ئۆرهان پاموك لەسەر كورد سزا دەدرێ
ئا: سەروەر سالار چوچانی
بەپێی هەواڵی چەندین سایتی توركیایی و بیانی لەنێوانیاندا ئەرمەنیان ویكلی، دادگایەكی توركیایی ڕۆماننوسی تورك و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ ئۆرهان پاموكی ناچار دەكات 40,000 دۆلار بداتە 6 كەس دوای ئەوەی سكاڵایان لەسەری تۆماركرد گوایە سوكایەتی بە “توركبون”ی ئەوان كردوە.
سایتەكە دەڵێ ساڵی 2005 ئۆرهان پاموك بە ڕۆژنامەیەكی سویسرایی وتوە “سی هەزار كورد و ملیۆنێك ئەرمەنی لەسەر ئەم خاكە كوژران و من نەبێت كەس جورئەتی نەكرد لەبارەیانەوە بدوێ”.
دوای ئەو وتەیە شەش كەس سكاڵایان لەسەری تۆمار كرد، كە یەكێكیان پارێزەرێكی نەتەوەپەرستە بەناوی كەمال كەرینجسز كە دەوترێ لە كەیسی ئەرگەنەكۆندا تێوەگلاوە و پێنجەكەی تریش كەسوكاری ئەو سەربازانەن كە لە جەنگی “تیرۆریزم”دا تێوەگلاون.
بە وتەی سكاڵاكاران “پاموك سوكایەتی بە تەواوی گەلی تورك كردوە”.
بڕیارەكەی دادگا ناڕەزایەكی زۆری لەناو ڕوناكبیرانی توركیادا دروستكردوە، بەوەی وتویانە پاموك تەنانەت وشەی “تورك”یشی ئاماژە پێنەكردوە، یەك لەوان نوسەر و ڕۆژنامەنوس ئۆرال جالیسلەرە كە وتویەتی “ئایا دەبێ هەركەسێك سكاڵای لەسەر پاموك تۆماركرد، پاموك ناچاربكرێ پارەی بداتێ؟ سەختە ئەوە قبوڵ بكەین نوسەرێك خەڵاتی نۆبڵ بۆ توركیا بەدەست بێنێت، كەچی كەنارگیر بكرێ”.
دەبێ بڵێین كتێبەكانی ئۆرهان پاموك بۆ زیاتر لە 50 زمانی دونیا وەرگێڕدراون و ساڵی 2006 یش خەڵاتی نۆبڵ تایبەت بە ئەدەبیاتی بەدەستهێناوە.