لەدوای هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی، هەڵمەتی سزادانی باڵی بەرهەم ساڵح لەریزەکانی یەکێتی دەست پێ دەکات
نوچەنێت . تایبەت
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کە زۆربەی جومگەکانی یەکێتی لەدەستدایە، بەنیازن هەموو ئەوسانە لەناوەندەکانی بڕیاری یەکێتی دوور بخەنەوە، کە نزیکن لە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح ، و ئەوان بە نەیارانی یەکێتی دەیانناسێنن، ئەویش دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی، لای خۆشییەوە د. بەرهەم ساڵح داوای پشوودرێژی لەلایەنگرانی دەکات.
سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەنوچەنێت ی راگەیاند”لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق، کە یەکێتی بەبێ بەشداری مەکتەبی سیاسی توانی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێێت، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەو سەرکەوتنە بەبەرهەمی خۆیان دەزانن، لەهەوڵی یەکلاکردنەوەی ریزەکانی ئەو حزبەدان لەقازانجی خۆیان”.
ئەوەشی خستەڕوو کە” ماوەیەکە لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە دەستکراوە بەسزادان و لەکار دوور خستنەوەی، هەموو ئەوانەی لەدەرەوەی ئەو باڵە کاردەکەن لەناوەندەکانی بڕیاری یەکێتی و تەنانەت ئەو هەڵمەتە گەشتۆتە ئاستی مەڵبەندەکانیش، ئەوان ئەو کارە بەدوور خستنەوەی نەیارانی یەکێتی، یان پاکسازی لەریزەکانی یەکێتی دەناسێنن، مەبەستی ئەو کارەش دوور خستنەوەی ئەو کەسانەیە کە لەبەڕێز دکتۆر بەرهەم ناسراون، چونکە پێیان وایە مادام بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، سەنگەریان لەیەکێتی گرت و رەخنەیان هەبوو، یان نەخۆشی تاڵەبانیان قۆستەوە بۆ بەدەستخستنی ئیمتیازی خۆیان، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ نەیارەکانی یەکێتی، ئەوەش لەکاتێکدا ئەوان وا دەڵێن، کە رەخنەکانی خودی بەرهەم ساڵح و ئەوانەشی کە لەگەڵ ئەو کاردەکەن، بۆ سەرخستنی یەکێتی و هەستانەوەی یەکێتی بووە و پێشاندانی ئەو رووەی یەکێتی بووە کە ئەنجامی هەموو پرسە دیموکراسییەکانی قبوڵە”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت، کە خۆی بەیەکێک لەوانە دەزانێ ئەو هەڵمەتی پاکسازییە، دوورخستنەوەی ئەویش لەکارەکەی دەگرێتەوە، وتیشی” هێشتا هەڵمەتەکە وەک ئەوەی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەیانەوێ، بەیەکجاری دەستی پێنەکردووە، بۆ ئەوەش تەنها چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی دەکەن، دوای ئەوە بەچڕی دەست بەهەڵمەتی دوورخستنەوەی، وەک ئێمە دەڵێین دڵسۆزانی یەکێتی و وەک ئەوان دەڵێن نەیارانی یەکێتی دەکرێت، چونکە ئەوکات خەمی ئەوەیان نامێنێ، کە رەنگە لەرەدفعلدا بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی سەوز، بدەنە پەنای بزوتنەوەی گۆڕان، هەر بۆیە داواش دەکەن ئەگەر پارێزگار دوو ساڵ بەدوو ساڵیش بێ دوو ساڵی یەکەمی لای یەکێتی بێ، چونکە خەمی ئەوەیانە لەدوو ساڵی دووەمدا گۆڕانکاری بەسەر قورسیەتی فراکسیۆنەکان بێت، بەگۆڕانی ئەو موعادەلەش پۆستی پارێزگاری سلێمانیان دەست نەکەوێتەوە”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد بۆ نوچەنێت کە” دکتۆر بەرهەم خۆی ئاگاداری وردەکارییەکانە، بەڵام داوای لەلایەنگرانی کردووە دان بەخۆدا بگرن، تا کۆنگرەی یەکێتی، چونکە بەرای کاک بەرهەم، دوای کۆنگرە بەرچاو رونی زیاتر دەبێت، لەوەی ئایا یەکێتی دەبێتە ئەو یەکێتیەی هەموو کاری تێدا بکەین، یان دەبێتە یەکێتی رەوتێکی دیاریکراو”
بەرپرسێکی تری یەکێتی کە نزیکە لەباڵی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەوەی پشت راستکردەوە کەهەوڵێکی لەو جۆرە هەست پێدەکرێت، بەڵام وەک ئەو وتی”ئێمە دڵنیایین لەوەو ئەوەش رادەگەیەنین، کە بنەماڵەیەک بەتەنها ناتوانن یەکێتی بگرنە دەست و یەکێتی بەڕێوە ببەن، یەکێتی ئێمە دروستمان کردووەو ئاسانیش نییە وازهێنانمان”.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە بەڵێنی پێدراوە، کەپێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی کۆنگرە دوور بێ لە تەزویر و بەلاڕیدابردن، کار بکەن بۆ ئەوەی یەکێتی بکەنەوە یەکێتی.
لەچەند رۆژی داهاتوو نوچەنێت راپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاری بڵاو دەکاتەوە.