مستەفا هیجری: لەوکاتەی بارزانی سوپاسی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات بۆ هاوکاری لەشەڕی داعشدا، لەمزگەوتەکانی ئێرانەوە هاوکاری بۆ داعش کۆ دەکرێتەوە
ئەوانەی دەیانوت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کەمپ نشینن، ئەوانە بوون کەمۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان پێوەیە
نوچەنێت
مستەفا هیجری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەدیدارێکی تایبەتدا لە کەناڵی تیشک، رایدەگەیەنێت، هێرشکردنە سەر کوردستان لەلایەن داعشەوە ،هەوڵی تۆڵەکردنەوەبوو لەو بەرنامە سیاسییەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەربەخۆیی کوردستان رایگەیاند، و بووە جێی باسی هەموو کوردو میدیاکانی جیهان.
هەر لەو دیدارە تایبەتەدا، مستەفا هیجری پێی وایە، جمهوری ئیسلامی ئێران نە هاوپەیمانی داعشە نە دژیشیەتی، بەڵکو داعش وەکو کارتێک بەکار دەهێنێت.
بەرای هیجری، ئێران لە هێرشی داعشدا بۆ سەرکوردستان جێ دەستی هەیە، بۆ ئەو قسەیەشی لێدوانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتە دەکاتە بەڵگە، کە وەک ئەو دەڵێت، ماوەیەک بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان ” یەکێک لەجێگرانی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەو بەرنامە بچێتە پێشەوە، توشی دۆخێک دەبێت پەشیمان دەبێتەوە، ئەوە لەزمانی سیاسیدا، هەڕەشەیەکی گەورەیە، بۆیە داعش روو دەکاتە کوردستان، بەهیوای ئەوەی ئەو خەون و ئارەزوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمێژە بەحکومەتی هەرێمەوە دەیبینێت، بەدیبهێنن”.
سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوەش دەخاتەڕوو “لەکاتێکدا کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرۆک کۆماری ئێرانی دەکات، بۆ هاوکاری حکومەتی هەرێم لەشەڕی داعشدا، لایەنگرانی داعش لەهەندێ لەمزگەوتەکانی رۆژهەڵات و لەهەندێ لەشەقامەکاندا، بەئاشکرا دەرکەوتوون و کۆمەکیان بۆ داعش کۆکردۆتەوە” .
تەواوی دیدارە تایبەتەکەی هیجری ببینە.
[youtube id=”ytKsfZO95Zk” width=”823″ height=”516″]