وەزارەتی پێشمەرگە: لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ سزادانیان، هیچ لایەنێك پشتگیری ئەو فەرماندانە ناكات كە بوونەتە هۆی ماڵوێرانی خەڵك
نوچە: هەولێر
عەمید هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، لیژنەیەك لە ئاستێكی باڵا، كە ئەندامێكی دادگەی سەربازیشی تێدایە پێكهێنراوە بۆ لێپرسینەوە لەو فەرماندانەی لە بەرەكانی شەڕ كەموكوڕیان هەبووە و سزایان دەدات، وتیشی “هیچ لایەنێكی سیاسی پشتیوانی لەو فەرماندانە ناكات، كە بوونەتە هۆی ئاوارەبوون و ماڵوێرانی خەڵك”.
عەمید هەڵگور لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، وتی “لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم پێكهێنراوە، كە لە ئاستێكی بەرزدایە و بەڕێوەبەری گشتی كاروباری یاسایی وەزارەتی پێشمەرگەیش ئەندامە تێیدا، ئەم لیژنەیە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو فەرماندە سەربازییانەی كە كەمتەرخەم بوون لە بەرەكانی شەڕ”، وتیشی “لیژنەكە نوێنەری دادگەی سەربازی كە بەڕێوەبەرێكی گشتییە ئەندامە لەو لیژنەیە، ئەوان رێوشێونی یاسایی دەگرنەبەر، لیژنەكە جۆی سزاكەیش دیاری دەكەن، بە حوكمی ئەوەی كە لیژنەكە هەموویان یاساناسن، لیژنەكە تایبەت نیە بە میحوەرێكی ئەو جەبهە فراوانەی كە ئێستا هەیە، لیژنەكە گشتگیرە و بەدواداچوون دەكات بۆ هەموو جەبهەكانی شەڕ، لە كەموكورتییەكانیان دەكۆڵێتەوە و وردبینی دەكات، هەر فەرماندەیەك لە هەر جێیەكدا كەموكورتی نواندبێت یان هۆكار بووبێت بۆ ئەوەی شكستێك درووست بووبێت، ئەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و لە رێی رێكارە یاساییەكانەوە جۆری سزاكەیشی دیاری دەكرێت”.
عەمید هەڵگورد بە دووری زانی لایەنە سیاسییەكان رێگر بن لە كاری لیژنەكە، چونكە وەك ئەو وتی “لیژنەكە لیژنەیەكی یاساییە و لە ئاستێكی باڵا پێكهێنراوە، ئەگەر ئەوان دەستنیشانی هەر سزایەك بكەن بۆ هەر فەرماندەیەك یان بەرپرسێك ئاسان نیە جێبەجێ نەكرێت”، وتیشی “دیوە سیاسییەكەی ئەم لیژنە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی كەموكورتیان نواندووە سزا بدرێن، بە گوێرەی ئەو كەمتەرخەمیانەی كە كردوویانە، لە هەندێك لەو ناوچانەی كە پێشمەرگە شكستی خواردووە و هەندێك فەرماندە ناویان ناوە پاشەكشێ، بۆتە هۆی ئەوەی كە هەندێك خەڵكی زۆر تووشی ئاوارەیی و ماڵوێرانی بوون، بۆیە هیچ لایەنێكی سیاسی پشتیوانی ئەو فەرماندانە ناكات كە بوونەتە هۆی ئاوارەیی و ماڵوێرانی خەڵكی شنگال یان هەر ناوچەیەكی تر، چونكە ئەو نەهامەتیانە بەسەر خەڵكی تریشدا هاتوون و ئەو لیژنەیە وەك وتم تەنها بۆ یەك ناوچە نیە”.