گەشاوە جاف : پاسارییەك لەمەنفادا
من گەر بێ قەرارتان بم
من گەر هەمیشە لە خەمتاندا بم
من گەر هەموو ڕۆژێ فرمێسکی
دووریتان بڕژم
من گەر دنیایەک ڕازی تەنهایتان
بۆ باس بکەم
من گەر فەرشی ڕۆحمتان
بۆ ڕابخەم
پێ نازانن
هەستی پێناکەن
لێم تێناگەن
گوزەرناکەن
من غوربەت هەر ڕۆژە
ئاوازێکی پڕ لە ئازارم
پێ دەژەنێ
من تەنهایی بە مەرگم
دەناسێنێ
من ژیان بەهارەکانی
سڕیمەوە
من پایز بۆتە هاوڕی
سەفەرم
من لە دووریتان چەشنی ئاگر
بڵێسە دەگرم
نە مەی توانی مەستم بکا
نە جگەرەش
بێ ئۆقرەی
لەگەڵ دووکەڵەکەی ڕاپێچ کرد
قەترە قەتر تەنهاییم
لێ دەچۆڕێ
ڕێژنەی بارانی تەنهاییم
هێور هێور خەمەکان
دەخوسێنێ
برینەکان تەڕتر دەکات
ئازاری غەریبیم
سەر لە نوێ
بەسوێتر دەبێ