئه‌و هێزانه‌وه كه رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له روویه‌كی تره‌وه هه‌ر خۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه تێیدا ده‌ژین و پێمانده‌ڵێت ئێمه ئیراده‌یه‌كی سیاسیی به‌هێزمان نیه، نوێنه‌رایه‌تییه‌كی سیاسیی به‌هێزمان نیه، خۆی دۆخێكه باس له‌وه ده‌كات كه چه‌ند زه‌حمه‌ته خه‌ون به‌وه‌وه ببینین، ئیراده‌یه‌كی میتافیزیكیی به‌هێزمان هه‌بێت، واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌توانێت ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی به‌هێز و سه‌ركردایه‌تییه‌كی سیاسی به‌هێز به‌رهه‌م بهێنێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌توانێت هێزێكی ئابووریی به‌هێز به‌رهه‌م بهێنێت، له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازییش نه‌توانێت جه‌نگاوه‌رێكی به‌هێز به‌رهه‌م بهێنێت، زۆر زه‌حمه‌ته چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێبكه‌یت كه ئایینناسێكی گه‌وره به‌رهه‌م بهێنێت.
ئێمه كاتێك باس له رابردووی خۆمان ده‌كه‌ین و باس له خوداناسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندیی ده‌كه‌ین، یان باس له قازی محه‌مه‌د و شێخ سه‌عیدی پیران ده‌كه‌ین، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌م مرۆڤانه‌دا سه‌رده‌مانێك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كمان هه‌بووه كه خه‌ونی هه‌بووه، ره‌نگه ئه‌مه جۆرێك له نوستالۆژیا بێت، به‌ڵام تا راده‌یه‌كی زۆر هه‌قیقه‌تێكی گه‌وره له پشتییه‌وه هه‌یه، بۆیه هه‌میشه ده‌بێت ئه‌و راستییه‌مان له‌به‌رچاو بێت، ئه‌گه‌ر كاتێك توانیمان پاڵه‌وانێك له گۆڕه‌پان و مه‌یداندا به‌رهه‌م بهێنین، ره‌نگه بتوانین كیمیاگه‌رێكی گه‌وره‌یش به‌رهه‌م بهێنین، ره‌نگه بتوانین هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌یش به‌رهه‌م بهێنین، ره‌نگه بتوانین خوداناسێكی گه‌وره‌یش به‌رهه‌م بهێنین، به‌ڵام كاتێك كه هه‌موو تۆپه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه سه‌به‌ته‌ی ئه‌و هێز و ئه‌كتیڤیست و بوونه‌وه‌ره سیاسییانه‌وه كه ئه‌م كائینانه‌یان لێ درووست بوون و به‌م شێوه كۆمیدیانه ده‌یانبینین، ئیتر چۆن ده‌توانین خه‌ون به‌وه‌وه ببنین كه خوداناسێكی گه‌وره به‌رهه‌م بهێنین، ئیتر چۆن ده‌توانین خه‌ون به‌وه‌وه ببنین كه ریفۆرمیستێكی گه‌وره‌ی ئایینی به‌رهه‌م بهێنین، یان چۆن بتوانین مرۆڤێك به‌رهه‌م بهێنین قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ئایین بكرێت، یان نوێكردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات له بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له رۆحییه‌كان و مه‌سه‌له ئایینییه‌كان. ئه‌مه ته‌واو ئه‌سته‌م نییه به‌ڵام زیاتر ئیدی له قسه‌كردن له فریادڕه‌س ده‌چێت نه‌ك پرۆژه‌ی ریفۆرم.
بۆیه به بڕوای من دیوێكی بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، كه گرنگترین شت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بیری لێبكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مانایه‌ك به بوونی خۆی ببه‌خشێته‌وه، بریتییه له‌وه‌ی حیسابی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و بوونه‌وه‌ره سه‌یر و سه‌مه‌رانه یه‌كلایی بكاته‌وه، كه پیانده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد یان ده‌ركه‌وتنی سیاسیی كورد، له‌م چركه‌ساته‌دا كه ئێستا تێیدا ده‌ژین، چونكه ئه‌و ده‌ركه‌وتنه ده‌ركه‌وتنێكه هیچ مانایه‌كی بۆ بوونی ئینسان نه‌هێشتۆته‌وه، ده‌ركه‌وتنێكه باس له‌وه ده‌كات مرۆڤی كورد خاوه‌نی هیچ پرۆژه‌یه‌ك و دونیابینییه‌ك و به‌رچاو روونییه‌ك نیه، كه په‌یوه‌ندیان به داهاتووی سیاسی خۆیه‌وه هه‌بێت، ئه‌م رێگرییه گه‌وره‌یه، راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئیراده‌ی سیاسی ئینسانی كورده‌وه هه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی ئایه‌تێك له ئایه‌ته‌كانی خودا ته‌فسیر بكه‌ین، ده‌بێت شه‌رعی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پوچه‌ڵه بكه‌ین، جاران ده‌مانگوت گه‌نده‌ڵ، به‌ڵام به‌ڕاستیی ئه‌مه پوچه‌ڵییه نه‌ك گه‌نده‌ڵیی.