پزیشكەکە دەڵێ: “شەڕڤانێكی برینداریان هێنا كە خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتبوو و خوێنی لەجۆری خوێنەكەی ئەومان نەبوو تەنیا من خوێنەكەم بۆی دەبوو، بۆیە راستەوخۆ لە دەستی خۆمەوە خوێنم بەو بەخشی، ئەگەر خوێنی منیش لە جۆری +O نەبوایە ئەوا ئەو رەنگە مردبا

0

73512Image1پزیشكەکە دەڵێ: “شەڕڤانێكی برینداریان هێنا كە خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتبوو و خوێنی لەجۆری خوێنەكەی ئەومان نەبوو تەنیا من خوێنەكەم بۆی دەبوو، بۆیە راستەوخۆ لە دەستی خۆمەوە خوێنم بەو بەخشی، ئەگەر خوێنی منیش لە جۆری +O نەبوایە ئەوا ئەو رەنگە مردبا”.

نوجە.نیت.رووداو

دوای نزیكەی مانگێك لە هێرشەكانی ئەندامانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( ناسراو بە داعش ) بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، هەتاوەكو ئێستا شەڕ لەنێوان هێزە كوردییەكان و چەكدارانی داعش بەردەوامە و لەمبارەیەوەش پزیشكێكی كورد دەڵێت تەنیا یەك نەخۆشخانە لە كۆبانێ ماوە و تێیدا خەڵكی مەدەنی و شەڕڤانان چارەسەر دەكرێن.

محەممەد عارف پزیشكێكی كوردە و خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەی گەڕۆكی كۆبانێ كاردەكات و بە ماڵپەڕی فرانس24ـی راگەیاندووە ” ئێمە لە كەشێكی زۆر سەختدا كاردەكەین بەهۆی ئەوەی لە شوێنی شەڕ نزیكین هەفتانە شوێنی نەخۆشخانەكەمان دەگۆڕین”.

پزیشكەكە دەڵێت ” بەپێی توانا هەوڵدەدەین وێنەی شوێنەكە لە دەرەوە نەگرین و كاتێكیش وێنەیەك بڵاودەبێتەوە دووبارە نەخۆشخانەكە بۆ لایەكی دیكە دەگوازینەوە، تاوەكو چەكدارانی داعش شوێنمان نەزانن و هێرشمان نەكەنە سەر”. دەشڵێ: “نزیكەی 5 هەزار كەسی مەدەنی لە كۆبانێ ماونەتەوە و تەنیا بۆ كڕینی خواردن و پێویستی و پشكنینی پزیشكی لە نەخۆشخانەكەمان دێنە دەرەوە”.

پزیشكەكە دان بەوەدا دەنێت پێش دەستپێكردنی شەڕ توانیویانە دەرمانەكانی نێو نەخۆشخانەی كۆبانێ كۆبكەنەوە و لە شوێنێكی پارێزراو هەڵیبگرن، دەشڵێت “ئەو دەرمانە ئێستا تاكە عەمبارەی دەرمانەكانمانە”. دەربارەی كەلوپەلەكانیشیان دەڵێت “كەلوپەلە پزیشكییەكانی بەكاریاندەهێنین سەرەتایین”.

ئەو پزیشكە دەڵێ: “شەڕڤانێكی برینداریان هێنا كە خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیشتبوو و خوێنی لەجۆری خوێنەكەی ئەومان نەبوو تەنیا من خوێنەكەم بۆی دەبوو، بۆیە راستەوخۆ لە دەستی خۆمەوە خوێنم بەو بەخشی، ئەگەر خوێنی منیش لە جۆری +O نەبوایە ئەوا ئەو رەنگە مردبا”.

تیمی پزیشكی نەخۆشخانەی گەڕۆكی كۆبانێ لە یەك پزیشك و 10 كەسی دیكەی چاودێری پزیشكی پێكهاتووە و بەپێی گوتەی پزیشكەكە رۆژانە 4 تاوەكو 5 نەخۆش چارەسەردەكەن، بەڵام هەندێك جار لەناكاو پڕدەبێت و جاری وا هەیە 20 شەڕڤانی بریندار بەیەكەوە دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەكە.

ئەو تیمە پزیشكییە ناتوانن نەشتەرگەری گەورە ئەنجامبدەن بەهۆی نەبوونی پێداویستی تایبەت و هەر نەخۆشێكیش دەبێت دوای تێپەڕبوونی 12 كاژێر نەخۆشخانەكە جێبهێڵێت تاوەكو شوێنی نەخۆشی دیكە نەگرێت، بەڵام دەتوانێت دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی رووبكاتەوە نەخۆشخانەكە.

لە رۆژەكانی یەكەمی شەڕدا هێزەكان رێگەیان بە رێكخراوەكانی وەكو مانگی سووری توركی دەدا بچنە كۆبانێ و یارمەتی پێشكەش بكەن بەتایبەت لە رووی چارەسەری بریندارەكانەوە، بەڵام لەوەتای یەكەم هەفتەی مانگی تشرینی یەكەمەوە بەپێی گوتەی پزیشكەكە هیچ یارمەتییەكی دیكە جگە لە یارمەتی رێكخراوێكی ناحكومی كوردی كە خواردن و ئازوقەی بەسەر خەڵكەكە دابەشكردووە نەگەیشتووەتە كۆبانێ، ئەمەش بەهۆی پشكنینی زۆر لەسەر سنوورەوەیە.

پزیشكەكە دەڵێت ” یارمەتییەكان زۆر كەمن، لەبەرئەوەی ئەوانەی كە دێنە نەخۆشخانەكە داوای خواردنمان لێدەكەن و دەڵێن هیچیان بۆ خواردن نەماوە، ئێمەش ئەوەندەی پێمان بكرێت نان و خواردنی لە قوتونراویان پێشكەش دەكەین، بەڵام ئەمەش كەمە و تەنانەت شیری منداڵانیش كەمبووەتەوە، بۆیە داوا لە هێزە توركییەكان دەكەین كە دەرگا بەسەر رێكخراوە مرۆڤدۆستییەكان بكەنەوە ئەگەر نا ئێمە ناتوانین بەردەوامبین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com