به‌ڤیدیۆ… چۆنێتی فرۆشتنی ئافره‌تان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه
نوچە.نیت.ئاژانسەکان
بۆ خستنه‌ڕووی كرده‌وه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا، ژماره‌یه‌ك چالاكوانی كورد له‌به‌رده‌م بینای په‌رله‌مانی به‌ریتانیا گردبوونه‌وه‌یه‌كیان رێكخست و نمایشێكیان پێشكه‌شكرد كه چه‌ند چه‌كدارێكی داعش، چوار ئافره‌تیان به زنجیر به‌ستووه‌ته‌وه و ده‌یانفرۆشن.
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه له پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه، پیاوێك، ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت كه به زنجیر به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه ده‌فرۆشێت و ده‌ڵێت: “ئه‌مڕۆ چوار ئافره‌تمان بۆ ئێوه هه‌یه، له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی لێره ده‌یانفرۆشین”.
ئه‌و پیاوه‌ی له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ر به رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نییه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی پێیانه‌وه نییه، به‌ڵكو چالاكوانێكی كورده و له‌گه‌ڵ هاوڕێكاندا له به‌رده‌م په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له له‌نده‌ن، نمایشێكیان ده‌رباره‌ی كرده‌وه‌كانی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان له عیراق و سوریا پێشكه‌ش كرد.
پێگه‌ی “BBC”له زاری یه‌كێك له به‌شداربووانی نمایشه‌كه‌وه كه سه‌رنجی زۆرێك له رێبوارانی راكێشابوو، بڵاویكرده‌وه كه “رۆژانه ئه‌م حاڵه‌ته له عیراق و سوریا رووده‌دات، بۆیه بڕیارماندا وه‌ك خۆی بۆ دانیشتوانی ئێره‌ی بگوازینه‌وه”.
له نمایشه‌كه‌دا ئافره‌ته‌كان خرانه‌ڕوو بۆ فرۆشتن و زیادكردنه‌كه‌ش به كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ ده‌ستی پێكرد.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا رێكخراوی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه رێكخراوی داعش 150 كچ و ژنی له عیراقه‌وه گواستۆته‌وه بۆ سوریا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كۆیله بیانفرۆشێت.
ئاری موراد یه‌كێك له به‌شداربووانی چالاكییه‌كه بۆ “BBC” وتی: “هه‌ندێك له‌و رووداوانه‌ی‌له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ده‌یبیستین، تۆقێنه‌رن، بۆیه پێویستبوو ئێمه كارێك بكه‌ین و راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك بخه‌ینه‌ڕوو چونكه دانیشتوانی ئێره، راستی رووداوه‌كانی سوریا و عیراق نازانن”.