ئەمینداری یەکگرتوو: دەبێت پێكەوە بەشدار بین لەشەڕی دژی تیرۆر، هەتا ببینە بەشێك لەو نەخشە سیاسیەی لەدوای داعش دێتە كایەوە
نوچەنێت
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەپێشوازی شاندێکی باڵای کەجەکە، رایگەیاند، دەكرێ داعش ئامراز و پاساوێكی نەخشاندنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە بێت. بۆ ئێمەی كورد ئەم شەڕی دژی تیرۆرە دەبێت دەسكەوتێكی نەتەوەیی گەورەمان بۆ دەستەبەر بكات، دەشڵێت، دەبێت پێكەوە بەیەك ئیرادە بەشدار بین لەشەڕی دژی تیرۆر، هەتاوەکو ببینە بەشێك لەو نەخشە سیاسیەی لەدوای داعش دێتە كایەوە.
كاتژمێر (10:30)ـی پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ , یەك شەممە 26/10/2014 محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە هەولێر بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵای حزبەکەی، پێشوازی كرد لە شاندێكی كۆنسەی بەڕێوەبەری (كەجەكە) بەسەرۆكایەتی صبری ئۆك و ئەندامیەتی سورهات و تیشك .
بەپێی هەواڵی کوردیو، کۆبونەوەکە نزیكەی دوو كاتژمێری خایاندووە، تێیدا تاوتوێی گۆڕانكاری و ڕوداو و بارودۆخی ئێستای ناوچەكەیان كردووە .
لەو کۆبونەوەیدا محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوەدا “كە داعش وەك دەركەوتەیەكی نوێ گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە و كاراكتەرێكی ناو گۆڕانكاری و ڕوداوەكان دەكرێ ئامراز و پاساوێكی نەخشاندنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە بێت. بۆیە دەوڵەتانی جیهان و ناوچەكە وەك خۆپارێزییەك شەڕی داعش دەكەن , بۆ ئێمەی كورد ئەم شەڕی دژی تیرۆرە دەبێت دەسكەوتێكی نەتەوەیی گەورەمان بۆ دەستەبەر بكات هەروەك گەل و نیشتمان دەپارێزین” .
ئەمینداری یەکگرتوو زیاتریش وتویەتی”پرسی نەتەوەیی ئێمە گەشەیەكی سیاسی گەورەی كردوە و كەوتوەتە سەر مێزی بریاردان لەلای زلهێزان و نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەمەش لە بۆشاییەوە هەڵنەقولاوە بەڵكو دەرەنجامی خەباتی جۆراو جۆری گەلەكەمانە لە (100) ساڵی رابردوودا” .
لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەمینداری گشتی پشتگیری و بەدەمەوە هاتنی ئەمریكاو كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەروبونەوەی مەترسیەكانی داعش لەسەر کورد لە كوبانی و لەباشوری کوردستان و رێگەپێدانی رۆیشتنی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە بۆ كوبانێ، وەك دوو ئاماژەی دیاری ئاڵوگۆری سیاسی هەژماركردووە، كە دەخوازێ بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەكەمان بەهەند وەری بگرن و ئیشی جدی لەسەر بكەن بەتایبەت گەلەكەمان لە مێژویدا دوژمنی ئەمریكاو دەوڵەتانی رۆژئاوا و گەلانی ناوچەكە نەبووە، بۆیە تەفەهوم كردنی دۆزەكەمان كارێكی مەحاڵ نیە، بەڵام پێویستی بەیەكخستنی نێوماڵی كوردی هەیەو لێرەوە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی گرنگی و پێویستی و رەوایەتی خۆی وەردەگرێت، بۆیەكخستنی گوتارو ئەرك و رۆڵی هەر لایەنێك بۆئەوەی هەمووان بەشێوەیەكی تەواو كاریانە كارەكانی ئەنجام بدات .
مامۆستا محمد فرج , بەگرنگی زانی”پێكەوە بەیەك ئیرادەوە بەشدار بین لەشەڕی دژی تیرۆر، هەتاكو ئێمەی كورد ببینە بەشێك لەو نەخشە سیاسیەی لەدوای داعش دێتە كایەوە” .
سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی لەباكور , ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، ئاماژەی بەوەدا كە ئەم پرۆسەیە لەباكور بەزەحمەت گەیشتۆتە ئێرە و لەهەردولاوە ویستی سەرخستنی بەدی دەكرێت، لێدوانی بەرپرسانی هەردولا جەخت لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەباكور دەكەنەوە و دەبێت هەردولا لەناو تەپوتۆزی ڕوداوەكاندا پارێزگاری لەپرۆسەی ئاشتی بكەن و نەهێڵن ڕوداوەكان ئاڕاستەی پرۆسەكە بگۆڕێت، چونكە توركیا بەچارەسەری كێشە كورد لە باكور پرۆژەی كرانەوەی دیموكراسی سەردەخات و پێوەری سەركەوتنی پرۆژەكەشیان چارەسەر كردنی ئاشتیانەی كێشەی كوردە، لەباكور و كوردیش بەڕێگەی دیموكراتی و گفتوگۆ مسۆگەرتر و سەركەوتووتر و خێراتر دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكەی و گەیشتن بە مافە ڕەواكانی، هەروەها و دەبێت توركیا وڵاتی هەمووان بێت و بۆ هەمووان بێت نەك تەنها بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو .
هەر بەپێی هەواڵی کوردیو، صبری ئۆك سەرۆکی شاندی كەجەكە، سوپاسی ئەمیندار و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی ئیجابیان سەبارەت بە قەزیەی كوردی و پێشكەشكردنی نمونەی ئیسلامی میانەڕەوی كراوە، كە خزمەتی دۆزی میللەتەكەمان بكات .
صبری ئۆك، وتویشیەتی، رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆرانكاری سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و داعش پرۆژەو ستراتیژێكی دەرەكیە لەناوچەكەدا بەكار دەهێنرێت و ئەوشەرەی گەلەكەمان روبەروی دەبێتەوە شەری شكاندنی ئیرادەی سیاسیە لەناوچەكەدا، بۆیە منیش هاوڕام لەگەڵتان كۆنگرەیەكی نەتەوەیی زەرورەتی بەستنی هەیە لە ئێستا، هەتاكو بە پرۆژەو ستراتیژی هاوبەشەوە روبەروی دۆخەكە ببینەوەو یەكێتی گەلی كورد پیشانی دنیا بدەین .
سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی سەرۆكی شاندی باڵای كۆنسەی بەڕێوەبەری (كەجەكە) ووتی: ئێمە شەڕناخوازین و دژی شەرین و دەخوازین و هەوڵدەدەین پرۆسەی ئاشتی سەركەوێ بەڵام دەبێ دەولەتی توركیا رێگریەكانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی هەڵبگرێت و زەمینەی سەرخستنی پرۆسەكە سازو ئامادە بكات و بارگرانی بۆ ئێمە دروست نەكەن.
هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێكەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژئاوا دەربڕی و داوای كرد پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دان بە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوادا بنێت .