د.شوان قەڵادزێی: مامۆستا كرێكار لە نەرویج بە نامەیەكی مام جەلال بەرگری لە خۆی كرد

0

7777777د.شوان قەڵادزێی: مامۆستا كرێكار لە نەرویج بە نامەیەكی مام جەلال بەرگری لە خۆی كرد

 

 

بنەماڵەكەی هەوڵی گەڕاندنەوەی مامۆستا كرێكار دەدەن بۆ هەرێمی كوردستان

 

 

ئەگەر قسە لەسەر كوشتنی خەڵك بێت، هیچ سەركردەیەكی كورد بە سەلامەت دەرناچن

 
نوچە: هەولێر

د.شوان قەڵادزێی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا لەگەڵ نوچە، چەند زانیارییەكی ورد لەسەر مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی ئەنسار ئیسلام دەدركێنێت، هەروەها باس لەو هەوڵانەیش دەكات، كە هەم بزووتنەوەی ئیسلامی و هەم بنەماڵەی مەلا كرێكاریش گرتوویانەتە بەر، بۆ گەڕاندنەوەی مەلا كرێكار بۆ هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی ماوەی حوكمە یاساییەكانی لە زیندانەكانی وڵاتی نەرویج بەسەر برد.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی نوچە، لەگەڵ د. شوان قەڵادزێی

 

نوچە: ئێوە داواتان كردووە كە لێبووردن بۆ مەلا كرێكار دەربچێت، ئەم داواكارییەتان بۆچی و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

د.شوان قەڵادزێی: ئێمە بەشێوەیەكی گشتی باسی ئەو بابەتمان كردووە، وەك موساڵەحەیەك یان لێبوردنێكی گشتی و داخستنی ئەو مەلەفانەی كە پێشتر هەبوون بۆ بەشێك لەو سەركردانەی كە رۆژێك لە رۆژان هەندێك تێبینی هەبووبێت لەسەریان، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی ئارامی كوردستاندایە، ئەو دەنگە ناڕازییانەی كە هەن لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئیعادە نەزەریان كرد لەو شێوازەی رابردوویان و دەستییان كردەوە بە خەباتێكی تازە، كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و پێكەوە ژیان گونجا، باشترە كێشەكان چارە بكەین و دەنگە ناڕازییەكان ئاشت بكەینەوە، مامۆستا كرێكاریش كەسایەتییەكە كە لە شۆڕشی كورد لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكانی كوردستان بەشدار بووە، كەسایەتییەكی بە توانایە، زۆر شتیش كە لەسەری باس دەكرێت، زیاد لە پێویست تێپەڕێنراوە.

نوچە: ئەو شتاتە وەك چی؟

د.شوان قەڵادزێی: بۆ نموونە كە تۆمەتباری دەكەن شەڕەكانی خێڵی حەمە، ئەو هیچ كاتێك لەو شەڕانە بەشدار نەبووە، چونكە ئەو شەڕانە جوندولئیسلام كردوونی، ئەویش ئەوكاتە جوندولئیسلام نەبووە، بەڵكو ئەوان بزووتنەوەی ئیسلاح بوون، ئینجا ئەو كاتەی كە ئەو ئەمیری ئەنسار ئیسلام بووە، گفتوگۆ لە نێوان ئەنسار ئیسلام و یەكێتی نیشتیمانیدا هەبووە، بۆ ئەوەی بارەگا لە سلێمانی و ناوچەكانی تر بكەنەوە، بەڵام دواتر كە پەیمانەكە شكێنرا و بووە هۆی ئەوەی كە لە كاتی گفتوگۆكاندا فەرماندەیەكی یەكێتی بوو بە قوربانی، هەر لەلایەن ئەو گرووپەوە مامۆستا كرێكاریان لە ئەمیری فەسڵ كرد، كەواتە ئەگەر مامۆستا كرێكا لەسەر هەمان نەهج و بەرنامە و فیكری ئەوان بوایە، بۆچی لە ئەمیری گرووپەكە دوور دەخرایەوە؟
بۆیە ئێمە پێمانوایە لە بەرژەوەندی هەرێم و كوردستان و ئەزموونەكەمانە، كە ئەویش و خەڵكانی تریش، ئاشت بكرێنەوە و بهێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و كەیسەكانیان دابخرێن، خۆ ئەگەر لەسەر كوشتنی خەڵك بێت، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە یەك سەركردەی كورد بە سەلامەتی دەرناچێت، بۆیە ئێمە پێمان باشە، دوای مانگی (11) كە مامۆستا كرێكار ئازاد دەكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە و هەموو ئەو دەنگە ناڕازییانە بهێنرێنەوە و ئاشت بكرێنەوە.

نوچە: لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی، تا چەند هاوسۆزن لەگەڵ ئەوەی كە مەلا كرێكار بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان؟

د.شوان قەڵادزێی: مامۆستا كرێكار پێشتر ئەندامێكی دڵسۆز و لێهاتوو و چالاكی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بووە، خەڵكی ئێمە هاوسۆزە لەگەڵ مامۆستا كرێكار، ئەگەر ئەو بێتەوە و بە سیاسەتی بزووتنەوەی ئیسلامی رازی بێت، ئێمە لە خزمەتی ئەو و خەڵكی تریش دەبین، گەنج و لاوەكانمان و خەڵكە خوێندەوارەكانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی و خەڵكە دلسۆز و دێرینەكانمان، هەموویان لەگەڵ ئەوەن كە ئاسانكاری بكرێت بۆ گەڕانەوەی مامۆستا كرێكار و هەموو ئەوانەی كە رۆژێك لە رۆژان لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی كارییان كردووە، جارێكی تر خەباتیان لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی دەست پێبكەنەوە.

نوچە: ئێوە هیچ قسەیەكتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، چونكە وەك باس دەكرێت یەكێتی قسەی هەیە لەسەر مەلا كرێكار؟

د.شوان قەڵادزێی: كاتی خۆی ئێمە سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیمان كرد و ئەو بابەتەمان باس كرد، پێیان وتین كە ئەوان حەقیان بەسەر كەسەوە نیە، هەركەسێك داوای هاووڵاتیانیان لەسەر نەبێت، ئەوان وەك حیزب كێشەیان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نیە.

نوچە: كاتی خۆی زانیارییەك بڵاو كرایەوە، كە مەلا كرێكار ئەوكاتەی رووی لە وڵاتی نەرویج كردبوو، لە دادگەكانی ئەو وڵاتەدا نامەیەكی مام جەلالی پیشاندابوون، مام جەلال لە نامەكەدا داوای لێكردبوو بچێت و رابەرایەتی ئەو گرووپە بكات، كە جوندولئیسلامیان دامەزراندبوو، ئێوە ئاگاتان لەو نامەیە هەیە؟

د.شوان قەڵادزێی: باسێكی وەها دەكرێت، چونكە وەك وتم ئەوكاتە گفتوگۆ لە نێوان یەكێتی و ئەنسار ئیسلامدا هەبوو، هەر ئەوكاتە كۆبوونەوەیەكیان لە بارەگای مەڵبەندی ئێمە گرێدا لە شاری سلێمانی، گفتوگۆكانیش پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی بوو، بەڵام لەوكاتانەدا شەوكەتی حاجی موشیر كوژرا، ئا لەوێوە گفتوگۆكان هەڵوەشانەوە.

نوچە: بەڵام نامەكەی مام جەلال هی پێش ئەوكاتە بووە، واتە لەو زانیارییەوە ئەوە دەخوێنرێتەوە، كە لەسەر داوای مام جەلال مەلا كرێكار و گرووپەكەی و گروپی جوندولئیسلام یەكیان گرت و ئەنسار ئیسلامیان درووست كرد، ئێوە ئاگاداری ئەو زانیارییانەن؟

د.شوان قەڵادزێی: بەڵی ئێمەیش لە چەند سەرچاوەیەكەوە ئەو زانیارییەمان بیستووە.

نوچە: بەڵام سەرچاوەكانی ئێوە كێ‌ بوون، ئایا لە كێتیتان بیستووە یان لە مەلا كرێكار؟

د.شوان قەڵادزێی: ئێمە لە كەسانی نزیك لە مامۆستا كرێكارەوە زانیاریمان لەسەر ئەو نامەی مام جەلال بیستووە، كە ئەو نامەیەی بەكارهێناوە بۆ بەرگرییەكی بەهێز لە خۆی، لە دادگاكانی نەرویج، كە ئەگەر ئەو كەسێكی تیرۆریستە چۆن جەنابی مام جەلال نامەی ئاراستە دەكات.

نوچە: واتە نامەكە حەقیقەتی هەبووە؟

د.شوان قەڵادزێی: بەڵێ‌ ئەوە باسێكی گەرم بوو ماوەیەك.

نوچە: ئێوە بە نیاز نین هەوڵەكانتا چڕ بكەنەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ هەمان مەبەست؟

د.شوان قەڵادزێی: بۆ زانیاریتان بنەماڵەی مامۆستا كرێكار خۆیشیان، كاك خالیدی برایشی خەریكی ئەو بابەتەن.

نوچە: لەگەڵ كێ‌ خەریكن لەگەڵ كام لایەن؟

د.شوان قەڵادزێی: لەگەڵ ئەو كەسانە خەریكن كە كاربەدەستی باڵان لەم وڵاتە.

نوچە: ئایا هەوڵەكانی براكەی مەلا كرێكار لەگەڵ پارتیدایە؟

د.شوان قەڵادزێی: ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پارتییە، ئەوان دەسەڵاتێكی فراوانتریان هەیە لەم وڵاتەدا، ئینجا سەرۆكی هەرێم بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان مافی لێبووردنی تایبەتی هەیە، بۆیە سەرۆكی هەرێم هەر كەسێكی بووێت دەتوانێت لێبوردنی تایبەتی بۆ دەربكات.

نوچە: واتە بنەماڵەی مەلا كرێكار لەو رێیەوە هەوڵ دەدەن؟

د.شوان قەڵادزێی: من ئەوەیان نازانم، تەنها ئەوەندە دەزانم كە ئەوانیش هەوڵی خۆیان دەدەن و هەوڵیشیان داوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com