پارتی،بۆ دهربازبوون له تەکەتول دهستی كرد به گۆڕانكاری .. ئەندامێکی (م.س)ی پارتی:پێمان باشە گۆڕانکاری لە سەرجەم ناوەندەکانی حزبدا بکرێت
نوچهنێت -ههولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارت،باس لە گۆڕانکاری لە لقەکاندا دەکات و، ئەوش دەخاتە کەڕوو بەو پێیەی ئەم ئاڵوگۆڕانە نەفەسێکی باش دەداتە کادیران و پێیان باشە گۆڕانکاری لە سەرجەم ناوەندەکانی حزبدا بکرێت،دەشڵێت،یەکێک لە بایەخەکانی گۆڕانکاری دەربازبوونە لە تەکەتولات.
فەرەیدوون جوانڕۆیی،ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی،لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پارتی لە لقەکانی سلێمانیدا، بهسایتی فهرمی حیزبهكهی راگهیاندوه”گۆڕانکاری لەناو پارتیدا شتێکی زۆر ئاساییە،هەموو خەڵک دەزانێت ئێمە لە کوێ بووین و چووینەتە کوێ، من چەندین جار ئاڵوگۆڕم پێ کراوە و بەرپرسیارەتیی جۆراوجۆرم بینیوە، هەر گۆڕانکاریەکی تازەیش نەفەسێک دەداتە ئەو برادەرەی کە لە لقێکەوە دەڕواتە لقێکی دیکە، بۆ ئەوەی بە گوڕوتینێکی دیکەوە دەست بە کارکردن بکات، ئەوە بە شتێکی باش دەزانین و لە ناوچەکانیش گۆڕانکاری کراوە، لە لقی 12 گۆڕانکاری لە زۆرێکی ناوچەکانی کراوە،لە لقی 4-یش دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە لقی 11 ئەو گۆڕانکارییە دەست پێ بکات“.
جوانڕۆیی ئەوەشی خستە روو کە”یەکێک لە بایەخەکانی گۆڕانکاری ئەوەیە کەسرووشتی کۆنفڕانسەکان وایە تەکەتولات لە خوارەوە دروست دەبێت و گرووپێک لەناو حزب یەک دەگرن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بهێنن، کە یەکیان گرت ئەوا دەبێتە تەکەتول جا ئەوەی سەر دەکەوێت،دەکەوێتە ژێر باری منەتی ئەو ناوچەیەی کە دەنگیان پێ داوە و ناتوانێت وەک پێویست ئیجرائات بکات و بەرنامەی حزب جێبەجێ بکات،بۆیە کاتێک ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت ئەو کاتە لە ژێر ئەو منەت و منەتکارییە دەردەچن،بۆیە ئەو گۆڕانکارییە بە گرینگ دەزانین و وەک ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بەرنامەمان هەیە گۆڕانکاری بکەین و لەسەر بەرنامەی خۆیشمان بەردەوامین“.
ئاماژەیشی دا کە”گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ جیاوازن،بەڵام ئەوەی پارتی لە سلێمانی ئەنجامی دەدات لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە،ئەمە بەرنامەیەکە و گۆڕانکاری نییە بەڵکە ئاڵوگۆڕە،چونکە خۆ تۆ ناتوانیت کادیرێک لە خوارەوە بهێنیت بیکەیتە بەرپرسی لق، بەرپرسانی لق دیارە دەبێت لە چ ئاستێکدا بن“.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕوونیشی کردەوە کە”ئەم ئاڵوگۆڕانە هێشتا ئەوە نییە کە لە ناخی ئەواندا هەیە وەک گۆڕانکاریی گەورە،بەڵام ئەمەیش هەنگاوێکی گرینگە“.
فەرەیدوون جوانڕۆیی،پێی باشە پارتی لە ئاستی حزبدا گۆڕانکاری لە سەرتاسەری کوردستان بکات و گوتی”بە ڕای ئێمە لە سەرتاسەری کوردستان ئەم ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە بکرێت باشە،چونکە لە سنووری سلێمانی تەنیا لقی 21 دەستمان لێ نەداوە ئەگەرنا بەرپرسی ناوچە و لقەکانی دیگە ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە“.
جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرا کرد بووکە،گۆڕانکاری لە لقەکاندا، لقی 12، لقی 11، لقی 21 و لقی 4 دەکرێت و بەرنامەیان بۆ هەولێر و سنووری گەرمیان و بادینانیش هەیە.
ئیمێنکی ددانیشی نا بەوەی کە”گەنجانمان کە دێنە نێو ڕێکخستنەکانمانەوە، یان شوێنی شیاو ناگرن یانیش پەراوێز خراون، ئەمانە دەبێ چارە بکرێن، ڕۆڵی ئافرەتان بە هەمان شێوە زۆر لاوازە، ئامانجیشمان ئەوەیە کە بوار بە گەنجان و ئافرەتان بدرێ تا چالاکییەکانیان لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرە پێ بدەن“.