عوسمان ئۆجەلان بۆ نوچەنێت: كورد لە سیستمی جیهانیدا، جێی توركیای گرتۆتەوە

0

22222عوسمان ئۆجەلان بۆ نوچەنێت: كورد لە سیستمی جیهانیدا، جێی توركیای گرتۆتەوە

كوردستانی باشوور لە لایەن هێزی نێونەتەوەییەوە قبوڵ كرا

جیهان پاراستنی كوردستانی قبوڵ كرد، ئەمەیش رەخساندنی زەمینەیەكە بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردی

پەكەكە لە رێی رێكەوتنی یەپەگە و سوپای ئازادی سوریاوە، چووە ناو سیستمی جیهانییەوە

كورد دەتوانێت لەگەڵ ناتۆ و هێزی جیهانی رێكەوتنی باش بكەن و سیستمی جیهانیش كورد دەپارێزێت

پێویستە حیزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵڵات چالاكییەكانیان پێش بخەن و راپەڕینێكی سیاسی و سڤیل ئەنجام بدەن

ئێستا بزاڤی كوردی لە باشوور و باكوور و رۆژئاوا هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵڵات بزاڤ لاوازە، بۆیە پێویستە بزاڤ بەهێز بكرێتەوە

خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵڵات هەموو كاتێك بۆ راپەڕین ئامادەن

ئەگەر حیزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵڵات گرێدراو نین و كوردایەتی دەكەن، دەبێت بانگەوازی راپەرێنێكی سڤیل بكەن

نوچەنێت: هەولێر
لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەی نوچەنێت لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان، روناكی دەخرێتە سەر رۆڵ و پێگەی كورد لە رووداوەكانی ئێستای جیهاندا، ئۆجەلان پێیوایە كورد سەنگ و پێگەی بەهێز بووە و لە سیستمی نوێی جیهانیدا جێی حۆی گرتووە، هەروەها دەڵێت باشووری كوردستان بە تەواوەتی ەلایەن سیستمی جیهانییەوە قبوڵ كراوە، ئۆجەلان دەڵێت: ئێستا توركیا تەنها كەوتووە و كورد جێی توركیای گرتۆتەوە، هەروەها رێكەوتنی یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد، بە دەستكەوتێكی گرنگ دەزانێت و پێیوایە پەكەكەیش لە رێی ئەو رێكەوتنەوە دەچێتە ناو سیستمی جیهانییەوە.
هەر لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا، بانگەوازێك ئاراستەی كوردانی رۆژهەڵلات دەكات و دەڵێت، خۆتان لە سێ بەشەكەی تری كوردستان دوا مەخەن، چالاكی دەست پێبكەنەوە و راپەرینی سڤیل ئەنجام بدەن، دەستكەوتی باشتان دەبێت و دۆزی كورد لەو پارچەیەش دەچێتە پێشەوە.

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی نوچەنێت، لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان

نوچەنێت: هاوپەیمانێتییەكی جیهانی بۆ دژایەتی كردنی داعش درووست بووە و پشتیوانییەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، لە سوریایش یەپەگە رێكەوتنی لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد كردووە، بە بڕوای ئێوە ئەم پێشهاتانە چ كاریگەرییەكیان بەسەر داهاتووی كوردەوە دەبێت؟

عوسمان ئۆجەلان: هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەموو تەوازونەكانی گۆڕی، بە بڕوای من رۆژهەڵڵاتی ناوەڕاستی دوو مانگ بەر لە ئێستا، جیاوازە لە ئێستا، رێككەوتنە كۆنەكان تێكچوون و رێككەوتنی تازە درووست دەبن، پێش هەموو شتێكیش كوردستانی باشوور لە لایەن هێزی نێونەتەوەییەوە قبوڵ كرا، هەرێمی كوردستان لەلای هێزی جیهانی بووە بە ناوەندێكی سیاسیی و سەربازی بۆ ئۆپەراسیۆن دژی داعش، ئیتر پاراستنی ناتۆ لەسەر كوردستانە، هەروەها سێ‌ هێزی سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسان لە هەرێمی كوردستانن و دەیپارێزن، من دەتوانم بلێم ئەمجارە جیهان پاراستنی كوردستانی قبوڵ كرد، كە ئەمەیش شتێكی گرنگە و رەخساندنی زەمینەیەكە بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردی.
هەروەها سوپای ئەمریكا و فەرەنسا دەیانەوێت هاوكاری سەربازی پێشكەش بە سوپای ئازادی سوریا بكەن، پەكەكەیش لە رێی پەیەدەوە رێكەوتنی لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا درووست كردووە، ئەو رێكەوتنەیش باشە بۆ كورد، لەو باوەڕەدام لە رێی سوپای ئازادەوە پشتگیری ناتۆ بۆ پەیەدە درووست دەبێت و پەیەدەیش دەیەوێت بە هەر جۆرێك بێت، لە ناو سیستمی جیهانیدا شوێنی خۆی بگرێت و پەكەكەیش گرێ بدات بە سیستمی جیهانییەوە، ئەوەیش پێشكەوتنێكی باشە، خۆتان دەزانن پەكەكە هێزێك بوو كە لە ناو رۆژهەڵڵاتی ناوەڕاستدا بوو، بەڵام ئێستا لە رێی رێكەوتنی پەیەدە و سوپای سوریای ئازادەوە چووە ناو سیستمی جیهانییەوە، بۆیە ئەمە شتێكی گرنگە، چونكە توركیا ئامادە نەبوو واژۆی ئەو رێكەوتنە بكات كە ئەمرۆ ئەمریكا دەیەوێت و نەچووە ناو هاوپەیمانێتی لە دژی تیرۆر، ئەمەیش وا دەكات كە توركیا بە تەنها بمێنێتەوە و كورد لە سیستمی جیهانیدا شوێنی ئەو بگرێتەوە.

نوچەنێت: ماوەیەك بەر لە ئێستا چەند راوێژكارێكی ئەمریكی چوونە سەر شاخی شەنگال و ئامادە نەبوون هەماهەنگی لەگەڵ پەكەكە بكەن، چونكە تا ئێستایش بەلای ئەمریكا و ئەوروپاوە پەكەكە لە لیستی تیرۆر دایە، ئایا ئەو رێكەوتنەی یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد وا دەكات، كە ئەمریكا و ئەوروپا چاو بە بڕیاریان لە بارەی پەكەكەوە بخشێننەوە؟

عوسمان ئۆجەلان: مانگێك بەر لە ئێستا رووداوەكان تازەبوون، ئێستایش هەموو كەسێك دەزانێت كە پەكەكە و یەپەگە بە فیكر و بڕیاری ئاپۆ بەڕێوەدەچن، ئاپۆیش بڕیاریدا كە پێویستە لە سیستمی جیهانیدا شوێنی خۆیان بگرن، لەم چەند رۆژەی دوایی شتی تازە روویانداوە، پەكەكە لەگەڵ یەپەگە رێكەوتوون كە پێكەوە دژی داعش ئۆپەراسیۆن بكەن، هەروەها ئەو رێكەوتنەی یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد زۆر گرنگە و لە دوای بڕیاری بەرێز ئاپۆوەیە، بۆیە بە بڕوای من ئێستا رەوشی كوردستانی باشوور و كوردستانی رۆژئاوا و بزاڤی رزگاریخوازی كورد لەو پارچەیە، لە چاو دوو مانگ بەر لە ئێستا زۆر چۆتە پێشەوە، لەو باوەڕەدام كە كورد دەتوانێت لەگەڵ ناتۆ و هێزی جیهانی رێكەوتنی باش بكەن و سیستمی جیهانیش كورد دەپارێزێت.

نوچەنێت: ئەو بڕیارانەی كە وڵاتانی زلهێز داویانە بۆ پاراستنی كوردستان و رووبەڕوو بوونەوەی داعش و وەك تۆ دەڵێیت كوردستانیش بەو هۆیەوە چۆتە ناو سیستمی جیهانی، بەڵام ئەو بڕیارانە تا چەند كاریگەرییان لەسەر كوردستانی رۆژهەڵڵات دەبێت؟

عوسمان ئۆجەلان: رەنگە لەم نزیكانەدا كوردستانی ئێران گرنگی زۆر نەبێت، بەڵكو خەڵكی میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگن، كە ئەوانیش كوردستانی باكوور و كوردستانی رۆژئاوا و كوردستانی باشوورن، چونكە ئەو خاكە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە زۆر گرنگە، بۆیە ئەگەر سێ‌ پارچەی كوردستان رزگار ببێت، كاریگەری باش لەسەر كوردستانی رۆژهەڵڵات درووست دەكەن.

نوچەنێت: تۆ دەڵێیت خەڵكی میزۆپۆتامیا بەلای جیهانەوە گرنگن، پێویستە حیزبە كوردستانییەكانی رۆژهەڵڵات چی بكەن، تا ئەو گرنگییە بۆ كوردستانی رۆژهەڵڵاتیش درووست بكرێت؟

عوسمان ئۆجەلان: پێویستە ئەو حیزبانە چالاكییەكانیان پێش بخەن و راپەڕینێكی سیاسی و سڤیل ئەنجام بدەن، ئێستا بزاڤی كوردی لە باشوور و باكوور و رۆژئاوا هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵڵات بزاڤ لاوازە، بۆیە پێویستە بزاڤ بەهێز بكرێتەوە و درووست بكرێتەوە، لەوكاتەیشدا جیهان لەسەر مافی ئەوانیش رادەوەستێت، پێویستە هەموو حیزبەكان ببن بە یەك و یەكڕیزی درووست بكەن و راپەڕینێكی سڤیل پێش بخەن، بۆیە لەو باوەڕەدام ئەوانیش شان بە شانی هەر سێ‌ بەشەكەی تری كوردستان، هەنگاو بنێن و دۆزی كورد لەو بەشەیش پێش بخەن و دەستكەوتی گرنگیش دەست بخەن.

نوچەنێت: ئایا حیزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵڵات لەو ئاستەدان كە بتوانن راپەڕینێكی سڤیل بەرپا بكەن؟

عوسمان ئۆجەلان: گرنگ ئەوەیە خەڵك ئامادە بێت، ئێستا خەڵكی رۆژهەڵڵاتی وڵات ئامادەیە، لە ساڵی 1999 كاتێك بەڕێز ئۆجەلان دەستگیر كرا، من یەك بانگەوازم كرد بۆ ئەنجامدانی راپەڕین لە پێناو پاراستنی گیانی ئاپۆ و دەستكەوتەكانی شۆڕش، بانگەوازەكەم بۆ هەموو كورد بوو، كوردستانی رۆژهەڵڵات هەر لە سەرەتاوە بە دەنگ بانگەوازەكەوە هاتن، هەموو خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵڵات هاتنە سەرخۆ و راپەڕینێكی سڤیلیان ئەنجامدا، بۆیە دەڵێم خەڵكی رۆژهەڵڵات هەموو كاتێك بۆ راپەڕین ئامادەن، پێویستە حیزبە سیاسییەكان رۆڵیان هەبێت لە هۆشیار كردنەوەی خەڵك و چالاكییەكانیان دەست پێكەنەوە، بانگەوازی من بۆ هەموو برادەران و بۆ خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵڵات ئەوەیە، چالاك بن و لە هەموو كوردستان دوا مەكەون.

نوچەنێت: بەڵام حیزبە سیاسییەكان كێشەیان هەیە لەگەڵ یەك، كۆمەڵە بوونەتە چەند بەشێك، دیموكرات بوونەتە دوو حیزب، هەرچی پژاكیشە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نین، بەم حاڵەوە چۆن دەتوانن لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن؟

عوسمان ئۆجەلان: دیموكرات دوو حیزبی سەرەكین، كۆمەڵەی باڵی عەبدوڵلا موهتەدی حیزبێكی سەرەكین، پژاكیش یەكێكە لەو حیزبانەی كە كاریگەری هەیە، ئەوان دەتوانن رێكبكەون، ئەوەیش موشكیلەیەكی گەورە نیە، ئەگەر گرێدراو نەبن و كوردایەتی دەكەن، دەبێت بانگەوازی راپەرێنێكی سڤیل بكەن و بەرژەوەندی گەل لە هەموو شتێك بە گرنگتر بزانن، هەر حیزبە و بەو توانای خۆی كە هەیەتی، دەتوانن ئەو كارە بكەن، لەو باوەڕەیشدام كە سەركەوتوو دەبین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com