ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ نوچەنێت: رەخنەمان لە سیاسەتی تازەی پارتی هەیە

0

11

 

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ نوچەنێت: رەخنەمان لە سیاسەتی تازەی پارتی هەیە

 

دەبێت پارتی بزانێت كە لە بەرانبەر دۆستایەتی دۆستایەتی و لەبەرانبەر نەیاریش دۆستایەتی نابێت

 

هەقە گۆڕان دەست لەوە هەڵبگرێت كە قاچێكی لە ناو ئۆپۆزسیۆندا بێت و قاچەكەی تریشی لە ناو دەسەڵاتدا بێت

 

 

گۆڕان پێویستی بەوە هەیە كە ئەگەر لە حكومەتدایە و بەشێكە لە دەسەڵات، ئازایەتی و جورئەتی ئەوەی تێدا بێت، كە بڵێت من بەشێكم لە دەسەڵات و بەشێكم لەوەی كە هەیە

 

 

ئەو خەڵكەی گۆڕان پڕی كردن لە رق و بە گیانی تۆڵە پەرەوەردەی كردن، ئێستا ناتوانن وایان لێبكەن كە بە مەنتقی بیر بكەنەوە.

 

 

لەم دونیایەدا كوردستان تەنها شوێنێكە، كە خەڵكەكەی لە بوونی ئۆپۆزسیۆن دەترسێت،

 

 

مۆدێلی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان، مۆدێلی پەشێوی نانەوە و ئاژاوەگێڕی بوو.

 

 

نوچەنێت: هەولێر

لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەی نوچەنێت لەگەڵ لەتیف شێخ عومەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، تیشك دەخرێتە سەر دوا پەرەسەندنەكانی پرسی پارێزگاری سلێمانی و كێشەی نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار، هەروەها باس لە پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، كە ئێستا بە وتەی ئەو، یەكێتی رەخنەی لە سیاسەتی تازەی پارتی هەیە.

 

دەقی گفتۆگۆ رۆژنامەوانییەكەی نوچەنێت، لەگەڵ لەتیف شێخ عومەر

 

نوچە: پرسی پارێزگاری سلێمانی لە ئێستادا بۆتە گرێ كوێرەیەك، دوا هەوڵی یەكێتی چیە بۆ چارە كردنی ئەم كێشەیە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامین لەگەڵ هەموو لیستەكان، دووبارە داوامان كردۆتەوە، كە لیستەكان لە داواكاری و مەنتقی دوای داواكارییەكەی یەكێتی تێبگەن، كە مەبەست و ئامانجی هەرە سەرەكی ئێمە ئەوەیە، كە بەو شێوەیەی راگیراوە، شیرازەی سلێمانی وەك خۆی بمێنێتەوە و ئەو ئارامییەی كە هەیە و پێویستە بۆ پشتیوانی كردن لە هێزی پێشمەرگە و ئیدارەكەی بە یەكێتی كراوە، وەك خۆی بمێنێتەوە و گرفتێكی ئیداری درووست نەبێت لەم كاتەدا، كە ببێتە هۆی درووستكردنی گرفت بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە، كە ئێستا لە شەڕدان لەگەڵ داعش، بۆیە ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە داوامان لە لیستەكان كردووە، كە دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی ئێمە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی.

نوچە: بۆچی ئەگەر لیستەكان دەنگ بە كاندیدەكەی ئێوە نەدەن، ئەو هەموو گرفتە درووست دەبێت و ئەو رەوشەی ئێستا هەیە، تێكدەچێت؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە چەندین ساڵە ئیدارەی ئەم شارەمان بە دەستەوەیە، جومگە ئەساسییەكان بە دەستی كادیرەكانی ئێمەوەن كە لە حكومەتدان، ئێستا دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەم دۆخە تایبەتەدا كە شەڕ یەخەی بە هەرێمی كوردستان گرتووە، هەموو دەستاودەست كردنێك تا ماوەیەك ناجێگری و شڵەژان درووست بكات لە ئیدارەدا، ئەو ناجێگیرییە لە ئێستادا، لە بەرژەوەندی وڵاتەكەمان و لە بەرژەوەندی خەڵكی سلێمانیدا نیە.

نوچە: ئەی وەڵامی گۆڕان چی بووە بۆ ئەو داواكارییەی ئێوە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێستا ئەوان داوای ئەوە دەكەن، كە پۆستی پارێزگار دوو ساڵ لای ئەوان بێت، من ماوەیەكە پەیوەندیم بە گۆڕانەوە نەكردووە، بەڵام پێموایە داوای ەوەشیان كردووە، كە دوو ساڵی یەكەم ئەو پۆستە لای ئەوان بێت.

نوچە: ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بەو داوایە رازی نەبوون، دوا رێ چارەتان چی دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: لەو حاڵەتەدا رێ چارەیەك نیە بۆ ئەو دۆخە، جگە لەوەی كە بە زۆرینە و كەمینە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

نوچە: بەڵام لەو حاڵەدا پێتانوایە كێشە درووست بێت، چونكە پارتی دەڵێت دەنگ بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدەین، هەروەها لیستی خزمەتیش هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەوپەڕی هەوڵ دەدەین كە كێشە درووست نەبێت.

نوچە: چەند رۆژێك بەر لە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانی یەكێك لە هەڵوسڕاوەكانیاندا هۆشداریاندا كە رێ نادەن كودەتای سپی بكرێت، ئێوە خوێندنەوەتان بۆ ئەو تۆمەتانە چییە كە رووبەڕووتان دەكرێتەوە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەم مەفاهیمانەی وەك كودەتا و كودەتای سپی و جوڵاندنی شەقام، بەشێكن لە مەفاهیمی شۆڕشگێڕی و سەر بە سیستیمێكن كە بڕوای بە شۆڕش كردن هەیە، لەگەڵ مەفاهیمەكانی ئێمە ناگونجێن كە بڕوامان بە چاكسازی شێنەیی هەیە، هەقە گۆڕان دەست لەوە هەڵبگرێت كە قاچێكی لە ناو ئۆپۆزسیۆندا بێت و قاچەكەی تریشی لە ناو دەسەڵاتدا بێت، پێویستی بەوە هەیە كە ئەگەر لە حكومەتدایە و بەشێكە لە دەسەڵات، ئازایەتی و جورئەتی ئەوەی تێدا بێت، كە بڵێت من بەشێكم لە دەسەڵات و بەشێكم لەوەی كە روو دەدات لەم وڵاتەدا، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیشە با بچێتەوە وەك جاران ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بەو شێوەیەی كە راهاتووین لەگەڵیدا، ئێمە خۆمان لە دەسەڵاتین، ئیتر كودەتا بەسەر كێدا بكەین، داوا دەكەین بە گوێرەی ئیستیحاقاتی خۆمان كە دەنگمان هێناوە، بە هاوكاری و بەشداری هەموو لایەك لەم دەسەڵاتەدا بمێنینەوە، هەموو ئەو قسانەی گۆڕان بۆ هاندانی لایەنگرانی خۆیانە بۆ دژایەتی كردنی ئەوەی خۆیان پێیدەڵێن (دەسەڵات) و ئێمە، بە تایبەت لە سلێمانیدا.

نوچە: بەڵام ئەو هاندانە هیچ بەژەوەندییەكی سیاسی بۆ ئەوان فەراهەم دەكات؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەمە سودی بۆ كەس نابێت، درووستكردنی رق و پڕكردنی خەڵك، نەك هەر سودی بۆ كەس نەبوو، بگرە بە زیان بۆ خۆیشیان گەڕایەوە، ئەو خەڵكەی گۆڕان پڕی كردن لە رق و بە گیانی تۆڵە پەرەوەردەی كردن، ئێستا ناتوانن وایان لێبكەن كە بە مەنتقی بیر بكەنەوە.

نوچە: پێشنیاری دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ ئێوە و گۆڕان خرایەڕوو، ئێوە چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو پێشنیارە هەیە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەو پێشنیارە كە لیستی خزمەت بە سوپاسەوە كردیان و پارتیش لەم دواییانەدا خۆیان كرد بە خاوەنی، ئەگەر ئەوانیش خاوەنی بن سوپاسیان دەكەین، كاتی خۆی ویستمان بچینە سەر وردەكارییەكانی، بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڕان دەستی دەستی زۆری پێكرد و لەسەر ئەم بابەتە نەهاتە پێشەوە، ئێمە ئەو بابەتەمان بە كۆتایی زانی و پرۆژەیەكی ترمان دانا، كە بە پێویستمانزانی پۆستی پارێگار چوار ساڵ لای ئێمە بێت.

نوچە: ئێستا ئێوە بەو دوو ساڵ بە دوو ساڵە رازی نین؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە داواكاریمان ئەوەیە كە چوار ساڵ ئەو پۆستە لای یەكێتی بێت.

نوچە: بەڵام ئەوانیش بەوە رازی نین، كەواتە دۆخی سلێمانی چی بەسەر دێت؟

لەتیف شێخ عومەر: دۆخی سلێمانی هیچی بەسەر نایەت، ئارامە و ئارام دەمێنێتەوە، هەركاتێك ئێمە بزانین كێشەیەك هەیە، بە پشوو درێژییەوە هەوڵ دەدەین كە وا بكەین، ئارامی زیاتر ببێت، كەمتر نەبێت لە شارەكەمان.

نوچە: لە ماوەكانی پێشوودا باسی كاندیدی هاوبەشی ئێوە و گۆڕان دەكرا، ئایا ئەو پرۆژەیە چی بەسەر هات؟

لەتیف شێخ عومەر: لە راستیدا هیچ كەس و لایەنێك پێشنیارێكی وەهای بۆ ئێمە نەكردووە، ئەگەر پێشنیارێكی وەها هەبێت، ئێمە ئامادەین قسەی لەسەر بكەین.

نوچە: بەڵام باس لەوە كرا كە سەلاحەدین موحەمەد بەهادین پێشنیارێكی وەهای هەبووە بۆ ئێوە.

لەتیف شێخ عومەر: راستییەكەی ئەوە كە ئێمە لە شاندی دانوستاندكار بووین، كەس ئەو پێشنیارەی بە ئێمە نەداوە، تا قسەی لەسەر بكەین.

نوچە: كۆمەڵێك رۆشنبیری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیاری ئەوەیان كردووە، كە ئەگەر بێئومێد بوون لە وەرگرنی پۆستی پارێزگار، لە ناوچەكانی سلێمانی زۆنی سەوزی جاران ببنەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بە خوێندنەوەی ئێوە بڕیارێكی لەو شێوەیە سودی بۆ كێ‌ دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە باشترین شێوازی حوكمڕانی بەوە دەزانین كە هەمووان بەشداری تێدا بكەن و هەمووان تەحامولی بەرپرسیارێتی بكەن، پێمانباشە گۆڕان بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، بەشداری لە حكومەتە خۆجێییەكی سلێمانیدا بكات، چونكە هەموومان دەزانین تا لایەنە سیاسییەكان زۆرینەیان بەشداری لە حكومەتدا بكەن، پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی شارەكە باشتر دەچێتە پێشەوە.

نوچە: بەڵام ئەگەر ئەوان بێئومێد بوون و ئەو بڕیارەیان دا، دۆخی ئەو ناوچەیە بەرەو چی بەسەر دێت؟

لەتیف شێخ عومەر: لەم دونیایەدا كوردستان تەنها شوێنێكە، كە خەڵكەكەی لە بوونی ئۆپۆزسیۆن دەترسێت، چونكە ئۆپۆسزیۆنی لەم وڵاتەدا، یەكسان كراوەتەوە بە یاخی بوون، لە هەموو شوێنێكی دونیا، بەشێك لە حیزبەكان لە دەسەڵاتن و بەشەكەی تریان ئۆپۆزسیۆنن، بەبێ‌ ئەوەی كە ترسێك هەبێت لەسەر پرسە نیشتیمانییەكان و ئارامی و ئاسایشی نیشتیمانی، تەنها لە كوردستاندا و بە تایبەتیش لە سلێمانیدا ئەم ناڕەزاییەمان هەیە، كە ئەگەر هێزێك ئۆپۆزسیۆن بێت، ئارامی دەشێوێت، لەبەر ئەوەی نموونەیەكمان لە ئۆپۆزسیۆنی بینی، كە یەكسان بوو بە شێواندنی ئارامی.

نوچە: پرسیارەكە دووبارە دەكەمەوە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی دووبارە درووست ببێتەوە، دۆخی شارەكە چی بەسەر دێت؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی تەندرووست بێت، كە هەموو مەفاهیمەكانی كە سیستمی دیموكراسی بۆ ئۆپۆزسیۆنی بە رەوا دەبینێت، هیچ كێشەیەك درووست نابێت.

نوچە: ئەگەر مۆدێلەكەی پێشوو بوو؟

لەتیف شێخ عومەر: مۆدێلی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان، مۆدێلی پەشێوی نانەوە و ئاژاوەگێڕی بوو.

نوچە: بەڵام لە حاڵەتێكی ئاوادا، رێ چارەتان چی دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: رێگەچارەمان پەنا بردن بۆ یاسا دەبێت.

نوچە: مەلا بەختیار دەڵێت، سەنگ و پێگەی یەكێتی بە كورسی ناپێورێت، دەپرسێت ئەگەر یەكێتی لەبەرەكانی جەنگ بكشێتەوە چی دەقەومێت، ئایا ئەم لێدوانەی مەلا بەختیار كارتێك نیە كە یەكێتی لەبەرانبەر نەیارەكانی بەكاری دەهێنێت؟

لەتیف شێخ عومەر: كاك بەختیار مەبەستی ئەوەیە، كە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی هێزێكی سیاسی و مێژووی و جەماوەری وەك یەكێتی، تەنها دەنگدان نیە، لەگەڵ ئەوەیشدا كە ئێمە لە دەنگدان بە سەركەوتووی هاتینە دەرەوە، ئێستا یەكێتی بەشێكی گەورە لە بەرگریكردن لە خەڵكی كوردستان كە لەگەڵ هەندێك هێزی تر ئەم وڵاتە دەپارێزێن، ئەوە گەورەیی خەڵكە كە ئەو متمانەیەی بە یەكێتی داوە، متمانە یانی لایەنداری و دۆستایەتی و سەنگ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان دیاری كردووە، بۆ بەرگری كردن لە خەڵكی كوردستان، ئەوە دەنگە ئەوە سەنگە، ئەوە پشتیوانییە، بە دڵنیاییەوە ئەوە بەڵگەی بەهێزی یەكێتییە، چونكە بۆچی لایەنێكی تری دیاری نەكردووە، كە بەرگریان لێبكات.

نوچە: ئایا كارتێك نیە بەرانبەر نەیارەكانی، كاتێك دەڵێت ئەگەر یەكێتی بكشێتەوە چی دەقەومێت؟

لەتیف شێخ عومەر: ئەوە پرسیارێكە بۆ جوڵاندنی زیهنیەتی خەڵك، ئەگەر یەكێتی لە مەنزومەی بەرگری كوردستان بێتە دەرەوە چی دەقەومێت، كە هەموو كەس دەزانن كە گرفتێكی گەورە درووست دەبێت، ئەوە تەنها بۆ جوڵاندنی زیهنیەتی خەڵكە، بۆ ئەوەی بزانن كە هێزی یەكێتی لە كوێدایە.

نوچە: یەكێتی پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە ئەو لە هەر كوێیەك بێت ئازادی لەوێوە، بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە یەكێتی چەمكەكانی دیموكراسییەت و ئازادی زیاتر قوڵتركردۆتەوە و كاری سەركردوون، بەڵام ئێستا سەرنجێك لەسەر یەكێتی درووست بووە، كە ناچێتە ژێرباری دەنگی خەڵك و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی قبوڵ نیە، ئێوە لەسەر ئەم بۆچوونە چیتان هەیە؟

لەتیف شێخ عومەر: حەزدەكەم بیزانیت، ئەوە ئێمە نین كە بڵێین یەكێتی لە هەر جێیەك بێت ئازادی و دیموكراسی لەوێیە، بەڵكو ئەوە خەڵكی كوردستانن كە ئەزموونێكیان هەیە، ئێستایش ئەو مۆدێلەی كە ئێمە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆمان تەتبیقی دەكەین، لە رووی ئازادی و دیموكراسییەوە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ ناوچەكانی تر، هەتا نەیارەكانیشمان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە ئەو ناوچانەی پێشتر بە زۆنی سەوز ناو دەبرا، چەند جیاوازە لە ناوچەكانی تر، ئەمە ئێستا هیچ نەگۆڕاوە، یاسایەك هەیە كە ئەمانە رێك دەخات، كە پێیدەوترێت یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، لەو یاسایەدا هیچ مافێكی بە لایەنێك نەداوە، كە كورسییەك زیاتر بهێنێت لە لایەنێكی تر و پۆستی پارێزگاری بدرێتێ‌، بۆیە ئێمە بە گوێرەی ئەو یاسایە كار دەكەین، هەموو سیستمی سیاسی و دیموكراسی و ئیداری بە یاسا رێك دەخرێن، ئێمە بەگوێرەی یاساكە كار دەكەین و بە گوێرەی یاساكە داوای ئیستیحقاقاتی خۆمان دەكەین، هیچی ترمان لەوە زیاد نەكردووە، تا خەڵكانێك ئێمە بەوە تۆمەتبار بكەن.

نوچە: ئێوە گللەیتان چییە لە هاوپەیمانەكەی پێشووتان كە پارتی دیموكراتی كوردستانە؟

لەتیف شێخ عومەر: ئێمە رەخنەمان هەییە نەك گللەیی، رەخنەمان لە سیاسەتی ئێستایان هەیە، بەر لەوەی مەكتەبی سیاسی قسەیەك بكات لەو بارەوە، من بە ناوی خۆمەوە دەڵێم، رەخنەمان لە سیاسەتی تازەی پارتی هەیە، بۆ نموونە ئێستا كە پارتی لە سلێمانی دەنگ بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدات، ئەوە گۆڕینێكی سیاسی لە پشتەوەیە و پەیوەندی بە ناوچەییەوە نیە، هیوادارم پارتی ئەو پەیوەندییەی كە لەگەڵ یەكێتی هەیەتی، بەو سەنگە و بەو نرخەی كە هەیەتی بیبینێت، پێشموایە پشتكردنە یەكێتی لە پرسێكی وا گرنگدا، وا دەكات كە یەكێتیش هەڵوێستی تری هەبێت.

نوچە: ئەو هەڵوێستە چی دەبێت؟

لەتیف شێخ عومەر: لە بەرانبەر دۆستایەتی دۆستایەتی و لەبەرانبەر نەیاریش دۆستایەتی نابێت.

نوچە: لە دەستپێكی شەڕی داعشەوە تا ئێستا، ململانێی نێوان پارتی و پەكەكە گەرم بووە، راگەیاندنی یەكێتیش لایەنگری پەكەكەی كردووە، پێتانوانیە ئەم هەڵوێست لایەنگرییەی یەكێتی بۆ پەكەكە، بەشێك بێت لە هۆكارەكانی پشتەوەی سیاسەتە تازەكەی پارتی؟

لەتیف شێخ عومەر: من پێموانیە ئەمە بەشێك بێت لە كێشەكان و ئەهمیەتی ئەوەی هەبێت كە باس بكرێت، پەكەكە هێزێكی نیشتیمانییەوە لای پارتی و یەكێتیش ئەمە چەسپاوە، هەروەها پەكەكە بە زۆر نەهاتووە بەشداری شەڕ و بەرگری لە بەرانبەر داعشدا بكات، لەسەر داوای خۆمان و بە رەزامەندی خۆمان هاتووە و بە رەزامەندی خۆیشمان بەجێیدێڵێت، كێشەكە لە نێوان ئێمە و پارتی، پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە و پەیوەندی بەلایەنی ترەوە نیە.

نوچە: لە ناو ئەم هەموو هاوكێشانەی كە باست كرد، داهاتووی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی چۆن دەبینیت؟

لەتیف شێخ عومەر: داهاتووی كوردستان و داهاتووی سلێمانی، داهاتوویەكی پرشنگدار و روونن.

 

لەتیف شێخ عومەر:
كادیری ڕێكخستن و ئەندامی سەركردایەتی ناسراو بە لەتیفی شێخ عومەر . لەدایكبووی ساڵی 1957ی شاری سلێمانی . دەرچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سلێمانی لە ساڵانی شەستەكاندا چۆتە ڕیزی یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە پاشان بۆتە ئەندام لەپارتی دیموكراتی كوردستان .
ساڵی 1972 پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردو خرایە ئەڵقە ڕۆشنبیریەكانەوە. ساڵی 1976 لەگەڵ هەر یەك لە شوان عەلی سەعید رەئوف ئاكرەیی , كۆسرەت رەسوڵ عەلی و محەمەد خورشید لە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانی بوو .
لە 5ی ئایاری ساڵی 1977 لەگەڵ پۆلێك لە ئەندامانی ڕێكخستن لەلایەن دەزگای ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر كراو و بە پێنج ساڵ زیندانی حوكم درا , ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتی ئازاد كرا و دوا بەدوای ئەمە , بەردەوام بوو لەسەر كاركردن لەناو ریزی رێكخستن .
پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بووە ئەندامی لیژنەی ڕووناكبیری مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی لە قەڵاچوالان و هەر لەو ساڵەدا بەشداربوو لە دەركردنی بەرنامەی پەیامی نوێ , دواتر لێپرسراویەتی بەڕێوەبردنی كۆمیتەی 2ی پێ سپێردرا .
ساڵی 1992 بە سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان هەڵبژێردرا لەهەمان كاتدا بووە كارگێر لەمەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان , لە ساڵی 1996 دا گواسترایەوە بۆ دەزگای زانیاری لەقەڵاچوالان لەماوەی نێوان 1997/2004 لە ئەمریكا ژیا لەو ماوەیەدا كاروباری هەڵبژاردنی تاوتوێ‌ كردو و وەك شارەزا لە بواری هەڵبژاردن دەركەوت .
ساڵی 2004 گەڕایەوە بۆ كوردستان و كرایە یاریدەدەری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كاروباری هەڵبژاردن و دواتریش بووە ئەندام لە دەزگای هەڵبژاردن .
ساڵی 2010 بووە بەڕێوەبەری ئوفیسی تایبەتی سەروك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی و لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی سركردایەتی هەڵبژێردرا .

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com