سەرۆکی پارتێکی تورکیا: پێشمەرگە ناپاکییان بەرانبەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەو سەر ئێشە بوون بۆ تورکیا
نوچەنێت
سەرۆکی پارتێکی تورکیا، دژ بەرۆشتنی هێزی پێشمەرگەیە بەسەر خاکی باکوری کوردستاندا بۆ کۆبانی، رەخنە لە ئەردۆگان دەگرێت و هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگەو دەڵێت” پێشمەرگە گروپێکن ناپاکییان لەیەک پارچەیی خاکی عێراق کردووە، سەر ئێشەبوون بۆ تورکیا”.
هێرشەکانی داعش مەترسی گەورەیان لەسەر کۆبانێ دروستکردووە، مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەفەرمی و بەناوی کوردستانەوە داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیاکرد، رێگە بدەن پێشمەرگە لەسەر خاکی باکوری کوردستانەوە، بەهانای کۆبانێ وە بچێت، رۆژی دواتر رەجەب تەیب ئەردۆگان لەگەڵ باراک ئۆبامای سەۆکی ئەمریکا پرسی رۆشتنی پێشمەرگەیان بۆ کۆبانێ تاوتوێ کرد و بڕیاری کردنەوەی دەروازەکانی تورکیای دا، بەڕووی پێشمەرگەدا بۆ چونە کۆبانێ، لەدوای رەزامەندی تورکیا. هەر لەسەر داوای سەرۆکی کوردستان، پەڕلەمانی کوردستان لەرۆژی چوارشەممە 22/10/2014 بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ پەسەندکرد، بڕیارە سبەی یەکشەممە 26/10/2014 هێزێکی پشتیوانی پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە، بە نێو خاکی باکووری کوردستاندا بچنە کۆبانێ بۆ هاوکاری هێزەکانی پەیەدە، و پاراستنی ئەو شارە لەکەوتنە دەست داعش.
لەکاردانەوەیەکدا لەبەرانبەر رەزامەندیی ئەردۆگان، بەچوونی پێشمەرگە بەسەر خاکی باکوری کوردستاندا بۆ کۆبانێ، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەژادپەرستی تورکیا”مەهەپە”، كە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، رەخنەی توند دەگرێت و ئەو بڕیارە بەهەڵەی مێژوویی ناو دەبات، هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگەو دەڵێت” ئەوانە هێزێکی سەربازی نین، تا بەپرۆژە یاسایەک بەنێوخاکی تورکیادا بڕۆن، ئەوانە گروپێکن لەباکوری عێراقەوە ناپاکییان بەرانبەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووەو سەر ئێشەش بوون بۆ تورکیا”.