دڵشاد گەرمیانی بۆ نوچە: من و مامۆستا عەلی باپیر بەبێ‌ پرسی یەكترى هیچ شتێك ناكەین

0

1111111دڵشاد گەرمیانی بۆ نوچە: من و مامۆستا عەلی باپیر بەبێ‌ پرسی یەكترى هیچ شتێك ناكەین

 

نوچە: هەولێر

دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە رێی نوچەنێتەوە وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە كە رەخنەی لێدەگرن و دەڵێت “رەنگە عەقڵیان تێنەگات كە جیاوازی بیروڕا شتێكی ئاساییە”، دەیشڵێت “من و مامۆستا عەلی باپیر هیچ شتێك بەبێ‌ پرسی یەكترى ناكەین”.
دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، كە بەوە ناسراوە خاوەن ئاراستەی بیركردنەوەی تایبەت بە خۆیەتی و زۆرجاریش بیركردنەوە و لێدوان و هەڵوێستەكانی پێچەوانەی سیاسەتی فەرمی حیزبەكەیەتی، لە رێی نوچەنێتەوە وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە، كە لەو رووەوە لێیدەگیرێت، دڵشاد گەرمیانی وتی “ئێمە لە مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ و من و مامۆستا عەلی باپیر زۆر تەباین لەگەڵ یەك، رەنگە عەقڵی ئەو برادەرانە ئەگەر لە كادیرانی خوارەوە بن یان لە هەر كوێیەك بن، لەوە تێنەگات كە جیاوازی بیروڕا شتێكی ئاساییە و شەرعییە و لە سەردەمی سەحابەیشدا هەبووە، سەركردایەتی و مامۆستا عەلی باپیریش ئەوە باش دەزانن هەندێك بابەتی ئیجتیهادی هەن، كە شەرع رێی پێداوە، هەر كەسە و بۆچوونێكیی هەبێت لەسەریان”.
موشیر گەڵاڵی كە یەكێكە لە سەركردەكانی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی و وەك خۆی دەڵێت ئێستا دەتسی لەو حیزبە هەڵگرتووە، چەند زانیارییەكی وردی دەربارەی دڵشاد گەرمیانی و باڵەكەی بە نوچەنێت دا و ئاماژەی بەوە دا كە ئەو باڵە بوونیان هەیە و حیسابیان لەسەر دەكرێت، بەڵام لە بەرانبەردا دڵشاد گەرمیانی وتی “ئەو وتەیە وتەی كادیری كۆمەڵی ئیسلامی نیە، ئەگەر كادیری كۆمەڵی ئیسلامی بێت، یان سیاسەت نازانێت یان لە ژێر كاریگەری خەڵكێكی تردایە، چونكە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی و مامۆستا عەلی باپیریش دەزانن، كە هەر كاتێك مامۆستا عەلی باپیر فەرمانێكی كردبێت، من پێچەوانەی ئەو فەرمانە نەجوڵاومەتەوە و نایشجوڵیمەوە، بۆیە خەڵكێك هەن بێئاگان لە نێوانی من و مامۆستا عەلی باپیر، چونكە من و مامۆستا عەلی باپیر، هیچ شتێك بەبێ‌ پرسی یەكتر ناكەین”.
هەر ئەو سەركردەیەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی، دڵشاد گەرمیانی بە “سەر ئێشە” بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ناو برد، چونكە وەك ئەو ئاماژەی پێدا، ئەو حیزبە بە هۆی هەڵوێستەكانی گەرمیانییەوە باجی زۆریان داوە، بەڵام دڵشاد گەرمیانی ئەو وەفە بۆ خۆی رەت دەكاتەوە، دڵشاد گەرمیانی وتی “من هەستم نەكردووە بووبێتمە سەر ئێشە بۆ كۆمەڵی ئیسلامی، من مامۆستا عەلی باپیر بە ئەمیر و برا گەورەی خۆم دەزانم، پێمبڵێت بڕۆ لە ماڵی خۆت دابنیشە و بەرپرس مەبە یان هەر شتێك مەبە من بە قسەی دەكەم، بۆیە كەسێك دەبێتە سەر ئێشە كە لە فەرمان دەربچێت، بەڵام ئەو پیاوە هەرچییەك بڵێت من جێبەجێی دەكەم، چونكە ئەمیرمە و برا گەورمە، بۆیە ئەگەر ئەو قسانەی ئێستا من كردنم، ئەگەر لە مامۆستا عەلی باپیریش بپرسیت هەر ئەو قسانە دەكات و هەر ئەوانەت وەڵام دەداتەوە، ئێمە لە مەكتەبی سیاسین و تەنها مامۆستا عەلی باپیر لە سەروومانەوەیە، بۆیە ئەگەر لەویش بپرسیت هەمان شتت وەڵام دەداتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com