ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بۆ نوچەنێت: بوونی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، بانگەواز كردنە بۆ داگیركەران كە بێن و تەداخول بكەن

0

nucheعەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ نوچەنێت: بوونی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، بانگەواز كردنە بۆ داگیركەران كە بێن و تەداخول بكەن

 

 

دامەزراوەی سەربازی گرفتی زۆری تێدا بوو و لەو شەڕی داعشدا گرفتەكان ئاشكرا بوون

 

 

پەكەكە بە شكستی پێشمەرگە دڵخۆشبوون و هەلهەلەیان لێدەدا

 

 

كەسێك نیە بە پەكەكە بڵێت ئێوە كە ئەوەندە ئازان، بۆچی تا ئێستا ئەشكەوتێكی گوندێكی خۆتان پێ رزگار نەكراوە

 

 

هیچ هێزێكی پەكەكە لە لالش نیە، پێمان وتن نابێت لە لالش بن

 

 

هەر هێزێك سەر بە حكومەتی هەرێم نەبێت، نابێت بەبێ‌ مۆڵەتی حكومەت هەرێم هاتوچۆ بكات

 

 

بوونی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، بانگەواز كردنە بۆ داگیركەران كە بێن و تەداخول بكەن

 

 

نوچە: هەولێر

 

عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا تیشك دەخاتە سەر ئەو خەوشانەی كە لە سیستمی سەربازی و سیاسی و ئابووری هەرێمدا هەن و شەڕی داعش ئاشكرای كردوون، هەروەها باس لە بارگرژییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات، پێیوایە بوونی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی كوردستاندا، بانگەواز كردنە بۆ داگیركەران، كە بێن و تەداخول بكەن، رەتیشی دەكاتەوە كە هیچ هێزێكی پەكەكە لە ناوچەی لالشدا هەبن، دەیشڵێت هەر هێزێك سەر بە حكومەتی هەرێم نەبێت دەبێت بە مۆڵەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان جموجوڵ و هاتووچوون بكات.

 

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی نوچە لەگەڵ عەلی عەونی

 

نوچە: دەگوترێت هۆكاری شەڕی داعش دەگەڕێتەوە بۆ وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی لەلایەن كورد و پارتی و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، ئایا شەڕی داعش ئەو پرسە لەلای بارزانی و سەركردایەتی پارتی كاڵ دەكاتەوە؟

 

عەلی عەونی: نە داعش و نە هیچ هێزێك ناتوانن خەونی سەربەخۆیی، كە مافی خەڵكی كوردستانە، لای خەڵكێكی نیشتیمانپەروەری وڵاتپارێزی نەتەوەپەروەر سفر بكەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەو هێرشەی داعش ئەوەندەی تر هیوا و ئومێدی لای كورد و بە تایبەتی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز تر كردووە و كاریشی لەسەر دەكات و بەردەوامیش دەبێت، هەروەها دۆستانی زۆریش بۆ كوردستان پەیدا بوون و بە هانای كوردستانەوە هاتوون، پێموایە ئێمە نزیكتر دەبینەوە لەو خەونەوە نەك دوور بكەوینەوە.

 

نوچە: بەڵام بەشداری كردنی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی، ئەو پرسەی كاڵتر نەكردۆتەوە؟

 

عەلی عونی: نەخێر… چونكە هیچ بڕیارێك نەبووە كە ئەمڕۆ یان سبەی ئێمەی سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئێمە رامانگەیاند كە سەربەخۆیی مافی گەلی كوردە و هەر كاتێك دەرفەتەكە گونجاو بوو رایدەگەیەنیت و پەیڕەوی دەكات.

 

نوچە: شەڕی داعش چ خەوشیێكی لە رووی و سەربازی ئیداری و سیاسییەوە لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد، كە پێویستیان بە چارەسەر كردن هەبێت؟

 

عەلی عەونی: بە دڵنیاییەوە دامەزراوەی سەربازی گرفتی زۆری تێدا بوو و لەو شەڕەدا گرفتەكان ئاشكرا بوون، ئێستا پێداچوونەوەیەكی جددی بە دامەزراوەكەدا دەكرێت، پێشمەرگە بۆ خۆیشی كۆنترۆڵی دۆخەكەی كرد و ئێستا سەركەوتن بە دەست دێنێت، شوێنی باش گیراونەتەوە، داعش لە جێی خۆیدا راگیراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە سەربازی عێراق تۆكمە و پڕ چەك بوون، بەڵام نەیانتوانی خۆیان رابگرن، پێشمەرگە خۆی راگرت و شكاندنیشی، ئێستا كار دەكات بۆ ئەو ناوچانەیش كە بە دەستیانەوەن لێیان وەرگرێتەوە.

لە رووی ئابوورییەوە ئێمە پێمانوایە هێشتا هەنگاومان ماوە، لە رووی ئابوورییەوە دیارە دەتوانن بمانخەنە تەنگانە، بەڵام گەلی كوردستان سەلماندی پشتییوانە بۆ بڕیاری سەركردایەتی خۆی، كە سەرەڕای ئەو چەند مانگە بودجەی كوردستان نەنێردراوە و كوردستان خراوەتە ژێر ئابڵۆقەی ئابووری، بەڵام میللەتی كورد وا بەرخودان دەكات و خۆراگری دەكات، ئەمەیش شایانی رێز و تەقدیرە.

 

نوچە: ئەی لە رووی سیاسییەوە چ خەوشێك هەیە؟

 

عەلی عەونی: ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كە برادەران باشتر پشتگیری ئەو پرۆسەیە بكەن، بە پێچەوانەوە هەندێك لایەنمان بینی، كە بۆ بەرژەوەندییەكی كاتی حیزبی، بە شكستی پێشمەرگە دڵخۆشبوون و هەلهەلەیان لێدەدا، ئەمەیش شتێكی زۆر شەرمەزارییە، لە دۆخەدا دەبوایە هەموومان پێكەوە بوونایە، نەك بە شكستی یەكتری دڵخۆش بین.

 

نوچە: برادەران كێن كە بە شكستی پێشمەرگە دڵخۆش بوون؟

 

عەلی عەونی: هەموو كەس لە ئێمە باشتر دەزانن كە برادەران كێن.

 

نوچە: سەرنجێك لە ناو كورددا درووست بووە، كە سەرەڕای هەموو نەهامەتی و ئاوارەیی و شەهید و بریندارەكان، بەڵام یەكێك لە باشییەكانی شەڕی داعش ئەوە بوو، كە كوردی هەرچوار پارچەكەی لە یەك سەنگەردا كۆكردنەوە، كەچی ئێستا هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی ئێوە و پەكەكە زیانی بەو یەك ریزییە گەیاندووە، ئایا بە خوێندنەوەی ئێوە زیانەكانی ئەو دژ بە یەكییە چین؟

 

عەلی عەونی: یەكێك لەو برادەرانە پەكەكەن كە دڵخۆشن بە شكستی پێشمەرگە، دەستیان كردووە بە رێكلامی بێ مانا، ئێمە 60 كیلۆمەتر لە خوار لالش و لە سنووری موسڵ بەرگری لە لالش دەكەین، ئەوان هاتوون چونەتە ناو لالش و وتوویانە ئێمە هاتووین لالش بپارێزین، كەسێكیش نیە پێیان بڵێت باشە ئێوە كە ئەوەندە ئازان، بۆچی تا ئێستا ئەشكەوتێكی گوندێكی خۆتان پێ رزگار نەكراوە، دەستیان كرد بە هەڵمەتێك و خەڵكیان ناردە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا و پیانوتن كە چەك مەدەن بە مەسعود بارزانی و پێشمەرگە، ئەمە بۆ ئەوان شەرمەزارییەكی زۆر گەورەیە، چونكە لە جیاتی ئەو كارانە، دەبوایە داوایان بكردایە كە چەك بدەن بەوانیش و ناویان لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت و هەوڵ بدەن سەرۆكی پارتی كرێكاران عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان دەربهێنن، نەك دژی چەكداركردنی هێزی پێشمەرگە بن، چونكە ئەمە شەرمەزارییە.

 

نوچە: بەڵام ئایا ئەم گیروگۆفتانەی نێوان ئێوە و ئەوان، یان لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارتی كرێكاران، چونكە ئێستا پارتی لوتكە دەسەڵاتەكانی هەرێمی بە دەستەوەن، داهاتووی ئەو ناوچانەی كە هێزی هەردوولا و موشتەرەكی تێدان بەرەو كوێ‌ دەبات، بە تایبەت ناوچەكانی لالش و شەنگال؟

 

عەلی عەونی: هیچ هێزێكی موشتەرەك لە لالش نیە، تەنها مەفرەزەیەكیان هاتن، ئێمەیش پێمان وتن نابێت لە لالش بن.

 

نوچە: ئەوان دەڵێن ئێمە لالش چۆڵ ناكەین.

 

عەلی عەونی: ئێوە راگەیاندكارن، سبەی وەرنە لالش بزانن چۆڵیان كردووە یان نا، ئەوان تەنها لە تەلەفزیۆنەكان ئەو جۆرە لێدوانە دەدەن، بەڵام لالشیان چۆڵ كردووە.

 

نوچە: ئەی پێتوانیە لە لە داهاتوودا، لە ناوچەی شەنگال لە نێوان هێزەكانی ئێوە و ئەواندا كێشەی گەورە درووست بن؟

 

عەلی عەونی: پێشمەرگە هێزی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام راستە پارتی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، بۆیە ئومێدەوارین كە شەڕ روو نەدات، چونكە ئێمە پێویستیمان بە شەڕ نیە، بەڵكو پێویستیمان بە دۆست و پشتیوان و ئاشتی هەیە، حكومەتی هەرێم حكومەتێكی رەسمی دان پێدانراوە لەو ناوەدا، هەر هێزێكیش سەر بە حكومەتی هەرێم نەبێت، نابێت بەبێ‌ مۆڵەتی حكومەت هەرێم هاتوچۆ لەم ناوەدا بكات، ئیتر لە شەنگال بێت یان لە شێخان و سلێمانی و هەر جێیەك، دەبێت بە گوێرەی داوای جكومەتی هەرێمی كوردستان جموجوڵ بكات، كە حكومەتی هەرێم داوای نەكات، نابێت هیچ هێزێك بە كەڵەگایی بێت و خۆی بسەپێنێت.

 

نوچە: تاچەند بەوە گەشبینی كە گیروگرفت روو نادات؟

 

عەلی عەونی: ئێمە لای خۆمانەوە هەوڵ دەدەین كە ئەوپەڕی سینگفراوان و بە سەبر و تەحامول بین، ئومێد دەكەین كە شەڕمان پێنەفرۆشن، من پێموایە بوونی پەكەكە لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان، بانگەواز كردنە بۆ داگیركەران كە بێن و تەداخول بكەن، بوونی پەكەكە و ئەو هێزانەی كە بەبێ‌ داوای كورد لێرەن، بیانوو دەدەنە دەست توركیا و ئێران و وڵاتانی تر، كە بێن و تەداخول بكەن، بۆیە دەبێت پەكەكە ئەو دەرفەتە نەدات بە دەستەوە كە تورك بیانووی هەبێت و لەشكركێشی بكات.

 

نوچە: ئێستا لە راگەیاندنەكانی یەكێتی، لایەنگری پەكەكە دەكەن و شكستی پارتی قەبە نیشان دەدەن، بە بڕوای ئێوە هۆكاری ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ رووداوەكان چیە؟

 

عەلی عەونی: هۆكارەكان روونن، بەڵام پێویست ناكات لە راگەیاندنەكانەوە ئەو قوڕە خەستتر بكەینەوە، لە باشووری كوردستان دوو دید هەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، دیدێكیان پێیوایە پرسی كورد پرسی هاوڵاتیبوونە و ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە دیموكراتی ببن، كورد وەزیر و گزیری هەبێت، دیدی دووهەمیش دیدێكە پێیوایە كە كێشەی ئێمە وەك كورد ئەوە نیە، ئەوەتا سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە هەمووی كورد بوون و هەمان ئەو كێشانەمان هەبوون، كە لەگەڵ مەلیكی عێراق هەتا مالیكیش هەمانبوون و بڕواموایە لەگەڵ عەبادیش بەردەوام دەبن، چونكە كێشەی ئێمە كێشەی جوگرافیای كوردستانە و باڵادەستی و خاوەنێتی ئەو جوگرافیایە، كە گەلی كوردستان خاوەنی جوگرافیای كوردستان بێت، ئەم دوو دیدە لە موناقەشە دان، پارتی نوێنەرایەتی ئەو دیدە دەكات، كە پێیوایە پرسی كورد پرسی دیموكراسی بوونی ناوەند نیە، بەڵكو پرسی خاوەندارێتی خەڵكی كوردستانە بۆ جوگرافیای خۆی.

 

نوچە: ئایا یەكێتی خاوەن دیدی یەكەمە.

 

عەلی عەونی: ئەم دوو دیدە هەن و ململانێكانیش بەندن بەم دوو دیدەوە.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com