ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ نوچەنێت: تا ئێستا لە هەولێر گرتنی هەوادران و لایەنگرانی یەكێتی بەردەوامە

0

 

333ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ نوچەنێت: تا ئێستا لە هەولێر گرتنی هەوادران و لایەنگرانی یەكێتی بەردەوامە

 

ئاماژەیەك هەیە بۆ سڕكردنی ئەنجومەنەكە

 

لە ماوەكانی رابردوودا غەدرێكی زۆر لە لایەنگرانی یەكێتی كراوە، لە درووستكردنی خانوو رێگریان لێكراوە، لە راكێشانی هێڵی ئاو رێگریان لێكراوە، لە دابەشكردنی خانوو بۆ كرێچییان غەدریان لێكراوە، خەڵكی یەكێتی لە هەولێر دانامەزرێنن

 

تا ئەو هەڵبژاردنەی پێشوو هەولێر بۆ هەمووان نەبووە و تەنها بۆ لایەنێكی سیاسی بووە.

 

 

نوچەنێت: هەولێر

 

لەم گفتوگۆیەی نوچەنێت لەگەڵ پارێزەر نیار ئازاد مستەفا عوزێری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، تیشك دەخرێتە سەر ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی ئەنجومەنكە بوونەتەوە، ئەو پێیوایە ئاماژەیەك هەیە بۆ سڕكردنی ئەنجومەنەكە، ئاماژە بەوەیش دەدات، كە لە رابردوودا هەولێر بە تاكڕەوی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوەبراوە و بەو هۆیەشەوە غەدری زۆر لە لایەنگرانی یەكێتی كراوە، هەروەها ئەوەیش ئاشكرا دەكات، كە تا ئێستا لە شاری هەولێر، ئەندامانی یەكێتی دەستگیر دەكرێن و تۆمەت دەخرێتە پاڵیان.

 

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكانی نوچەنێت، لەگەڵ پارێزەر نیار عوزێر

 

نوچەنێت: گرفتی ئێوە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چیە؟

نیار عوزێری: گرفتەكان لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنەوە دەستيان پێكرد، كە پارتی تاك لایەنە لەگەڵ كۆتاكان، سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگاری هەڵبژارد و ئێمەیش وەك یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بایكۆتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنمان كرد، چونكە ئێمە داوامان لە پارتی كرد كە ئەو دانیشتنە دانیشتنێك بێت بۆ یەكتر ناسین، نەك دانیشتنێك بێت بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان، ئەوان دیار بوو ئەو داوایەیان قبوڵ نەبوو، ئیتر شاندێكی دانوستاندكار لە لایەن پارتییەوە پێكهێنرا، تا لەگەڵ هەر سێ‌ لایەنەكەی تر دانووستاند بكەن و تا ئەم كات و ساتەیش شاندەكە بەردەوامە لە كارەكانی خۆی.

نوچەنێت: پارتی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی یەكلایی كردۆتەوە، ئێوە وەك یەكێتی لەم حاڵەتەدا داواكاریتان چیە، هەر سوورن لەسەر ئەوەی كە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئێوە بێت؟

نیار عوزێری: ئێمە پێمانوتوون كە یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان تاك لایەنانە بووە و دەبێت پێدواچوونەوە بكرێت، ئێمە لاریمان لەسەر ئەوە نیە، كە پۆستی پارێزگار بەر پارتی بكەوێت، بەڵام داواكاریمان ئەوەیە، كە بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت.

نوچەنێت: ئەی وەڵامی ئەوان چیە؟

نیار عوزێری: تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی ئەو داواكارییەی ئێمەیان نەداوەتەوە.

نوچەنێت: وەك هەست دەكرێت پارتی بە نیازە ئەنجومەنی پارێزگاكان سڕ بكات، ئێوە چ زانیارییەكتان لەو بارەوە هەیە و لە حاڵەتێكی وەهادا هەڵوێستتان چی دەبێت؟

نیار عوزێری: ئەگەر پارتی بە نیاز بێت یان نا، بەڵام كاتێك پارێزگار لە پارتی بێت و سەرۆكی ئەنجومەنیش لە پارتی بێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا سڕ كردنە و ئەو ئەنجومەنە چالاك نابێت، چونكە پارێزگار لە رووی حیزبییەوە پلەكەی لە سەرووی پلەی سەرۆكی ئەنجومەنەوەیە، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، پێشتر فەرمانبەر بووە لە سنووری ئیدارەی ئەو پارێزگایە، بۆیە سەرۆكی ئەنجومەن ناتوانێت لێپرسینەوە لە پارێزگار بكات و چاودێرێكی تەواوی پارێزگاری هەولێر بكات، بۆیە ئەوە خۆی لە خۆیدا سڕ كردنی ئەنجومەنەكەیە.

نوچەنێت: واتە بە فیعلی پارتی هەنگاوی بۆ سڕ كردنی ئەنجومەنەكە هاویشتووە؟

نیار عوزێری: من ناتوانم بڵێم بە فیعلی هەنگاوی ناوە، بەڵام ئاماژەیەك هەیە بۆ سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، چونكە پێشتر باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كەتبووە بەرانبەر باڵەخانەی پارێزگا، ئێستا ئەنجومەن دوورخراوەتەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكە بۆ دوورخستنەوەی ئەنجومەن، لە چاودێریكردنی پارێزگاری هەولێر، هەروەها ئێستا باڵەخانەیەكی نوێ‌ بۆ پارێزگا درووست دەكرێت، تا ئێستا لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوون كە ئەنجومەنی پارێزگا لەو باڵەخانەیەدا جێبكرێنەوە.

نوچەنێت: ماوەیەكی زۆرە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرە، تا ئێستا ئێوە چ تێبینییەكتان هەبووە لەسەر كارەكانی؟

نیار عوزێری: نەوزاد هادی سلبیاتی هەیە و ئیجابیاتی هەیە.

نوچەنێت: بەڵام سلبیاتەكانی چیی بوون؟

نیار عوزێری: ئەوەی لە رابردوو بووە دیراسەتمان نەكردووە، بەڵام بۆ داهاتوو هەم سلبیات و هەم ئیجابیاتی دەستنیشان دەكەین و دیراساتی دەكەین و بۆ رای گشتیش رایدەگەیەنین.

نوچەنێت: ئەگەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بۆ یەكێتی نەبێت، ئێوە هەڵوێستان چی دەبێت؟

نیار عوزێری: ئەو كاتە هەموو ئەگەرەكان كراوەن، دەبێت شاندی دانووستاندنكاری یەكێتی بڕیارێك دەربكات و ئێمەیش پابەندی بڕیارەكە دەبین.

نوچەنێت: كێشە و گیروگرفتی لایەنگرانی یەكێتی تا ئێستا لەگەڵ ئیدارەی هەولێر چی بوون؟

نیار عوزێری: لە درووستكردنی خانوو رێگریان لێكراوە، لە راكێشانی هێڵی ئاو رێگریان لێكراوە، لە دابەشكردنی خانوو بۆ كرێچییان غەدریان لێكراوە، خەڵكی یەكێتی لە هەولێر دانامەزرێنن، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت ئێمە لە سلێمانی هاووڵاتی دەرەجە دووین، بەڵام من پێیدەڵێم ئەوان وەك پارتی لە سلێمانی، وەزعیان لە ئێمە وەك یەكێتی و لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك زۆر زۆر باشترە، ئێمە لێرە وەك هاووڵاتی دەرەجە چواریش سەیر نەكراوین.

نوچەنێت: كە گوێ‌ لە موعاناتی هەردوو لاتان دەگرین هەست دەكەین هەمان موعاناتتان هەیە، بەڵام بۆچی ئێوە هەست دەكەن لێرە غەدری زیاترتان لێكراوە؟

نیار عوزێری: چونكە لە سلێمانی بەو شێوەیەی ئێرە غەدر لە هەوادارانی پارتی نەكراوە، تا ئێستا لە هەولێر گرتنی هەوادران و لایەنگرانی یەكێتی بەردەوامە و تۆمیش دەخرێتە پاڵیان، بەڵام لە سلێمانی ئەو دیاردەیە هەر بوونی نیە، ئێمە وەك یەكێتی لە سلێمانی، بارەگی هیچ حیزبێكی سیاسیمان نەسووتاندووە، بەڵام لە هەولێر و دهۆك لە ساڵانی رابردوو بەردەوامی بارەگای لایەنە سیاسییەكان دەسوتێنرا، لە دهۆك نەك هەر بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی سوتێندرا، بەڵكو ئەندامی سەركردایەتیشیان شەهیدكرا، لە هەولێریش بە هەمان شێوە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان سوتێنردرا، بەڵام لە رێی ئێوەوە سەرجەم هەواداران و لایەنگران و دەنگدەرانی یەكێتی دڵنیا دەكەمەوە، ئێمە واز لە مافەكانیان ناهێنیین و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانیان دەبین.

نوچەنێت: پێتانوایە بەشداری كردنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەو حەجمەوە، سەرەتایەك بێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە تاكڕەوییەی پارتی كە خۆتان باسی دەكەن؟

نیار عوزێری: ئێمە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە درووشمی هەولێر بۆ هەمووانە چووینە ناو هەڵبژاردنەوە، ئێستایش سوورین لەسەر ئەوەی كە هەولێر بۆ هەمووان بێت و نابێت هەولێر تەنها بۆ لایەنێكی سیاسی بێت، خەڵكی هەولێریش كە دەنگی بە یەكێتی و درووشمەكانی داوە، بۆ ئەوەیە داكۆكیكاری مافەكانیان بێت، ئێمەیش ئەو بەڵێنەیان پێدەدەین، كە داكۆكیكاری مافەكانیان بین.

نوچەنێت: واتە تائێستا هەولێر بۆ هەمووان نەبووە؟

نیار عوزێری: نەخێر… تا ئەو هەڵبژاردنەی پێشوو هەولێر بۆ هەمووان نەبووە و تەنها بۆ لایەنێكی سیاسی بووە، تاك لایەنە حوكمكراوە و لایەنێكی سیاسی لە حزمەتگوزاری و دامەزراندن سودی وەرگرتووە و لایەنەكانی تر سودیان نەبینیوە، بە تایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

نوچەنێت: ئێوە تا ئێستا نەتانوانیوە ئەو مافەی خۆتان كە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە وەربگرنەوە، لە حاڵێكی ئاوادا چۆن دەتوانن داكۆكیكاری مافەكانی ئەوانی تر بن و مافەكانیان بۆ وەرگرنەوە؟

نیار عوزێری: هەموو كاتێك دەتوانین داكۆكیكاری مافی خەڵك بین، هەروەها تا ئێستا دیار نیە كە سەرۆكی ئەنجومەن دەدرێتە یەكێتی یان نا، ئەوكات كە یەكلایی بووەوە، هەڵوێستی خۆمان دەبێت و ئەو هەڵوێستەیشمان بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، بەڵام با جارێ‌ پێش رووداوەكان نەكەوین، با بزانین وەڵامی پارتی چی دەبێت.

نوچەنێت: بەڵام ئەگەر وەڵامەكان بە دڵی ئێوە نەبوون، ئێوە لە هێزی خۆتان رادەبینن كە داكۆكیكارێكی سەر سەخت بن، یان دەبنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئاستی حكومەتە محەلییەكەی هەولێر؟

نیار عوزێری: ئەوە دەبێت وەفدی دانوستاندكار بڕیار بدات كە هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت، بەڵام من وەك خۆم كە متمانەی خەڵكم بە دەستهێناوە، ئەگەر هاتوو ئەنجومەنەكە سڕكرا و رۆڵی نەبوو و نەمتوانی داكۆكیاری مافی دەنگدەرانی یەكێتی بم، ئامادە نیم لە ئەنجومەنێكی سڕكراو و بێدەسەڵات ئەندام بم و بەردەوام بم لە كارەكانم.

نوچەنێت: ئێستا لە هەولێر لە رووی جەماوەرییەوە یەكێتی روو لە سەركەوتن و هەڵكشانە یان روو لە شكستە؟

نیار عوزێری: ئەوەی من هەستی پێ بكەم، یەكێتی رۆژانە روو لە سەركەوتنە، چونكە ئێستا بۆ خەڵك روون بۆتەوە، كە یەكێتی لە بەرەكانی شەڕ زۆرترین داكۆكیكاری خاكی كوردستان یەكێتییە، یەكێتی لەگەڵ یەك دەنگی ماڵی كورددایە، بۆیە رۆژانە یەكێتی لە سەركەوتندایە.

نوچەنێت: خوێندنەوەی تۆ بۆ سیاسەتی پارتی و روانینت بۆ هەڵوێستی داهاتووی یەكێتی چییە؟

نیار عوزێری: من وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی هەولێر لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سەرۆكی هەرێم كە لە هەمانكاتدا سەرۆكی پارتییە، داوای یەك هەڵوێستی و یەك گوتاری دەكرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە، (ئایا لە هەولێردا حیزبەكەی تاك لایەنە حكومەتی خۆجێی پێكبهێنێت، ئەمە یەك هەڵوێستی و یەكگوتاری كوردە؟).

نوچەنێت: ئێوە پێتانوایە ئەو كارەی پارتی پێچەوانەی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمە؟

نیار عوزێری: بەڵێ‌، ئەوكارەی پارتی پێچەوانەی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە مەڕ یەك گوتاری و یەك هەڵوێستی كورد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com