وێنەی کچە ئێزیدیەک لەریزی باشترین وینەکانی جیهانە
نوچە.نیت.knn
وێب سایتیTIME MAGAZINE ی ئەمەریکی، لەسەر روپاڵی ماڵپەرەکەیان وێنەی کچێکی کوردی ئێزیدی بەناوی روناک باپیر بڵاو کردەوە کە چەکێکی لەجۆری کڵاشینکۆفى لەشاندایە و وەک یەکێک لەباشترین وینەکانی رۆژ دەستنیشانیکرد.
ئەو کچە کوردە ئێزیدیە لەنێو شاخێکدا دەردەکەوێت کە لەسەر رێگایەکی قیرکراو وەستاوەو ئاوڕێکی قوڵی بۆ دور لەروانینی خۆی داوەتەوەو چاوەڕوانییەکی قوڵ بەروخسارییەوە دیارە.
زمناکۆ ئیسماعیل رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی کەبەکامێراکەی ئەو وێنەیەی هەڵگرتوە رایگەیاند: ئەو وێنەیەم لەنێو چیای شەنگال گرتوە لەپاش شکاندنی گەمارۆی سەر ئەو چیایە لەلایە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، وتیشی: ئەو کچە بەتەنها نەبو بەڵکو وەک لەوێنەکەشدا دەردەکەوێت دایک و خوشکێکی بچوکتر لەخۆی و دو منداڵی دیکەی لەگەڵدا دەردەکەوت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: کاتێک ئەو وێنەیەمگرت: ئەو کچە وەستابو ئاوڕی دابوەوە بۆ دور لەڕوانینێکی قوڵ، وەک ئەوەی کەسێکی نزیکی لێ بەجێ مابێت و بیەوێت پێی بگاتەوە، دواتر بەوەم زانی کە ئاوڕدانەوەی ئەو بەئاراستەی رێڕەوی هاتنەخوارەوەی خەڵکی نێو چیاکە بوە کە لە شەنگالەوە هاتون.
زمناکۆ وتیشی: ئەو وێنەیە لەزۆرێک لە وێب سایت و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تیوتەر و فەیسبوک و تانگۆ و ئینیستیگرام بڵاو بۆتەوەو ئێستا وەک سومبولی بەرخودانی ئێزیدیەکان ناسراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەو وێنەیە لەهەریەکە لەکەناڵە گەورەکانی وەک کەناڵ چواری بەریتانی و تایم مەگەزینی ئەمەریکی بڵاو بۆتەوەو وتیشی: لەئێستادا وەک باشترین وێنەی رۆژ لە وێب سایتی TIME MAGAZINE ی ئەمەریکی ناسێنراوە.