راوێژكارێكی پێشووی مالیكی بۆ نوچه‌نێت: دوای هاتنه‌وه‌ی ئه‌مریكا، نه كورد و نه شیعه و نه سوننه ناتوانن به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌وه بجوڵێنه‌وه
ئایه‌توڵڵا سیستانی و عه‌مار حه‌كیم فه‌توایان داوه، كه نابێت خوێنی كورد به ده‌ستی شیعه برژێنرێت
شیعه به‌بێ كورد ناتوانێت به ته‌نها حوكمڕانی عێراق بكه‌ن
پێشتر ئێمه وه‌ك لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی، لیستی دووه‌م بووین، ئێستا بووین به سێهه‌م
ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌با، ئێستا كوردستانیش له ده‌ستی داعش بوو
به هاتنی ئه‌مریكا، ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌بێت و سیستمی دیموكراسی و هاوبه‌شی نیشتیمانی ده‌چه‌سپێن
مالیكی به ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م زیانی گه‌وره‌ی له شیعه دا
ئێستا په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق دانراوه، هه‌ر بڕیارێك ده‌ربكرێت ده‌بێت به ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێت، ئه‌وه نه‌ما سه‌رۆك وه‌زیران به فه‌رمان بڕیار ده‌ربكات
نوچەنێت: هه‌ولێر
عادل به‌رواری راوێژكاری پێشووی نوری مالیكی، له‌م گفتوگۆ رۆژنامه‌وانییه‌دا له‌گه‌ڵ نوچەنێت، باس له ساته‌وه‌ختی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عێراق ده‌كات، كه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا گره‌نتی نه‌دایه به كورد، ئه‌وا كورد به‌شداری حكومه‌تی عێراقی نه‌ده‌كرد، ئه‌و گه‌شبینه به داهاتوو و پێیوایه به هاتنه‌وه‌ی ئه‌مریكا، ده‌ستوور به گشتی جێبه‌جێ ده‌بێت و ناوچه كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و دیموكراسییه‌ت و هاوبه‌شی نیشتیمانی ده‌چه‌سپێن.
هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كات، كه به هۆی سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی مالیكییه‌وه، زیانمه‌ندی یه‌كه‌م له عێراق شیعه بوون، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت، شیعه ئێستا ته‌نازولێكی زۆریان بۆ سوننه كردووه، كه‌چی سوننه هێشتا رازی نین.
نوچەنێت: كورد به‌بێ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی هه‌بێت له‌سه‌ر داخوازییه‌كانی، به‌شداری له پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقیدا كرد و سێ مانگی بۆ جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌كانی دانا، به بڕوای ئێوه له‌م سێ مانگه‌دا داخوازییه‌كانی كورد جێبه‌جێ ده‌كرێن، یان ئه‌م حكومه‌ته‌یش وه‌ك حكومه‌ته‌كانی تر، له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد ده‌جوڵێته‌وه؟
عادل به‌رواری: ئه‌و رێكه‌وتنه له‌سه‌ر ده‌ستی باڵیۆزی ئه‌مریكا و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كراوه و ئه‌مه گره‌نتییه‌كی سه‌ره‌كییه، بۆیه بڕواموانیه عه‌بادی له‌م دۆخه سه‌خته‌ی كه عێراق تێیكه‌وتووه، ئه‌و قوماره بكات و له دژی كورد بجووڵێته‌وه، چونكه ئه‌وه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی خۆی ته‌واو ده‌بێت، ئه‌وكاته هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستێكی به‌هێز ده‌بێت.
هه‌روه‌ها ئێمه مادام له هه‌رێمی كوردستان، یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بڕیارین، ئه‌وان ناتوانن رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقیش بێت، به‌بێ كورد نابێت حوكمڕانی بكرێت و له ده‌ستووردا هاتووه، عێراق له دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه كه كورد و عه‌ره‌بن، نیزامی عێراقی له ده‌ستووردا نیزامێكی دیموكراسییه و ئه‌مه‌یش فه‌رزی ده‌كات كه هیچ كام له پێكهاته‌كانی عێراق به توركمانیشه‌وه، مافیان نه‌خوورێت، له لایه‌كی تریشه‌وه ئایه‌توڵڵا سیستانی و عه‌مار حه‌كیم فه‌توایان داوه، كه نابێت خوێنی كورد به ده‌ستی شیعه برژێنرێت، له لایه‌كی تریشه‌وه شیعه به‌بێ كورد ناتوانێت به ته‌نها حوكمڕانی عێراق بكه‌ن، ئه‌وانه هه‌موویان له به‌رژه‌وه‌ندی كورددان، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم، كه حه‌یده‌ر عه‌بادی بتوانێت، له دژی كورد بجوڵێته‌وه.
نوچه‌نێت: ده‌ستووری عێراقی كورد و عه‌ره‌ب به دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی عێراق داده‌نێت، به‌ڵام له حكومه‌تی ئێستادا پشكی كه‌م به كورد دراوه و سوننه وه‌زاره‌ت و پۆستی زیاتر به‌ركه‌وتووه، ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناسه‌لمێنێت كه تا ئێستایش عه‌ره‌ب به چاوی كه‌مینه نه‌ك هاوبه‌ش سه‌یری كورد ده‌كه‌ن؟
عادل به‌رواری: راسته منیش له‌م كابینه‌یه نیگه‌رانم، چونكه ته‌نها وه‌زاره‌تێكی سیادی كه وه‌زاره‌تی داراییه به كورد دراوه، پێشتر ئێمه وه‌ك لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی، لیستی دووه‌م بووین، ئێستا بووین به سێهه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌یش دیسان هه‌ر له‌سه‌ر ئێمه راده‌وه‌ستێت، واته له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی ئێمه، ده‌بێت یه‌ك هێز و یه‌ك هه‌ڵوێست بین، پێشتر هه‌ندێكجار هه‌ڵوێسته‌كان دژی یه‌ك بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه، مادام ئه‌مریكا هاته ناو بابه‌ته‌كه‌وه، ئه‌مریكا مولزه‌مه و عێراقیش مولزه‌مه، چونكه ئه‌مریكا و عێراق رێكه‌وتنی ستراتیژییان هەیە له بواره‌كانی ئه‌منی و ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی، پێشتر مالیكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی عێراقی ده‌كرد، داوای له ئه‌مریكا ده‌كرد، كه بێته‌وه و هاوكاری بكات، فیعله‌ن ئه‌وه هات، ئێستا به‌هێزتریش دێته ناوه‌وه، لێره به‌دوا نەكورد و نه شیعه و نه سوننه‌ییش ناتوانن به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌وه بجوڵێنه‌وه، بڕوا ناكه‌م نه عه‌بادی و نه كورد و نه سوننه بتوانن ئه‌و دۆخه تێك بده‌ن.
ئێمه پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بووین كه ئه‌مریكا به ته‌واوی له عێراق ده‌ربچێت، هه‌تا نێوانی من و مالیكی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته تێكچوو، چونكه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووین، كه به‌شێك له هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق بمێنێته‌وه، پێمانوابوو سوپا و هێزی چه‌كداری عێراق نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه بتوانێت نه له ناوخۆ و نه له ده‌ره‌وه، پاسه‌وانی عێراق بكات، ئه‌وه‌تا قسه‌ی ئێمه هاته‌دی، ئێستا حیزامی به‌غدا له‌سه‌ر خه‌ته‌ره، تیرۆریستان له ناو به‌غدان، سامه‌ڕا و به‌له‌د حیزامی به‌غدان، ئه‌بو غرێب كه هه‌مووی 15 كیلۆمه‌تر له مه‌تاری به‌غداده‌وه دووره، به شه‌و داعش باڵاده‌سته و به رۆژ سوپای عێراق، ئه‌وه چه‌سپا كه سوپای عێراق توانای به‌رگه‌گرتنی نیه، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌با، ئێستا كوردستانیش له ده‌ستی داعش بوو، بۆیه به هاتنی ئه‌مریكا، ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌بێت و سیستمی دیموكراسی و هاوبه‌شی نیشتیمانی ده‌چه‌سپێن.
نوچه‌نێت: پێتوایه مادده‌ی 140 به ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ بكرێت؟
عادل به‌رواری: به‌ڵێ من له‌و بڕوایه‌دام.
نوچه‌نێت: چی وات لێده‌كات كه‌وا گه‌شبین بیت؟
عادل به‌رواری: ئاخر پێویسته عێراق له به‌سره‌وه هه‌تا زاخۆ و پێنجوێن راپرسی بكات، ماوه‌ی ده ساڵ بوو كه هه‌رێمی كوردستان داوای ده‌كرد، سه‌رژمێری بكرێت و دواتر راپرسی بكرێت، ئه‌وكاته ئه‌و ناوچانه‌ی كه كوردستانین و له ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانن چاره‌نووسیان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر كورد بن له‌سه‌ر كوردستان ده‌بن، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بیش بن پیرۆزیان بێت، له ماوه‌ی ئه‌و ده ساڵه‌دا به قسه ده‌یانوت ده‌یكه‌ین، به‌ڵام نه‌یان ده‌كرد، چونكه ده‌یانزانی ده‌دۆڕێن، به‌ڵام ئێستا كه ئه‌مریكا بوونی هه‌یه و ئه‌وه ده ساڵیشه ئه‌و كێشه چاره‌سه‌ر نه‌بووه، ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ن، وه ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ش هه‌تا سه‌رژمێری نه‌كرێت و راپرسی نه‌كرێت، ناكرێت.
نوچه‌نێت: به‌ڵام له‌سه‌رده‌می مالیكی كێشه‌كانی نێوان كورد و به‌غدا تا ئاستی له‌شكركێشی له‌به‌رانبه‌ر یه‌ك توند بوونه‌وه، دواتر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا، پێتوایه به‌م هه‌موو پێشینه خراپه‌وه، جارێكی تر كورد و به‌غدا بتوانن پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن؟
عادل به‌رواری: له راستیدا مالیكی به ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م زیانی گه‌وره‌ی له شیعه دا، به تایبه‌تی حیزبی ده‌عوا، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌یت شیعه ئێستا له عێراق خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته، كه‌چی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ن زیانمه‌ند بوون، چونكه ئه‌وان ئه‌و هه‌موو ته‌نازوله‌یان بۆ سوننه كرد، سوننه هێشتا رازی نه‌بوون ره‌نگه هه‌ر رازیش نه‌بن، هه‌موویشی به‌هۆی تاكڕه‌وی مالییكییه‌وه بووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌وڵییان ده‌دا كورد و سوننه له دژی یه‌ك هان بدا و به یه‌كیاندا بدا، به‌ڵام هه‌موو پیلانانه فه‌شه‌لیان هێنا، ئێستا شیعه كه پێكهاته‌یه‌كی زۆرینه‌یه و حكومڕانی ده‌كه‌ن له عێراق، ده‌بێت به چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت كورد و سوننه رازی بكه‌ن، ئه‌گینا به گوێره‌ی ده‌ستوور حوكمڕانییه‌كه‌یان هه‌ره‌س ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌مێك كوردستان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیش نه‌بێت نیمچه سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت.
نوچه‌نێت: تۆ به چه‌سپاندنی ئه‌و عه‌داله‌ته گه‌شبینیت؟
عادل به‌رواری: ئێمه گره‌نتیمان هه‌یه، ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گره‌نتیان به ئێمه داوه.
نوچه‌نێت: ئایا ئه‌و گره‌نتییه به نووسراو هه‌یه، یان وه‌ك جاران به زاره‌كیییه؟
عادل به‌رواری: باوه‌ڕ ناكه‌م به زاره‌كی بێت، چونكه ئه‌و كاته‌ی كه كورد له كۆبوونه‌وه‌دا بوو، حكومه‌تی عێراقی پێكده‌هێنرا، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بوایه، كورد به‌شدارییان نه‌ده‌كرد و بایكۆتیان ده‌كرد، بۆیه به بوونی ئه‌مریكا، من گه‌شبینم، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بوایه، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌م هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد، بایكۆتیان ده‌كرد، چونكه ئێمه شاره‌زای ئه‌وانین، ئه‌و قسه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یكه‌ن بزانه به‌یانی وا نیه، به‌ڵام ئێستا مادام په‌یمانی ناتۆ و ئه‌مریكا هاتنه ناو عێراقه‌وه، ده‌بێت عه‌بادی به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، كه به‌رنامه‌یه‌كی دیموكراسییه، هه‌روه‌ها ئێستا په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دانرا، پێشتر ئه‌و په‌یڕه‌وه نه‌بوو، مالیكی هه‌موو شتێكی به فه‌رمان ده‌كرد، به گێوره‌ی ده‌ستووریش ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا په‌یڕه‌وی ناوخۆ دانرا و هه‌ر بڕیارێك ده‌بێت به ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێت، ئه‌وه نه‌ما سه‌رۆك وه‌زیران به فه‌رمان بڕیار ده‌ربكات.