وەزیری پێشمەرگە: لیستی هاتوو و دەرچووی ئەو چەكانەمان لا پارێزراون كە هاتوونەتە كوردستان

0

444

وەزیری پێشمەرگە: لیستی هاتوو و دەرچووی ئەو چەكانەمان لا پارێزراون كە هاتوونەتە كوردستان 

 

نوچە: هەولێر

مستەفا سەید قادر وەزیری كاروباری پێشمەرگە، لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، كە لە بارەی ئەو چەكانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان دەكرێن، دەڵێت لیستی هاتوو و دەرچووی چەكەكان لامان پارێزراون..

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەی وەزیری پێشمەرگە

ماوەیەکە لە لایەن هەندێ کەسی سیاسی و لە لایەن هەندێ راگەیاندنەوە باسی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکرێ کە لە لایەن وڵاتانی دۆستەوە دەدرێ بە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی (داعش) و، باس لەوەی دەکەن کە ئەو چەک و تەقەمەنیانە دێن بۆ کوێ و چۆن دابەش دەکرێن، هەندێکیان پرسیار دەکەن هەندێکی تر گومان دەکەن و هەندێکیش بەبێ بەڵگە هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، دیارە هەندێکی زۆریش دڵنیان لە وەرگرتن و جۆری دابەشکردنیان. بۆیە دەمەوێ بە ناوی خۆم و وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەک رابگەیەنم کە، هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە فەرمی و بە لیست و نوسراو وەردەگیرێن و وە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەشەوە بەپێی رێ و شوێنی گونجاو و لەسەر داواو پێویستی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن و یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ دابەش دەکرێن. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لیستی هاتوو و دەرچوو، پارێزراوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و، ئامادەین بۆ هەموو بەدواداچوونێکی لایەنە دۆستەکانمان کە یارمەتییان داوین و هەروەها بۆ ئەو کەس و لایەنە رێگە پێدراوانەش کە پێویست بکات ئاگادار بن، بۆیە هیوادارم هیچ گومانێک لای کەس نەمێنێ چونکە دوورە لە راستییەوە. هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆی قارەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانە بۆ ئێوەیە و بۆ شەڕی دژی (داعش)-ە داواکارین بە باشی بیانپارێزن و بە باشی بە کاریان بهێنن، سوپاسی خۆڕاگری و ئازایەتیتان دەکەین. لێرەشەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆستانە دەکەین کە یارمەتییان داوین و یارمەتیمان دەدەن. هەروەها سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆیان کردووە بەو شێوازەی کە بۆیان لواوە. سەری رێز و وەفا بۆ گیانی شەهیدەکان دادەنوێنم و هیوای چاکبوونەوەی زووش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

 

 

مستەفا سەیدقادر وەزیری پێشمەرگە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com