قوباد تاڵەبانی بۆ پرسی نەوت، هەناردەکردنی نەوت لەرێی تورکیا، شەڕی داعش، وەڵامی بەرپرسانی حزبەکەی دەداتەوە
نوچەنێت
قوباد تاڵەبانی لەدواین چاوپێکەوتنیدا بۆ راگەیاندن، وەڵامی رەخنەی بەرپرسانی حزبەکەی دەداتەوە لەبارەی پرسی نەوت و هەناردەکردنی نەوت لەرێی تورکیاوە، رایدەگەیەنێت، ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی نەوتە،و دەڵێت، ئەگەر ئاگام لێ نەبێ کەمتەرخەمی خۆمە، ئەو رەخنانەش بەبێ بنەما دەزانێ، کە دەڵێن حکومەتی کوردستان هەڵەبوو، کە دەستپێشخەری شەڕی نەکرد لەدژی داعش.
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، کە عادل موراد سکرتێرییەتی و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدوای هەر بەیننامەکەیەکی ئەو ئەنجومەنە بەرای شەخسی عادل موراد لەقەلەمی دەدات، پارتی تۆمەتبار کرد بەوەی “لەسیاسەتی داراییدا شکستی هێناوە”. هەروەها شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی و خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی یەکێتی، لەوتارێکدا هێرشی توندی کردە سەرپارتی و تۆمەتباری کرد بەوەی، بەتاکڕەوانە بڕیار لەسەر داهات و گرێبەستی نەوت دەدات، بێبەشکردنی خەڵکی کوردستانیشی لە لە ٪١٧ی بودجەکەی عێراق و بێ موچەکردنی خەڵکی بەستەوە بە بڕیاری میزاجی پارتییەوە، کەبەقسەی ئەو بەناوی کوردستانەوە دەیدات.
قسەکانی شاناز ئیبراهیم و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەکاتێکدابوو، کە بەقسەخی خودی سەرکردە عێراقییەکانیش بڕینی بودجە و نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وابەستەی پرسی نەوتە لەکوردستان.
دواین قسەکردنی فەرمیش لەبارەی پرسی نەوتەوە لەکوردستان، قسەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان و کوڕی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، تاڵەبانی لە چاپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی گەلی کوردستانی حزبەکەی، کە دوای پەخشی ئەو بەرنامەیە، کەناڵەکە ئەو بەشەی لەچاوپێکەتنەکەی بەنوسین بڵاو نەکردەوە، کەباسی پرسی نەوت دەکات، هەموو ئەو قسانە رەتدەکاتەوە، کە پارتی تاک لایەنە بڕیاری لەسەر پرسی نەوت لەکوردستان دابێت، دەڵێت” من جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازم، ئاگام لەهەمووبڕیارەکان لەسەر نەوت هەیە، ئەگەر ئاگادار نەبم کەمتەرخەمم”.
تاڵەبانی ئاشکرای دەکات کە ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز” بڕیاردەرە، منیش بەشێکم لەو بڕیارانەی کە لەئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز دەدرێت”.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، کاتێک پرسیار لە قوباد تاڵەبانی دەکرێت، کە بۆچی هەندێ کەس دەڵێن، پارتی تاک لایەنە بڕیار لەسەر پرسی نەوت دەدات، دەڵێت”نازانم بۆ وا ئەڵێن ئەبێ لەو کەسانە بپرسن کە ئەو قسەیە دەکەن، ئەوەی کەمن دەیبینم لەو ئەنجومەنە بریار دەدرێت، کە ئەنجومەنێکە وەزیری بەڕێزی چەند لایەکی تێدایە، سەرۆکی ئەنجومەنی تێدایە، بەندەی موخلیستی تێدایە، وەزیری دارایی تێدایە، کە کادرێکی چالاکی بزوتنەوەی گۆڕانە، د. عەلی سندی تێدایە، کە وەزیری پلاندانانە پارتییە، د. ئامانج سکرتێری ئەنجومەنی نەوت و غاز کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتییە. وەزیری سامانە سروشتییەکانی تێدایە، کە لەسەر لیستی پارتی حسابە، بەڵام کەسێکی حزبی نییە، ئێمە لەم ئەنجومەنە بڕیار دەدەین، بێگومان نە جەنابی کاک نێچیرڤان، نەمن خەبیری بواری نەوت نین، ئێمەش نەهاتوینە ناو حکومەت بۆ ئەوەی خەبیری هەموو بوارە جیاجیاکانی حکومەت بین، ئێمە ئیعتیمان دەکەینە سەر ئەو خیبرەیەی کە لەناو وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هەیە، بۆ بەشە هونەرییەکەی کە پەیوەندیدارە بەنەوت و بەدواگەڕانی نەوت و دەرهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت، ئەوە ئەنجومەنە، کە سیاسەتەکەی دادەڕێژێ، ئەنجومەکەش ئەنجومەنێکە کەپێکهاتووە لەهەموو لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئێمە هەموومان بەرپرسین، ئێمە هەموومان بڕیاردەرین، بەڵام بەشە هونەرییەکەی لای وەزارەتەو هەقی خۆشیانە لەلایان بێت”.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەش رەتدەکاتەوە، کە ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردستان لەرێی تورکیاوە، تەنها بڕیار وپەیوەندی پارتی بێت بەو وڵاتەوە، بەقسەی تاڵەبانی، هۆکاری ناردنە دەرەوەی نەوت لەرێی تورکیاوە”لەبەر ئەوەیە، کە ئێمە توانیومانە رێکبکەوین لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکەین، بە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا، نەک رێککەوتنی لایەنێک لەناو حکومەت لەگەڵ حکومەتی تورکیا، ئەمە رێککەوتنێکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەوە مانای ئەوە نییە، کە ئێمە دڵمان خۆشە هەموو هێلکەکانمان بخەینە یەک سەبەتەوە، نەخێر ئێمە ئامادەین بۆ هەموو گفتوگۆیەک، ئەگەر وڵاتێکی تریش هەبێ کە ئامادەبێت وەک تورکیا هاوکارمان بێ بۆ ئەوەی لە چوار چێوەی دەستوری عێراق، لەچوارچێوەی یاسای نەوتی هەرێمی کوردستان نەوتی خۆمان هەناردە بکەین”.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لەچاودیرانی سیاسی و بەتایبەت بەرپرسانی یەکێتی، رەخنە لەحکومەتی کوردستان دەگرن، کە زووتر بڕیاری شەڕی داعشی نەدا، بەر لەوەی داعش بڕیاری هێرشکردنە سەر کوردستان بدات، بەرپرسانی یەکێتی وای دەخنەڕوو، کە ئەگەر کوردستان دەستپێشخەری بکردایە، لەهێرشکردنە سەر داعش، کوردستان بەدەستی ئەو هێزە زیانی پێ نەدەگەشت، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەو رەخنەیە بەبێ بنەما دەزانێت و دەڵێت”رەخنەمان لێگیراوە کە لەوکاتەدا هێزی تیرۆرستی داعش چووە ناو موسڵ، کورد نەچوو شەڕی دژی داعش بکات، من ئەو رەخنەیە بەرەخنەیەکی ناڕەوا دەبینم، چونکە لەیەکەم رۆژی ئەو قەیرانەوە، نەمانویستووە توشی شەڕ ببین، شەڕێکی نەخوازراو بووە بۆ ئێمە، ئیشی ئێمە وەکو حکومەت، پاراستنی میللەتی خۆمانە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە، میللەتی خۆمان بپارێزین، نەک میللەتی خۆمان بەرەو جەنگ ببەین، ئێمە ئەمانەوێ میللەتی خۆمان لەجەنگ دوور بخەینەوە، میللەتی ئێمە زۆر ناخۆشی بینیوە، توشی زۆر شەڕ بووە، شەڕێک کە نەیویستووە توش ببێ، هەندێ شەڕ ناچاربووین شەڕی رزگارکردنی کوردستان بووە، بەڵام ئەم شەڕە شەڕیک نەبوو کە ئێمە بەدەستپێکی خۆمان توشی بین، بەڵکو ئەم هێزە بەموسڵ و رومادی و ئەو جێگایانە رازی نەبوون، هاتن بەرەو رووی ئێمە، کەهاتن ئێمە مەجبوربوین داخلی شەڕەکە بین، ئێستا بەگەرمی داخلی شەڕەکەین و ئەمرۆ لەجیاتی هەموو جیهان ئێمە شەڕ دژی داعش دەکەین، دەستخۆشی هەموو وڵاتانی جیهانمان بۆ هاتووە، بووەتە مایەی ئەوەی هاوکارییەکی یەکجار زۆری مرۆی و سەربازی و مەعنەویمان بۆ بێت، بۆ ئەوەی ئێمە ئەم شەڕە ببەینەوەو هەنگاوی باش بنێین لەدوورخستنەوەی داعش لەهەرێمی کوردستان و لەکۆتایشدا لەناو بردنی”.
جێی بیرهێنانەوەیە، هەر لەبارەی پرسی نەوتەوە، کەلەم دواییانەشدا راگەیاندن و بەرپرسانی یەکێتی وەک رەخنەیەک بەکاری دەهێنن، لەبەرانبەر پارتی، لە رۆژی 17/12/2013، عیمادە ئەحمەد کە ئەوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان بوو، لەبەرنامەیەکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو وتی”یەکێتی، حزبەکەم شەریکە لە بڕیاردانی مەسائلی نەوتدا، ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز، بەپێی یاسای نەوت و غازی پەسەندکراوی پەڕلەمان، کە پێک دێ لەسەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی، وەزیری سامانە سروشتییەکان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان، بڕیار لەسەر هەموو سیاسەتێکی نەوت دەدات، من ئەندامم و سەرکردەیەکی یەکێتیم، کاک بایز تاڵەبانی، ئەندامە و وەزیرێکی یەکێتییە، بەشدارین لەوەدا، لەو کابینەیە کەمن تیای بومە، هیچ مەسەلەیەکی نەوت، بڕیاردانێک لەسەر مەسەلەیەکی نەوت، بەبێ من نەکراوە، پێشتریش مام جەلال ئاگاداربووە، کاک عومەر فەتاح لەکابینەی پێنج، لە کابینەی شەش سەرۆکی حکومەتەکە کاک بەرهەم بووە، ئەوانیش ئاگایان لە مەسەلەکەیە، ئێمە کە دەڵێین شەریکین لەمەسەلەی نەوت، نەهاتووین بڵێن تەنەکە بەتەنەکە بەشی دەکەین، بەڵکو مەبەستمان شەراکەتە لەبڕیاردا لەسەر داهات و سامانی نەوت، کەداهات و سامانی کۆمەڵانی خەڵک و میللەتە”.
بەشیک لە چاوپێکەوتنەکەی قوباد تاڵەبانی