رۆژنامه‌ی هاوڵاتی تا ئێستاش گومان له‌سه‌ر مه‌رگی جه‌وهه‌ر نامیق داده‌نێت
هاوڵاتی ئامادەنەبوو وەڵامی خانەوادەکەی بڵاو بکاتەوە
سەرنوسەری هاوڵاتی: كه‌سمان تۆمه‌تبار نه‌كردوه به وه‌ی ده‌ستی هه‌بێت له مردنی كاك جه‌وهه‌ردا
نوچەنێت
دوای کۆچی دوای جەوهەر نامیق سالم رۆژنامەی هاوڵاتی گومانی لەهۆکاری مردنی جەوهەر نامیق راگەیاند، بەڵام دواتر ئامادەنەبوو کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی خانەوادەی جەوهەر نامیق بڵاو بکاتەوە. بەرپرسی پەیامنێرانی هەولێری رۆژنامەکە هۆکارەکەی بەوە دەزانێت کە بانگهێشتی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە نەکرابوون. سەرنوسەری هاوڵاتیش بەدوادانەچونی وردتری رۆژنامەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە” بۆ به‌دواداچوونی هه‌واڵ، هاوڵاتی توانا‌و تاقه‌ی دیاریكراوی هه‌یه”. راشیدەگەیەنێت ئەوان کەسیان تۆمەتبار نەکردووە.
دوای ئەوەی جەوهەر نامیق سالم کۆچی دوایی کرد، رۆژنامەی هاوڵاتی لەراپۆرتێکدا گومانیان لە هۆکاری مردنەکەی جەوهەر نامیق سالم، تێکۆشەری دیاری کورد‌و یەکەم سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان راگەیاند، گوایە یەکێک لە خزمەنزیکەکانی جەوهەر نامیق سالم وتویەتی پزیشکەکانی جەوهەر نامیق وتویانە هۆکاری مردنەکەی نەخۆشییەکەی نەبووە، هاوڵاتی وەک بابەتێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردوو، تاکو ئەمرۆش ئەوبابەتە لەماڵپەڕی رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەرەتای پەخشی ماڵپەرەکەدا دەبینرێت، لەکاتێکدا سەدان بابەتی هاوڵاتی لەو رۆژەوە چونەتە ئەرشیف و لەپەخشی سەرەکی نەماوون، ئەوەی زیاتر جێی سەرەنجە هاوڵاتی گومانی لە هۆکاری مردنی جەوهەر نامیق سالم راگەیاند بەڵام ئامادەنەبوو لێدوانی خانەوادەی جەوهەر نامیق سالم بڵاو بکاتەوە کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رەتیانکردەوە هۆکاری مردنەکەی ژەهرخوارکردن بوبێ.
سعود هاشم سەرپەرشتیاری پەیامنێرانی رۆژنامەی هاوڵاتی لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت هۆکاری بڵاو نەکردنەوەی وەڵامی خانەوادەکەی جەوهەر نامیق بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە” ئامادە نەبوونمان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی بنەماڵەی بەرێز (جەوهەر نامیق) بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە وەك نوسینگەی هەولێری رۆژنامەی هاوڵاتی لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیە ئاگادار نەكرابوینەوە، بۆیە ئامادەییمان نەبووە”.
لەباری چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ هەواڵی کۆچی دوایی جەوهەر نامیق سالم و گومان دروستکردن لەهۆکاری مردنەکەی لە رۆژنامەی هاوڵاتی بەقسەی سەرچاوەیەک لە خانەوادەکەی کە بۆ هاوڵاتی قسەی کردووە بەبێ بونی هیچ بەڵگەیەک، کەمال رەئوف سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت وتی” پێش ئه‌وه‌ی كاك جه‌وهه‌ر سه‌فه‌ر بكات بۆ ده‌ره‌وه، سه‌ردانی ماڵه‌وه‌یانم كرد‌و له‌ته‌ندروستیم پرسی، ئه‌و ته‌نها كێشه‌یه‌كی هه‌بوو ئه‌ویش كێشه‌ی ئه‌ژنۆی بوو، پاشان خۆتان ئه‌زانن كاك جه‌وهه‌ر كه‌سێكی سیاسی بوو جێگه‌ی دیار بوو، بۆیه نه‌ك رۆژنامه‌ی هاوڵاتی هه‌موو كه‌سێك گومانی له‌و جۆره مردنانه ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه دوای مردنه‌كه‌ی نه‌توانرا راپۆرتی دكتۆره‌كه‌ی ببینرێت”.
سەرنوسەری هاوڵاتی هۆکاری بەدوادانەچونی وردتری رۆژنامەکەی بۆ ئەو هەواڵەو تەنها پشت بەستنی بە سەرچاوەیەک لەخانەوادەکەی کە بەناوی پزیشکی نەخۆشخانەیەکی رەسمی وڵاتێکی وەک سوید قسەی کردووە، بۆ ئەوە گێڕایەوە کە” بۆ به‌دواداچوونی هه‌واڵ، هاوڵاتی توانا‌و تاقه‌ی دیاریكراوی هه‌یه، هه‌ندێك جار ئه‌گه‌ر خه‌ڵك نه‌بێت هاوكاریمان بكه‌ن و له هه‌ندێك رووداو ئاگادارمان بكه‌نه‌وه، ئه‌وا به‌سه‌رماندا تێده‌په‌رێت، چونكه له‌كوردستان تاكو ئێستا بانكی زانیاری نییه‌و به‌ئاسانی هه‌واڵ ده‌ست ناكه‌وێت”.
کەمال رەئوف سەرنوسەری هاوڵاتی پێی وایە پیویست نیە ئەوان پۆزش بهێینەوە لەوەی بەناوی پزیشکەکانی جەوهەر نامیقەوە قسەکراوە چونکە ئەوان کەسیان بە هۆکاری مردنەکە تۆمەتبار نەکردووە و دەڵێت”له‌راستیدا ناكرێت ئێمه وابزانین له براو كه‌سوكاره‌كه‌ی كاك جه‌وهه‌ر نزیكتربین به‌و، ئێمه كه‌سمان تۆمه‌تبار نه‌كردوه به وه‌ی ده‌ستی هه‌بێت له مردنی كاك جه‌وهه‌ردا بۆیه پێویستش ناكات پۆزش بهێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه واده‌كات تاراده‌یه‌ك گومانه‌كان بمێننه‌وه ئه‌وه‌یه كه تاكو ئیستا كوره‌كانی كاك جه‌وهه‌ر له‌و باره‌وه هیچیان نه‌وتووه”.
