بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵوێستی ژمارەیەك رۆشنبیر بە پیلان دژ بە پێكەوە ژیان ناو دەبات
نوچە: هەولێر
وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەوڵوێستی ئەو كۆمەڵە رۆشنبیرە كە بە شێوەیەكی كاتی ئاینی خۆیان گۆڕیوە بۆ ئێزیدی، بە هەوڵی نانەوەی پشێوی ناو دەبات و دەیشڵێت “ئەوانە تەنها لەسەر تەسكەرە نفوس مسلیم بوون”.
شوان قەڵادزێی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و وتەبێژی فەرمی ئەو حیزبە، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دەربارەی هەڵوێستی ئەو كۆمەڵە رۆشنبیرە كە بەشێوەیەكی كاتی چوونەتە سەر ئاینی ئێزیدی، لە پۆستێكدا ئەو هەڵوێستە وەك پیلانێك دژ بە پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان ناو دەبات.
شوان قەڵادزێی لە پۆستەكەیدا كە لە ژێر ناوی (گۆڕینی ئاین هاوخەمــی دەربڕینە یاخود نانەوەی پەشێوی و دووبەرەكی؟) بڵاوی كۆدۆتەوە، نووسیویەتی “چەند ڕۆژێك لەمەوبەر چەند بەناو ڕۆشنبیرێك كەتەنها بەدەفتەر نفوس موسڵمان بوون و هیچ پاپەندی یەكیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نەبووە، دەبنە ئێزدی و ئەوانیش قبوڵیان ناكەن چونكە لە بیر و ئایدیای یئێزدیەكان قەدەغەیە غەیری یئێزدی ببێتە ناو ئاینەكەیانەوە، كەواتە چ مانایەكی بۆ دەمێنێتەوە؟
جگە لە پێچەوانەی شكۆمەندی نەبێت، هەست دەكرێت پلانێك لە ئارادایە بۆ تێكدانی بەیەكەوە ژیان و ئارامی ووڵات لەبەر ئەوە پێویستە لایەنە ئەمنیەكان ووریا بن و ڕێگا بگرن لەهەر هەوڵێكی تێكدەرانە و هەرزەكارانە كە بەناوی ئاین گۆڕینەوە ئاژاوەو پەشێوی نەكەوێتە ناو كۆمەڵگەی كوردستان، مرۆڤی عەقیدە ساغ ئاینی ئیسلام كە پەیامی كۆتا و ڕەحمەتە بۆ كۆی ئادەمیزاد هەرگیزاو هەرگیز بە هیچ شتێكی تر نایگۆڕیتەوە”.