د. خالید خەیاتی: رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان، کاردانەوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندی و کێبەرکێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
قەندیل یان چیای شەنگال کامیان دەبنە بنکەی سەربازی پەکەکە لە ئایندە ؟
پەکەکە و یەکێتی و هاوپەیمانی شیعە و ئێران، پارتی و هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاواو تورکیا، بەرەوکوێ دەچن؟
یەکڕیزی لانە کوردییەکان، لەدوای هێرشەکانی داعش و لەداهاتوو تاچەند چاوەڕوانکراوە؟
د. خالید خەیاتی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە
د. خالید خەیاتی ماموستا و لێکۆڵەر لە زانستی سیاسی، لە زانکۆی لینشۆپینگ – سوید، لەم دیمانەیەی گۆڤاری سڤیلدا، بەوردی باسی باردۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە دەکات، قسەلەسەر هەڵوێست و سیاسەتی هێزە کوردستانییەکان لەکاتی هێرشەکانی داعش و ئێستاو داهاتوویان دەکات.
رزگار رەزا چوچانی: ئێستا شەڕ یەخەی کوردستانی گرتووە، چۆن لەدۆخەکە ئەڕوانی، بەبڕوای تۆ ئەنجام چی دەبێت، چی شیکارییەکت هەیە بۆ دۆخەکەو ئەنجامەکەی ؟
د. خالید خەیاتی: ئەو دۆخەی ئێستا دەبێت پیش هەموو شتێک وەکوو کارەساتیکی مرٶیی تەماشا بکرێت. ئەویش بەم واتەیە کە کومەلگایەکی مرۆڤایەتی وەکوو کوردە یەزیدییەکانی شەنگال، کە لە جەوهەری خۆی دا کۆمەڵگایەکی خۆپاریز و ئاشتیخوازە، بە هۆکاری ئەوەی لە بواری نەتەوەیی و ئاینییەوە جیاوازن دەکەوەنە بەر دڕاندەتەرین هیرش کە بە دوای هەزارەی دووهەمی میژووی مرۆڤ دا ئەزموون نەکراوە. لە ئاکامی ئەم هێرشە دا، سەدان کەس تووشی کوشتنی بە کۆمەڵ دەبن، ژن و مندالی بی تاوان بە دیل دەبردرێن و بە هەزاران کەسیش لە زێد و نیشتمانی خۆیان دەردەکرێن و لە گەرمای تاقەت پرۆکێنی هاوین دا بە بێ دەستراگەیشتن بە پارووە نانێک یان دلۆپە ئاوێک، چەندین شەو و رۆژ لە چیاکانی دەوروبەر هەڵوەدا و سەرگەردان دەمێننەوە. بە هەرحال ئەمەش تراژیدیایەکی مرۆیی سەردەمە، کە ئاوا بە ئاسانی لە بیر ناچێتەوە.
ڕاستە کە ئەم کارەساتە مرۆییە بە سەر کوردە ئیزەدییەکانی شەنگال هاتووە، بەڵام نە تەنیا کورد بە گشتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بەلکوو سەرجەم کۆمەڵگای نێونەتەویی لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە. هەر بۆیەش، پێش هەموو شتێک دەبێت چارەنووسی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بخرێتە ئاجیندای پارتە سیاسییەکانی کورد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ولاتانی رۆژئاوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان. مەبەست لەمەش تەنیا گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ قوربانیانی هیرشی داعش و هەر وەها ڕاگوازتنی ئەمان لە ناوچەی مەترسی بۆ ناوچەی هێمن نییە، بەلکوو تەنانەت نیشتەجیکردنیان و لەوەش گرینگتر گەڕاندنەوەیان بۆ زێد و شار و گوندەکانیان و هەروەها دابین کردنی ژیانی رۆژانەیانە دوور لە هەر چەشنە ترس و نیگەرانییەک.
لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم شەری ئێستادا و ئاکامەکەی، دەمەوێ ئەوە بڵێم، کە کۆتایی هێنان بە شەری داعش بە یەک رۆژ و دوو رۆژ ناکرێت. گەرچی من کەسێکی شارەزای شەر نیم بەلام بە ئاشکرایی دیارە کە داعش تاکتیکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوان بەردەوام لە جوولە دان. ئەگەر لە جێگایەک تووشی پاشەکشە بن، لە ساتی دواتر هیرش دەبەنە سەر شوینیکی تر. نموونەی شکستی ئەمان لە مەخموور و لە هەمان کات سەرکەوتنیان لە جەلەولا جیگای سرنجە. تایبەتمەندییەکی دیکەی داعش کەڵک وەرگرتن لە دیاردەی ترس و تۆقاندن و هەروەها بە کارهێنانی شێوازێکی بی بەزەییانە لە توند و تیژی و کوشتاری نەمایشی و شانۆگەرانەیە، کە بە مەبەستی تێکدانی ورەی بەرهەڵستکارانی وەکوو کلیپ و وێنە لە میدیا کۆمەڵایەتییەکان بلاو دەکرێنەوە. بە بۆچوونی من سایکۆلۆژی ترس یەک لەم هۆکارانە بوو کە سوپای عێراقی تووشی داڕووخان و فیراری بە کۆمەڵ کرد و لە ئاکام دا هەرچی چەک و جەبەل خانەی پێشکەوتوو بوو کەوتە دەستی داعیش. ئیدئۆلۆژی و باوەری سەلەفی داعشیش کە بە هۆی خویندنەویەکی رەق و ڕادیکال کە لە ئیسلامی دەکات، خویندنەوەیەک کە هەر دیاردەیەکی کولتووری و کۆمەلایەتی دەرەوەی خۆی بە مورتەد پێناسە دەکات، فاکتەرێکی دیکەیە کە لە پەیوەندی لە گەل بەردەوامبوونی داعش لە مەیدانی جیهاد دا کارتیکەری بەچاوی هەیە.
لە تەنیشت هەموو ئەمانەشەوە پیویستە بلێن کە داعش خاوەن سەرمایەکی مالی، لۆجیستیکی و سەربازی بەرچاوە کە بەشێکی وەکوو تاڵانی شەر وەدەست کەوتووە و بەشیکیشی بە گویرەی زانیارییە گشتییەکان لە لایان چەند ولاتی ناوچەوە بۆ دابین دەکرێت. ئەوەش بگوترێت کە لەوانەیە کەسانێک پێیان وابێت کە لە ناو عەرەبی سوننە دا داعش تاکە هەلسووراوی مەیدانی ئەم کوشت و کوشتارەیە، بەڵام وانییە. هاوکات لە گەل داعش، شەش-حەوت ریکخراو یان هاوپەیمانی عەرەبی هەن کە هەم راستەوخۆ شەری دەولەتی ناوندی دەکەن و هەم بە رێگای کۆمەڵێک هۆز و عەشیرە عەرەب کە سەر بە ئەمانن هاوکاری و پشتگیری داعش دکەن. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە انصار الاسلام، جیش الاسلامی، شوورای عەسکەری هۆز و عەشیرەکانی عێراق کە نیزیکەی ٧٨ هۆز و خێل و بنەمالەی گەورەی لە خویەوە دەگرێت و هەروەها سوپای تەریقەتی نەقشبەندی بکەین کە جێگری پێشووی سەدام حوسەین، عیزەت دووری سەرۆکایەتی دەکات کە جگە لە هەزاران ئەندامی پیشووی لەشکری و حیزبی سەردەمی بەعس، اخوان المسلمینی عیراقیش لە ناوخۆی دا کۆدەکاتەوە. بە هەرحال لە مابەینی هێلی تەماسی کورد و عەرەب، لە ماوەی ڕابردوو دا هۆزە عەرەبەکان بەردەوام وەکوو هاوپەیمانیەک یارمەتی سەربازی و لوجیستیکی داعشیان داوە.
دیاردەیەکی تر کە لە پەیوەندی لە گەل هەبوونی شەری بەرهەلستکارانەی داعش لە عێراق دا دەبی باسی بکرێت ئەویش ئەوەیە کە بە هێزبوونی ئەم ریكخراوەیە لە ناو عەرەبی سوننە دا راستەوخۆ پەیوەندی بە هەستی بێ بەش بوون لە ناو ئەم گرووپە ئیتنیکییە دا هەیە کە لە لایان حکوومەتی شیعەی نووری مالیکی دا بە سەریان داسەپاوە.
بە هەرحال ئەم تایبەتمەندییانەی کە ئاماژەی پیکرا، ئەم راستییە دەردەخات کە شەری کورد و داعش بە هەموو دار و دەستەی تێگلاوی دیکەیەوە، لە رۆژانی داهاتووش دا دریژەی دەبێت بە تایبەت ئەگەر ئەم ریكخراوە تیرۆریستییە بخوازێت شیوازگەلی وەکوو تەقینەوەی خۆکوژی لە بەرامبەر لەشکری کورد بە تایبەتی و خەلکی ئاسایی بە گشتی تاقی بکاتەوە. بەلام سەڕەرای هەموو ئەم مەترسییانە کە باسی لێکرا، هەر وەک دەیبینین هەر لە ئێستاوە موعادیلەی شەڕ لە بەرژەوەندی کورد دا گۆڕاوە ئەویش لە بەر دوو هۆکار.
یەکەم هۆکار، بەشداری کەم و زۆر هەموو هیزە سیاسییەکانی کورد لە شەڕی دژ بە داعشە، بە شێوازێک کە دەتوانین بڵێن ئەوە یەکەم جارە کە لە مێژووی خەباتی سیاسی کورد دا زۆربەی هیزە سەرەکییەکانی کورد، بۆ نموونە خەلکانی خۆبەخش، پێشمەرگەکانی پارتی و یەکیتی، گەریلا و شەرڤانانی پ ک ک و ی پ گ و هەروەها پێشمەرگەکانی زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەلاتی کوردستان، شانبەشانی یەکتر لە بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەش شەر دەکەن. هۆکاری دووهەم ئەم پشتگیرییە بەرفراوانەیە کە لە حالی حازر دا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشکەشی بەرهەڵستکارانی داعش بە تایبەت کوردی دەکات. دواترین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر چەککردن و نەمانی داعش راوەستە دەکات. هەروەها یارمەتی لوجیستیکی و سەربازی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا و ولاتانی تری ئەندام لە یەکێتی ئۆرۆپا و هەروەها ئێران نە تەنیا دەبێتە هۆکاری تەیاربوونێکی باشتری کوردان لە بەرامبەر درەندەیی داعش بەلکوو لە رۆژهەلاتی نیوەراستیش دا مەیدانی بڕیاردانیان فراوانتر دەکاتەوە. لە زۆر ڕوانگەوە، هەبوونی ئێران لە نیوەراستی ئەم بازنە دیفاعییە دا، کۆمەڵیک پرسیار دەخاتە ڕوو کە هەم لە پەیوەندی لە گەل هەڵایسانی شەری داعش و هەم لە پەیوەندی لە گەل هەل و مەرجی هەریمی کوردستان لە دوای داعش دا، پیویستیان بە ولام هەیە. ولامەکە هەرچی دەبێت بلا ببێت، فاکتەری ئێران پرۆسەی سیاسی و پێکهاتەی سەربازی لە هەریمی کوردستان بە ئاراستەیکی جیاواز دا دەبات.
رزگار رەزا چوچانی: لەنێوان پارتی و یەکێتی، هەست بەدوو هەوڵی جیاواز دەکرێ بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش، کام هەوڵیان بەدروست و پر سود ئەبینی بۆ کوردستان و ئایندەی کوردستان ؟
د. خالید خەیاتی: ئەگەر مەبەستت لەم پرسیارە ئەوە کە بزانین کە لە مەیدانی شەڕ دا هەر حیزبەی بە ئاراستەی تایبەتی خۆی دا دەڕوات و بە پێێ پلان، ستراتیژی و هاوپەیمانێتی ناوخۆیی و ناوچەیی خۆی لە شەر دا هەڵس و کەوت دەکات، پێویستە بلێم ئەمە تا ڕادەیەکی بەرچاو راستە و وایە، لێرە دەتوانم بڵێم کە هێڕشی داعش لاوازییەکانی کوردی لە مەر نەبوونی پلان و ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی هەم بۆ رۆژانی ئاسایی ژیان و هەم لە رۆژانی تەنگانە دا بە ڕوونی ئاشکرا کرد. لە حاڵێک دا، ڕای گشتی جیهانی و زلهیرە رۆژئاواییەکان بە شێوەی مەعنەوەی و لۆجیستیکی لە پشت کوردن، هەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشە یان بە واتەیەکی دیکە ئۆدەیەکی عەمەلیاتی و فەرماندەیی یەکگرتوو، کە توانیبایەی سەرجەم هیزی چەکداری کورد، بە پێشمەرگە، گەریلا و خۆبەخشەوە ڕێبەرایەتی بکات، هەم پێگەی کوردی بە گشتی لە ئاستی جیهان و ناوچە دا بەهێزتر دەکرد و هەم دەرفەتی باشتری بۆ هەریمی کوردستان دەڕەخساند کە بتوانێت بە سەرئیشەیەکی کەمتر لە پرۆسە سیاسییەکانی نیۆخویی و دەرەکی کەڵک وەرگرێت. یەکگرتووەیەکی لەم چەشنە بێ گومان کاریگەرییەکی یەکلاییکەرانەوەی دەبوو لە سەر گەڕانەوەی یەکجارەکی هەموو ناوچە کوردییەکان بۆ سەر هەریمی کوردستان. هەڵبەتە نەبوونی ئەم ستراتیژییە هاوبەشە بە شێوازێکی راستەوخۆش پەیوەندی بە بنەمای کولتور و فەرهەنگی سیاسییەوە هەیە، ئەویش بەم مانایە کە سروشتی سیستەمی دەستەلاتی سیاسی لە گەڵ دروستبوونی هەست و ئینتیمای نەتەوەیی و ولاتپاریزانە بە تایبەت لە نێوان گەنج و لاوانی وڵات دا تا ڕادەیەکی بەرچاو نامۆیە.
بە هەرحال راستە لێرە و لەوێ باس لە هەبوونی کۆئۆردیناسیۆن و هاوئاهەنگی لە نێوان سێ هێزی سەرەکەی کوردستانی دا دەکرێت – کە هەڵبەتە لە هێندیک شوێن دا هەر واش بووە- بەڵام بە پێچەوانەی حەز و ئارەزووەکانی ئەم کەسانەی کە لە ڕۆانگەیەکی سۆزدارانە و رۆمانتیکی سەیری خەبات و خۆڕاگری کورد دەکەن، راستییەکان لە سەر ئەرزی واقیع جیاوازی بەرچاویان هەیە. ئاراستەی حیزبی کە تەنانەت لە پەیوەندی لە گەل هاوپەیمانییەتی نیۆخویی، ئیقلیمی و جیهانی دا، لە گەرمەی شەڕ لە گەڵ داعش دا جیاوازیی و ناکۆکی دەنوێنێت، لە رۆژانی دوای داعشیش دا ئەگەری ئەوەی هەیە کۆمەڵیک دەرهاویشتەی و سیناریۆی قەیراناوی لێ بکەوێتەوە. هەر بۆیە پێویستە کە هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە خۆی ئامادەی سەرهەڵدانی ئەم سیناریۆنانە بکات. بە هەرحال هەرچی ببێت، هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە سەر ئەساسی هەمان مودیلی سیاسی و پێکهاتەی هاوپەیمانییەتی سەردەمی پێش داعش بەردەوام بێت. یان خویندنەوە و گوتاریکی نوێی فرەڕەهەند و گشتگیر دەستەبەر دەکرێت هەتا لە سەر هەمان بنەما کۆمەڵگا بەرەوە ئاراستەیەکی دیموکراتیک و نەتەوەیی بچێت، یان نا هەروەک جاران ستاتۆی کۆ دەمێنێتەوە و قەیران بە قەیران چارەسەر دەکرێت. بە هەرحاڵ ئەو داوە تا ڕادەیەکی بەرچاو و ئالۆزە و هەربۆیەش پیشبینی سینیاریۆکانی داهاتوو زەحەمەتە.
رزگار رەزا چوچانی: جگە لەشەڕی داعش، هەست بەشەرێکی تر دەکرێت، کە شەڕی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە لەگەڵ یەک، بۆ نمونە هەست بە هاوهەڵوێستی یەکێتی و پەکەکەو شەڕی راگەیاندنەکانیان دەکرێ دژ بەپارتی، تۆ لەوبارەوە خوێندنەوەت چییە؟ هەست بەو شەڕە دەکەیت؟ هۆکارەکەی چییە ؟ ئەنجامەکەی چۆن دەبێت بەرای تۆ ؟ هاتنە ناوەوەی پەکەکە بۆ گۆڕەپانی باشوری کوردستان بەهاوکاری یەکێتی، تاچەند لەبەرژەوەندی باشوری کوردستان دەبێت؟ تاچەند لەزیانی ؟ بۆچی ؟
د. خالید خەیاتی: ئەم خۆڕاگرییە شانبەشانە کە لە بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەش دا ئەنجام دەدرێت، بە تایبەت لە رۆژانی سەرەتای خٶی دا لە نێوان کوردان دا ببووە هۆکاری شکڵگرتنی شێوازێک لە رۆمانتیسمی نەتەوەیی کە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی نە تەنیا هەموو بەشەکانی کوردستانی گرتۆتەوە بەلکوو دیاسپۆڕای کوردیشی لە سەرانسەری جیهان دا خستۆتە حالەتی ئامادەباشی. ئەم رۆمانتیسمە نەتەوەییە کە هەڵگری سەدان هیما، کردەوە و پراتیکی پشتیوانی کردن و پەیامی سەمبۆلیکی سنووربەزێنە و کە ئێستاش بە شێوازێک هەر بەردەوامی هەیە، لە خۆی دا ئینێرژێکی پۆزیتیڤ دەخوڵقێنێت کە لە هەمان کات بە بڕوای زۆر کەسێک قابلییەتی ئەوەی هەیە کە ببێتە هەوێن یان کاتالیزۆری سەرهەڵدانی گوتاریکی نەتەوەیی، گوتارێک کە دەیان ساڵە رووناکبیرانی مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی کورد خەونی پێوە دەبینن. بەلام ئەوەی لە کردەوە دا دەیبینین جیاوازە لە گەل حەز و ئارەزووەکانی ئەم ڕۆانگەیە. لە ڕاستی دا رۆمانتیسمی نەتەوەیی، تەنانەت لە رۆژانی سەرەتای شەریش دا نەیتوانی لە بەرامبەر ریئالپۆلیتیسمی کوردی دا کە بە ئاراستەیەکی حیزبی دا دەڕوات و لە هاوپەیمانییەتێکی ناوچەویی ناکۆک و ناتەندروست کەڵک ورەدەگرێت، کەمترین سەرکەوتن بۆخۆی تۆمار بکات.
لە پەیوەندی لە بەشێکی تری ئەم پرسیارە دا پێویستە بڵیم کە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کورد لە شەری داعش دا بەشدارن، بەرژەوەندی بالای نەتەوەیی کورد وەکوو هیما و رێفێرانسی خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە، کە هەڵبەتە ئەو ئینتیما کوردییە لای هەموویان دەست دەکەوێت. بەڵام بەهیزتر لەمە، لە پشتی ئەم رێفێرانسە، بەرژەوەندییەکی بەهێزی حیزبی هەیە کە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، تەنانەت توانایی ئەوەی نییە کە لە جەنگەی شەریش دا خۆی لە پشت هیماکان دا بشارێتەوە. بە واتەیەکی دیکە دەکرێ بڵێن کە تەنانەت سروشت و جەوهەری خۆپاراستن و شەریش لە بەرامبەر داعش دا، -ئەگەر لە ڕوانگەی حیزبییەوە تەماشای بکەین- خویندنەوەیەکی نەتەوەیی هەڵناگرێت، بەڵکوو خەون و فانتازی حیزبی لە پشتە کە بە شێوازێکی تیکەڵ و پێکەڵ بە سیستەمی هاوپەیمانییەتی ناوچەکەوە بەستراوەتەوە.
لەم پەیوەندییە دا کۆمەڵیک پرسیار دینە ئاراوە. گەلۆ، هەریمی کوردستان دوای داعش دەتوانی ببیتە خاوەن گوتاریکی سیاسی هاوبەش، کە لە راستی دا هەم چارەسەری پرس و گرفتەکانی نیۆخویی بکاتە ئامانجی خۆی و هەم لە فۆرم وناوەرۆکی پەیوەندی ئیقلیمی هەرێم دا خویندنەوەیەکی هاوبەش و یەکگرتوانە بخاتە بەردەست؟ ئیستا کە ئێران هەم وەکوو زەمینەخۆشکەری شەر ئاماژەی پێدەکرێت و هەم وەکوو قارەمانی سەرکەوتووی هەمان شەر خۆی بە دونیا دەناسینێت، تا چ رادەیەک دەتوانێت مەیدانی بڕیاردانی خۆی لە داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەریمی کوردستان دا بەرفراوانتر بکاتەوە؟ هەرێمی کوردستان، بە هەموو جیاوازییەکی سیاسییەوە، چۆناوچۆن خۆی لە گەڵ سسیتەمی بەرژەوەندی نوێی ئەم ولاتە دەگونجێنێت و هەتا چ ڕادەیەک ئاجیندای سیاسی، سەربازی و ئابووری خۆی لە گەل ئەم سیستەمە تازەیە هاوتەریب دەکات؟ بێ گومان داهاتوو ولامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە. بەلام ئەوەی لای من ڕوون بێت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژانی دوای داعش دا بە هاسانی حازر نابێت کە کونترۆلی رەوتی ڕووداوەکانی بداتەوە دەست خاوەنە ئەسلییەکانی خۆی.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک پرسیار لە پەیوەندی لە گەل پرۆژە و بەرنامەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دا خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. گەلۆ رۆڵی پارتی کڕیکارانی کوردستان لە داهاتووی باشووری کوردستان بە گشتی و ناوچەی شەنگالی دوای داعش بە تایبەتی چی دەبێت؟ ئایا ئەم پارتە وەک باس دەکرێت، لە ناوچەی شەنگال دەمێنیتەوە و هەول دەدات کانتونێکی دیکە لەشێوەی ئەمانی رۆژئاوا دروست بکات، یان نا، بەڵکوو دەخوازێت لە بەرزاییەکانی چیای شەنگال بمێنێتەوە و هەروەک ژمارەیەک لە کۆنەئەندامانی ئەم پارتە ئاماژەی پێدەکەن، پرۆژەی ئەوەی هەیە، کە بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانی رۆژئاوا ئەم چیایە بکاتە قەندێلێکی تازە؟ بە تایبەت کە ئێستا بە دوای راگەیاندنی کۆتایی شەری چەکداری لە باکووری کوردستان کە لەم رۆژانە دا لە لایان عەبدوللا ئۆجەلانەوە، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان راگەیاندرا، لەمەودوا قەندیل ئەم گرینگایەتیە ستراتیژیکەی جارانی نامێنێت و تەنانەت زەمانت و گاڕانتی ئەوەش نییە کە قەندیل بتوانێت لە کاتی زەروور دا بە هۆی دووری رێگا و بەربەستی دیکە بە ئاسوودەیی گەریلاکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەر لە رۆژئاوا بکات. هەر بۆیەش بێرۆکەی مانەوەی ئەم پارتە لە شەنگال یان لە چیاکانی شەنگال ئەم ناوچەیە جێگای سرنجە.
هەروەها پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ هاوپەیمانی یەکێتی نیشتمانی و پارتی کرێکارانی کوردستان و نیزیکی هەڵویست و پۆزیسیۆنی ئەم دوو هێزە لە هەلویست و پوزیسیۆنی ئێران و کۆی هاوپەیمانی شیعە لە لایەک و هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە گەل کۆی ولاتانی رۆژئاوایی و هەروەها هاوپەیمانی و پەیوەندی زۆر تایبەتی ئەم پارتە لە گەل تورکیا لە لایەکی دیکەوە، هەموو ئەمانە چەندە قابلییەتی خۆگۆڕینیان هەیە، هەتا بەڵکوو بە ڕیگای کەمکردنەوەی کارتیکەری دەرەوە، ڕێگایەکی هاوبەش بۆ پێکهاتنی گوتارێکی سیاسی هاوبەش بکرێتەوە و هەتا لەمەش زیاتر هەریمی کوردستان بکاتە خاوەن نە تەنها هەڵوێستێکی هاوبەش لە بەرامبەر ناوەند دا بەڵکوو سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتوو کە بتوانێت بە بەردەوامی لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کورد، بە شێویەکی مودیرن و سەردەمیانە لە گەل ولاتانی دەور و بەر –بە تایبەتی لە گەل ئێران- هەلس و کەوت بکات؟
رزگار رەزا چوچانی: تۆ خۆت ئەوە ئەبینی، کە پەکەکە توانای ئەوەی هەبێ لە چیای شەنگال بمێنێتەوەو قەندیلێکی تر دروست بکات؟ زەمینەی بەپراکتیکردنی ئەم سیناریۆ دەبینی؟ یان بوونی پەکەکە تەنها بۆشایی سەربازی باشور لەوناوچەیە دروستیکردووەو کاتییە ؟ پێت وایە پارتی رێگە بەمە بدات ؟ ئەگەر پارتی رێگر بێت هاوپەیمانی یەکێتی و پەکەکە تاچەند کاریگەری دەبێت ؟
د. خالید خەیاتی: من پیشتریش لە چاوپێکەوتن لە گەل تۆ، باسم کردبوو کە پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر وەکوو بزووتنەوەیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سنووربەزێن یان ترانسناسیۆنال هەڵس و کەوت دەکات. ئەویش بەو مانایەی کە ئەم پارتە توانیوێتی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا لەبەشە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، لەشار، شارۆچکە و گوندەکاندا، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی رێکخراوی سیڤیل و یان بەناوی جۆربەجۆری دیکە رێکبخات و کۆ بکاتەوە بە مەرجێک کە راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدابن. لەم پەیوەندییەش دا، پ ک ک نە تەنیا هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵکوو هەر جێگایەکی تر کە زەمینەی تێدا هەبێت بە مەیدانی چالاکی خۆی دەزانێ. لەم ڕوانگەیەوە مانەوەی ئەم پارتە لە شەنگال و بە رێکخراوەیی کردنی خەلکی یەزیدی ئەم ناوچەیە لە چوارچیوەی ئیدیۆلۆژی خۆی دا دەتوانێت سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو بێت. بە تایبەت کە بە دوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی پارتی لەمناوچەیە، ئیستاکە – لانی کەم لە ئاستی پرۆپاگاندا دا – پارتی وەکوو هێزێکی هەڵاتوو و پ ک ک وەکوو رزگارکەر و پاریزەری خەلکی یەزیدی بەرجەستە کراونەتەوە. ئەم وێنە دووفاقییە -بە بێ لە بەرچاوگرتنی راستبوونی یان ناراستبوونی- کاریگەری خۆی هەبووە. لە راستی دا ئەم وێنەیە، لە تەنیشت ئەم گۆرانکارییانەی کە لە ئاکامی شەری داعش دا بە سەر ستروکتوری سیاسی و عەسکەری ناوچەکە دا هاتووە، دوو فاکتەری گرینگن کە دەتوانن دەروازەی شەنگال بە ڕووی پارتی کرێکارانی کوردستان دا بکەنەوە. فاکتەری سیهەم کە ئەویش تا رادەیەکی باش لەم ڕاستایە دا یارمەتیدەری ئەم پارتە دەبێت، بە یاسایی کردنی دانوستاندن و لە ئاکام دا پرۆسەی کۆتایی هاتنی شەری چەکدارییە لە تورکیا. هەڵبەتە لە بیرمان نەچێت کە بابەتی چەکدانان لە لای پ ک ک، چەکدانانێکی نەریتی نابێت. لەوانەیە کومەڵیک خەڵک بگەرێنەوە شوینی ژیانی خۆیان لە کوردستانی باکوور، بەلام لە هەمان حال دا زیادەهێزی گەریلا زۆر بە هاسانی دەتوانێت لە قەندیلەوە –کە ئیتر گرینگی بە دوای پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرینگی ستراتیژێکی نامێنێت- بەرەوە رۆژئاوای کوردستان یان ناوچەی شەنگال وەڕیکەوێت و هەر لەویش نیشتەچی ببێت. ئەم گەشەسەندە دەتوانێت دروست کردن یان دامەزرانی کۆمەڵیک ریکخراوی تایبەت بە یەزیدییەکانی لە ناوچەی شەنگال دا لێ بکەوێتەوە کە لە داهاتووش دا خاوەن ئاجیندای سیاسی تایبەتی خۆیان ببن.
لە پەیوەندی لە گەل هەلوێستی یەکێتی نیشتمانی لە سەر ئەم بابەتە، راستی ئەوەیە کە ئەم رێکخراوەیە – هەڵبەتە بە خوێندنەوەی من- مانەوە و بە هێزبوونی بوونی پارتی کڕیکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال دا لە بەرژەوەندی خۆی دا دەبێنێت. لە لێکدانەوکان و حیساباتی یەکێتی ڕەنگە ئەم گریمانەیە هەبێت: سەرقالبوونی پارتی دێموکراتی کوردستان بە گرفتی شەنگالەوە بە مانای بەهێزتر بوونی ئەم پارتە نایەت، بگرە لە هاوکیشە نیۆخۆییەکان دا ناتوانێت وەک جاران لە ڕۆانگەی هێزەوە لە گەل یەکێتی قسە بکات. بە گەڕانەوەی دۆفاکتۆی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی گەرمیان، جەماوەری یەکێتی بە شێوازێکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان دا دەچێت. ئەمەش لە حالێک دایە کە دەکرێت لە سەر زلهێزێکی ناوچەیی وەکوو ئێران و هەروەها دەوڵەتی ناوەندی عێراق حیسابی تایبەتی بکرێت. بە بۆچوونی من ئەم حیساباتە لە ناو مێشک و بیرکردنەوەی رێبەرانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان دا هەیە، بەڵام هەتا چ ئەندازەیەک لە سەر ئەرزی واقیع دەستەبەر دەبن، پرسیارێکە بۆ داهاتوو. بەلام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئێران بە باوەڕی من کە هەتا ئێستا براوەی یەکەمی ئەم قەیرانەیە، لە داهاتووش دا –هەڵبەتە ئەگەر شتی تازە ڕوو نەدات- رێگا نادات کە کونترۆڵی ڕەوتی ڕووداوەکانی لە دەست دەربچێت.
سەبارەت بە هەڵویستی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە بەرامبەر ئەم سیناریۆیە دا، دەتوانم بڵیم کە ئەم پارتە بە هیچ شێوەیەک بە مانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دروستبوونی دەستەلات و ئۆتۆریتەی سیاسی و سەربازی ئەم پارتە لەم ناوچەیە رازی نابێت. لەم پەیوەندییە دا تەنانەت ئیحتیمالی ئەوەش هەیە کە پارتی مراجیعەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی خۆشی بکات. بە خویندنەوەی من ئامانجی پارتی ئەوەیە کە بە دوای نەمانی داعش ئۆتۆریتەی خۆی -هەڵبەتە ئەمجارەیان لە هەیبەتێکی عەسکەری و سیاسی جیاوازتر دا- لە ناوچەی شەنگال دا، کە بە پێێ مادەی ١٤٠ بەشێکە لە هەرێمی کوردستانە نوێ بکاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم جوورەی من لیی تێگەیشتووم پارتی کریکارانی کوردستان دەخوازێت ئاجێندای سیاسی خۆی بە ناوی ژمارەیەک پارت و ریکخراوی سیاسی/ئایینی و چەکداری تایبەت بە خەڵکی یەزیدی لە ناوچەی شەنگال بەڕیوەبەرێت و لەم سۆنگەیەوە هەم ناوچەیەکی ستراتیژیکی گرینگ بخاتە ژیر کۆنترۆلی خۆی و هەم لە داهاتووش پشتی بەرەیەکی بەهیز بێت بۆ کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان. بەهەرحال ئەگەر پ ک ک خەیاڵیکی لەم چەشنەی هەبێت و لە حالێک دا کە پارتی کە ئیستا لانی کەم لە بۆاری سەربازی و پشتگیری نێونەتەوەییەوە لە هەمیشە بە هیزترە، ئەمە قەبوول ناکات. هەربۆیەش دەبێت لە داهاتوو دا چاوەڕوانی کۆمەڵێک ئالۆزی و گرژی ببین کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بە گشتی و خەڵکی یەزیدی بە تایبەتی دا نابێت.
رزگار رەزا چوچانی: تاچەند واقیعیەو تا چەند خەیاڵییە باس لەدروستکردنی کانتۆنی هاوشێوەی رۆژئاوا بکرێت لەناوچەی شەنگال لەلایەن پەکەکەوە؟ هەرکامیانە بۆچی ؟
د. خالید خەیاتی: لە ڕووی یاساییەوە ناوچەی شەنگال خاکی ولاتێکی دیکەیە بە ناوی عێراق و لە هەمان کاتیش دا بە پیی چارەسەری بە رێگای مادەی ١٤٠ بەشیکە لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیەش دروستکردنی کانتۆنێکی ژمارە چوار کە ئەم بەشە لە هەرێمی کوردستان داببرێت و بە رۆژئاوای کوردستانی ببەستێتەوە، لە حالی حازر دا زۆر واقیعی نییە. پررۆژەیەکی لەم چەشنە لە چوارچیوەی تەنگی خۆی دا دەمێنێتەوە و کەمترین پشتیوانی نێونەتەوەییش وەرناگرێت. پارتی کرێکارانی کوردستان ئەمە دەزانێت. کەوابوو، ئالترناتیڤ یان بەدیل ئەوە دەبی کە پ ک ک هەر وەک لە سەرێ ئاماژەم پێکرد، لە سەر ئەساسی ئیدئۆلۆژی و بیر و باوەری خۆی رێکخراو و پارتی سیاسی/ئایینی و چەکداری تایبەت بۆ یەزیدییەکان دابمەزرینێت و لەم رێگایەوە ئاجێندای خۆی بەرەوپێش ببات. هەڵبەتە تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، رێکخراوەی لەم چەشنە دامەزراوە. لەم پەیوەندییە دا پارتی دیمۆکراتی کوردستان وهاوپەیمانانی چاوەڕوانی سێناریۆیەکی جیاواز دەکەن. دەوڵەتی تازەی عێراق ئەگەر لە سەر هەمان رێچکەی جاران بڕوات، لانی کەم ئەگەر بە ڕوالەتیش نەبێت، پێی ناخۆش نابێت کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان لاواز بێت هەتا لە داهاتوو دا سەرئێشەیەکی دیکەی سەربەخۆیی خوازی بۆ دروست نەکات.
رزگار رەزا چوچانی : لەبێدەنگی تورکیا لەهەمبەر ئەو پرسە هەست بەچی دەکەیت؟ سەرقاڵی تورکیا بەهەڵبژاردن، و گۆڕانکاری حکومی؟ یان چی ؟
د. خالید خەیاتی: مەسەلە تەنیا سەرقالبوون بە هەلبژاردنەوە نییە. ئەوەندی من ئاگادار بم هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە لێکدانەوەکانی تورکیا دا نەبوو و هەربۆیەش چاوەڕوانیان نەدەکرد. لە لایەکەوە لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێتێکی سیاسی و ئابووری ستراتیژیک هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا –راستەوخۆ یان ناراشتەوخۆ- لە شەری دژ بەوەی پێێ دەگوترێت هیلالی شیعە و کە رژیمی سووریاش دەگرێتەوە، یارمەتی داعش دەدات. هەربۆیەش کاتێک کە لە نێوان داعش و هەریمی کوردستان دا شەر ڕووی دا، بە شکڵیک ئەم ولاتە هەم تووشی شۆکی سیاسی بوو و هەم ناچار بوو هەتا هەل و مەرجێکی نوێتر دێتە ئاراوە، سیاسەتێکی نزم و پاسیڤ پەیرەو بکات. ئێستا کە کۆی کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر داعش دا هەلویستی توندی گرتووە، حکوومەتی تورکیاش ناچارە دەرنگ یان زوو دەست لە داعش هەلبگرێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی بە دوای ئالترناتیڤێکی تازە دا بگەرێت. هەڵبەتە ئەمەش بەوەوە دەبەسترێتەوە کە ئەم بەرە جیهانییە بتوانێت داعش لە سووریا و عێراق لە ناوبەرێت. بەڵام داعشێکی بەهێز کە بتوانێت بە یەک پەلامار شارێکی گەورەی سووریا بە دەست بخات، لە حیساباتی تورکیا دا جێگای هەر دەمێنێت.
رزگار رەزا چوچانی : خوێندنەوەت بۆ داهاتووی هەریمی کوردستان لە دوای داعش و هەروەها بەشداری هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق دا چییە؟ عێراق بەهەموو هێزی خۆی داوای هاوکاری نێودەولەتی کرد، هاوکاری نەکرا، لەکاتێکدا هەرەشە لەسەر بەغداش دروست بوو، بەڵام کاتێک مەترسی لەسەر کوردستان دروست دەبێت جیهان بەدەنگ دەنێت و هاوکاری کورد دەکەن .
د. خالید خەیاتی: لێرە دا خوێندنەوەی من ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان کە هەم لە پەیوەندی لە گەل یاسا نێونەتەوەییەکان و دەستووری عێراقی پێگەیەکی حقووقی دیارکراوی هەیە و لە هەمان کات دا هاوکاری و پشتگرییەکی بەهێزی وڵاتانی رۆژئاوایی لە پشتە، زەروورەتێکی حاشاهەلنەگری لە پێشە، کە لە مەجوودیەتی میژویی خۆی لە دوای داعش دا ببێتە خاوەن گوتاریکی نەتەوەیی و دیموکراتیک و بە هەمان پییەش بە ڕیگای فەرهەنگ سازی، واتە و مانا و هەستی بەرپرسیارێتی بە گەنج و لاوانی کورد ببەخشێت و کە بە هەمان شێوەش بتوانێت هاوتەریب لە گەڵ کۆتایی هێنان بە مۆدیلی حیزبایەتی، سیستەمێک بۆ بەشداری هەمەلایانە لە سەر بنەمای پلورالیسمی کۆمەلایەتی، سیاسی و فەرهەنگی و مافی هاولاتی دەستەبەر بکات.
لێرە دا پێویستە ئەوە بلێم، کە نیزیکی و هاوپەیمانییەتی بێ شەرت و مەرج لە گەل ئێران و هەروەها دلخوش کردن بە پرۆژەیەکی ناوەندگەرایانەی ڕوو لە دەولەتی مەرکەزی عێراق، هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی نەتەوەیی و دیموکراتیک دا نابات، بەڵکوو زیاتر لە جاران قەیران خولقێنەر دەبێت. هەڵبەتە مەبەستی من ئەوە نییە کە بڵیم پەیوەندی لە گەڵ ئێران نەبێت، نا بە هیچ شێوەیەک، بەڵام شێوازی هاوپەیمانی ئیستایی شیوازیکی بەرهەمهێنەر نییە، چونکە ئەوەی حکوومەتی ئیران دەیکات، هاوپەیمانی نییە بەڵکوو دەستتێوەردانەییەکی راستەوخۆیە کە رێگا بە خۆی دەدات ئاجیندای سیاسی و سەربازی هەرێمی کوردستان دیاری بکات. مەیدانی هەڵسوورانی باڵی سەربازی حکوومەتی ئێران لە ساحەی باشوور دا ئەوەندە بەرفراوانە، کە تەنانەت پاشەکشەی پێشمەرگەکانی سەر بە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیش لە بەرەکانی شەر دا، بە بڕیاری ئەوان ئەنجام دەدرێت.
ئەوەی گرینگە، – هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد – پەیوەندی لە گەل ئێران و هەر ولاتێکی تر، لە ژیانی سیاسی دوای داعش دا، لە سەر بنەمای مودێلی پەیوەندی نێونەتەوەیی و دیپلۆماسێکی سەردەمیانە بچێتە پێش. بەڵام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد پیویستە بزانین کە دەوڵەتی ئێران، کە خاوەنی گەورەترین بەرژەوەندییە لە عیراق و بریاری سەدان پروسەی سیاسی، ئابووری و سەربازی لەم ولاتە دا بە دەستەوەیە، چ هەڵس و کەوتێک لە رۆژانی پاش داعش دا لە خۆی نیشان دەدات. ئایا بە هەمان ئاراستەی هەمیشەیی خۆی دا دەڕوات؟ یان ڕەوتی رووداوەکانی بە ناچاری ملکەچی ئەوەی دەکات، کە رەفتاری سیاسی خۆی بگورێت؟
ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە دەوڵەتی ئێران لە پەیوەندی لە گەڵ گەشەسەندنی داعش لە سووریا و عێراق، – لانی کەم دروست کردنی زەمینە جا راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ – دەستی باڵای هەبووە. مەبەست لە خوڵقاندنی ئەم زەمینەیە بۆ داعش لە بەر ئەوە بووە کە لە بەرچاو کۆمەڵگای نیونەتەوەیی دا، وینەیەکی داعشیانە لە ئۆپۆزیسیۆنی رژێمەکانی عیڕاق و سووریا وێنا بکات، هەتا لە ئاکام دا بتوانێت هەم مافە راستییەکانی خەڵکانی سووریا و عێراق چەواشە بکات و هەم باری گرانی سەر ئەستۆی رژیمەکانی وابەستە بە خۆی لەم دوو ولاتە دا سووکتر بکاتەوە، بەم پێیەش لە ئاستی جیهانی دا مەشرووعییەتیان بۆ دەستەبەر بکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە، هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نە تەنیا گۆتاری سەربەخۆیی خوازی – کە ئێرانیش پێی عاجز بوو – کەمڕەنگ دەکاتەوە، بەڵکوو مەیدانی هاتوچۆی ئەم هێزگەلەی کە ئێران لە حیسابات و لێکدانەوەکانی خۆیدا نیزیک لە خۆیان دەبێنێت، لە سەر گۆرەپانی کوردستان فراوانتر دەکاتەوە. بە هەرحاڵ من دووپاتی دەکەمەوە، کە ئێران هەتاکوو ئیستا براوەی یەکەمی ئەم ئاڵۆزییەیە. لە ڕاستی دا، داعش بەرەکەتێکی ئاسمانی بوو بۆ ئەم ولاتە کە زەمینەی ئەوەی بۆ رەخساند، هەم وەکوو ئاکتەرێکی گرینگ و جێگای متمانە خۆی بە دونیای دەرەوە نیشان بدات، هەم بەرنامەی لایانەکانی بەرامبەر بە خۆی پووچەڵ بکاتەوە و هەم لە ئاکام دا هێژمۆنی خۆی بە سەر ناوچەدا بپارێزێت و نوێی بکاتەوە.
لە پەیوەندی لە گەڵ عیڕاقی داهاتوو دا، دەتوانم ئەوە بڵێم کە کورد دەتوانێت و پێویستە لە هەل و مەرجی ئێستا لە پرۆسەی سیاسی عێراق دا بەشداری بکات، بەڵام ئەوە تاکە بەدیل و ئالترناتیڤی نەبێت. هێڕشی داعش و دەرهاویشتە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەم قەیرانە، لانی کەم هەتا داهاتوویەکی دیکە پرۆژەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی خستە ناو ئارشیوەوە. بەلام لە بەر بێ متمانە بوونی واقیعی عێراق، کورد لە داهاتوو دا جارێکی دیکە ناچار دەبێت بیر لە ڕیگاچارەی جیاواز بکاتەوە.
لە بیرمان نەچێت، کە ئاسۆی داهاتووی پرۆژەی دەوڵەت – نەتەوە لە عێراق دا کە هەموو تاک و پیکهاتەکان تیی دا بەشدار بن، ئەوەندە ڕوون نییە و لەم پەیوەندییەش دا، دەتوانم بڵیم کە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە هەر لە سەرەتاوە ئیسراری کە سەر ئیستیقراری ئەم پرۆژەیە دەکرد، سیاسەتیکی هەڵە و کۆنتراپرۆدۆکتیف بوو. هەڵوەشانی سوپای عیڕاق لە بەرامبەر داعش، بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر ئەم راستییە دەردەخات کە لە سەر بنەمای ئەم ماتریالەی کە ئەمڕۆ لە عێراق دا هەیە، شتێک بە ناوی دەوڵەت/ نەتەوە دروست نابێت. بە واتەیەکی دیکە، ئەگەر لە سەردەمێکی تایبەتی مێژوویی دا، پەیمانی سایکس-پیکۆ توانی کۆمەڵیک دەوڵەت/ نەتەوەیی سەقەت و نیوەچل لە رۆژهەلاتی نیوراست دابمەزرێنی، گەشەسەندە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆکە، کە بە چاک و خەراپ خۆی بە سەر ناوچەکە دا سەپاندووە بە شێوازێک زەنگی کۆتایی میژووی ئەم پەیمانەیە، زەنگێک کە نە تەنیا خەڵکانی ناوەوەی عێراق، بەڵکوو سەرانسەری جیهان خەریکە گویی لە دەنگی دەبێت.
ئەم پشتگیرییە نێونەتەوەییە کە ئەمڕۆ پێشکەشی کورد دەکرێت، لە ڕاستی دا سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان، کە لە مێژووی گەلی کورد دا هەتا رۆژی ئەمڕۆ نموونەی نەبووە. ئەمەش نیشاندەری ئەم راستیێیە کە هەرێمی کوردستان لە کونتیکستی رۆژهەلاتی نیوەراست دا، سەڕەڕای هەموو کەم و کورییەک، – لانی کەم لە ڕوانگەی وڵاتانی رۆژئاواییەوە- بۆ هۆی کۆمەڵیک هۆکار، وەکوو ولاتیكی جیاواز سەیری دەکرێت. ئەمیش بەم مانایە کە کورد – دیسان لە رۆانگەی ئەمانەوە – نە تەنیا لە نەتەوەکانی دەور و بەر سیکولارترە، بەڵکوو لە زۆر بۆار دا لە پرۆسەی سیاسی و هاوپەیمانییەتی دا متمانەی لە خۆی نیشان داوە. هەروەها، ئەوە کوردە کە تووشی لیقەومان و کارەساتی مرۆیی بووە. لە هەمان کاتیش دا ئەوە کوردە کە قوربانیەکانی کارەساتی نیوخویی عێراق، لە سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان پەنا دەدات. لەم پەیوەندییە دا دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە ڕاگرتنی ئەم پشتگیرییە جیهانییە، کە بێ ئەندازە گرینگە، لە داهاتووش دا راستەوخۆ بە وەزعی نیوخۆییەوە دەبەسترێتەوە. دەستکەوتی زیاتر لە سەر رێبازی دیموکراسی، یەکگرتوویی نەتەوەیی و مافی هاوڵاتی، لە تەنیشت پرۆژەی تەندرووست و پێشکەتووی ئابووری، ئاسۆیەکی ڕوونتر لە داهاتووی کوردستان دا دەستەبەر دەکات.
لە کۆتایی دا، دەمەوێت ئەوە بڵیم کە ئەوانەی لە زەوق و هەیەجانی سەرکەوتن بە سەر داعش دا شاگەشکە بوون، زۆری پێ ناچیت، کە لە گەڵ واقیعێکی دوای داعش رووبەروو دەبنەوە، واقیعێک کە تێێ دا، هاوکێشە و باڵانسی هیز وەک جاران نامێنیت. پارتی کریکارانی کوردستان، کە هەمیشە خەون بە باشوورەوە دەبێنێت، ئەم جارەیان پێگەیەکی بەهیزتری دەبێت. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە لە ساڵانی رابردوو دا خێر و خۆشیکی ئەوتۆی لە پرۆسە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان نەدیتووە، ئەمجارەیان، پشت ئەستوور بە هیزی دەرەکی و هەروەها دەستراگەیشتنی راستەوخۆ بە ناوچەی گەرمیان دەتوانێت – لانی کەم بۆ ماوەیەک- سوار لە ئەسپی سەرکیشی سەرکەوتن، داوای بەشێکی زیاتر لە موعادیلەی هیز و سیستەمی دەستەلاتداری ولات دا بخاتە بەرچاو. سەرکردایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، سەڕەڕای ئەوەی کە لە بواری پشتگیری نێونەتەویی و دیپلۆماسی جیهانی دا سەرکەوتنی بەرچاوی بە دەست هێنا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەم وەزعەی کە هاتە ئاراوە رازی نێت. لە حاڵی حازر دا ئەم سەرکردایەتییە ناچارە خۆی لە گەل بەرژەوەندی رکەبەرانی پێشووی خۆی دا بگونجێت، و بگرە ئەگەری ئەوەش هەیە کە لە قۆناغی ئێستا دا – بە خۆشی یان بە ناچاری – حیساباتێکی جیاوازتر بۆ دەوڵەتی ئێران بکاتەوە، ئێرانێک کە هەتا راگەیاندنی داهاتوە وەکوو هەڵسووراوی یەکەمی ئەم مەیدانە دەمێنێتەوە.
هەروەها باڵانسی تازەی هیز لە ئاستی ئیقلیمی بە گشتی و هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە، ستاتۆیەکی جیاوازی بە ناوچەکە بەخشیوە، ستاتۆیەک کە یەکەمین مزگێنی هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە قەیرانی ئاشکرا و شاراوە دەبێت، کە کونترۆڵکردن و چارەسەریان، ئینیرژی و وزەیەکی بەرچاو دەخوازێت.
ئەم دیمانەی د. خالید خەیاتی بەناوی گۆڤاری سڤیل سازکراوە و دوو بەش لەگۆڤاری سڤیل چاپ و بڵاوکراوەتەوە.