بەرهەم ساڵح : دیمەنەکانی دوێنێ مەترسیدارەو پرسیاری گرنگ دەوروژێنێ

0

berhemsalihبەرهەم ساڵح : دیمەنەکانی دوێنێ مەترسیدارە و  پرسیاری گرنگ دەوروژێنێ

نوچەنێت

د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، رایگەیاند بەهۆی متمانەدان بە حکومەتی عێراق بەبێ ئامادەبوونی کورد، پێویستمان بەهەڵوەستەکردنە، لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی وەزعەکان، دەشڵێت، بەڵکە متمانەدان بە حکومەتی عێراق بەبێ کورد، ڕامانچڵەکێنێ، بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆمان بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دەزگا شەرعیەکانی کوردستان.

دوێنێ شەو بەبێ ئامادەبوونی لایەنە کوردستانییەکان، پرۆسەی متمانە بەخشین بەحکومەتی عەبادی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەویش لەکاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی UN و ئەمریکا لەشاری سلێمانی لەکۆبونەوەدا بوون و نەگەشتبونە ئەنجام، کە ئایا بەشداری حکومەتی عێراق دەکەن یان بەشداریناکەن.

دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، لەوبارەوە نوسیویەتی”چوار ساڵ لەمەوبەر، شیعە و سوننە، ئەمریکا و ئێران وUN، دەھاتنە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و داواکاربوون کورد دەستپێشکەری بکات بۆ پێکھێنانی حکومەتی عیراق. بەڵام دوێنی کۆبونەوەی پەرلەمانی عیراق بۆ متمانەدان بە حکومەتی (د. حەیەدەر عەبادی) بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد دەستیپێکرد و بێ چاوەڕوانی وەڵامی سەرکردایەتی کورد کە لەو کاتەدا ھێشتا لە کۆبوەنەوەدا بوون و (دوا بڕیاڕ)یان نەدابوو بۆ بەشدار بوون لە حکومەتی نوێی عێراق”

بەبڕوای ئەو”جیاوازی نێوان دیمەنەکانی چوار ساڵ لەمەوبەر و دوێنی مەترسیدارە و پرسیاری گرنگ دەوروژێنی لەسەر ئاڕاستە و شێوازی ئیدارەی سیاسیمان”. زیاتریش نوسیویەتی”چ کاری راستەوخۆ بکەین بۆ سەربەخۆیی، کە مافی ڕەوای گەلی کوردستانە، چ بۆ پاراستنی پێگە و سەنگمان لە ھاوکێشەکانی نێو عێراق و ناوچەکە، پێویستمان بە ھەڵوەستەیەکی ڕاستگۆیانەیە لەسەر پرۆسەی بڕیاڕی سیاسی و ئیدارەدانی وەزعەکان. ئەم گۆڕانگاریە لە پێگە و کاریگەریی کورد پەیوەستی بێباکیە لە کێشە کەڵەکەبووەکانی نێو ماڵی خۆمان، بە تایبەتی لەرزۆکی گوزەران و کاسبی ھاوڵاتیان و ئابووری وڵات، مەترسیە ئەمنیەکان و کێشە بنەڕەتیەکانی پێکھاتەی پێشمەرگە کە نەبۆتە دامەزراوەیەکی نیشتمانی پۆشتە و پڕچەک و یەکگرتوو، و ھەروەھا بێباکی لە ھاوکێشەکانی ناوچەکە و ھاوسەنگی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دراوسێ و زلھێزەکان، بێباکی لە عێراق، لە بایەخی بەغدا وەک سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە ئەمنیەت و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، و دڵنیام کۆمەڵێ ھۆکاری گرنگ و کاریگەری تریش ھەن کەپێویستە لەسەریان بوەستین.”
بەرهەم ئەحمەد ساڵح، هیوا خوازە متمانەدان بەکابینەی نوێی حکومەتی عیراق، بەبێ ئامادەبوونی کورد، کورد راچڵەکێنێ بۆ چاکسای و خۆ ئامادەکردن، دەشڵێت”بێگومان کوردستانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو، بەراورد بە دەوروبەر، سەرکەوتن و پێشکەوتنی گەورەی بەدەستھێناوە، بەڵام با بێباک نەبین لە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەممان. بەڵکە بەسەرھاتی دوێنی شەو، جیاوازی دیمەنەکانی نێوان چوارساڵی رابووردوو و ئێستا، ڕامانچڵەکێنێ بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆمان بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دەزگا شەرعیەکانی کوردستان، فەراھەم کردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ھاوڵاتیان دوور لە خزمخزمێنە و پاوانکارى، و پیاچوونەوەی پرۆسەی بڕیاڕدان بۆ بەرژەوندی گەل و پاراستنی نیشتمان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com