وتەبێژی بزووتنەوە: بەرژەوەندی حیزبی، رێگرە لەبەردەم درووستكردنی پرۆژەیەكی هاوبەشى ئیسلامی
پرۆژەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لە پاشەكشەدایە
هیوادارین ئێمە و یەكگرتوو ناچار نەبین لێدوان لە دژی یەك بدەین
خۆزگە یەكگرتوو لە كاتی خەباتی شاخدا پێشمەرگەیان هەبوایە
لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی، كەلێنی سیاسی كەوتۆتە نێوان سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن
لەو چەند مانگەی رابردوو دەركەوت، كە تێبینی زۆر هەیە لەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشوو
هیچ گۆڕانكارییەك نابینرێت كە بە هۆی سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆنەوە، لە ناو دەسەڵاتدا گۆڕانكاری تێدا كرابێت،
سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن كەوتوونەتە ململانێ بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی زۆرتر و پۆستی زۆرتر
جاران دەیانگوت لە پارەی نەوت دەتوانرێت موچەی هاوڵاتیان بدرێت، كەچی ئێستا لایەنێكی پێشووی ئۆپۆزسیۆن وەزیری داراییە و كەچی گوێش نادرێت بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان
نوچەنێت: هەولێر
لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەی نوچەنێت لەگەڵ دكتۆر عەبدوڵڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق، تیشك دەخرێتە سەر ئەو سەرنج و تێبینیانەی كە لەسەر سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن هەیانە، هەروەها باس لە پەیوەندی نێوان لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان دەكرێت، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی پێیوایە ” بەرژەوەندی بەر تەسكی حیزبی، رێگرە لە بەردەم درووستكردنی پرۆژەیەكی هاوبەش، لە نێوان سێ لایەنە ئیسلامییەكەدا”.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی نوچەنێت، لەگەڵ وتەبیژی بزووتنەوەی ئیسلامی
نوچەنێت: ماوەیەكە كێشەیەك لە سلێمانی هەیە و تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێك بۆ ئەو شارە دابنرێت، ئێوە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی چ هەڵوێستێكتان لەسەر ئەو كێشەیە، هەروەها چ داوایەكیشتان لە حیزبەكان هەیە سەبارەت بەو كێشەیە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: ئێمە نیگەرانین بەو كێشەیە، بە داخەوە ئەوە نەبوونی رێكەوتنی نێوان حیزبەكان دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی، هەروەها لایەنەكانی تریش، كە بەڕاستی ئامادەنین لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی خۆیان بگەنە ئەنجامێك و كۆتایی بەو كیشەیە بهێنن.
نوچەنێت: بە بۆچوونی ئێوە بۆچی لیستی خزمەت، كە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامییە، ناتوانن دەنگی خۆیان یەكلایی بكەنەوە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: ئەگەر سەیری رابردوو بكەین، هەر سێ لایەنی (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) رێكەوتنیان هەبوو، كە ماوەی چوار ساڵ پێكەوە كاری ئۆپۆزسیۆنیان كردووە، كۆمەڵێك ئیلتیزاماتی سیاسی و ئەخلاقی كەوتۆتە سەرشانیان، بەڵام ئێستا ئەو سێ لایەنە دوای هاتنە ناو حكومەت، درز و كەلێنێك كەوتۆتە نێوانیانەوە، كە ئەوەیش دیسان لە پێناو بەرژەوەندی حیزبییە، ئەگینا من ئەوەم لە بیرە كاتی خۆی كە بڕیاربوو كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، نوێنەری لایەنە سیاسییەكان دیاری دەكران بۆ لیژنەی ئامادەكاری، بزووتنەوەی گۆڕان وتی ئەگەر لایەنە ئیسلامییەكان نوێنەریان نەبێت لە كۆنگرەی نەتەوەیی، ئێمەیش بەشداری ناكەین، كەچی ئێستا هەردوو لایەنی ئیسلامی پشتیوانی لە بزووتنەوەی گۆڕان ناكەن و داوای تەوافوق دەكەن، لە نێوان یەكێتی و گۆڕان، بۆیە ئەوە جێی تێبینییە.
پێویست بوو هەردوو لایەنی ئیسلامی پرۆژەیەكیان هەبوایە بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانەی كە ئێستا رووی لە پارێزگای سلێمانی كردووە.
نوچەنێت: تێبینییەك هەیە لەسەر ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە، كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیانوت گۆڕانكاری دەكەین و لەگەڵ گۆڕانكاریداین، بەڵام ئێستا كە دەنگی ئەوان دەتوانێت گۆڕانكاری بكات نایكەن، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی ئەو گۆڕانكارییانە ناكەن، ئایا پشتیان كردۆتە ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكیان داوە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: بە داخەوە بە گوێرەی تەجروبەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو، ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی ئێمە، یاری كردنە لەسەر بەرژەوەندی هاووڵاتیان و دەنگیان، خۆ ناكرێت لایەنەكان تەنها بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی لێكبداتەوە، كاتێك لە دەسەڵاتە و كاتێكیش ئۆپۆزسیۆنە، لایەنی سیاسی رەسەن هەمیشە لەگەڵ بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا جوڵە دەكات، نەك لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و كەسی، لەو چەند مانگەی رابردوو دەركەوت، كە تێبینی زۆر هەیە لەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشوو.
نوچەنێت: ئێوەك وەك تاكە لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئەم كابینەیەی ئێستا، زەقترین سەرنجتان لەسەر سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن چیە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن وتیان ئێمە لە پێناو بەرژوەندی هاوڵاتیان دێینە ناو حكومەت، بەڵام بە داخەوە هیچ گۆڕانكارییەك نابینرێت كە بە هۆی سێ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزسیۆنەوە، لە ناو دەسەڵاتدا گۆڕانكاری تێدا كرابێت، ئەوانیش كەوتوونەتە ململانێ بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی زۆرتر و پۆستی زۆر تر، ئیتر لێرەدا هیچ كەسێك نابینرێت كە لەبەرژوەندی هاووڵاتیانی كوردستان قسە بكات، جاران دەیانگوت لە پارەی نەوت دەتوانرێت موچەی هاووڵاتیان بدرێت، كەچی ئێستا لایەنێكی پێشووی ئۆپۆزسیۆن وەزیری داراییە و كەچی گوێش نادرێت بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان، سەرنج و تێبینی زۆرن، بەڵام ئەوەی كە زەق بێت ئەوەیە، كە هیچ گۆڕانكارییەك نابینرێت لە سیستەمی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستان، یان لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هاتنە ناو دەسەڵاتەوە.
نوچەنێت: ئێستا پەیوەندی ئێوە و دوو حیزبە ئیسلامییەكەی تر لە چ ئاستێكدایە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: پەیوەندییەكی دۆستانە و برایانەمان هەیە ئێستا، بەڵام لە راستیدا جەماوەری هەر سێ لایەنی ئیسلامی تموحی زیاتریان هەیە و بەمجۆرە پەیوەندییەی ئێستا دڵخۆش نین، جەماوەری هەرسێ لایەنە ئیسلامییەكە هەمیشە تەئكید لەوە دەكەنەوە، كە لایەنە ئیسلامییەكان پرۆژەیەكی ئیسلامی هاوبەشیان هەبێت، بۆ خزمەتكردنی گەلی كورد و خەڵكی كوردستان.
نوچەنێت: ئێوە لە سەركردایەتی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكان، باس لەوە دەكەن كە پەیوەندی دۆستانەتان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتتانوانیوە لیستێكی هاوبەش درووست بكەن، ئایا لەم دۆخەدا ئەو پەیوەندییە دۆستانە چ مانایەكی هەیە، ئایا چ لاییەنێكتان رێگرە لەوەی ئەو لیستە درووست بكەن؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: لە هەموو دۆخەكاندا كە پەیوەندیان بە سیاسەتەوە هەبووبێت، هەمیشە كۆمەڵێك پێشنیاری نوێمان خستۆتە بەردەم هەردوو لایەنی ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا كۆمەڵ و یەكگرتوو بە پیر داخوازییەكانی ئێمەوە نەهاتوون، لە درووستكردنی یەك لیستی ئیسلامی، یان درووستكردنی لیژنەیەكی هاوبەشی هاریكاری لە نێوان هەر سێ لایەنە ئیسلامییەكەدا، بە مەبەستی گەڵاڵە كردنی پرۆژەیەكی هاوبەش كە هەر سێ لامان پێكەوە كۆ بكاتەوە و بتوانین لەو رێیەوە كاریگەریمان هەبێت لەسەر هاوكێشە سیاسییەكان، بە داخەوە من پێموایە ئەوەیشیان هەر بەرژەوەندی حیزبی بەرتەسكە كە ناهێڵێت ئەو سێ لایەنە ئیسلامییە بگەنە ئەنجام لەو رووەوە.
نوچەنێت: بەڵام كام لایەنیان كۆست لەبەردەم پرۆژەكە درووست دەكات؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: لەگەڵ هەر لایەنكێیان قسە دەكەین، دەڵێن ئەمە پێویستی بە كات و كەشوهەوایەكی لە بار و تەفاهوم و تێگەیشتنی زیاتر دەكات، من ئێستا ناتوانم بڵێم بە تەحدیدی كام لایەنیان هۆكارن، بەڵام ئێمە وەك بزووتنەوە چەندین جار ئەو پێشنیارانەمان خستوونەتە بەردەم كۆمەڵ و یەكگرتوو، كەچی ئەوان نەهاتوون بە پیر پێشنیارەكانەوە، بۆیە ئەوەی كە دەیبینین ئەوەیە، پرۆژەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لە پاشەكشەدایە.
نوچەنێت: تۆ پێشتر لێدوانێكت دەربارەی یەكگرتووی ئیسلامی دا و لێدوانەكەیشت توندبوو، وتبووت لە كاتی خەباتی شاخدا، ئەوان خەنجەریان لە پشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی داوە و گەنجانیان لە جیهاد دژی بەعس ساردكردۆتەوە، ئەو لێدوانەی تۆ پشت بە چ دەلیلێك دەبەستێت؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: من تەنها چەند قسەیەكم كردبوو نەك روونكردنەوە، بەڵام شتەكەیان زۆر گەورە كرد، بەڵام لێرەو لەوێ لەلایەن هەندێك لە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە، بە جۆرێك باس لە رابردووی ئێمە دەكەن كە نیگەرانمان دەكات، بە جۆرێك باس لە فیكر و خەباتی ئێمە دەكەن، كە دڵی شەهید و كادیر و لایەنگرانمان بریندار دەكات، بۆیە ئومێدەوارم ناچار نەبین كە لێدوان لە دژی یەك بدەین.
ئێمە هەقی برایانی یەكگرتوومان نیە كە پێشمەرگەیان نەبووە، خۆزگە پێشمەرگەیان هەبوایە، بەڵام كە نایانبووە ئێمە مافی خۆمانە پێشمەرگەكانمان خانەنشینی وەرگرن، وەك هەموو ئەو حیزبانەی تر، كە پێشمەرگەیان هەبووە.
نوچەنێت: دوا هەوڵتان چی بووە بۆ گەڕاندنەوەی مەلا كرێكار، چونكە بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە هەم بنەماڵەكەی كاك خالید و ئەوان هەوڵەكانیان خستۆتە گەڕ، هەم ئێوەیش وەك بزووتنەوە هەوڵی خۆتان هەیە؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە، كە مامۆستا كرێكار كەسایەتییەكی ئیسلامییە لە كوردستان، ئێستا كە لە زیندانە لە وڵاتی نەرویج، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەوڵ بدەن كە بگەڕێتەوە و دووبارە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی درێژە پێبداتەوە و چیتر لە هەندەران لە زیندان نەمێنێتەوە، مافی خۆیەتی وەك هاوڵاتییەك هەموو لایەك بەرگری لێبكات، زۆریش هەوڵ دراوە بۆ گەڕانەوەی، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون، لە كاتێكدا مامۆستا كرێكار هیچ پەیوەندییەكی بەو گروپە ئیسلامیانەوە نەماوە و ئیسیقالەی كردووە لە جەماعەتی ئەنسارولئیسلام ئێستا لە سجنە و هیچ تەوەجوهێكی نیە وەك جیهەتێكی فەرمی یان سەرپەرشتی تەوەجوهێكی فەرمی بكات لە كوردستان، ئێستا وەك كەسایەتییەكە، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان ئاشبوونەوەیەكی گشتی رابگەیەنێت، بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان تۆراون لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو وڵاتی خۆیان و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی بداتەوە، هیچ شتێكیش مەحاڵ نیە و دەكرێت لە رێی گفتوگۆوە هەموو شتەكان چارەسەر بكرێن.
نوچەنێت: ئێوە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی هیچ گرەنتییەكی مەلا كرێكار دەكەن، كە لە داهاتوودا وەك لایەنە سیاسییەكان دەڵێن، نەبێتە سەر ئێشە بۆ هەرێمی كوردستان؟
د. عەبدوڵڵا وەرتێ: مامۆستا كرێكار ئەندامێك نیە لە ریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی ناتوانێت هیچ بەرپرسیارێتییەك لەو بارەیەوە هەڵبگرێت، بەڵام وەك ئەوەی كە رۆژێك لە رۆژان مامۆستا كرێكار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بووە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێكە لە كەسایەتییە ئیسلامییە دیارەكان لە كوردستان و ناوچەكەیش، بۆیە پێویستە مەلەفەكەی بە یەكجاری بۆ چارەسەر بكرێت.
