بارزانی داوا لەتورکیا دەکات رێگا بدات پێشمەرگە بچێتە کۆبانێ
نوچەنێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان بەشێوەی فەرمی داوای لەحکومەتی تورکیا کرد، رێگا بدات لەرێی خاکەکەیەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بنێرن بۆ شەڕی داعش و رزگارکردنی کۆبانێ.
ماوەی چەند رۆژێکە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن داعشەوە پەلامار دەدرێت و چەند گەرەکێکی ئەو شارە کەوتۆتە دەست داعش، شەرڤانێکی یەپەگەش ئەوەی ئاشکراکرد، دوێنێ شەو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تا نزیکی سەنتەری شاری کۆبانی داگیرکرا، بەڵام دواتر تێکشکاون، سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوە دەخەنەڕوو کە ئێستا مەترسی کەوتنی کۆبانێ لەئارادایە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی میللەتی تورکی، مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لای خۆیەوە، داوای لەحکومەتی تورکیاکردووە، رێگا بدەن لەرێی خاکی تورکیاوە هێزی پێشمەرگە بنێرنە کۆبانێ. بەڵام ئەو ماڵپەڕە ئەوەی بڵاونەکردۆتەوە، کەئاخۆ وەڵامی حکومەتی تورکیا چی بووە بۆ داواکەی بارزانی.