پێکدادان لەنێوان ئاسایشی یه‌كێتی و پاسه‌وانه‌كانی ناوچه‌ی پارتی رویدا
نوچه‌نێت -سبەی
له ناحیه‌ی له‌یلانی سه‌ر به‌پارێزگای كه‌ركوك، شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان ئاسایشی یه‌كێتی و پاسه‌وانه‌كانی ناوچه‌ی پارتی رویدا‌و بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەکەش دەڵێت: هۆکارەکە لێکتێنەگەیشتن بوە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌پۆلیسی ناحیه‌ی له‌یلانی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوك راگه‌یاند”پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یەکشەممە ئاسایشی یه‌كێتی رێگریان له‌ئۆتۆمبێله‌كانی به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی لە له‌یلان كردوه، له‌به‌رامبه‌ردا پاسه‌وانه‌كانی ناوچه‌و پاسه‌وانه تایبه‌ته‌كانی به‌رپرسی ناوچه، تەقەیان کردوە و شه‌ڕوپێكدادان له‌نێوان ئاسایشی یه‌كێتی و پاسه‌وانه‌كاندا دروست بو“.
وتیشی”بۆ ماوه‌ی زیاتر لە نیو سەعات شه‌ڕە ته‌قه لەکۆڵانەکانی ناحیه‌كه له‌نێوان ئاسایش و پاسه‌وانه‌كانی ناوچه‌ی پارتیدا رویدا‌و ئەوەش دۆخێکی ناهەمواری لای هاوڵاتیان دروستکردبو“.
لای خۆشییەوە نه‌قیب كاوه مه‌لا په‌روێز، به‌ڕێوەبه‌ری ئاسایشی ناحیه‌ی له‌یلانی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند”لێك تێنەگه‌یشتنێك هه‌بوه له‌نێوان هەردولاو له‌هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌داین“.
ئاماژەی بەوەشکرد”شه‌ڕه‌كه كۆتایی پێ هاتوه‌و هیچ كوژراو بریندارێکی لێنەکەوتوەتەوە“.