عەلی عەونی : 7500 گەریلای پەکەکە چی دەکەن لەباشوری کوردستان؟ رۆژئاوا پێویستی بەوانە
بارزانی بەخەڵکی ناوچەی شەنگالی وتووە، ئەگەر رزگاركردنی شەنگال پێویستی بە 10 هەزار شەهید بێت، ئامادەم خۆم و منداڵەكانی خۆشمی بخەمە سەر
پەكەكە و یەكێتی دەوڵەتی نەتەوەییان ناوێت و دەیانەوێ مافی ئێمە گرێدراوبێت بە دیموكراسی بەغدا و تاران و ئەنقەرە
بۆ کوردانی رۆژئاوا هەڵبژاردنی ئەسەد هەڵبژاردنی ژیر دەستەییە
ئەگەر یەكگرتوو بوین دەرفەتی بوون بە دەوڵەتمان دەبێت
نابێت خاوەندارێتی خاكی كوردستاندا بیبەستینەوە بەدیموكراسیەوە، كە ئێستا بەناوی فكر و فەلسەفەوە دەرخواردی هاوڵاتیانی دەدەن
دڵشادهەرتەلی- نوچەنێت
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەت بە(نوچەنێت) تیشكدەخاتە سەر گرنگی بوونی بارزانی لەبەرەكانی شەڕ، ئەوەشدەخاتە روو پەكەكە و هەندێك لایەنی سیاسی، موزایەدەیان بەشكستی شەنگالەوە كردوە، دەشڵێت پەكەكە چی دەكات لەهەرێمی كوردستان، بابچێت بەهانای كۆبانێ و خۆشم ئامادەم لەگەڵیان بچم.
نوچەنێت : بونی مەسعود بارزانی ، سەرۆکی کوردستان لەبەرەکانی جەنگ، لای تۆ چ مانایەک دەدات؟
عەلی عەونی : نیشانەی ئەوەیە كەسەرۆك بارزانی، خۆی بەبەرپرس دەزانێ لە ژیان و سەلامەتی و گەڕانەوەی ئەو خەڵكە، لای ئەو شەنگال بەشێكی جیانەكراوەیە لە كوردستان و رزگاركردنی شنگالی كردوەتە تەعەهودی خۆی، بەخەڵکی ئەو ناوچەیەشی، وتووە، ئەگەر رزگاركردنی شەنگال پێویستی بە 10 هەزار شەهید بێت، ئامادەم خۆم و منداڵەكانی خۆشمی بخەمە سەر، شەنگال دەبێت ئازاد بكرێت، ئێوە بەسەربەرزی لەشوینی خۆتان بژین،هەروەها بوونی بارزانی هاندانی پێشمەرگە و ئیشرافی پێشمەرگەیە، خۆشی پیاوێكە بەشداری شەرەكانی كردوە، لەشۆرشی ئەیلول و گوڵانیش خۆی سەرکردەیەکی مەیدانی كاروباری سەربازی بووە، ئامادەبوونی ئەو لەوێ یارمەتیدەرە بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و رێكخستنی كارەكان بەباشی.
نوچەنێت : وەک بزانی تاکەی بارزانی لەوێ دەبێ؟
عەلی عەونی:ئەوەی من بزانم بارزنی هەتا ئازادكردنی شەنگال لەوێ دەمێنێتەوە.
نوچەنێت : بۆچی سەرەتای کێشەکانی شەنگال بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە ئێوەی وەكو پارتی نیگەران کردبوو؟
عەلی عەونی: بەداخەوە هەم پەكەكە و هەم لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش، دەستیان كرد بەموزایەدە و پڕوپاگەندە و دڵخۆشیان دەربڕی بەوەی كە پێشمەرگە لە شنگال شكاوەو ئەو بارودۆخە هاتوەتە پێش، ئێمە لەهەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ئەو خەڵكەی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانە، بە رژانی یەك دڵۆپە خوێنی پێشمەرگەیەك لە كۆبانێ، لێرە خەم داماندەگرێت و تەنگاو دەبین، ئەوان بەوە دڵخۆشبوون دەبن پێشمەرگە تێکبشکێ، دێن بۆ موزایەدی سیاسی و كەسبێكی كاتی ئەو كارانە دەكەن کەکردیان، بەڵام لە كۆتایدا میللەت راستییەكە دەزانێت، ئەوەتا حیزبێك بەسەرۆك و هەموو كادیران و رێكخستنەكانیەوە ئامادەیە قوربانی بدات، خەڵكی تریش تەماشا دەكات و موزایدە دەكات و شایی و هەلهەلە لێدەدات بۆ شکانی پێشمەرگە لەجێگایەک، ئەویش تەنها بۆ دژایەتی پارتی.
نوچەنێت : دوای رووداوەکانی کۆبانێش پەكەكە هەر لەوێ ماونەتەوە، ئێستاش هەر جێی نیگەرانین بۆ ئێوە؟
عەلی عەونی:ئەوان موازیەدەی ئەوە دەكەن كۆبانێ پێویستی بەهێزە و دەبێت حكومەتی هەرێم هێز بنێرێت، باشە 5500 گەریلا چی دەکات لە قەندیل، 2000 چەكداریان لە نێروەو رێكان هەیە چدەكەن، لەوێ؟ بۆ ناچنە هاوکاری رۆژئاوا، پەكەكە دەڵێن دەچن شنگال رزگار بكەن، باشە جارێ بۆ ناچن كۆبانێ رزگاربكەن، با پەکەکە هێزەكانی بباتە ئەوێ، ئەگەر پێویستی بەهێزی زۆرتربوو، ئەوكاتە وەرن داوای هێز لەحکومەتی کوردستان بکەن، ئەگەر نەچوون رەخنەبگرن، ئاخر پەكەكە هێزی لە هەندێك شوێن داناوە، ئەسڵەن پێویستی بەهێز نییە، بۆنمونە قەندیل چ پێویستی بەهێزە، ئەگەر هێز لەبەر ئەوە نانێرن کە رێگە نییە بۆ كۆبانێ، بۆچی بە ئێمە دەڵێن بڕۆنە كۆبانێ، با ئەوان بڕۆن رێگا بكەنەوە تادەگەنە كۆبانێ، پێویستی بەچی ئێمە کرد دەیکەین، چیان لە ئێمە ویست وەكو یارمەتی و ئۆتۆمبێل هاوكاریان دەبین و هەتا خۆم شەخسی ئامادەم و لەگەڵیان دەچم تادەگەنە كۆبانێ.
نوچەنێت : ئێستا چۆن لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەڕوانی؟ پێت وایە کورد لەو بەشەی وڵات سەربکەوێ؟
عەلی عەونی: سەركەوتن و رزگاری میللەتی ئێمە لە رۆژئاواو لەرۆژهەڵات و لە باكور و باشور ئەرکی ئێمەیە و دەبێت كاربكەین بۆ سەركەوتنی یەكجاری، دەبێت ئەو پەڵەرەشە لەنێوچاوانی مرۆڤایەتی لاببەین و ئێمەش دەوڵەتی نەتەوەی خۆمان هەبێت، داواشدەكەین خەڵك بەوە هەڵنەخەڵتێن كە خەڵکانیك و لایەنێک دەڵێن مۆدیلی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە، ئێمە هیوامان زۆرە، سەركەوتن لە رۆژئاوای كوردستان پێویستی بەوەیە سیاسەتێكی كوردستانی بەڕێوەببەین، ئومێدم بەوەیە ئەو كۆبونەوانەی كە ئێستا لە دهۆكن لە نێوان پارتەكوردیەكانی رۆژئاوا، پێكەوە بگەنە قەناعەتێك كە دەبێت سیاسەتێكی كوردستانی پەیڕەوبكەن، خەباتی رزگاری كوردستان بریتی نییە لەوەی ئێمە خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی توركیا، یان ئێران، یان بەشار ئەسەد، ئێمە خزمەتكار و شەڕڤان و پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و فیداكاری میللەتی خۆمانین، بۆ رزگاركردنی كوردستان خەبات دەكەین، برایانی رۆژئاوا دەبێت خۆیان لەسیاسەتی بەشار ئەسەد بەدوربگرن، هەڵبژاردنی سیاسەتی بەشار ئەسەد، هەڵبژاردنی ژێر دەستەییە، دەبێت بەدرۆ و دەلەسەی بەعس بڕوانەكەن، سیاسەتێك بكەن هاوشان و هاوڕێ و هاوخەبات بێت لەگەڵ خەباتی برایانی باشور، ئێمە پێمان وایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانێكی گەورەیە و چیتر دەوڵەتی عێراق و سوریا وڵاتی گەورە نین و ئێستا پارچە پارچە بوون، دەبێت ئێمە وەكو كورد لەو فرسەتە سود ببینین بۆ ئەوە یەكگرتوبین، ئەگەر یەكگرتوو بوین دەرفەتی بوون بە دەوڵەتمان دەبێت، بەڵام ئەگەر یەكێك خۆی بكاتە ژێر دەستی ئێران و یەكێكی تر ژێر دەستی ئەسەد ئەمە سەرمان ناخات.
نوچەنێت : ئەی خوێندنەوەت چییە بۆ ئاڵۆزییەکانی باکوری کوردستان، پێت وایە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەبەرژەوەندی کورد بێت؟ بەرای تۆ ئەبێ چی بکەن؟
عەلی عەونی : گەلی كورد لەهەر شوێنێك چ رێگایەك بەباش دەزانێت بۆ بەدیهێنانی مافەكانی، بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەكانی خۆی، دەبێت مومارەسەی بكات، ئەمە شەر نییە دەبێت دەوڵەتی توركیاش لەگەڵ ئەو خەڵكە بكەوێتە گفتوگۆ و بڵێت ئەوە مافەكانتانە، هیچ شتێك لەخۆیەوە سەر هەڵ نادات.
نوچەنێت : پەیوەندی نێوان پەکەکەو یەکێتی چۆن دەخوێنێتەوە؟ چ ئایندەیەکی دەبێت؟
عەلی عەونی : ئەو سیاسەتی كە پەكەكە و یەكێتی دەیكەن بەوەی كە دەوڵەتی نەتەوەییان ناوێت و دەیانەوێ مافی ئێمە گرێدراوبێت بە دیموكراسی بەغدا و تاران و ئەنقەرە، ئەبێ بزانن باسکردنی دیموكراسیەت فێڵێكی زۆر زۆر گەورەیە ئێستا لەگەلی كوردستان دەكرێت، چونكە چەند ساڵە لەگەڵ بەغدا بەدیموکراسی خەبات دەکەین بینیمان هیچ مافێكی ئێمە لەپەرلەمانی عێراق دەرباز و پەسەند نەبووە، كەواتە دیموكراسیەت نەلەعێراق و نەلەتوركیاو نەلەسوریا هیچ سودی نییە، مافی ئێمە مافی سیاسی و جوگرافیای كوردستانە، مافی بەرەسمی ناساندنی خاوەنداریەتی خاک و گەلی كوردستانە، نابێت مافی خۆمان لەخاوەندارێتی خاكی كوردستاندا ببەستینەوە بەدیموكراسیەوە، كە ئێستا بەناوی فكر و فەلسەفەوە دەرخواردی هاوڵاتیانی دەدەن.